By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: فوئاد ئەو ناوەی پەیوەست بوو بە ئەفسانەكان
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > Uncategorized @ku > فوئاد ئەو ناوەی پەیوەست بوو بە ئەفسانەكان
Uncategorized @ku

فوئاد ئەو ناوەی پەیوەست بوو بە ئەفسانەكان

ناوەندی ڕاگەیاندن
دوا ئاپدەیت: 2014/08/28 at 11:37 AIM:
ناوەندی ڕاگەیاندن
هاوبەشکردن
15 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

بەبۆنەی نۆی خەرمانان ساڵرۆژی گیانبەختكردنی هاوڕێ فوئادی مستەفا سوڵتانی
رەزا كەعبی

سی‌و سێ ساڵ لەگیانبەختكردنی تێپەڕ دەبێت، بەڵام هەردەڵێی چەند ساتێك لەوەپێش هەواڵی گیانبەختكردنی بڵاوبووتەوە. هەمووان پاش سی‌و سێ ساڵ بەداخ‌و كەسەرێكی واوە باس لەمەرگی كاك فوئاد دەكەن كە دەڵێی مەرگی فوئاد تازە روویداوە. هەركات لە كۆڕ‌و كۆمەڵێكدا ناوی فوئاد دەهێنرێت، ئەو كەسانەش كە هیچ كات كاك فوئادیان نەدیوە، بەخەم‌و پەژارەیەكەوە باس لەمەرگی كاك فوئاد دەكەن كە دەڵێی چەندین ساڵ لەگەڵیدا كاریان كردوە‌و پەیوەندییان لەگەڵیدا هەبووە. پاش 33 ساڵ لەمەرگی كاك فوئاد، هێشتا هەمووان‌و بەتایبەتی رێبەریی كۆمەڵە هەست بە جێگەی خاڵی ئەو دەكەن. ئەم هەستە دەربارەی فواد بەشێوەیەكی سەیر بۆ جەماوەرێكی بەرینتر لەكوردستان، نەك تەنها كوردستانی ئێران، بەڵكو لەبەشەكانی دیكە كوردستان گواستراوەتەوە‌و بزوتنەوەی سۆسیالیستی‌و چەپ نەبوونی كاك فوئاد بە كۆسپێكی گەورە بۆ خۆی دەزانێت.

نۆی خەرمانان ساڵرۆژی مەرگی فوئادی موستەفا سوڵتانی، دامەزرێنەر، رابەری دیارو بەرچاوی كۆمەڵە، زیندانی سیاسی خۆڕاگری گرتوخانەكانی رژیمی شا، سیمای بێوێنەی بزوتنەوەی سوسیالیستی‌و چەپ لەكوردستان‌و ئێران، خەباتكاری ریزەكانی خۆڕاگریی دژی داگیركاری رژیمی كۆماری ئیسلامی لەكوردستان، دۆست‌و هاوڕێی خەڵكی زەحمەتكێش‌و داكۆكیكاری سەرسەختی مافەكانیان‌و بەشداریكردنیان لە بزوتنەوە كۆمەڵایەتییەكانە.
سی‌و سێ ساڵ لەوەپێش‌و لەرۆژی نۆی خەرمانانی ساڵی 1358 رادیۆی تاران كاتژمێر دووی پاشنیوەرۆ بەخۆشحالیەكی زۆرەوە هەواڵی كوژرانی رابەری (چد انقلاب) فوئاد مستەفا سوڵتانی راگەیاند. مەرگی كاك فوئاد ریزەكانی كۆمەڵە‌و بەتایبەتی رێبەرییەكەی هەژاند كە بەهۆی هێرشی هێزەكانی رژیم بۆ سەر كوردستان لەچركەساتێكی هەستیار‌و مێژوویدا بوون. بەبێ ناوی فوئاد درێژەدان بەهەڵسوڕانی كۆمەڵە‌و ئەو بەرپرسیارێتیە گرنگەی خرابوویە ئەستۆی ئەستەم بوو. كۆماری ئیسلامی كە بەباشی لەدەورونەقشی كاك فوئاد بۆ كۆمەڵە‌و بۆ بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی كورد بەئاگا بوو، بەم هۆیەوە هەواڵی مەرگی كاك فوئادی بەپەلە بڵاوكردەوە‌و بۆ تێكشاندنی هەرچەشنە بەرخۆدان‌و رۆحیەی شۆڕشگێڕانە‌و خەباتكارانە هەوڵیدا لەسەر بڵاوكردنەوەی هەواڵی مەرگی كاك فوئاد سەرمایەگوزاری بكات.
كاك فوئاد گیانی بەخت كرد، بەڵام رەهەندەكانی ناسین‌و كاریگەرییەكانی كاك فواد كۆتایی نەهات. فوئاد مستەفا سوڵتانی پاش گیان لەدەستدانی بوو بە كەسایەتیەكی ئەفسانەیی لە كوردستان. خەمی مەرگی كاك فوئاد تا هەنووكە هەستی پێدەكرێت، بەڵام فوئاد بەمەرگی خۆی دڵی ملیۆنان ئازادیخواز‌و رێبواری رێگەی ئازادی‌و خەبات بۆ مافەكانی خەڵكی زەحمەتكێشی داگیركرد. سەدان‌و هەزاران منداڵ لەوسەردەمەوە تا ئێستاش بە خۆشەویستی كاك فوئادەوە، ناوی فوئادیان لێدەنرێت.

