By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: شەڕ لە ژێر سێبەری ژیری دەستکرد!
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > شەڕ لە ژێر سێبەری ژیری دەستکرد!
وتار

شەڕ لە ژێر سێبەری ژیری دەستکرد!

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/07/13 at 8:27 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
13 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

لە جیهانی ئەمڕۆدا سوپاکان چیتر تەنیا پشت بە هێزی مرۆیی و ئامێرە کلاسیکەکانی شەر نابەستن بۆ ئەوەی لە شەڕدا سەرکەون، بەڵکو کێبڕکێی سەرەکی لەسەر شیکاری خێرای داتا و بڕیاردانی ورد و هەماهەنگی نێوان سیستەمەکانە. بە توانای فێربوون و شیکاری داتا گەورەکان و سەربەخۆیی ئۆپەراسیۆن، ژیری دەستکرد نەک تەنیا شێوازە کلاسیکەکانی شەڕ بەڵکو لۆژیکی ستراتیژی و هاوسەنگی هێزی جیهانیشی گۆڕیوە.

وەک چۆن ژیان و کار و پیشەسازییە جۆراوجۆرەکان بە بوونی ژیری دەستکرد و بەرهەمەکانی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، پیشەسازییە نیزامی و جەنگییەکانیش ڕووبەڕووی چارەنووسێکی هاوشێوە دەبنەوە.

ژیری دەستکرد و چەکەکانی بە تەواوی شێوازی شەڕکردنیان لە جیهاندا گۆڕیوە. ئەو حکومەتە یان گروپەی کە بتوانێت زیاتر و باشتر ژیری دەستکرد بەکاربهێنێت، لە شەڕدا سەرکەوتوو دەبێت. وڵاتان و ڕێکخراوە سەربازییەکان لە سەرانسەری جیهان  ژیری دەسکرد بەکاردەهێنن بۆ باشترکردنی تواناکانی بەرگری و زیادکردنی کارایی ئۆپەراسیۆنەکان و کەمکردنەوەی کوژرانی مرۆڤەکان.

ئەم تێکنۆلۆژیە بۆتە هۆی پێشکەوتنی بەرفراوان لە بوارەکانی وەک چەک، سیستەمی سیخوڕی و چاودێری، ئاسایشی ئەلیکترۆنی، شیکاری هەواڵگری سەربازی.

بە لەبەرچاوگرتنی پێشهاتەکانی ئێستا و پەرەسەندنی کاریگەریی سەرهەڵدانی تێکنۆلۆژی ژیری دەستکرد لە بواری سەربازیدا، کە زۆرێک لە تیۆریستەکان وەک هۆکاری شۆڕشی سەربازی چوارەم دەستنیشانیان کردووە، زۆر گرنگە لێکۆڵینەوە لە دەرئەنجام و گرنگی بەکارهێنانی ژیری دەستکرد لە یارییەکانی جەنگدا بکرێت و دواتر ئامادەبوون بۆ شەرێکی یەکلاکەرەوە هەڵسەنگێندرێت . 

هەرچەند کلاوزویتس لە کتێبی » لەسەر سروشتی جەنگ « باس لەوەدەکات کە سیمای جەنگ دەگۆڕێت بەس سروشتەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بە تایبەت لە دەیەی ڕابردوودا شارەزایانی جەنگ بە ئاماژەدان بە کاریگەرییە بەربڵاو و بنەڕەتییەکانی تێکنۆلۆژی ژیری دەستکرد لە بەرەکانی جەنگدا، پێیان وایە سروشتی شەڕ لەگەڵ بەکارهێنانی بەرفراوانتری ژیری دەستکرد دەگۆڕێت و لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە هەر وڵاتێک پەرە بە ژیری دەستکرد بدات و بتوانێ زیاتر کەلکی لێوەرگرێت، دەتوانێ بە ئاسانی حوکمی جیهان بکات.

بەم جۆرە پێشبینییەکان باس لەوە دەکەن کە تا ساڵی ٢٠٢٨ زیاتر لە ٣٠ میلیارد دۆلار وەبەرهێنان لە ژیری دەستکرد سەبارەت بەکاری سەربازی ئەنجام بدرێت. ئەمەش نیشانەی شۆڕشێکە کە نەک تەنیا بەرەکانی شەڕ بەڵکو داهاتووی ئاسایشی جیهانیش پێناسە دەکاتەوە.

