By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: قەیرانی گوتار و پرسی ڕێبەریی حیزب
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > قەیرانی گوتار و پرسی ڕێبەریی حیزب
وتار

قەیرانی گوتار و پرسی ڕێبەریی حیزب

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/10/13 at 7:53 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
12 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

حیزب وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ گەیشتن بە خواست و ئامانجەکانی کۆمەڵگا، جگە لە کۆمەڵێک ئەندام و پێناسە و, بەرنامە و پێڕەو و, چەند دامودەزگایەک، پێویستی بە گوتاری ڕوون هەیە کە لە لایەن ڕێبەریی و ئەندام و دەزگای فەرمیی ڕاگەیاندنییەوە پێشکەش دەکرێت. بۆ ئەوەی حیزب لە ناوەرۆک و ئەرکە سەرەکییەکەی خۆی بەتاڵ نەبێت، پێویستە گوتارە سەرەکییەکەی ئەو چەمک و پرسانە بگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نیشتمان دان.

 گوتاری ڕوون یان ” یەک گوتاریی”  لە ژیان و بەردەوامیی حیزبێکی سیاسیدا، کە بە مەبەستی خوڵقاندنی هیژمۆنی و کاریگەریی لە گۆڕەپانی سیاسی و ئاڵوگۆڕ لە ڕەوتی ڕووداوە سیاسییەکان دادەمزرێت، دەور و نەخشێکی کلیلی و یەکلاکەرەوەی هەیە. گوتاری هاوبەش کە هەموو یان زۆرینەی ئەندامانی حیزب و بەتایبەتی ئۆرگانەکانی ڕێبەریی لەسەری ڕێک و کۆکن، هۆکاری بنچینەیی بۆ یەکریزیی  گشتیی حیزبە و پێچەوانەکەشی، واتە لە دۆخی نەبوونی گوتاری هاوبەش و چەند گوتارییدا، چەند بازنەیی و چەند جەمسەریی و ئاڵۆزیی لە سەرجەم جومگەکانی حیزبی بەدوادا دێت.  

گوتاری حیزب، جۆری تێڕوانینی حیزبە بۆ بابەت و پرسە جیاجیا و گرینگەکان. ئەو ئەدەبییات و مێکانیزمە فکری و هزرییەیە کە شرۆڤە و شیکاریی بۆ ڕێڕەو و ڕەهەندەکانی گەیشتن بە مەبەست دەکات. هەربۆیە دیارییکردن و هەڵبژاردنی گوتاری گونجاو و دروست لە کاتە هەستیارەکاندا، پرسێکی هێندە گرینگە کە دەتوانێ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر چارەنووسی حیزب و کۆمەڵگا دابنێت.

کاتێک باس لە کاتە هەستیارەکان دەکەین، مەبەست ئەو کات و ساتە ئاوس بە ئاڵوگۆڕە مێژوییەکانن کە ڕەوڕەوەی نەتەوە و نیشتمانێک پێیدا تێپەڕ دەبن. لەوکاتانەدایە کە ڕوانگە و هەڵوێست و گوتاری بەجێ و دروست، جێگە و پێگەی هەر تاک و حیزب و لایەنێک دیاریی دەکات و تەنانەت دەریدەخات کە کێ لە بەرەی ڕاستەقینەی گەل دایە، کێ هاوتەریبی نەیار و دوژمنە و کێگەلیش لەوناوەدا، بەهۆی ڕوانگە و گوتاری ئاڵۆز و بێ سەرەوبەرە، ئاڵۆز و سەرلێشێواون و چۆناوچۆن لە درێژخایەندا متمانەی خەڵک و پێگەی جەماوەریی خۆیان لەدەست دەدەن.

ڕووداوە مێژووییەکان، ئاخێز و شۆڕشە فکری و سیاسیی و مەدەنییەکان، خوڵقێنەرن. کارلێکی ئەم چەمک و دیاردانە هێندە بەهێزو ناوازەن کە دەتوانن گوتاری نوێ ، کەلتووری نوێ، حیزبی نوێ و تەنانەت جیل وبەرەی نوێ و کۆمەڵگای جیاواز بخوڵقێنن. هاوکات دەتوانن گوتار و کەلتور و حیزب و ڕوانگەی جیل و بەرەکانی پێشووترکە سواو و ناتەبا لەگەڵ دنیای نوێن، لە ناوەرۆک و جیهانبینی بەتاڵ بکەن. ئەمەش بەتایبەتی ئەو کەس و لایەن و حیزبانە دەگرێتەوە کە لە ڕابردووی خۆیاندا دەژین و لە قۆناغێکی مێژوویی خۆیاندا قەتیس ماونەتەوە و لە جێی گۆڕان و بەڕۆژبوونەوە، نۆستالۆژی دەکەنە جیهانبینی و بەدیل و ئاڵترناتیو بۆ داهاتوو.   