فوئادی مستەفا سوڵتانی ساڵی 1327 لە یەكێك لەئاواییەكانی مەریوان بەناوی “ئاڵمانە” چاوی بەژیان هەڵێنا. ساڵی 1346 چووە زانكۆی پیشەسازیی تاران‌و لەو ساڵانەدا لەگەڵ كۆڕ‌و كۆمەڵە ماركسیستیەكان ئاشنا بوو و دەستی بەچالاكی سیاسی كرد. ساڵی 1348 لەگەڵ چەند كەسی دیكە، رێكخراوێكی دامەزراند كە دواتر بەناوی كۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتكێشانی كوردستان خۆی ناساند. دامەزراندنی كۆمەڵە لەبارودۆخی خەفەقانی ئاریامێهری بەرپرسیارێتییەكی گەورەبوو. كاك فوئاد بەخێرایی لەناو رێكخراوەكەدا پێگەیەكی تایبەتی پەیدا كرد. چالاكی سیاسی بۆ كاك فوئاد وەك هەر خەباتكارێكی سوسیالیست‌و نەیاری رژیمی پاشایەتی مەترسیداربوو. كاك فوئاد بەهۆی چالاكییەكانیەوەلەلایەن ساواكەوە دەستگیركراو رەوانەی ئەشكەنجەگاكانی رژیم‌و دواتر زیندانەكانی تاران‌و سنەكرا. خۆڕاگری كاك فوئاد لەزیندان، پاراستنی هەموو نهینییەكان لەژێر ئەشكەنجەی دڕندانە، لەكاك فوئاد زیندانییەكی سیاسی خۆڕاگری دروست دەكرد كە لەساتە سەختەكاندا جێگای متمانە‌و هیوای هەمووان بوو. كاك فوئاد لەزیندان كەسێك نەبوو كە تەنها بەڕەی خۆی لەئاو دەركێشێت، ئەو كە دەڕۆیشت تا پێگەیەكی گەورەتر بەدەستبێنێت، بەردەوام بیری لە بەرگرییەكی گشتیتر‌و هیدایەتی بزوتنەوە‌و پتەوكردنی ریزەكانی دەكردەوە. كاك فوئادیان لە زیندانی تاران بۆ زیندانی سنە گواستەوە. لەزیندانی سنە كە یەكێك لە قەرەباڵغترین زیندانەكانی ئەو كاتی ئێران بوو، خۆشەویستییەكی تایبەتی پەیدا كرد. زۆربەی زیندانیانی زیندانی سنە كە زانیارییەكی زۆریان لەسەر سیاسەت نەبوو، كەوتنە ژێركاریگەریی كاك فوئادەوە. كاك فوئاد نەیدەویست كە كێشەكانی زیندانیانی سیاسی لەزیندانی سنە كە ژمارەیان لەپەنجەكانی دەست تێپەڕ نەدەبوو، لەخۆیدا بمێنێتەوە‌و سنوردار بكرێت. ئەو توانی ئەم كێشانە بۆ هەموو زیندانیان بگوازێتەوە‌و سەمپاتی‌و پشتگیری ئەوان رابكێشێت. هەربەم هۆیەبوو كاتێك كاك فوئاد لە هاوینی 1357 مانگرتنی 24 رۆژی زیندانیانی سیاسی زیندانی سنەی رێبەری دەكرد، تەواوی زیندانیانی ئەو زیندانە بە هەموو توانایانەوە پشتگیرییان كرد‌و لەبەسەركەوتن گەیاندنی ئەو مانگرتنەدا دەورونەقشیان هەبوو. ئەم تایبەتمەندییە دیارەی كاك فوئاد واتە بەجەماوەری كردنی كێشە سیاسییەكان، راكێشانی پشتگیری‌و پشتیوانی هەرچی بەرینتری جەماوەر، بەشداری پێكردنیان ‌و هێنانە مەیدانیان بۆ چالاكییە سیاسیەكان لەبوارەكانی دیكە كاری كۆمەڵە بەرجەستەبوو. لەدەرەەوی زیندانیش لەپشتگیریكردنی ئەو مانگرتنە، چەندین خۆپیشاندانی جیاجیا لە سنە رێكخرا كە هاوڕێیانی كۆمەڵە لەوانە هاوڕێی گیان بەختكردوو حسەین پیرخزری دەورو نەقشێكی گەورەیان تێیدا گێڕا.