هەر وەک دەبینین ژیری دەستکرد یاساکانی شەڕی مۆدێرنی بە خێراییەکی بێ وێنە نووسیوەتەوە و سەنگەرەکانی بردۆتە دەرەوەی شەرێکی کلاسیک. ململانێی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل نموونەیەکی سەرەکی ئەم گۆڕانکارییە بوو کە تێیدا سیستەمی ئامانجگرتن، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوو و شەڕی زانیاری لە ڕێگای ژیری دەستکرد، هاوکێشەی سەربازی و ژئۆپۆلێتیکی گۆڕی. لە جۆری هێرشەکانی ئیسرائیل و زاڵ بوون بە سەر ئاسمانی ئێران و بە تایبەت بابەتی کوادکۆپتێر تا هەک کردنی سیستمی بەرگری و کوشتنی فەرماندە بالاکانی ئێران ئەم تێکنۆلۆژیە دەریخستووە کە چیتر شەڕ تەنیا لەسەر زەوی و ئاسمان ناکرێ.

بەپێی وتەی ئەفسەرێکی هەواڵگری ئیسرائیل، ژیری دەستکرد یارمەتی بریکارەکانی داوە کە بە خێرایی لە سەر بڕێکی زۆر زانیاری هەڵسەنگاندن بکەن. لە ٢٣ی جۆزەرداندا ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ساڵانێکە پلانی بۆ دانابوو، ئێرانی سەرسام کرد. لەم شەرەدا ئیسرائیل بە یارمەتی وەرگرتن لە ژیری دەستکرد توانی ئامانجە سەرەکییە سەربازی و ئەتۆمییەکان بە شارەزایی و دیقەتێکی زۆرەوە بپێکێت.

ئۆپراسیۆنەکە بە ڕێنوێنی سیخوڕ و ژیری دەستکرد بەڕێوەچوو. ئەم دوو بزوێنەرە توانیان ئەم کەرەستانەی لە ئیسرائیلەوە بە قاچاخ هێنابوویانە ناو ئێران بە یارمەتی وەرگرتن لە تاریکی شەو، فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە بە تەقینەوە تەیار کرابوون ئامانجەکانی خۆیان بە باشی بپێکن. لە کاتژمێرەکانی سەرەتاوە، ئەم هێرشە مەبەستی لەکارخستنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی ئێران بوو.

لە سەرەتای دەستپێکی شەری ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ژیری دەستکرد ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێرشبردن و بەرگری و شەڕی زانیاریدا گێڕاوە. ئەم تێکنۆلۆژیە ڕێگەی بە ئیسرائیل داوە کە کارایی و کاریگەری خۆی لە بەرەکانی شەڕ و دەرەوەی شەڕدا بەرز بکاتەوە. هەرچەندە زانیاریە نیزامیەکان بە شێوەیەکی گشتی بە زانیاری تەواو نهێنی دادەنرێت و دۆزینەوەی بەرەوپێشچوونی زانستە سەربازییەکان کارێکی زۆر ئاڵۆزە بەلام بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەی کەسانی سەربەخۆ و هەروەها هێندێک لە ڕۆژنامەنووسەکان کە لە سەرانسەری جیهان ئەنجامیانداوە و لەسەر بنەمای هەندێک زانیاری دزەپێکراو، دەتوانرێت وەک گرنگترین کارکەردی ژیری دەستکرد لە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل بە چەند خاڵ ئاماژە بکرێت.

١- سیستەمی پێشکەوتووی ئامانجکردن:

بەهۆی مێژووی دوور و درێژی ململانێ سەربازییەکانەوە، ئیسرائیل هەمیشە چاوی لە پەرەپێدانی تێکنۆلۆژی جەنگە. دوو سیستەمی ژیری دەستکرد، ئینجیل (حەبسورا) و لەڤەندێر، لە گرنگترین ئامرازە نوێیەکانی ئەم وڵاتەن بۆ ناسینەوە و ئامانجکردنی ورد. ئەم سیستێمانە بۆ یەکەمجار لە غەززە جێگیرکران و بە شیکردنەوەی داتای بەرفراوان وەک وێنەی مانگی دەستکرد و زانیاری هەواڵگری، ئامانجەکانیان دەستنیشان دەکەن و پێشنیاری هێرش بۆ فەرماندەکان دەنێرن. بەکارهێنانی ئەم تێکنۆلۆژیە ژمارەی ئامانجە دەستنیشانکراوەکانی لە نزیکەی ٥٠ ئامانجەوە لە ساڵێکدا بۆ زیاتر لە ١٠٠ ئامانج لە ڕۆژێکدا زیاد کردووە. زیادبوونی ٧٣٠ هێندە کە خێرایی و قەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی گۆڕیوە. ئەم سیستێمانە نەک تەنیا پرۆسەی ناسینەوە بەڵکو بڕیاردانیشیان خێراتر کردووە، بەجۆرێک کە خێرایی کاردانەوەیان لە تواناکانی مرۆڤ تا ڕادەیەکی زۆر، زیاترە. دیاردەیەک کە هەندێک پێی دەڵێن “تاکایەتی مەیدانی شەر”. هەروەها هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم سیستەمە بۆ کوشتنی فەرماندە و زانایانی ئێران بەکارهێنراون.

