By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: ئۆپۆزیسیۆن بە ڕواڵەت یان ناوەرۆک!
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > ئۆپۆزیسیۆن بە ڕواڵەت یان ناوەرۆک!
وتار

ئۆپۆزیسیۆن بە ڕواڵەت یان ناوەرۆک!

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/11/16 at 8:18 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
12 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

ئۆپۆزیسیۆن نەک لەسەر بنەمای ڕێژەی پشک، یان بێپشکی لەدەسهەڵاتدا، بەڵکە بە پرۆژە و بەرنامەی ڕوون و تایبەت بەخۆی و چالاکییەکانییەوە پێناسە دەکرێت. واتە، تایبەتمەندیی پشکداربوون لە مافی بڕیار و کورسی و دەستهەڵاتدا، تاقە پێوانە نیە و مانا ڕاستەقینەکەی تەنانەت پڕبەپێستی ئەو کەس و لایەنانەش نییە کە تەنیا بەمەبەستی جێگۆڕکێ یان دەستاودەست کردنی دەستهەڵات لەبەرانبەر یەک و لە ململانێدان. ئۆپۆزیسیۆن بەمەبەستی سەلماندنی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی و فەلسەفی و هزرییدا، پێویستە بەرنامە و ئاڵترناتیو و بەدیلی فۆرمۆڵە و دیاریکراوی خۆی پێشکەش بکات. بە واتایەکی ڕوونتر، ئۆپۆزیسیۆن تەنیا بەشدارنەبوون، یان نکوڵیکردن و بەرەنگاربوونەوە و لەقاودانی  بەرنامە و سیاسەتی دەستهەڵاتدار نییە، تەنیا هاوتەریب نەبوون و دەنگهەڵبڕین و پرتەوبۆڵەی ڕووت نییە، بەڵکە هاوکات، هەبوونی بەرنامە و سیاسەتێکی ڕوون و گونجاوتری جێگرەوەیە.

دەستهەڵاتی تاقانە و سەرەڕۆ لە هزر و فەلسەفەی خۆیدا و بەپێی بنچینە و پێکهاتەی خۆی، لەگەڵ هیچ ڕکابەرێک هەڵناکات و هەربۆیە لە سەرجەم پێچ و نشێوەکانی تەمەنی خۆیدا، ئامرازێک جگە لە سەرکوت بۆ بەرپەرچدانەوە ناناسێت. هەربۆیە لە کاتە هەستیارەکاندا سەرجەم  ئامراز و تواناکانی بەم مەبەستە وەگەڕ دەخات. لە هەلومەرجێکدا کە ئەم ئامرازەش نەیتوانی فریای کەوێت و مەترسییەکانی لێکترازان و داڕمانی هاتە سەر، ئەوکات لەڕێگای دەست بەداوێنی ئامرازی نەرمتری پیلان و فڕوفێل دەبێت. ئەزموون و تاقیکردنەوەکانی نیوسەدەی ڕابردوو لە ئێرانی ژێر ڕکێفی کۆماری ئیسلامی ئاماژەیەکی پڕبەپێست و گونجاوی ئەم بیرۆکەیەیە. هێنانە گۆڕەپانی ئۆپۆزیسیۆنی ماسکداری بێ مانیفیست و ناوەرۆک وبەتاڵ لە هەر تایبەتمەندیی و پوتانسێل و ئیستعداد و ویستی گۆڕانێکی بنەڕەتی، یەکێک لەوانە.

ئەم شێوازە لە سیاسەتکردن بۆ خۆڵ کردنە چاوی خەڵک و شاردنەوەی لاوازییەکان و تێپەڕاندنی بارودۆخەکە و لە ئەنجامیشدا خۆقوتارکردن، بۆ زۆرینەی خەڵکی ئێران جۆرێکی سواو و ناسراوە. ئەو ڕاستییە کە کۆماری ئیسلامی لە دۆخی لاواز و بێدەرەتانیدا، پەنا بۆ جێگۆڕکێی مۆرە و سیما ناسراوەکانی و هێنانە ئارای سێناریۆی فرەچەشن و هەڵخڕاندنی گوتاری چەواشەکارانە دەبات، دیاردەیەکی نوێ نییە.  

