By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: لێکدانەوەی کۆمەڵگای ئێران بە تیۆرەکانی “لاکان”
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > لێکدانەوەی کۆمەڵگای ئێران بە تیۆرەکانی “لاکان”
وتار

لێکدانەوەی کۆمەڵگای ئێران بە تیۆرەکانی “لاکان”

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/09/14 at 7:04 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
14 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

“ژاک لاکان” ساڵی ١٩٠١ لە پاریسی فەڕەنسا لەدایکبوو. کۆلێژی پزیشکیی لە پاریس تەواو کرد و وەک شوێنکەوتووێکی فڕۆید درێژەی بە خوێندن و لێکۆڵینەوەی زانستی دا. هاوکات دەستیکرد بە خوێندنەوەی فەلسەفە و بە سوودوەرگرتن لە فەلسەفەی “هیگڵ” گۆڕانکاریی گەورەی لە بواری دەروونشیکاریدا ئەنجام دا. “ژاک لاکان” بەپێچەوانەی مارکس، فۆکۆ و زۆر لە بیرمەندابی تر و بە مانا کلاسیکیەکەی تیۆریسییەنی سیاسی نەبوو. لاکان دەروونشیکار بووە و سەرنجە سەرەکییەکانی لەسەر نائاگایی، زمان، مەیل و پێکهاتەکانی  “سوژە” بوو. بەڵام لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بەدواوە بیرمەندان و فەیلەسوفە سیاسیەکانی وەک سلاڤۆی ژیژەک، ئێرنێستۆ لاکلاو، شانتال مۆفە، ژاک ڕانسیێر و ئەوانی تر، چەمکەکانی لاکانیان بەکارهێنا بۆ شیکردنەوەی سیاسەت. لاکان هیچ کات ئەندام یان سەمپاتی حزب یان ئایدۆلۆژییەکی سیاسی نەبووە و بەڵام چەندین قسە و وتاری ڕوو لە خوێندکارەکانی هەیە کە ئەم قسانەش هەر لە چوارچێوەی تیۆرە دەروونشیکارییەکانی خۆیدا بووە. لە ساڵانی شەست و هەفتاکاندا و لە گەرمەی بزووتنەوەی مەی ١٩٦٨ی خوێندکارانی فەڕانسەدا بە خوێندکارە شۆڕشگێڕەکانی وتبوو کە :” ئێوەی شۆڕشگێڕ بەدوای وەستا و خاوەنێکی نوێ دەگەڕێن و دەیدۆزنەوە.” لاکان بەو قسەی ویستی بڵێت کە شۆڕش نەک پارادایم و ڕێگەیەک بۆ ڕزگاریی ڕەها، بەڵکوو دووبارەبوونەوەی هەمان لۆژیکی دەسەڵات لە فۆرمێکی نوێدایە. لاکان پێیوایە کە “سوژە” هەمیشە هەڵگری نەبوون و کەمووکوڕییەکی بنەڕەتییە. هیچ ناسنامە و شوناسێکی تەواو بوونی نییە و هیچ کۆمەڵگایەکیش هەرگیز یەکییەتی تەواو بەدەست ناهێنێت. لە سیاسەتدا ئەمە بە مانای مەحاڵبوونی کۆمەڵگەیەکی کامڵ و نەبوونی شوناسێکی بەکۆمەڵی ڕەهایە. ئەمە هەمان واتایە کە لاکلاو و مۆف لە تیۆرییەکانی “هەژموون” و “دیموکراسی ڕادیکاڵ”دا بەکاریان هێنا و بەرفراوانیان کردەوە. بەپێی ئەم واتایە، هەمیشە بابەتێک پشتگۆی دەخرێت و هەمیشە “ئەوانی تر”ێک هەیە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئاژاوە لە نەزمی سیاسیدا. 

