لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دەسپێشخەری و خانەخۆیی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، نیشتەجێ لە پێتەختی نۆروێژ لە ئۆسلۆ، کۆنفرانسێکی دوو ڕۆژە ڕێکخرا لە ژێر ناوی مافیمرۆڤلەدەورانیگوزارلەئێرانیدوایکۆماریئیسلامی. میوانانی ئەم کۆنفرانسە بە زۆری بریتی بوون لە حیزب و لایەنە سیاسییەکان هەم لە ئاستی سەرانسەری و هەم لە ئاستی نەتەوە بندەستەکان. بە تایبەت ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئامادەبوونی رێژەیەکی بەرچاو لە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەکانی ئێران و بە تایبەتی حیزبە کوردییەکان بوو.
ئەم کۆنفرانسە دەنگدانەوەیەکی تا ڕادەیەک بەرفراوانی لە مێدیا ئێرانییەکان و هەروەها لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بووە. هەڵبەت لە گەڵ ئەوە کە زۆر کەس دەستخۆشی لە بەستنی ئەم کۆنفرانسە دەکرد و بە کارێکی باش و شیاو ناویان لێ دەبرد ڕەخنەگرانێکیشی بوو. باڵە تووندرەوەکانی گۆڕەپانی سیاسی ئێران لە ڕوانگە جیاوازەکانەوە زۆرترین ژمارەی ڕەخنەگرانیان لە خۆ دەگرت. جیاواز لە تووندرەوەکان خەڵکانێکیش بوون کە ڕەخنەیان دەگرت کە بۆچی دامەزراوەیەکی مافی مرۆڤی ئەم پرسەیان بە سیاسیکردووە و تێکەڵاویان کردووە لە گەڵ حیزبایەتی و ململانیەکانیان لە گۆڕەپانی سیاسەتدا و ئەوەیان وەک هەڵەیەک چاو لێدەکرد و لەو ڕوانگەوە ڕەخنە و گازەندەی خۆیان ئاراستەی ئەم دامەزراوە دەکرد. لە وەڵام بەو ڕەخنانە “محمود امیری مقدم” بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ڕوونکردنەوەکانیدا جەختی لە سەر ئەوە دەکردەوە کە ئەوان وەک رێکخراوی میواندار تەنیا ویستویانە دەرفەتی گردبوونەوەیەک لە بەینی حیزب و لایەنەسیاسییەکان بخوڵقێنن کە تێیدا لە کەشوهەوایەکی نیوتراڵ و ئارام پرسە گرینگە هەنووکەییەکان لە ئێران بخرێتە بەرباس و لێکۆلینەوە و ئەوە ببێتە سەرەتایەک بۆ دیالۆگی تەندروست کە یەکێک لە کەموکورتییەکانی هەرە گرینگی ئەمرۆیە لە ئێران. ئەگینا بۆ خۆیان هیچ هەڵوێست و لاینگرییەکیان لە سەر پرسە سیاسییەکان دەرنەبڕێوە و نەبوونە لایەنێک لەم ململانییە سیاسییەی هەنووکە لە ئێران لە ئارادایە.
تاوتوێ کردنی ئەو باس و هەڵوێستانەی لەم کۆنفرانسەدا هاتنە ئاراوە، مەبەستی ئەم سەروتارە کورتە نیە، کە لە جێگای خۆی ئەگەر بکرێ هەڵبەت کارێکی پێویست و بەنرخە. جیاواز لە هەڵوێستی هەر کامیان لێرەدا بەشداری کردن و ئامادەبوونی ئەو حیزبە کوردییەیانە دەکەینە بابەتی وتارەکە، کە لەم کۆبوونەوەیەدا بە پێی سەردێڕی هەرکام لە پانێلەکان هەڵوێست و ڕا و بۆچوونی خۆیان ڕاشکاوانە باس کرد.