دەورانی زیندانی كاك فوئاد كۆتایی هات‌و رەزبەری ساڵی 1357 لەنێوان پێشوازی گەرمی بنەماڵە‌و هاوڕێكان‌و هەموو ئەوانەی كاك فوئادیان دەناسی بۆ ماڵەوە گەڕایەوە. ئازادی كاك فوئاد هاوكات بوو لەگەڵ پەرئەستاندنی خەباتی بەربڵاوی جەماوەریی دژی رژیمی پاشایەتی. كاك فوئاد بەخێرایی لەشاری مەریوان پێگەی رابەرێكی دیار‌و كاریگەری بەدەستهێنا‌و بەهۆی شوێن‌و پێگەی لەكۆمەڵە كە بەخێرایی لەرێكخراوێكی بچوك‌و نهێنییەوە بوو بە رەوتێكی گشتگیری جەماوەری كۆمەڵایەتی، لەسەراسەری كوردستان ناوی كەوتە سەر زاران. بەگیان بەختكردنی هاوڕێ حەمە حسەین كەریمی، یەكێك لەدامەزرێنەرانی كۆمەڵە لە26ی رێبەندانی ساڵی 57‌و راگەیاندنی چالاكی ئاشكرای كۆمەڵە، ئەم رەوتە سەردەمێكی نوێی دەستپێكرد. پێویستییەكانی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانە‌و بۆچوونی رادیكاڵ لەكوردستان‌و نیازی كرێكاران‌و زەحمەتكێشانی ئەم كۆمەڵگایە بەحیزبی خۆیان، پێویستی بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی گەلی كورد بە رێكخراوێكی پتەو‌و قایم، رابەر‌و رۆشنبیر لەرووی سیاسییەوە، كۆمەڵەی كردە پێشڕەوی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی كورد. بارودۆخێكی نوێ لەپاش رێبەندانی 57ەوە لەكوردستان هاتەئاراوە. رۆژەكانی شۆڕش‌و خەباتی جەماوەری لەئێران، خەڵكی كوردستانی بۆ دەستبەركردنی ئاواتەكانیان، بۆ رزگاربوون لەستەم‌و ناعەداڵەتی هێنایە مەیدان. كۆمەڵە پێگە‌و دەورونەقشێكی گەورەی پەیدا كردبوو و لەم نێوەندەدا كاریگەرییەكانی كاری كاك فوئاد دیارتر بوو. كاك فواد وەك كادرێكی كارا لەئاستی رابەری كۆمەڵە‌و رابەری بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە، لەكۆبوونەوەی گفتوگۆكان لەوەفدی نوێنەرایەتی خەڵك‌و لە رابەریكردنی خەباتی جەماوەری لەكاتە هەستیارەكاندا خۆی نیشان دەدا‌و كەسانی دەوروبەر‌وی دەخستە ژێر كاریگەریی وردبینی‌و دوور ئەندیشی‌و شارەزایی خۆیەوە.