لە شیکاری دەروونی لاکانیدا، “سوژە” مرۆڤی مۆدێرنە، مرۆڤێک کە بەرهەمی زمان و نائاگاییە. دەروونناسە کلاسیکەکان مرۆڤیان وەک “ناسنامە و شوناسێکی تەواو” دەبینی و لاکان بەپێچەوانەی ئەوان بیر دەکاتەوە. لاکان ئەم “ناتەواوییە” بە نەبوونێکی کتوپڕ و بەڕێکەوت نازانێ و پێیوایە ئەمە جەوهەر و ناوەرۆکی خودی مرۆڤە. هاوکات لاکان پێیوایە کە مەیل و ئارەزووی مرۆڤ هەرگیز  تێر نابێت و هەمیشە کەم و کوڕییەک هەیە. زۆرجار سیاسەت لەسەر ئەم خواستە بنیات نراوە  کە سەرکردە سیاسییەکان بەڵێن دەدەن کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەن و دادپەروەریی تەواو، نەتەوەیەکی یەکگرتوو و کۆمەڵگەیەکی یەکسان بەبێ بوونی چینە کۆمەڵایەتییەکان بونیاد بنێن. لاکان لەوبڕوایەدایە کە خواستی سیاسی بۆ گۆڕانکاری، لەگەڵ چوونە ناو واقیعەکان، زۆربەی جارەکان پووچەڵ دەبنەوە. شۆڕشەکان لای لاکان ئەو ساتەوەختانەن کە “ڕاستەقینە”کان دێنە ڕوو و نەزمی هێمایی پێشوو تێکدەدەن و نەزمێکی نوێی تاڕادەیەک هاوشێوە بونیاد دەنێن.

کۆمەڵگای ئێرانیش وەک هەر کۆمەڵگایەکی تر بەدەست کەموکوڕیی بنەڕەتیی جێگەی ئاماژەی لاکانەوە دەناڵێنێت. لە ئێرانی ڕاستەقینەدا واتایەک بەناوی شوناسی نەتەوەیی، ئایینی و سیاسیی یەگرتوو بوونی نییە و هەوڵەکانی حکومەت بۆ بنیاتنانی “نەتەوەیەکی یەکگرتووی ئیسلامی-شیعە” لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوە و قەرەبووکردنەوەی ئەم کەموکوڕییە. بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە سوژەی ئێرانی چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵ، سوژەیەکی فرەنەتەوەی، فرەزمان و هەتا دواترە و ئەمەش بەردەوام دژایەتیی وێنە فەرمییەکانی حکوومەت دەکات.

بۆ شیکردنەوەی کۆمەڵگەی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆرییەکانی ژاک لاکان، دەتوانین سێ چەمکی سەرەکی لە دەروونشیکاریی لاکان بە بنەما بگرین و لێکدانەوە بۆ کۆمەڵگای ئێران بکەین. ئەم سێ چەمکە بریتین لە : خەیاڵی، ڕەمزی و ڕیاڵ. ئەم سێ ڕەهەند و پانتاییە یارمەتیدەرمانە بۆ تێگەیشتن لەو پێکهاتە دەروونی، کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی کە کۆمەڵگای ئێران بەڕێوەدەبەن.