ئۆپۆزیسیۆن بوون، چەمکێکی ڕێژەییە و ناتوانێت ئیدێنتیتێت، هەوییەت یان کەسایەتی و ناوەرۆکێکی جێگیر و بەردەوام و نەگۆڕی مرۆڤ یان دەستە و لایەن و حیزب بێت. کەسیی و کێبوون و تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی نییە، بەڵکە لە کۆمەڵێک هەلومەرجی دیاریکراودا دەور دەبینێت ئەگەینا دەچێتە خانەی ناتەندروستیی دەرونی و کردارییەوە. واتە ئەمە دۆخێکە کە پاش لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی دیاردە یان چەمک و بابەتێک کە بە ناکۆک و ناتەبا لەگەڵ بەرژەوەندییەکی تایبەت، یان قازانجێکی گشتیی شێمانە دەکرێت، دێتە ئاراوە.

لە وڵاتێکدا کە یاسای بنەڕەتی لەسەر بنەمای ئیدئۆلۆژی تاقانە دامەزراوە، دەرفەتی هەناسە و ژیان بۆ ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە و شێلگیرناڕەخسێت. لەوەها دۆخێکدا، تەنیا ئەو کەس و لایەن و حیزبانە دەرفەتی بوون و هەڵسووڕانیان پێدەدرێت کە سەرجەم مەرجەکانی ئەو یاسا بنەڕەتییە بە شەرع و ئیدئۆلۆژی ئاخنراوەیان تێدابێت و ئەوانەش کە لەو بازنە بەرتەسکەدا خۆیان نابیننەوە، چ بۆشاییەک بۆ کار و بوون و ژیان و چالاکییان بەدی ناکرێت. هەربۆیە لە ناوخۆی وڵاتێکی وەکوو ئێرانی ژێر ڕکێفی کۆماری ئیسلامیدا، تەنیا یەک ڕەوت و یەک حیزب بوونی هەیە و ئەویش حیزبی کۆماری ئیسلامی و پاشاگەردانی عەلی خامنەیی و پاشکۆ جۆربەجۆرەکانیەتی. ئەم ڕاستییەش جێگایەک بۆ دڕدۆنگی لەمەڕ کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانەی نێو ڕیزەکانی سەرەوەی ڕژیم ناهێلێتەوە.

بارودۆخی پڕکێشە و ئاڵۆزی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی کە پانتایی وڵاتی تەنیوە، ئاخێزە یەک لەدوای یەکەکانی دژ بە کۆی ڕواڵەت و ناوەرۆکی دەستهەڵاتی زاڵ و بەتایبەتیش شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، ڕووداوەکانی پاش ٧ی ئۆکتۆبر و ڕەوتی پاشەکشێ و ڕووەو توانەوەی ئیسلامی سیاسی و بەرەی مقاومە و هیلالی شیعە، ئاکامەکانی شەڕی ١٢ ڕۆژە و گوشارە نێونەتەوەییاکان و هاوتەریب لەگەڵ ئەمانەش لاوازیی لەڕادەبەدری ڕژیم بۆ بەڕەوڕووبوونەوە و چارەسەریی سەرجەمی ئەم پرسانە و خۆحەشاردانی عەلی خامنەیی دەتوانێت بۆشاییەکی وەهای دەستەبەر کردبێت کە ململانێ و بەروڕووبوونەوەی نوێ لەناو کاربەدەستانی ڕژیمدا بێنێتە کایەوە بەڵام دیسانیش هەموو ئەمانە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕن کە سەرجەمی ئەم لایەنانە یەک ئامانجی دیاریکراویان هەیە و ئەویش دەربازکردنی ڕژیم لە توانەوە و لەناوچوونە نەک ئاڵوگۆری بنچینەیی لە کۆی دەستهەڵاتدا. بارودۆخی کۆماری ئیسلامی بەجۆرێکە کە هەموویانی خستوەتە پەلەقاژە. وەک خۆیان دەڵێن؛ هەموویان لە بەلەمێکدان کە نوقمبوونی بەواتای خنکانی هەموویانە. ئەم ڕاستییە کورتکراوەی دۆخی ئۆپۆزیسیۆنە ماسکدارەکانی نێو ڕژیم، لەجۆری ڕوحانی و زەریف و قالیباف و شەمخانی و زۆری دیکەشە کە لای زۆرینەی خەڵکی ئێران سەنگ و بایەخێکیان نییە.