لەپێناسەكردنی جەوهەری رژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئیسلامی، وەك رژیمێكی دژە خەڵكی‌و دژە ئازادی، كاك فواد بێ دودڵی‌و راشكاو بوو. هیچ تیۆرییەك نەیدەتوانی ئەو بەو ئەنجامە بگەیەنێت كە ئەم رژیمە “دژە ئێمپریالیستە”. فواد كە خۆی لەكورەی خەباتی سیاسی‌و دەستوپەنجە نەرمكردن لەگەڵ رووداوەكان خاراو ببوو، پێگەو ناوەرۆكی ئەم رژیمەی بەشێوەی عەینی تاووتوێدەكرد. پێناسە‌و دیدی دروست لەكۆماری ئیسلامی لەگەڵ ناسینێكی دروست لەكۆمەڵگای كوردستان‌و ئەو بەستێنە لەبارەی كە لەگەڵ شۆڕشی 57 فەراهەم ببوو، كاك فوادی بەرەو رێچكەیەك برد كە بتوانێت لەم بارودۆخە بەهێزكردنی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە‌و جەماوەری لەكوردستان باشترین سوود ببینێت.

تەواوی هەوڵ‌و وزەی كاك فوئاد لەگەڵ باقی سەركردایەتی كۆمەڵە، پاش شۆڕشی 57 لەسەر پەرەپێدانی بزوتنەوەی جەماوەری لەكوردستان چەقی بەستبوو. كاك فوئاد لەهەر دەرفەتێك بۆ هێنانە مەیدانی خەڵك‌و بەشدارییان لەپرسەكان كەڵكی وەردەگرت. لەفرمولەكردنی خواستەكانی خەڵكی كوردستان لەبەرامبەر رژیمی نوێ لەمانگی رەشەممەی 57 كە بەناوی بڕیارنامەی 8 مادەیی مەهاباد ناوبانگی دەركرد، لەشەڕٍی خوێناوی سنە‌و رێكخستنی بەرگرییەكی چەكدارانەی جەماوەریی لەبەرامبەر هێرشی وەحشیانەی پادگانی شار، لەبایكۆتی ریفراندۆمی 12ی خاكەلێوەی 58، لەرێكخستن‌و دامەزارندنی رێكخراوە دیموكراتیكەكان لەوانە جەمعیەتە دیموكراتیكەكان لەشارەكانی كوردستان، یەكێتی جوتیاران، رێكخراوە كرێكارییەكان، داكۆكی لەبێكاران، رێكخراوەكانی ژنان‌و.. كاك فوئاد هەوڵ‌و ماندوبوونێكی زۆری لەخۆی نیشاندا. لەهێنانە مەیدانی خەڵك دژی دواكەوتوویی مەزهەبی لەكوردستان كە بەهاندانی كۆماری ئیسلامی‌و دوژمنانی خەڵك جار نا جار سەریان دەردەهێنا، كۆمەڵە‌و لەپێشی هەمووشیانەوە كاك فوئادی میراتێكی بەنرخی لەخۆی بەجێهێشت.