سیستەمی لەڤەندێر ئەلگۆریتمەکانی ژیری دەستکرد لە خزمەت تیرۆردا بەکاردەهێنێت. لەڤەندێر توانای شیکردنەوەی بڕێکی زۆر زانیاری هەیە لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک ( بە ملیۆنان کەس) و بە پشتبەستن بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ ڕێکخراوە سەربازییەکان، شوێنی تاکەکان وەک ئامانج دەستنیشان دەکات. سیستەمەکە داتای پەیوەندییەکانی هاووڵاتیان و کەسانی ئاسایی کۆدەکاتەوە لەوانە پەیوەندیکردن، شوێنەکان، ئینتەرنێت، و فرێکانسیی گۆڕینی سیمکارتەکان. دوای کۆکردنەوەی ئەم داتایانە، تۆڕی پەیوەندی تاکەکان و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر شی دەکرێتەوە.

لە کۆتاییدا ئەم لیستە دەنێردرێت بۆ یەکەکانی ئاسمانی یان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ گرتنە ئەنجامی کەسەکە. بەگوێرەی سەرچاوە جیاوازەکان، لە هەندێک ڕۆژدا لیستی زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لە لایەن سیستەمی لەڤەندێر هەڵسەنگاندنی بۆکراوە.

کارایی ئەم سیستەمە ئەوەندە خێرایە کە کاتێک ئەو ئۆپەراتۆرانەی لیستەکە وەردەگرن تەنیا ٢٠ چرکەیان هەیە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەو کەسەی کە باسی لێوە دەکرێت بکوژرێت یان نا.

٢-   مووشەکی نیشانە شکێن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئازاد:

لە ماوەی ململانێی ئەم دواییەدا ئیسرائیل لە جۆرەها مووشەکی ڕێنمایی کراو و تەقەمەنی پێشکەوتوو وەک JDAM و SPICE کەڵکی وەرگرت و تەنانەت بە یارمەتی GPS و ئەلگۆریتمەکانی ژیری دەستکرد توانیان بە وردی ژێرخانی سەربازی ئێران بکەنە ئامانج. ئەم هێرشانە زیانی گەورە بە بەرگری ئاسمانی و سەکۆی مووشەکی و کووژرانی بەشێکی زۆر لە فەرماندە و زانایانی ئێرانی لێکەوتەوە. هەروەها ئەو وڵاتە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکووژی بچووک و پێشکەوتوو کەڵکی وەرگرت کە چەند مانگێک بوو لەسەر خاکی ئێران جێگیر کرابوون. لە ڕێی تێکنۆلۆژی پێشکەوتوو و ئەو ئەلگۆریتمانەی بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان دابوو توانای ئاڵوگۆڕی زانیاری و بڕیاردانی چرکەساتی و هێرشکردنە سەر ئامانجە سەرەکییەکانی وەک ڕاداریان هەبوو. توانای کارکردن لە دۆخی ناجێگیر یان شەودا وای لێکردن لە هێرشی چەن لایەیدا، ئامرازێکی کوشندە بن.

٣- شەڕی ئەلێکترۆنی:

ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ تێکدان و فریودانی ڕادارەکانی ئێران شەڕی ئەلیکترۆنی بەکارهێنا. ئەمەش وایکرد سیستەمی بەرگری موشەکی ئێران بێکاریگەر بێت و توانای بەرگری لە ئاسمانی ئێرانی نەبێت. فڕۆکە جەنگییەکانی F-35ی ئیسرائیل کە ڕادار ناتوانێ شناساییان بکات بە تێکنۆلۆژی پێشکەوتووی جەنگی ئەلیکترۆنی تەیار کرابوون و لە کاتی هێرشکردندا توانای جامکردن و فریودانی ڕادارەکانیان هەبوو. جگە لەوەش، هێرشی سایبێری ئیسرائیل لەگەڵ شەڕی ئەلیکترۆنیدا تێکەڵکرابوون بۆ دروستکردنی بۆشایی بۆ هێرشە ئاسمانییەکان، لەوانە بەکارهێنانی بەرنامە زیانبەخشەکانی وەک EMP بۆ لەکارخستنی سیستەمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی ئێران هەروەها لەکارخستنی ڕادار و تەنانەت مووشەکهاوێژەکانیش لە ساتەکانی پێش دەستپێکردنی قۆناغی شەر. ئەمەش گرنگی پەرەسەندنی شەڕی ئەلیکترۆنی نیشان دەدات، کە لەوێدا نادیاربوونی ئەم هێرشە ئەلیکترۆنیە دەتوانێت تەنانەت بەهێزترین بەرگری فیزیکیش بێکەڵک بکات.

