بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بە ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵە گەیشتووە،ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە ٦ی مانگی رەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەر رێگای نێوان ئاواییەکانی “شیناوێ” و “زێدان”ی ناوچەی پیرانشار ئۆتۆمبیلێکی مەدەنی دەدەنە بەر دەسترێژی گوللە و لە ئاکامدا بە داخەوە دوو کەس کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە و برای یەکتر بوون، دەست بەجێ گیانیان لەدەست دەدەن.
شایانی باسە ئەو جینایەتەی هێزە چەکدارەکانی رژیم لە کاتێکدا رووی داوە کە سەرەرای کوشتاری بەردەوام ورۆژانەی کاسبکاران و کۆڵبەران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان،لە چەند رۆژی رابردوودا بە هۆی دەسترێژ و تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران لە بەلووچستان ١٠ کاسبکار گیانیان لەدەست داوە.هاوپشتیی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خەڵکی بەلووچستان و نیگەرانی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامی لە پەرەسەندن و بەرین بوونەوەی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان بوونە هۆکاری ئەوەیکە پاش گیانلەدەستدانی ئەو دوو برا کوردە، وەزارەتی ئیتلاعاتی رژیمی ئیسلامی لە راگەیاندنێکی بەپەلە و چەواشەکارانەدا رابگەیەنێ کە دوو کەسیان بە تاوانی هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی لە ناوچەی پیرانشار کوشتووە.
جێگای ئاماژەیە کە تەرمی ئەو دوو برایە بە ناوەکانی “عەبدووڵڵا و عوسمان نادری” کوری مارف براونەتەوە بۆ شاری پیرانشار.
لە لایەکی دیکەوە هێزە ئەمنییەتییەکانی رژیم پاش ئەم کردەوە جینایەتکارانەیە،ئەندامانی ئەو بنەماڵەیەیان دەستبەسەر کردووە.
لە ئاکامی تەقەی راستەوخۆی چەکدارەکانی رژیم لە ناوچەی پیرانشار دوو کەس گیانیان لەدەست دا.