پانتایی خەیاڵی: لاکان پێیوایە مرۆڤ  سەرەتا لەبینینەوە هەست بە بوونی خۆی دەکات و بۆ یەکەمجار لە تەمەنی یەک ساڵیدا خۆی لە ئاوێنەدا ناناسێتەوە و پێیوایە وێنەی ناو ئاوێنەکە، وێنەی کەسێکی ترە. منداڵ وێنەی ناو ئاوێنەکە وەک بوونێکی کامڵ و تەواو  و خۆشی وەک جەستەیەکی پارچەپارچەکراو و شێواو دەبینێت. واتە مرۆڤ لە ناوەوە لێوانلێوە لە هەستی دژبەیەک و ڕوو بە دەرەوە وەک بوونێکی یەکانگیر و یەکدەست دەردەکەوێ. لەم قۆناغەدا مرۆڤ دەبێتە ڕکابەری وێنەی ناو ئاوێنەکە و هەوڵ دەدات کامڵ و تەواو دەرکەوێت و کەچی سەرکەوتوو نابێت. ئالێرەدا و لەڕێگەی خەیاڵەوە خۆی لە جێگەی وێنەی ناو ئاوێنەکە دادەنێت، هاوشێوەی کەسێک کە لەڕێگەی خەیاڵەوە خۆی لە جێگەی سەرۆک کۆمار یان ئەستێرەیەکی گەورەی هونەری دادەنێت. لە تیۆری لاکاندا ئەم قۆناغە بە قۆباغی ئاوێنەیی پێناسە دەکرێ و فۆرم و میکانیزمەکانی خەیاڵکردنیش بە گۆڕەپان یان پانتایی “خەیاڵی” پێناسە دەکرێت. بەبڕوای لاکان ئەم دژوازی و دژبەیەکبوونە وەک تایبەتمەندییەکی هەمیشەیی مرۆڤ دەمێنێتەوە و تا مردن لە کۆڵی نابێتەوە. لاکان دەڵێت کە ئەگەر ئاوێنەیەکیش بۆ منداڵ بوونی نەبێ، ئەم دژوازییە لە جەستەی کەسانی بەرامبەردا خۆی دەردەخات و جەستەی کەسانی تر ڕۆڵی ئاوێنەکە دەگێڕن. لە چوارچێوەی ئەم تیۆرەدا کاتێک منداڵ گەورە دەبێت، هەوڵ دەدات خۆی وەک کەسێکی کامڵ و بەتوانا لەهەموو ڕووەکانەوە بە کەسانی تر بناسێنێ و بەڵام کەسانی تر ئەو ڕوانینەیان نییە، لەبەرئەوەی ئەزموونی مرۆڤەکان هاوشێوەی یەکتر نیە و هەربۆیە هەردوو لا تووشی هەڵە دەبن و ئەم دژبەیەکبوون و دژوازیە بۆ هەمیشە لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن.

پانتایی “خەیاڵی” ئاماژەیە بۆ جیهانی وێنە، وەهم و پەیوەندییە دووانەیەکان. ئەمە ئەو کایەیە کە ئێمە “ئیگۆی ئایدیاڵ”ی خۆمانی تیادا بنیات دەنێین و  پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کەسانی تر دەبێتە پەیوەندییەکی ئاوێنەیی. تەرجەمەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم تیۆرە لە کۆمەڵگای ئێراندا وێنەیەکی ئیدەئالیزەکراوی ئێرانیبوون یان وێنەیەکی ژن یان پیاوێکی “ئایدیاڵ” لە میدیا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گوتارە گشتییەکانە و زۆر جیاوازە لە وێنەی واقیعی ژیانی ڕۆژانەی ئەم کەسانە. لە پانتایی “خەیاڵی”دا پەیوەندییەکان زۆرجار لەسەر بنەمای چاولێکەری، کێبڕکێ و ئیرەییکردن دامەزراون و لە کۆمەڵگای ئێراندا ئەم پێوەندییانە لە شێوەی بەریەککەوتنی چینایەتی یان وێناکردنی درۆی دروستکراو بۆ ڕاکێشانی ڕەزامەندیی کەسانی تر خۆی دەردەخات.