ئەگەر بمانهەوێت بەشوێن ئۆپۆزیسیۆن و دژبەری ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی لە ناو جوگرافیای ناوخۆی ئێراندا بگەڕێین، پێویستە نەک لە نێو ڕیزی دەستهەڵاتدارە ورد و دریشتەکانی ڕژیمدا، بەڵکە بچینەوە ناو بەستێنی ڕاستەقینەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کە هەرچەند لە چەشنی حیزب ڕێکخراو نین، بەڵام زۆرینەیان دژی سەرجەم کۆڵەکە و بنەماکانین و بەدیل و ئاڵترناتیوی خۆشیان بۆی هەیە.

ئۆپۆزیسیۆنی لە جۆری حیزب و ڕێکخراو و کەسایەتی کە بەڕاشکاوی خۆی وەک دژبەری کۆماری ئیسلامی پێناسە کردبێت، لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتن. پاش شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ی هەتاوی ئێران ( ١٩٧٨ی زایینی)، و بەتایبەتی دوای سەقامگیربوون و قۆرغکرانی سەرجەم دەستهەڵاتەکان لەلایەن خومەینی و ڕژیمەکەیەوە، قۆناغی پاکتاوکردن و ڕاودونانی جیاوزبیران لە کۆی وڵات بەخێراییەوە دەستی پێکرد و زۆری پێنەچوو کە هەرچی و هەرکەسی غەیری خۆیان بوو، یان دەستبەسەر و ئێعدام کران، یان تووشی کۆچی بەکۆمەڵ و زۆرەملێ بوون. ئەوەی کە ئەمڕۆ بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەناسرێتەوە، بەرهەمی ئەو هەلومەرجە بوو کە دواتر وەک کەسایەتی، یان ڕەوت و ڕێکخراو و حیزبی سیاسی جۆربەجۆر دەرکەوتن.

بەشێک لەو ڕەوتانەی ئێستا کە بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەناسرێنەوە، هەر لەبنەڕەتەوە لەگەڵ بنەماو ڕوانگەکانی ئەو ڕژیمە تازە بەستهەڵات گەیشتووەی ئەوکات، لەبواری ئیدئۆلۆژی و فکری و سیاسییەوە زۆر جیاواز و ناکۆک بوون، ( وەکوو حیزبە کوردییەکان، بەشێک لە ڕەوتە چەپ و دێموکڕاتەکان)، بەڵام لەوناوەشدا، کەم نەبوون ئەوانەی کە نەک جیاوازیی ئیدئۆلۆژی و فکری و سیاسی، بەڵکە لەسەر بنچینەی پشک و جێگە و پێگەیان لە هێرەمی دەستهەڵاتدارییدا کەوتنە بەربەرەکانی و لە کۆتاییشدا تووشی ڕاودوونان و کۆچی زۆرەملێ بوون و لەوانەش دەتوانین ئاماژە بە حیزبی موجاهیدینی خەلق و ڕەوتی ئەکسەرییەت و دواتریش بەشێک لە ڕێفۆرمخوازانی ناوخۆیی کە تەنانەت لە سەرکوتی نەیارانی ڕژیم و بەتایبەتیش بزوتنەوە ئازادیخوازانەکانی گەلانی ئێران و بەتایبەتیش خەڵکی کوردستان هاوپەیمان و هاوکاری کۆماری ئێسلامی بوون و هتد،.. .