كاك فوئاد بارودۆخی كوردستانی دەناسی. گومانی لەوەدا نەبوو كە كۆماری ئیسلامی سەرەنجام هێرش دەكاتەسەر كوردستان. ئەو بەدوای ئەوەوە بوو كە ئەم هێرشە تا ئەو جێگەی دەكرێت دوابخات. بۆ ئەم مەبەستە لەپەرەپێدانی بزوتنەوەی سیاسی‌و جەماوەریی بەتایبەتی لەشارەكان كاری دەكرد. لەنرخی بارودۆخی دیموكراتیكی كوردستان تێدەگەیشت. پەروەردەكردنی جەماوەر، ئاگاكردنەوەیان لەبەرژەوەندییەكانیان‌و راكێشانیان بۆ چالاكی لەم بارودۆخە دیموكراتیكە مەلەسەیەك بوو كە بەردەوام زەینی فوئادی بەخۆیەوە خەریك دەكرد. كاك فوئاد بە وریایی‌و شەفافیەتێكی تایبەت، بەستێنەكانی خۆڕاگریی جەماوەری لەكوردستان فەراهەم دەكرد. ئەو لەوە دڵنیا بووە كە رژیمی كۆماری ئیسلامی ئەم بارودۆخە تەحەموڵ ناكات، ئەو وریا بوو كە هیچ بیانویەك نەدات بەدەستی رژیمەوە تا مەشروعیەت بەهێرشە سەربازییەكەی بۆ سەركوردستان بدات. هاوسەنگی واقعی هێزی لەنێوان خەڵك‌و دەسەڵات دەناسی‌و لەزەرفیەتی بزوتنەوەی خەڵك هەڵسەنگاندنێكی دروستی بوو. كاك فوئاد بە ئاگابووونی خەڵك لە كێشەكانی بزوتنەوە گرنگییەكی تایبەتی دەدا. كاتێك كۆچی مێژوویی خەڵكی مەریوان لەگەلاوێژی 58ی رابەری دەكرد، وتووێژە خۆی لەگەڵ وەفدی رژیمی ئیسلامی بەسەرپەرستی چەمران لەگەڵ خەڵكی باس دەكرد. خەڵك قەناعەتیان بە روونكردنەوەكانی فوئاد دەكرد‌و وەڵامی راڕایی‌و دوو دڵییەكانیان وەردەگرتەوە. رەخنەی لەچەپڕەوی دەگرت، دواكەوتویی تێكدەشكاند‌و رێگەی بە باسكردن لە سازش‌و تەسلیم نەدەدا. بۆ كاك فوئاد توانای واقیعی خەڵكی كۆچكردووی شارێك قابیلی دەرك بوو. قورسایی بزوتنەوەی كوردستانی نەدەخستە سەر شانی ئەوان. خەباتی شارێكی بە ئاراستەی بزوتنەوەی سەراسەری لەكوردستان لەبەرچاو دەگرت. بۆ پشتگیری لە خەڵكی مەریوان رێپێوان لەسنە بۆ مەریوان‌و لەسەقز‌و بانەوە بۆ مەریوان بەڕێوەچوو. ئەم داهێنانە لەبیرنەكراوە، لەداهێنانە بەنرخەكانی كاری كۆمەڵە بوو كە كاك فوئاد لەبڕیارەكانیدا دەورونەقشێكی سەرەكی هەبوو.

سەرەنجام هێرشی رژیمی ئیسلامی بۆ كوردستان دەستیپێكرد. لە 28ی گەلاوێژی 58 خومەینی بە تەواوی هێزەكانی، لەوانە هێزی دەریایی فەرمانی هێرش بۆ سەركوردستانی دەركرد. لەشكری ئیسلام پێیان دەنایە هەر شوێنێك كوشتاریان دەكرد. پاش داگیركردنی شار‌و گوندەكان خەڵخاڵی جەلادیان نارد تا بۆ چاوترسێنكردن، خەڵكی بێ تاوان بەجوخەكانی ئێعدام بسپێرێت. بارودۆخێكی دژواربوو و هیچ كەس داهاتوویەكی روونی نەدەدی. لەم كاتەدا كۆمەڵە لەبەیاننامەیەكی مێژوویی‌و فەرامۆش نەكراو لەژێر ناوی (خلق كرد در بوتە ازمایش) نیشانی دا كە ئامادەیە تا ئەوەی لەتوانایدایە، رێبەری خۆڕاگرییەكی جەماوەری بەئەستۆ بگرێت. لەم نێوەندەدا دەورونەقشی كاك فواد دیاربوو. كاك فواد چەند رۆژ پێش هێرشی رژیم بۆ سەر كوردستان بیروبۆچوونی خۆی لەمبارەوە راگەیاند. كە پاش شەڕی “كەرەفتو” لەنزیك شاری سەقز لە ئێوارەیەكی گەلاوێژی 58 لەحەوشەی جەمعیەتی دیموكراتیكی شاری سەقز سەبارەت بە ئامانجی رژیمی كۆماری ئیسلامی كاك فوئاد روونیكردەوە كە رژیم كە هێرش دەكاتەسەر كوردستان‌و هەروەها پێویستی بەرگرییەكی جەماوەری راگەیاند.