پانتایی “خەیاڵی” گۆڕەپانی شێوە و هاوشێوەکانە و لە جیهانی سیاسەتدا دەبێتە  پڕوپاگەندە ،  ئەفسانە نەتەوەییەکان و ئاڵا و درووشمەکان. لە ئێراندا ئەم گۆڕەپانە خۆی لە فۆرمی دروشمی “یەک نەتەوە” و پیرۆزییە  ئاینیەکانی وەک کەربەلا و عاشووڕادا دەبینێتەوە. لەم ئاستەدا حکومەت وێنەیەکی جوان و ڕێک و پێک لە کۆمەڵگا دەخاتە ڕوو و خەڵکی ئێران وەک نەتەوەیەکی یەکگرتووی ئیسلامی،  ژنانی ئێرانی وەک ژنانێکی داپۆشراو و گوێڕایەڵ و پیاوانیش وەک پیاوانێکی پاک و ئیماندار نیشان دەدات. میدیای فەرمی لە ڕێگەی ئاڵا، شەهید و سەرکردەی کاریزما، وێنەیەکی تەواو خەیاڵی دروست دەکات و بەڵام بۆ نموونە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” ڕێک ئەم وێنە خەیاڵییە دەشکێنێ. ئەو ژنانەی حیجابەکانیان فڕێدا، نیشانیان دا کە وێنەی فەرمیی ژنانی ئێرانی فانتازیایە.

پانتایی ڕەمزی: مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە دەبێتە بەردەنگێکی کۆمەڵایەتی و دەکەوێتە بەر پلارکی ئاماژە، سیمبول و ڕەمزەکانەوە. زمان، پێگەی خێزان، کلتوور، یاسا و زۆر شتی تر کاریگەری لەسەر مرۆڤ دادەنێن و واتاکان بەرهەم دێنن. بۆ نموونە مرۆڤ بێش ئەوەی کە بزانێ خۆشەویستی چییە و بەر لە تاقیکردنەوە، وشەکە دەبیستێت و ئەمەش بەومانایە کە هێما و ڕەمزەکان مرۆڤ بۆ ناو جیهان پەلکێش دەکەن. پانتایی “ڕەمزی” ئاماژەیە بۆ جیهانی زمان، یاسا، نەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان. لە کۆمەڵگای ئێراندا، یاسای شەریعەت و ئەو یاسا نەریتیانەی کە لێیەوە سەرچاوە دەگرن، بەشێکی گەورەی پانتایی ڕەمزی پێکدەهێنن. هەروەها زمانی فارسی، ئەدەبیاتی کلاسیک و ئایینی شیعە وەک توخمە سەرەکییەکانی ئەم کایە کاردەکەن. ئەم پێکهاتانە دیاری دەکەن کە تاکەکان چۆن هەڵسوکەوت بکەن و چ بەهایەکیان هەبێت. چەمکی “ناوی باوک” لە تیۆری لاکاندا ئاماژەیە بۆ ئەو یاسا و دەسەڵاتەی کە تاک لە ئارەزووە بێسنوورەکانی خۆی جیا دەکاتەوە و دەیخاتە ناو جیهانێکی ڕەمزییەوە. لە کۆمەڵگای ئێراندا ئەم دەسەڵاتە دەتوانێت لە شێوەی پیاوسالاری، پیاوانی دەوڵەت و پیاوانی ئایینیدا خۆی دەربخات،  لە زۆر حاڵەتدا ئارەزووی تاکەکان لە کۆمەڵگای ئێراندا لەگەڵ یاسا و نۆرمە ڕەمزیییەکاندا ناکۆکن و ئەم ململانێیە دەتوانێت بە شێوەی جۆراوجۆری وەک ناڕەزایی کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوە لەدژی  یاساکاندا خۆی دەربخات. پانتایی ڕەمزی گۆڕەپانی زمان ، یاسا  و نەریتە کلتورییەکانە. لە سیاسەتدا پێکهاتەکانی یاسا، دامەزراوە و گوتارەکان ئەتوانن تەرجەمەی هەمان واتا ڕەمزییەکانی لاکان بن . ئەم بوارە ئەتوانێ خۆی لە چوارچێوەی کۆمەڵێک پێکهاتەی فەرمیی وەک دەستوور، ویلایەتی فەقیه، دامەزراوە ئەمنییەکان، سوپای پاسداران ، دەزگای پەخشی ڕادیۆ و تەلفزیۆن و ناوەند و تۆڕەکانی ڕۆحانییەتدا ببینێتەوە. لەم ڕوانگەوە ئەم سیستەمە “ئەوی ترێکی گەورە”یە کە وا خۆی نیشان دەدات دەسەڵات و کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر هەموو شتێکدا هەیە. ئەم سیستەمە بەردەوام هەوڵ دەدات خۆی وەک یاسای ئیلاهی و نەگۆڕ جێگیر بکات و بەڵام بۆ نموونە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”یش لەدژی ئەم گۆڕەپانە ڕەمزییە وەستایەوە. دروشمەکانی بزووتنەوەی ژینا ڕاستەوخۆ لە دڵی یاسا فەرمییەکانی دا و ژنان و گەنجان بە کردەوە لە نەزمی  فەرمی و ڕەمزی دەرچوون.