حیزب بە ناوەرۆک و ئامانج و دروشمە ستراتێژییەکانییەوە پێناسە دەکرێت بەڵام بە گوتار و تاکتیەکەکانییەوە خۆی دەسەلمێنێت. دروشمی ستراتێژیک بۆ حیزب پرسێکی بنچینەیی و پێویستە بەڵام هەربەتەنیا ئەوە بەس نییە. حیزب بە کردەوە و کاری هەنووکەیی و شەو و ڕۆژییەوە دەناسرێتەوە. حیزبێک کە تەنیا لە دروشم و چوارچێوە هزرییەکانی سەروبەندی دامەزراندنیدا قەتیس بێت و لەئاست ڕووداوەکاندا خاوەنی تاکتیکی گونجاو و گوتاری ڕوون و هەلوێست و پەرچەکردار نەبێت، ڕەوتێکی زیندووی سیاسی و کۆمەڵایەتی نییە ولەگەڵ ئەو کتێبە هزری و تێئۆرییانەی زەمەنێک بەسەر نووسینیاندا تێپەڕیوە، هیچ جیاوازییەکی نییە. جیاوازییەکە دەبێ لە توانایی، پتانسێل و ئیستعدادی گۆڕان و بەڕۆژبوونەودا ەدابێت.

پێشتر باسمان لە کاتە هەستیار و مێژووییەکان کرد. ئەوکات و ساتانەی کە بە ئاڵوگۆڕ و وەرچەخانی بنەڕەتی ئاوسن، لەڕاستیدا پێوانەیەکی وردی  ڕەسەنایەتی و تەرازوی سەنگ و سووکیی حیزبەکانن. شۆڕشی گەلانی ئێران لە ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی ( ١٩٧٦ی زایینی) یەکێک لەوانە. لەو ڕۆژانەدا هەرچەند سەرجەم حیزبە سیاسییەکان خاوەنی بەرنامە و دروشم و ئامانجی ستراتێژیی بوون بەلام ئەوانەی خاوەن گوتاری ڕوون و دروست بوون، دەگمەن بوون. ئێستا کە ئاوڕ لە هەڵوێست و گوتار و کردەوەی ئەوکاتی حیزبەکان دەدەینەوە بۆمان دەردەکەوێت ” کێ ” لە هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی دۆخەکەدا ڕاست دەرچوو. ئەوانەی کە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانەوە، بێ دڕدۆنگی و سڵەمینەوە ولامی ” نا “یان بەو ڕژیمەدا و تەنانەت هەموو ئەوانەش کە لە بەرزەخێکی فکریی و کردەیی ( وەهمی تەئییدی خومەینی و ڕژیمەکەی) دەژیان و پێیانوابوو کە” بەڵێ “وتن بۆ ئەو ڕژیمە مافیان دەداتێ و پێشیان دەخات، دەردەکەون.