ئەم چیرۆکە تا ڕادەیەک ئاڵۆزەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە هەرلەسەرەتاوە  تا ئێستا فەراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە زۆرهۆکاری گەورە و بچووکی بەدەست خەباتکار و دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و گەلانی ئێرانی و بەتایبەتیش گەلی کوردیش داوە کە ئەزموونێکی تاڕادەیەک تال و لێوئاخن لە بێمتمانەیی بەنیسبەت پرسی ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری یان ئێرانی بێتە ئاراوە. ئەمە کاتێک زەقتر دەبێتەوە، کە لە مێژوو و چەندیی و چۆنیی چالاکیی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە و پەرتەوازەیی و بێکاریگەریی بەشێکی بەرچاویان لە گۆڕەپانی سیاسیدا، فاکتی عەینی و کردەیی ڕوون بەردەستە.

ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە جگە لە پێناسەکردنی بەرنامە و پلانی جیاواز و گونجاو، پێویستە لە کردەوەشدا لە گۆڕەپانەکەدا بوون و کاریگەریی هەبێت. هەڵسەنگاندنێکی وورد و زانستی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی و دانانی پرسیار لەسەر مێژوو و چالاکییەکانیان پێویستی بە دەرفەتێکی زۆر زیاترو لەبارتر هەیە کە لەم دەقەی ئێستادا ناگونجێت بەڵام تەنیا بە ئاماژەیەکی سەرپێی  بە ئەزموون و جۆری تێڕوانینی گەلانی ئیران و بەتایبەتیش گەلی کورد کە پشتئەستوورە بە تۆمارە مێژووییەکانی نیو سەدەی ڕابردوو دەتوانین بڵێین کە ئەم دڕدۆنگی و بێمتمانەییە و بەتایبەتیش تێڕوانینی خەڵکی کوردستان بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ساڵانی ڕابردوودا، بنەما و هۆکارگەلێکی ڕاستەقینەی هەیە. سەرەڕای مێژووی کرداریی دژ بە گەلی کورد، جۆری بیرکردەنەوە، ئەدەبییات، گوتار و دروشم و ئامانجە پێناسەکراوەکانیان بۆ ئێرانی داهاتوو کە هەڵگری شوێن و ئاسەواری سەرەڕۆیی و دیکتاتۆڕیی و هەڵاواردن و داگیرکارین، هێندەی دیکە ئەم کەلێن و دڕدۆنگییەی پەرە پێداوە.

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە لەلایەکەوە بە ڕواڵەت و ناوەرۆک و لەکردەوەشدا برەوی بە جۆرێک لە هاودەنگی و هاوخەباتی نێوان گەلان و چین و توێژە جیاجیاکان لە سەرانسەری ئێران دا، لە لایەکی دیکەشەوە تا ڕادەیەک توانی کە جووڵەیەک بخاتە نێو ئۆپۆزیسیۆن لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات. کارلێکی ئەم دۆخە نوێیەش، لە چاوەڕوانیی خەڵک بۆ هاوئاهەنگی و یەکڕیزیی ئۆپۆزیسیۆن و پێکهێنانی ئاڵترناتیڤێکی خاوەن بەرنامە و پێگە و ئادرەس لە سەر بنەمای لانیکەمی ویست و داخوازییەکانی لایەنەکان بۆ هەنووکە کە قۆناغی تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی بوو، خۆی دەنواند. لەم بڕگە زەمەنییە نوێ و ناوەزەیەدا، دەرفەتێک بۆ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ڕەخسا کە لە دۆخی پاسیڤی خۆی درەباز بیت و دەوری ئەکتەرێکی چالاکتری گۆڕەپانەکە بگرێتە ئەستۆ. دواتریش هەوڵگەلیک لەم بوارەدا درا کە هەرچەند بێدەستکەوت نەبوون، بەڵام لە کۆتاییدا، مەبەست و ئامانجی چاوەڕوانکراوی خۆیان نەپێکا و بەشێکیان لە سەرەتای ڕێگا و بەنیوەچڵی تووشی وەستان و هەڵوەشانەوە بوون و هێندێکیشیان هەر لە ئەزەلەوە بەمردویی لەدایک بوون.