٤- شیکاری هەواڵگری و یەکخستنی لەگەڵ زانیاری مرۆڤ:

 لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ئیسرائیل ژیری دەستکردی بەکارهێنا بۆ پرۆسێسکردنی خێرای داتای هەواڵگری. بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمەکانی وەک Azure AI ی مایکرۆسۆفت، ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی کە لەلایەن سیخوڕەکانیەوە کۆکرابوونەوە- تەنانەت قسە و باسی ڕۆژانەی سەر موبایلەکانی کەسە بالاکانی ڕژیمی تاران – بە خێرایی شیکرانەوە. ئەم تێکنۆلۆژیە بووە هۆی دەستنیشان کردنی ئامانجە گرینگەکانی وەک شوێنی مووشەک یان ژێرخانی سەر بە سپای پاسداران کە ئەمەش وردبینی و خێرایی ئۆپەراسیۆنەکانی زیادکرد. ئەم سیستەمە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ەوە پلانیان بۆ دانرابوو و لە شەڕی ئەم دواییەدا بە شێوەیەکی کاریگەر جێبەجێ کران. هەروەها لە بواری فەرماندەیی و کۆنترۆڵدا، ژیری دەستکرد ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە کۆکردنەوە و شیکردنەوەی دروستی داتاکان. لە هەمان کاتدا ئیسرائیل هەوڵیدا سیستەمی C2 ی ئێران لەکاربخات، لەوانە ڕادار، ناوەندەکانی فەرماندەیی و تۆڕەکانی پەیوەندی، لە ڕێگەی هێرشی سایبێری بۆ ئەوەی ڕێگا بۆ هێرشی ئاسمانی خۆش بکات.

٥- ژیری دەستکرد لە پێشبینیکردن و ھاوشێوەکردنی جەنگدا:

لەناو پەرەسەندنی ململانێکاندا، ئامرازە نوێیەکانی ژیری دەستکرد خراونەتە ڕوو بۆ ھاوشێوەکردنی سیناریۆی ژیۆپۆلەتیکی و پێشبینیکردنی دەرئەنجامەکانی ئەم شەرە. بۆ نموونە ئامرازی North Star  کە لەلایەن مامۆستای پێشووی زانکۆی هارڤارد ئارڤید بێڵەوە پەرەی پێدراوە، مۆدێلی دیجیتاڵی سەرکردەکانی جیهان بەکاردەهێنێت بۆ پێشبینیکردنی کاردانەوەکان بەرامبەر بە کردەوە سەربازییەکان. هەرچەندە ڕاستەوخۆ لەلایەن لایەنە بەشداربووەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژەوە بەکارنەهێنرا بەڵام ئەو سیستەمە لە لوتکەی ململانێکاندا سەرنجی زیاتری بەدەستهێنا و هەندێک پێیان وابوو کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پێشبینیکردنی پێشهاتەکانی ململانێی ئێران و ئیسرائیل و ڕێنمایی هەڵبژاردنە دیپلۆماسییەکان بکات. ئامانجی  ئەم سیستەمە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەیە بۆ ڕێگریکردن لە قوڵبوونەوەی شەرەکە لە ڕێگەی زانیاری و هەڵسەنگاندنی داتاکانی.

هەر وەک دەبینین لە سەر بابەتی ژیری دەستکرد سێ هۆکاری سەرەکی وادەکات کە ئەم تێکنۆلۆژیە نۆێیە بایەخدارە لە بنەڕەتدا داهاتووی شەڕ بگۆڕێت.