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، نموونەیەکی نێزیک و بەرچاوی دیکەی ئەو بیرۆکەیەیە. هەرچەند خەڵکی کوردستان زۆر یەکدەنگ و یەکڕیز بوون و تەنانەت لە نێوان حیزبە سیاسییەکانیشیدا جۆرێک لە هاوئاهەنگی و بەیەکەوە کارکردن لەئارادا بوو، بەلام دیسانیش سەبارەت بە هێڵە گشتییەکانی گوتار و چۆنیەتی لێکدانەوەی بارودۆخەکە و لێکەوتەکانی،  لەنێوان حیزبە سیاسییەکان جیاوازیی ڕوون و بنچینەیی هەبوو. ئەوکاتیش حیزب هەبوو (حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، یەکێک لەوان) کە پێیوابوو ئەم شۆڕشە سەرەتا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی گشتی و لە ئاکامیشدا ئاخێزێکی بەرینی سیاسییە و بۆ بەڕێوەبردن و پشتگیریی و سەرخستنی بە لەبەرچاوگرتنی ناتەرازیی هێز و بە کەمترین خەسار دەبێ لە ڕێگای” بەجەماوەریترکردنی” کە لە قۆناغەی ئەوکاتیدا پێویستی بە خۆپاراستن لە تووند و تیژیی و خەباتێکی هێمنانەی مەدەنی و سەرتاسەریی هەبوو، هەنگاو بنێن. هاوکات کەس و لایەن و حیزبی دیکەش بوون کە بەبێ خوێندنەوەیەکی ورد بۆ بارودۆخەکە و هەلسەنگاندنی تەرازووی هێز و خۆگێلکردن یان ناشارەزاییان لە سەرجەم پیلانەکانی ڕژیم بۆ بەتوندوتیژی کێشانی جووڵانەوەکە و لە ئاکامیشدا بەتاڵ کردنی لە تایبەتمەندییە هەرە گرینگەکەی، واتە جەماوەریبوونی، پێیانوابوو لە ڕێگای چالاکیی توندی مەیدانی و بەتایبەتیش خۆتێهەڵقورتاندنی چەکدارییەوە دەتوانن شۆڕشەکە بە سەرئەنجام بگەیەنن. ئێستا بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەبینین کە هەرچەند ئەم شۆڕشە بە سەرجەم خواستەکانی خۆی و دوا ئامانجیش کە ڕووخانی ڕژیم بوو، نەگەیشت و لە قۆناغێکدا دامرکایەوە، بەڵام توانی لە ماوەیەکی کورتدا، سەرجەم بناغە و جومگەکانی ڕژیم بخاتە لەرزە و درزی زۆر گەورە بخاتە ڕاگر و کۆڵەکەکانی وگۆڕانکاریی زۆر گەورە دروست بکات و لەم پێناوەشدا بە سەدان و هەزاران کەس گیانی بەخت کرد و خەساری گەورەی لێکەوتەوە، بەڵام دیسانیش لە ئەگەری دەستوەردانی چەکداریی حیزبە سیاسییەکاندا، ڕێژە و ئاستی خەسارەکان دەکرا سەد هێندە بن و کارەساتی زۆر گەورەتر بخوڵقێت. جگە لەمانەش، پێویستە ئاماژە بە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بکەین کە سەرەڕای خاڵەلاوازەکانی، دیسانیش توانی تاڕادەیەک  جۆرێک لە وێژە و هاوگوتاریی لە نێو بەشێکی گرنگی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و ئێرانیدا بێنێتە ئاراوە کە هەر ئەوەندەش دەستکەوتی بەرچاوی بوو.   

نمونەی دیکەش زۆرن بەڵام ئەگەر بمانهەوێ باسەکە لە کورتیدا ببڕینەوە دەتوانین بڵێین کە هەر ڕەوت و لایەنێکی سیاسی کە نەتوانێت گەمەی ململانیی دەستهەڵاتی ناو ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە وردیی ببینێت و ڕواڵەت و ناوەرۆکی سیمای ڕاستەقینەی باڵبالێنە ماسکدارەکەیان نەناسێتەوە و لەنێو ئەواندا بەشوێن یار و نەیاری نەتەوەکەیدا بگەڕێت و لەگوتارەکانیدا لەگەڵیان هاوتەریب بێت و سواڵی بەخشش و بەخشین لەوان بکات، بێگومان ناتوانێت پێشەنگی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، مەدەنی، سیاسی، نەتەوەیی و دادپەروەرانە بکات. 

بۆ حیزبی سیاسی و بەتایبەتی ئۆرگانی ڕێبەرییەکەی، چۆنیەتی لێکدانەوەی بارودۆخی ئێستا و هەلومەرجی نوێ و لێکەوتەکانی، فاکتۆری هەرەگرینگ و بناغەی هەڵبەستنی سیاسەت و تاکتیک و گوتاریەتی. کاتێک ڕێبەریی حیزب ئیستعدادی لێکدانەوەی دروست و هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینەی بارودۆخی هەنووکەی نەبێت، خۆی و حیزبەکەی تووشی قەیران دەکات. قەیرانی فکریی لە ڕێبەریی حیزبدا و نەبوونی سەرکردە و کەسایەتیی کارێزماتیک لە ڕیزەکانی یەکەمی حیزب ( حیزب لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بە کەسایەتی و کارێزماکان گۆش کراون و ئەو کەلتورە لە کۆمەڵگاکانیش تا ڕادەیەک بەمشێوەیە جێکەوتوون) قەیرانی قووڵی ڕێبەریی دروست دەکات. قەیرانی ڕێبەریی وشیار و کارامەش حیزب تووشی بێگوتاریی، چەند گوتاریی، یان سەرلێشواویی لە گوتارێکی یەکگرتوو دەکات کە لە ئاکامدا دیاردەگەلی وەک، ناڕوونی سیاسەتی دەرەکیی و ناوخۆیی حیزب، باڵ باڵێن و دەستە و گروپ و فراکسیۆن و چەند بازنەیی و چەند جەمسەریی دێنێتە ئاراوە. جگە لەمانەش، حیزب بەگشتی لە چوارچێوەی ئەرک و مەبەستە سەرکییەکەی لە بنیادنانی، واتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ خزمەت بە ئامانج و بەرژەوەندیی گشتی نەتەوە و نیشتمان دووردەخاتەوە.