کۆمەڵە بەردەوام لەو باوەڕەدا بووە کە نەتەوەی کورد و بەو پێیە بە حیزبەکانیشەوە، نابێ تەنیا وەک داواکار دەرکەون. کورد پێویستە بە متمانە بە خۆوە وەک شەریکێک و وەک خاوەن ماڵێک دەرکەوێ، قسە بکات و بیروڕای خۆی لە سەر پرسە جیاوازەکانی پێوەندیدار بە حوکمرانی لە ئاستی ناوەند لە سەر پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ڕوانگە و گۆشەنیگای خۆیەوە بە ڕاشکاوی ڕا و بۆچوونی خۆی دەرببڕێ هەر وەک چۆن لە پانێلی پرسی ئەمنییەت لە دەورانی گوزار لە ئێرانی دوای هەڵپێچانی دامودەزگای کۆماری ئیسلامی قسەی خۆی کرد. ئاشکرایە و هیچ کەس نکۆڵی لەوە ناکا کە هەر کات پێویست بێ کورد چاوەروانییەکانی خۆی و داخوازییەکانی دەست نیشان بکات و جەختیان لە سەر بکاتەوە. کۆنفرانسەکەی ئۆسلۆ دەرفەتێکی باشی خوڵقاند کە لە هەردو لەو بوارانەدا واتە هەم لە ئاستی سەرتاسەر و هەم داواکاری خۆی وەک کورد قسەی خۆی بکات و ڕاوبۆچوونی خۆی دەرببرێ.
دوانەی خەبات بۆ مافی نەتەوەیی، واتە خەباتی ڕاستەوخۆ لە دژی چەوسێنەران، داگیرکاران، پێشێلکاران و سەرکوتکەرانی کورد، لێرەدا کۆماری ئیسلامی، جا چ لە شاخ و لە شار، واتە هەم بە بەرگری ڕەوا لە خۆ و هەم خەباتی سیاسی و ئاشتیخوازانە. هاوکات و هاوتەریب لە گەڵ ئەوە بەشداری و هەوڵدان بۆ جێگیر کردنی دەسەڵاتێکی سیاسی فرەچەشن، فرەرەهەند و ناناوەندگەرا وەک گارانتییەک بۆ سەقامگیربوونی دموکراسییەت و دروستکردنی بەستێنێک بۆ خەباتێکی جەماوەری و بەربڵاو بە دژی کۆماری ئیسلامی، بۆ مافەزەوتکراوەکانی نەتەوەی کورد و هەموو پێکهاتەکانی ئّێران، وەک خاوەن ماڵێک نەک تەنیا وەک داگیرکراوێک، بە کورتی خەبات لە ئاستی سەراسەری وەک بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، دوو لایەنی هەرە گرینگی سیاسەت و ڕێبازی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بووە.
کۆنفرانسەکەی ئۆسلۆ بە خۆشیەوە دەرفەتەکی باشی خۆڵقاند کە ئەو دوانەی خەبات بۆ مافی نەتەوەیی، لە هەر دوو بواردا چ وەک بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن و خاوەن ماڵ و چ وەک کورد و داواکار لە لایەن ئێمەوە و پێکهاتەکانی دیکەش، بخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە. هەڵبەزینەوە و جنێوفرۆشییەکانی سوپر ناسیۆنالیستی شێوە فاشیستی دەوروبەری ڕەزاپەهڵەویش هەر لەو پێوەندییەدا دەبێ ببیندرێ و لێکبدرێتەوە. ڕەسمییەت پێدان بە پێکهاتەکانی ئێران واتە نەتەوە بندەستەکان کە بە ڕاشکاوی خاوەندارەتی بکەن لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی بەو واتایە کە دەبێ ئێران بۆ هەمووان بێت و نەک تەنیا هی بەشێک، و لەو بارەوە بیروبۆچوونی خۆیان لە سەر هەموو پرسەکان باس بکەن، خەونی ناخۆشی فاشیستەکان و مۆتەکەی سەرسنگیانە کە خەوی ئارامیان لێ دزڕێنێ.
تا ئەو جێگایەی بۆ کورد دەگەرێتەوە، هەر بەو شێوە کە لە کۆنفرانسەکەش ئاماژەی پێکرا، خاڵی لاواز بۆ ئێمەی کورد جێگای چۆڵی دامەزراوەیەکی نەتەوەیی بوو کە بتوانێ و وەکالەتی ئەوەی بێ هەموو کورد نوێنەرایەتی بکات. خەباتی نەپساوە و شێلگیرانەی کورد لە هەموو ئەو ساڵانەدا سەرمایەکی گەورەی سیاسییە کە نە تەنیا کورد جێگای شانازی و ددانپێدانانە لە لایەن زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی، تەنانەت جێگای دڵخۆشی و هومێدی دڵسۆزانی ڕاستەقینەی دموکراسی و دامەزرانی سیستەمێکی دادپەروەرە لە ئێران.