پانتایی ڕیاڵ: ڕیاڵ یان ڕاستەقینە ئەو گۆڕەپانەیە کە لە دەرەوەی زمان و وێنەدایە و هێماسازیی بۆ ناکرێت. ئەم پانتاییە ئاماژەیە بۆ زەبروزەنگ ، ئازار و ڕووداوە نەگێڕدراوەکان. ڕووداو لە کۆمەڵگای ئێراندا دەکرێت لە شێوەی زەبر وزەنگ، جەنگ، گەمارۆی ئابووری یان سەرکووتی سیاسیدا ئەزموون بکرێت. ئەم ڕووداوانە ئەوەندە بە ئازارن کە بە ئاسانی لە چوارچێوەی زمان و گوتاری فەرمیدا جێیان نابێتەوە و وەک دڵەڕاوکێ یان زەبر و زەنگی دەروونی لە نائاگایی بەکۆمەڵدا دەمێننەوە. کاتێک ڕووداو ناتوانرێت بە شێوەیەکی ڕەمزی دەرببڕدرێت، ئەوا لە شێوەی نەخۆشی جەستەیی یان تێکچوونی دەروونیدا (وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ) خۆی دەردەخات. ئەمەش دەتوانێ یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی گرێ و نەخۆشییە دەروونییەکان لە کۆمەڵگەی ئێراندا بێت. ناڕەزایەتی، قەیرانی ئابووری، سەرکوتی خوێناوی و قەیرانی شەرعیەت لە کۆمەڵگا دا شتە  ڕیاڵ و ڕاستەقینەکانن کە هیچ گوتارێکی فەرمی لەخۆیان ناگرێ و  هەر بۆیە حکومەت ناچارە یان ئینکار یان سەرکوتیان بکات.بۆ نموونە گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی زەبرێک بوو، ڕووداوێک کە بە هیچ گوتارێکی فەرمی ڕوون نەکرایەوە. حکومەت لەسەرەتادا هەوڵیدا بە گێڕانەوەی فەرمیی “نەخۆشی دڵ” مردنەکەی کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام کۆمەڵگا قبووڵی نەکرد. لەو ساتەوەختەوەدا پانتایی ڕیاڵ یان ڕاستەقینە هاتە ئاراوە و تووندوتیژییەکانی نەزمی سیاسی  لە دژی جەستەی ژنان ئاشکرا بوو. ئەمە ئەو ساتەوەختە لاکانییە بوو کە دەریخست  “ئەویتری گەورە” (سیستەمی ئیسلامی) بوونی نییە، چونکە ناتوانێت دژایەتی و توندوتیژیی خۆی بشارێتەوە.