قەیران لە گوتار و ڕێبەرییدا، یان کەلێنی گەورە دەخاتە نێوان سەرکردایەتی حیزب لەلایەک  و ئەندامانی وشیار و خاوەن بیر و هەڵوێست ” بەدەنەی حیزب ” لەلایەکی دیکەوە و یان هەر بە گشتی بەدەنەیەکی ناوشیار و دەستەمۆ و نابەرپرسیار و حیزبێکی ناتەندروست و خەسیو و بەلاڕێداچوو بەرهەم دێنێت کە نەتوانای ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆی هەیە و نە توانایی بەڕۆژبوونەوەی دەمێنێت و لە مێژووی کۆنی خۆی یان خالێکی زەمەنیی بەسەرچوودا، قەتیس دەمێنێتەوە کە لە کۆتاییدا، زەرەری لە قازانجی بۆ کۆمەڵگا زیاتر و نەبوونی لە بوونی باشتر دەبێت.

بنیادنانی حیزبی سیاسی وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە خواست و ویستی بەشێک لە ئەندامانی کۆمەڵگا و لە نیهایەتیشدا پێکهاتەیەکی کاریگەر لە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان، تێچووی خۆی هەیە. واتە حیزبی سیاسی لەسەر حیسابی سەروەت و سامانی ئینسانی و مادیی گشتیی نیشتمان دادەمەزرێت و هەربۆیە نەتەنیا مڵکی تاکەکەسیی یان دەستە و گروپ نییە، بەڵکوو وەک مڵکی گشتیی لێدێت و خۆی نیشتمان خاوەندارییەتی دەکات. هەربۆیە لە کۆمەڵگایەکی یاسامەند و تەندروستدا، حیزب بەگشتی و ڕێبەرییەکەی بەتایبەتی لەبەرانبەر کردەوە و گوتاریاندا بەرپرسیار دەکرێن. لە کۆمەڵگا وشیار و پێشکەوتووەکاندا، جگە لە یاسا فەرمی و بنەڕەتییەکان، ئەندامەکانی کۆمەڵگاش لە ڕێگای دەنگدان و دەنگنەدان، پێوەندیی یان پشتگوێخستن و بایکۆت، هەڵوێستی خۆیان لەبەرانبەر حیزبە سیاسییەکانیاندا دەردەخەن.

بە هۆی بارودۆخی جیاوازی سیاسی، تێچووی خەبات و دروستکردنی حیزب بەم مەبەستە  لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و بەتایبەتیش لە ئێران و کۆردستان، بەراورد بە ئەوروپا و کۆمەڵگا یاسامەند و پێشکەوتووەکان زۆر زیاترە. لێرە جگە لە تێچووی مادیی و هێزی ئینسانی، ئەمنییەتی گیان و ژیانی مرۆڤەکانیش لەئارا دایە. بەم پێیەش، بەرپرسیارەتی بەڕێوەبەرانی حیزبەکانیش هەستیارتر وگەورەترە.

بەکورتی دەتوانین بڵێین کە بارستایی ئەوەی گوتاری ڕوون و گشتگیر بۆ حیزب و کۆمەڵگا، هاندەر و کۆکەرەوە و پڕدەستکەوتن، هەر بەم پێیەش، ناڕوونی و ئاڵۆزیی لە گوتاردا، خوڵقێنەری بێهیوایی و پەرەوازەیی و لەکیسدانی دەرفەت و دەستکەوتەکانن. هەر بۆیە هەر لایەن و ڕەوت و حیزبێکی سیاسی کە لە لە چەند قۆناغی هەستیاری مێژوویی نەتەوەکەیدا و، لە چەندین دەرفەت و تاقیکردنەوەدا،  لێکدانەوە و هەڵوێست و گوتاری هەڵە و نەگونجاوی بووبێت بەو مانایەیە کە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیدا ، واتە خزمەت بە ئامانجە ستراتێژیکەکە، کە جگە لە بەرژوەندییە باڵاکانی نەتەوە و نیشتمان نییە، سەرکەوتوو نەبووە و شیاوی پێشەنگایەتی هیچ ئاخێزو شۆڕشێک نییە و ئەگەر خۆیشی دان بە شکستەکانیدا نەنێت، بێگومان ڕۆژێک بەرداشی بێڕەحمی زەمەن و مێژوو دەیهاڕێت.

TAGGED: ئاسۆی رۆژهەڵات ژمارە ٢٠٠, ئاسۆی ڕۆژهەڵات, عەلیڕەزا قادری, قەیرانی گوتار و پرسی ڕێبەریی حیزب, کۆمەڵە
KomalaMedia 2025/10/13
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر شیکاریی کوردستان بە تیۆری” کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی” 

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?