مانگی جولای شایەتی بەرز بوونەوەی ڕێژەی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە بوارەکانی دەستبەسەر کردنی خۆسەرانە، جێبەجێ کرانی سزای لەسێدارەدان، توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان دژی کۆڵبەران و هتد بووە.
زۆربەی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە بەشەکانی مافی مەدەنی و سیاسی و بە تایبەتیش لە بواری ئازادی کەسەکان، قەدەغەی دەستبەسەر کردنی خۆسەرانە و مافی ژیان ڕوویانداوە.
سەبارەت بە دەستبەسەر کردنە خۆسەرانەکان بە تایبەتی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ٩٥ حاڵەتی دەستبەسەر کردنی خۆسەرانەی شارۆمەندانی کورد لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستانی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی تۆمار کردووە کە زۆربەی هەرەزۆری ئەم دەستبەسەر کردنانە بە شێوەی خۆسەرانە بەبێ بانگ کردنی پێشوەختە و بڕیار دادوەر ئەنجام دراون. دەستبەسەر کردنەکان زۆرتر پەیوەندیان بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆن ، چالاکی مەدەنی ، چالاکی میدیایی و لەم دواییانەش تۆمەتی سیخۆڕی بۆ ئیسرائیل بووە.
سەبارەت بە مافی ژیان و سزای سێدارە، لانیکەم ١٤ شارۆمەندی کورد لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون ، شەش کەس بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکان ، حەوت کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئانقەست و یەک کەسیش بە تاوانی کوشنی منداڵێک لە سێدارە دراون .
لە یەک مانگی ڕابردوودا سێ زیندانی لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بێبەش کرانیان لە مافە سەرەتاییەکانیان لە زیندان مانیان لە خواردن گرتووە . هەروەها سێ زیندانی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاری دەرمانی و پزیشکی بێبەش کراون .
لە مانگی جولای سزای نامرۆڤانەی بڕینەوەی ئەندامانی جەستە جێبەجێ کراوە ، سێ زیندانی قامکەکانی دەستیان بە تاوانی دزی لە زیندانی ورمێ بڕێندرایەوە .
لە مانگی جولای قەتڵە نایاساییەکانی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنی و سەربازیەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بووە ، لانیکەم ١٢ کۆڵبەر و کاسبکار لەم مانگەدا کوژراو یا بریندار بوون ، لەم ژمارە کەسە شەش کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و شەش کەسیش بە تەقەی ئەم هێزانە بریندار بوون ، لەم مانگەدا زیانەکانی کۆڵبەران لە بەراوەرد بە مانگی پێشوو لە سەدا سێسەد زیادی کردووە .
چەندین حاڵەتی خۆکوشتن کە زۆرتر هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەژاری و بێکاری ڕوویانداوە ، بەم پێیە لانیکەم ١٨ کەس کە پێکهاتووە لە شەش ژن و دوازدە پیاو لە شارەکانی و ئاواییەکانی کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە ، یەک حاڵەتی خۆکوشتنیش زیندانیەکی سیاسی بووە کە ڕۆژێک دوای ئازاد بوونی لە زیندان بە هۆکاری گوشاری رۆحی و دەرونی کۆتایی بە ژیانی خۆیی هێناوە. خۆکوشتن لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەم مانگەدا لە چاو مانگی ڕابردوو ٣٥٠ لە سەد زیادی کردووە کە ئەمە جێی نیگەرانیە.
لەم مانگەشدا توندوتیژی دژی ژنان قوربانی لێکەوتووەتەوە کە هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی میکانیزمی گونجاو بۆ پاراستنی ژنان و یاسای پشتگیری ئەرێنی لە ژنان لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا ، لەم مانگەدا شەش ژن لە لایەن پیاوانە بنەماڵەوە وەک هاوسەر ، باوک یان برای خۆیانەوە بە هۆکاری خێزانی و زۆرتر لە جوارچێوەی ئەوەی بە پاڵنەری ناموسی ناونراوە کوژراون ، هەروەها دوو منداڵی تەمەن ١٠و١١ ساڵ بە دەستی باوکی بنەماڵە کوژراون .
لە مانگی جولای ٣ کەس لە چالاکانی ژینگەپارێزی لە سنە بە هۆی برینی قورسی سوتاوی لە ئەنجامی کوژاندنەوەی ئاگر لە شاخی ئاویەر گیانیان لە دەستداوە .
نەبوونی میکانیزمی گونجاو بۆ پاراستنی سامانە سروشتییەکانی کوردستان بە پاساوی ئەمنی بوونی پارێزگاکە ، وەک هۆکارێک بۆ کۆنتڕۆڵنەکردنی ئاگرە زنجیرەییەکانی ئاویەر ڕاگەیندراوە .
لەم ڕووداوەدا ٤ کەسیتریش بریندار بوون . هەروەها لە مانگی جولای ٤ چالاکی ژینگە پارێزی لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر کراون .