لاکان ئاماژەی بەوەداوە کە نەزمی کۆمەڵایەتی و یاسا لە ڕێگەی “ئەویترە گەورە”کانەوە کاردەکەن، واتە تۆڕێک لە زمان و ڕێساکان کە تاکەکان دەگۆڕن بۆ سوژە. لە سیاسەتدا ئەمە بە مانای دەسەڵات و هەیمەنەی ڕەمزی و سیمبولیکە و خۆی لە  دەوڵەت، دەستوور و ئایدۆلۆژیادا دەبینێتەوە. بەڵام “ئەویتری گەورە” هەمیشە ناتەواوە و خەڵک هەمیشە درک بە بۆشایی و دژایەتییەکانی ئەکەن و هەر ئەم بۆشاییانەن کە بنەمای بەرخۆدان یان شۆڕش خۆش دەکەن. “ئەویتری گەورە” لە ئێران ئەو دەسەڵاتە ئیسلامییەیە کە بەردەوام دەیەوێت بڵێت: “ئێمە کامڵین، بەهێزین، ڕەوایی و شەرعییەتمان هەیە و ئیلاهیین. بەڵام بە کردەوە خەڵک دەبینن کە ئەم “ئەویتری گەورەیە” پڕە لە دژایەتی، پڕە لە گەندەڵی ئابووری، لە دابەشبوونی چینایەتی، لە سەرکووتی سیاسی و لە قەیرانی شەرعییەت. کۆماری ئیسلامی هەمیشە خۆی وەک “ئەویتری گەورە” نیشان دەدات و بەڵام بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” نیشانیدا کە ئەم “ئەویتری گەورەیە” شکاو و پووچەڵە و جەماوەر خۆیان لە چوارچێوەی واتایەک بە ناوی نەتەوەی ئیسلامیدا نابینن.

بە تێکەڵکردنی ئەم سێ ڕەهەندە دەتوانین بڵێین کە کۆمەڵگای ئێران لە ناو چەقی ململانێیەکی بەردەوامدایە لە نێوان پانتایی ڕەمزی (یاسا و نەریت)، پانتایی خەیاڵی (وێنە و کێبڕکێی ئایدیاڵ) و پانتایی ڕیاڵ (ترۆما، زبروزەنگ و ئازارەکان)دا. ئەم کێشمەکێش و ململانێ بەردەوامەی ناو ئەم سێ گۆڕەپانە بە جۆرێک سووتەمەنیی گۆڕان ئامادە دەکەن.

 لە ڕوانگەی لاکانییەوە واتا و میکانیزمەکانی گۆڕان لە ئێراندا تەنیا شۆڕشە سیاسییە گەورەکان نییە. پێویستە گرنگی بە گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی کۆمەڵگا و ئەو کردارە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییانەش بدەین کە لەدژی  سیستەمی ڕەمزی فەرمی دەوەستنەوە. گۆڕان لە ڕوانینی تاکەکان بۆ ژیان، جل و بەرگ، چوونەسەرەوەی چاوەڕوانییەکان و زۆر کردەی تر نیشانی دەدەن کە سوژەی ئێرانی لە گەڕانی بەردەوامدایە بۆ ناساندنی شوناسی خۆی لەبەرامبەر سیستەمی سمبولیکی فەرمی. ئەم گۆڕانکارییانە شۆڕشێکی مەزن نین، بەڵام دەتوانن گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پێکهاتە دەروونییەکانی کۆمەڵگادا درووست بکەن و داهاتووێکی باشتر بونیاد بنێن. لاکان فێرمان دەکات کە گۆڕان پرۆسەیەکی بەردەوامە و ئەم پرۆسە لە ناو دژوازی و کەلێنە دەروونییەکانی کۆمەڵگادا گەورە دەبن، هەرچەند هیچ کات بە کۆتاییەکی کامڵ و تەواو دڵخوازیش ناگەن.

TAGGED: ئاسۆی ڕۆژهەڵات, ئاسۆی ڕۆژهەڵات ١٩٨, کۆمەڵە, لێکدانەوەی کۆمەڵگای ئێران بە تیۆرەکانی “لاکان”, هیوا سەلیمی
KomalaMedia 2025/09/14
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر تاکتیک یان گۆڕان لە سیاسەت: لە ئومەتەوە بۆ میللەت
بابەتی دواتر کۆماری ئیسلامی، کورد و سێ‌ژن و سێدارە

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?