هێزەكانی كۆمەڵە‌و بزوتنەوە تا رادەیەكی زۆر لەشاری بانە جێگیرببوون. رژیمی كۆماری ئیسلامی بەخێرایی پێشڕەوی دەكرد. لەم كاتەدا لەمەریوانەوە هەواڵێك گەیشت كە 9 كەس لە خەباتكارانی شار‌و ئەندامان‌و كادیرانی كۆمەڵە لەوانەی هاوڕێیان حسەین‌و ئەمین مستەفا سوڵتانی كە دوو برای كاك فوادبوون، لەشاری مەریوان دەستگیر‌و ئێعدام كراون. كاك فواد لەشاری بانە بڕیاریدا بۆ رێكخستنەوەی هێزەكانی كۆمەڵە بەخێرایی خۆی بگەیەنێتە مەریوان. نیگەرانی ئەوە بوو كە ئێعدامی ئەو 9 تێكۆشەرە ناسراوەی مەریوان‌و كۆمەڵە كە كەسانێك وەك هاوڕێ حسەین پیرخزری لەنێویاندا بوو، كاریگەری نیگەتیڤ لەسەرخەڵك بەجێبهێڵێت. كاك فوئاد لەنێو نیگەرانی هاوڕێیانی بۆ ناوچەی مەریوان گەڕایەوە كە لەلایەن دوژمنەوە داگیركرابوو. پاش تەواو بوونی كارەكانی كاك فوئاد لە رێگەی گەڕانەوەی بۆ ناوەندی كۆمەڵە لەشاری بانە توشی هێزێكی زۆری كۆماری ئیسلامی دەبێت‌و لەشەڕێكی نابەرابەردا بەداخەوە گیانی لەدەستدەدات. هەواڵی گیان لەدەستدانی كاك فوئاد لەهەموو لایەك دەنگی دایەوە. پێش لەهەمووی رادیۆ تاران بە خۆشحالیەكی زۆرەوە هەواڵەكی بڵاوكردەوە. كاك فوئادی مستەفا سوڵتانی وەك رابەرێكی دیار، كارامە، روشنبیر‌و بەروانینێكی رۆشن لەچالاكییەكان، بە ئاراستەی جوڵە‌و نەقشی كۆمەڵە لەتەواوی دەورانی ژیانی خۆی‌و تا كاتی گیان لەدەستدانی‌و تەنانەت پاش ئەوەش رۆڵێكی بێ هاوتای بوو. كاتێك كۆمەڵە ئاشكرابوونی چالاكییەكانی راگەیاند، بۆ هەموو كەس ئاشكرابوو كە ئەم رەوتە گرنگییەكی زۆر بە خەڵكی كرێكار‌و زەحمەتكێش دەدات. هەر كەس كە خۆی لەم رەوتە نزیك دەكردەوە سەرەتا دەبوو لەگەڵ ژمارەیەك كرێكار‌و زەحمەتكێش پەیوەندی دروست بكردایە.

مەرجەكانی ئەندامێتی لەكۆمەڵە هەر لە هەمان سەرەتاوە كاركردن لەنێوان خەڵكی هەژار‌و كەمدەرامەت بوو كە لەم بڕیارەشدا كاك فوئاد دەورونەقشێكی گرنگی گێرا.