هەرچەند ئەم چیرۆکە ئاڵۆزەی ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری و بەتایبەتیش دوایین چالاکی و تاقیکردنەوە ناسەرکەوتووەکانی، دیسانەوە ئەزموونی نەرێنیییان بەدەستەوەدا، بەڵام بەسەرنجدان بەو ڕاستییەی کە لەلایەکەوە پرۆسەی تێپەڕبوون و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بەتەنیا کاری هیچ حیزب و لایەن و گروپێک نییە و لە لایەکی دیکەشەوە هیچ حیزب و لایەنێک بەتەنیا ناتوانێ نوێنەرایەتی کۆمەڵگایەکی فرەنەتەوە و فرەچەشنی وەک ئێران بکات، هیچ لە پێویستیی هاوئاهەنگی و هاوخەباتی بۆ گەیشتن بە ئامانجی نەگۆڕی.

ئەگەر پێمانوایە کە ئێرانی داهاتوو پێویستە وڵاتی سەرجەم نەتەوە و ڕەگەز و چین و توێژ و ئایینەکان بێت و کوردیش لەسەر ئەم بنەمایە لە سیستەمی نوێی دەستهەڵاتدا هاوبەش و خانەخوێ بێت، کەواتە پێویستە هەر بنەڕتەوە لە پرۆسەی تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی و ڕووخاندنی و پێکهێنانی سیستەمی نوێ و نووسینەوەی یاسا و ڕێسا بنەڕەتییەکانی ولاتدا چالاک و بەشدار بین. پێوەندیی کورد و حیزبە کوردستانییەکان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستی بە چەند ڕێکار و مەرجی سەرەکی و یەکلاکەرەوە هەیە؛

یەکەم، هاوئاهەنگی و ڕێکخستنی نێوماڵی کورد ( جۆرێک لە بەرە یان ناوەندێکی بەرین یان پتەوی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان) بە مەبەستی قایمتر کردنی پێگەی کورد و شکاندنەوە سەنگی تەرازوی هێز، پێویستییەکی هەنووکەیی و یەکلاکەرەوە.

دووهەم، بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان و گەیشتن بە مافە ڕەواکانی، پێویستە پێشمەرجی هەرچەشنە دانووستانێک. 

سێهەم، حیزبە کوردستانییەکان پێویستە نەک هەر لە دروشم و بەرنامە و تیئۆریدا، بەڵکە بەکردەوەش دەوری ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆیان چالاکانە و بەدروستی بگێڕن و لە گۆڕەپانە سیاسییە گەورەکەدا، واتە لەسەرئاستی ئێران، خۆیان پێناسە بکەن.

کورد لە ڕووداو ئاڵوگۆڕەکانی داهاتووی ئیراندا بەهۆی ئەزموونی دوورودرێژی خەبات و ڕێکخراوبوونی ڕێژەیی خۆی، بێگومان ئەکتەرێکی کاریگەر و یەکلاکەرەوە دەبیت و دەتوانێت دەستکەوتی گەورەی هەبیت بەو مەرجەی بتوانێت بەجۆرێک خۆی تەیار و ئامادە بکات کە بتوانێت لە کاتە هەستیار و چارەنووسازەکەدا دەور و نەخشی شیاوی خۆی بگێڕێت. خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی ئەو توانا و پیانسێلەیان تێدایە کە دەرفەتی چارەنووسسازی داهاتوو لەبەرژەوەندیی خۆیاندا و بۆ بە ئاکام گەیاندنی خەباتەکەیان بقوازنەوە. 

TAGGED: ئاسۆی ڕۆژهەلات ٢٠٢, ئاسۆی ڕۆژهەڵات, ئۆپۆزیسیۆن بە ڕواڵەت یان ناوەرۆک, عەلیڕەزا قادری, کۆمەڵە
KomalaMedia 2025/11/16
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر لە هاوپەیمانییەوە بۆ کێبڕکێ : ناکۆکییەکانی ناو ڕژێمە پاوانخوازەکان

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?