کۆڵبەر بە کوردی و “کول بر” بە فارسی، کرێکارێکە کە بۆ دەستخستنی بژیوی ژیانی بارێک لە سەر پشتی لە سنووری وڵاتێکەوە بۆ سنووری وڵاتێکیتر دەگوازێتەوە. کۆڵبەری لە سنوورەکانی ئێران، عێراق، تورکیا بوونی هەیە.
لە نێو ئەم وڵاتانەدا زۆربەی کۆڵبەران لە ناوچە سنووریەکانی کوردستانی ئێرانن بە ڕێژەیەکی کەمتریش لە کوردستانی عێراق و دواتر لە کوردستانی تورکیا بوونیان هەیە. لە کۆتا سەرژمێریە نافەرمیەکان دەرکەوت کە زیاتر لە بیست هەزار کەس لە کوردستانی ئێران بۆ دەستخستنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان خەریکی کۆڵبەرین. ساڵانە لە نێوان سێسەد بۆ پێنسەد کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران و پاسەوانی سنوورەوە دەکوژرێن یان بریندار دەکرێن و تا ئێستا هیچکام لەم هێزانە لە سەر تەقە کردن و کوشتنی کۆڵبەران نەبراونەتە بەردەم دادگا و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە، بە پێی ئامارە پشتڕاست کراوەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تەنها لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا واتە ٢٠٢٤، زیاتر لە چوارسەد کۆڵبەری کورد کوژراو و بریندار بوون کە چەند حاڵەتێکیان تێدا بووە خێزانی کوژراوەکان ناچار کراون تێچوو یان پارەی ئەو فیشەکەی ڕۆڵەکەیانی کردووەتە ئامانج بدەنەوە بە دامەزراوە حکومیەکان ، ئەمە جیا لە پێشێلکاری ڕوون و ئاشکرای مافی مرۆڤ تێکدانی باری دەروونی کەسوکاری قوربانیانە و جینایەتێکی بە تەواو مانایە.
لەم ساڵانەدا مەجلیسی شۆرای ئیسلامی چەندین جار هەوڵیدا کۆڵبەری وەک کارێکی یاسایی بناسێت و ڕێوشوێنی بۆ بگرێتە بەر بەڵام هەر جارە و بە بیانوویەک پڕۆژەکان یان دواخران یان لە بیر کران.
کۆڵبەری لە سیستەمی یاسایی کۆماری ئیسلامیدا دانپێدانراو نیە بەم بۆنەوە هیچ پارێزگاریەکی یاسایی لە یاساکانی کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ کۆڵبەران بوونی نیە، بەم هۆیەوە کۆڵبەران سەرەڕای سەرجەم مەترسیەکی گیانی ، لە بواری بژیوی ژیانیش ڕووبەڕووی دژواریەکی وەسف نەکراو دەبنەوە.
ئەمساڵ باس لەوە کرا کە دەست کراوە بە جێبەجێ کردنی یاسایەک لە ژێر ناوی “یاسای رێکخستنی کۆڵبەری” کە وتراوە ئامانجیەتی شێوازی نوێی فەرمی و رێکخراو بۆ هاوردەکردنی کاڵا لە ڕێگای سنوورەوە دابین بکات بە گوتەی پارێزگاری ورمێ جێبەجێ کردنی ئەم یاسایە هەوڵێکە بۆ باشتر کردنی بژیوی ژیان و پشتیوانی لە خەڵکی ناوچە سنووریەکان و بەپێی ئەم یاسایە کارتێکی تایبەت دەدرێت بە سەرپەرشتی خێزانەکان واتە کۆڵبەران، ئەو کارتە بڕیارە ڕێگەیان پێبدات هەشتا و حەوت جۆرە کاڵا بە فەرمی هاوردە بکەن. جێی ئاماژەیە کە پشکی پارێزگای ورمێ لە هاوردە کردنی کاڵا لە ڕێگەی ئەم یاسایەوە چوارسەد و پەنجا ملوێن دۆلارە، بەڵام ئەم یاسایە وەک خۆیی جێبەجێ نەکراوە و وەک ئامارە فەرمیەکان باسی دەکەن هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە بۆ کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەران و کاسبکاران و سەرەڕای بوونی ئەم یاسایە و دەنگی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لە پشتی، ڕۆژانە کۆڵبەران بێ بەزەییانە دەکرێنە ئامانجی تەقە کردن!
دوابەدوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و دانانی یاسا شەرعییەکان و هەروەها سەپاندنی گەمارۆ نێودەوڵەتیەکان، ئێران لە سیستەمی بازرگانی جیهانی دوور خرایەوە و شارۆمەندانی ئێرانیش چیتر ڕاستەوخۆ دەستیان بە کاڵا و کەرستە جیهانیەکان نەگەیشت .
لە لایەکی دیکەوە نەبوونی ژێرخانی ئابوری شیاو و بە ئەمنییەتی سەیر کردنی کوردستان لە لایەن حکومەتەوە ، بووە هۆی بێکاری بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووانی پارێزگاکانی ورمێ ، سنە ، کرماشان و ئیلام کە لە ئێستادا سەرەکیترین سەرچاوەی دەست خستنی بژیوی ژیانیان کۆڵبەرییە .
دوو لە سەر سێی تەمەنی کۆڵبەران پێکهاتووە لە مێرمنداڵان و لاوانی تەمەن ١٣ تا ٢٤ ساڵ و یەک لە سەر سێی دیکەیان تەمەنیان لە نێوان ٢٤ تاوەکوو ٧٠ ساڵە کە زۆربەیان خێزاندارن و بەشێکیان بڕوانامەی زانکۆیان هەیە .
لەو ڕووەوە کە پێویستە دەرچووانی زانکۆ و خاوەن بڕوانامەکان لە ئیدارە و فەرمانگە دەوڵەتی و تایبەتەکان دابمەزرێن و کار بکەن و مێرمنداڵان بە پێی ئایین نامەی مافی مرۆڤ پێویستە لە خوێندنگە و قوتابخانەکان بن ، بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەناچار بۆ بەدەستهانی بژیوی ژیانی ڕۆژانی خۆیان و بنەماڵەکانیان ڕوو لەم کارە مەترسیدارە دەکەن ، دەکرێت کۆڵبەری نە وەک کارێک بەڵکوو وەک خاسارێکی کۆمەڵایەتی پێناسە و ناو بنێرێت .
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بە هۆکاری جیاکاری سیستماتیک لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە وە هەروەها باری قورسی ئابوری و هەڵاوسان و نەبوونی هەلی کار، ئێستا ژنان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوویان لەم کارە مەترسیدارە کردووە.
جگە لە تەقەی هێزە ئەمنییەکان، چەندین مەترسیی دیکە ڕوبەڕووی کۆڵبەران دەبێتەوە، لەوانە کەوتنەخوارەوە، سەختی ڕێگا لە زستاندا و بوونی مین لەسەر ڕێگاکان، هەموو ئەم مەترسییانە جیاوازی لە نێوان کۆڵبەرانی پیاو و ژندا ناکەن و بگرە بۆ ژنان مەترسیەکان دوو هێندەن، هەروەهابەهۆی سەختی ڕێگا و قورسی کێشی بارەکانیانەوە یەکێکیتر لەو مەترسیانەی ڕوبەڕووی کۆڵبەران دەبێتەوە کۆمەڵێک نەخۆشییە کە دوای ماوەیەک بەردەوام بوون لە کۆڵبەری توشی دەبن، بەتایبەت ئەو نەخۆشییانەی کاریگەری لەسەر ئێسقان و بڕبڕەی پشت دروستدەکەن.
ئەگەر چاوێک لە ئامارەکان و زیانەکانی کۆڵبەران بکەین بۆ نمونە ئاماری ئەم دە مانگەی ساڵی ٢٠٢٥ واتە لە مانگی یەک تاوەکوو مانگی دە کە رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بڵاوی کردووەتەوە دەبینین کە توندوتیژی لە ڕادەبەدەری هێزە نیزامی و ئەمنییەکان لە دژی کۆڵبەران بەردەوامە و ڕوو لە هەڵکشانە. لەو ماوەیەدا کە ئاماژەی پێدراوە، پەنجا و شەش کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بوونەتە قوربانی کە سێ کەسیان بە هۆی سەرمابردوویی، یەک کەس بە هۆیی ڕنوو(بەهمەن)، یەک کەس لە کاتی خاڵی کردنی بار، نۆزدە کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆ و یەک کەسیش بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لە دەستداوە و چوار کۆڵبەر ڵە لایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە دەستبەسەر کراون، بیست وحەوت کەسیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.