 یەکەم: بڕیاردان خێراتر دەکات، بە جۆرێک کە ئەلگۆریتمەکانی ژیری دەستکرد دەتوانن هەڵسەنگاندنی داتاکان لە ڕۆژ و کاتژمێرەکانەوە بۆ چرکە کەم بکەنەوە. ئەم خێراییە نەک هەر دوژمن گێژدەکات، بەڵکو دەستپێشخەری دەداتە ئەو ئەرتەشە کە خێراتر کاردانەوەیان هەبێت. بۆ نموونە لە پڕۆژە هاوبەشەکانی سوپای ئەمریکادا، ڕاپۆرت کراوە کە شیکاری و وەڵامدانەوەی ئۆپەراسیۆنەکان، بە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد و شیکاری هەر ئەوکاتەی داتاکانی پێدەدرێت، بۆ ژێر ٣٠ چرکە کەمکراوەتەوە.

فاکتەری دووەم لە داڕشتنی داهاتووی شەڕ بە بەکارهێنانی ژیری دەستکرد، تۆڕی ناوەندی و یەکخستنی چەند لایەییە. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە زلهێزەکانی دیکەدا بە هۆی کەڵک وەرگرتن لە بەرنامەکانی وەک  CJADC2 ژیری دەستکرد بەکاردەهێنن بۆ بەستنەوەی بزوێنەرەکانی جێگیرکراو لە بۆشایی ئاسمان، هەوا، وشکانی، دەریا و فەزای سایبێری بۆ تۆڕێکی گەورەی زانیاری. لە ئەنجامدا فەرماندەکان وێنەیەکی گشتگیر و نوێکراوە و پێشبینیکراوی سەنگەرەکانیان لە بەر دەستدا دەبێت. ئەم یەکگرتنە خێرایی و وردبینی هەماهەنگی نێوان هێزەکان و کەرەستەکانی شەر تا ئاستێکی زۆر زیادی کردووە.

سێیەم پێشهات کە ژیری دەستکرد بۆ شەڕەکانی داهاتوو دەیخاتەروو ئەگەری بەکارهێنانی پلاتفۆرمی بێ سەرباز و کەم تێچوو بەڵام کاریگەرە. بۆ نموونە پڕۆژەی Replicator و سیستەمی هاوشێوەی هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەقەمەنی بە تێچووی کەم بەڵام کوشندەیەکی زۆر دەنێرێتە ناو مەیدانی جەنگەوە. ئەم تاکتیکە دەتوانێت سوودی پلاتفۆرمە گەورە و گرانبەهاکان بەرزکاتەوە و هاوسەنگی کاریگەری تێچوون لە بەرژەوەندی سوپایەکی پێشکەوتوو بگۆڕێت.

ئەوەی بە ڕوونی دەبیندرێت ئەوەیەکە ژیری دەستکرد بۆ جەنگی مینیاتوری لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن شەر لە ڕێگای ژیری دەستکرد بتوانێ گۆڕانکاری لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی شەڕدا بکات. هەروەها چ کاریگەرییەکی لەسەر هێزی سەربازی وڵاتەکاندا دەبێت. لەگەڵ پێشکەوتنی ئامرازەکانی ژیری دەستکرد و لە زۆر حاڵەتدا لێکچونیان لە مرۆڤ، تواناکانیان لە شەڕی دەروونیدا زۆرتر دەردەکەوێت. ئەمەش واتە شەڕی مینیاتوری دەتوانێت پانتایەکی زۆرتر لەخۆ بگرێت و سیستەمی IT تێپەڕێنێت بۆ ستراتیژی جەنگی تێکەڵاو کە هەموو شتێک دەگرێتەوە.

سەرچاوەکان:

لەسەر سروشتی جەنگ، نووسینی: کارل فون کلاوزویتس

Jason Thackter ( 2025 ), The Age of AI

 David Jordan, James D. Kiras ( 2021 ), Understanding Modern Warfare

FlySight (2023). Artificial Intelligence in Military Technology. Available.                                       

Sdi (2023). THE MOST USEFUL MILITARY APPLICATIONS OF AI IN 2023 AND BEYOND.              

مالپەری هەواڵنێری یۆرۆنیوز

ماڵپەری هەواڵنێری ئیسرائیل هیۆم

ماڵپەری هەواڵنێری ڕۆیترز

مالپەری هەواڵنێری تایمز ئاف ئسیرائیل

تی ڤی ئیڕان ئینترناشێنال

TAGGED: ژیری دەستکرد, شەڕ لە ژێر سێبەری ژیری دەستکرد!, کۆمەڵە, مەنسوور سۆفی
KomalaMedia 2025/07/13
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر سینەما و جەنگ؛ کاریگەریی شەڕی  کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل لەسەر سینەمای ئێران

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?