كاك فوئادی مستەفا سوڵتانی گرنگییەكی زۆری بە بزوتنەوەی جەماوەری دەدا. بە كاری رێكخراوەیی، بەكۆكردنەوەی هێزی كۆمەڵایەتی لە رێكخراوە پەیوەندیدارەكەی، بە ئاگاهگەری لەنێو خەڵك‌و بەشداری پێكردنیان گرنگییەكی تایبەتی دەدا. ئەم بۆچوونە لەفۆرمبەخشین بە چالاكییەكانی ئەندامانی كۆمەڵە نەقشێكی زۆری هەبوو. كادرەكانی كۆمەڵە بەخێرایی لەكۆمەڵگای كوردستان لەنێو خەڵك جێگایان دەكردەوە. كۆمەڵە خۆی لەمەترسی دەدا، كادرەكانی دەبوایە خەتەریان بكرایە‌و لە ریزی یەكەمی خەباتە كۆمەڵایەتییەكان دەربكەوتایەتن، كۆمەڵە لەبەرامبەر كۆنەپەرستی راشكاو بوو. سەرەڕای زمانی شیاو لە بانگەشەكانی ‌و وتووێژ لەگەڵ خەڵك، زەڕەیەك دوو دڵی تیا نەبوو كە نابێت بچوكترین ئیمتیازێك بە بۆچوونە دواكەوتووەكان بدرێت. دوژمنانی كۆمەڵە‌و دوژمنانی خەڵك زۆرجار دانیان بە راشكاوبوون‌و سەرسەختی كۆمەڵە لە خەباتە سیاسییەكاندا ناوە. هەمو ئەمانە لەو سیاسەتانەوە سەرچاوەی دەگرت كە كۆمەڵە لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بووی‌و كاك فوئاد لەهەموو ئەوانەدا پێگەیەكی لەبیرنەكراوی هەیە.
كاك فوئاد پاش ئازادبوونی لە زیندان لە گەلاوێژی ساڵی 57 تەنها 11 مانگ دەرفەتی پەیدا كرد تا لەبزوتنەوەیەكی جەماوەری فراواندا بەشداری بكات. لەم ماوە كورتەدا كاك فواد بە‌و ئەزمونانەی بەدەستی هێنابوو، بەهەڵسوكەوتی‌و بەو جەوهەری شۆڕشگێڕانە‌و خەباتكارانەی كە بووی لەگەڵ تێگەیشتوویی سیاسییەكەی توانی لەپێگەی كادرێكی رهبەری رێكخراوەیی ببێتە رابەرێكی خۆشەویست‌و سەركەوتووی جەماوەریی.

كاك فوئاد لەو رابەر‌و كادێرانەیە كە بە مەرگی خۆی نەك تەنها كاریگەریی‌و حوزوری كۆتایی نەهات، بەڵكو پاش مەرگیشی كاریگەرییەكانی هەر بەردەەوامە.
ئەمرۆ 33 ساڵ پاش مەرگی كاك فوئاد، ئیلهام وەرگرتن لەئەو لەناو رێبەری كۆمەڵە هێشتا ماوە‌و جێگای تا هەنووكەش خاڵیە. كاك فوئاد لەم ماوەیەدا وەك كەسایەتییەكی ئەفسانەیی لێهات. قسەكان دەربارەی ئەوەی ئەگەر فوئاد زیندوو بوایە كۆمەڵە وای لێدەهات‌و وەك ئێستەی نەبوو، بابەتێك كە زۆرێك لەكادرەكانی كۆمەڵە زۆرجار باسیان كردوە. بۆ چارەسەری زۆرێك لەكێشەكان‌و تەنگژەكانی بزوتنەوە لە بوارە جیاجیاكان زۆرجار بیر لە فوئاد كراوەتەوە.

مەرگی كاك فوئاد هێشتا “تازەگی” خۆی پاراستووە‌و بە مەرگی كاك فوئاد كۆمەڵە زیاتر ناسرا. رەوتێك كە رێبەرییەكی بەم جۆرەی بووە، دەیتوانی‌و دەتوانێ بۆ خەڵك‌و خەباتەكەیان زۆر جێگەی متمانەتر بێت. كاك فوئاد پاش مەرگی بوو بە رەمزی وەفاداری بۆ خەڵكی زەحمەتكێش، بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستان، ژنانی ستەملێكراو.. بوو بە هێمانی خەبات دژی دوژمنانی خەڵك، خەبات دژی بورژوازی‌و كۆنەپەرستی‌و بوو بە هۆكاری بەشداری هەرچی زیاتری خەڵك لە خەباتە كۆمەڵایەتییەكاندا.

 

 

ناوەندی ڕاگەیاندن 2014/08/28
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر پەیوەست بوونی ژمارەیەکی دیکە لە لاوانی کوردستان بە ریزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە
بابەتی دواتر زام پێوان (پەخشانە شیعرێک بۆ یادی کاک فوئاد) – شێرکۆ بێکەس

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?