By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات: لە نێوان ئازاری مێژوویی و ونبوونی ڕێکخستندا
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات: لە نێوان ئازاری مێژوویی و ونبوونی ڕێکخستندا
وتار

دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات: لە نێوان ئازاری مێژوویی و ونبوونی ڕێکخستندا

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/11/04 at 7:39 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
9 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

دیاسپۆڕا وەک وشە بە مانای پرژوبڵاوبوونەوەیە و لە زانستە مرۆییەکاندا بە کۆچکردن و ئاوارەبوونی کۆمەڵە خەڵکێک دەوترێت کە نیشتمانی خۆیان جێدێڵن و لە ناوچەیەکی دوور لە نیشتمان دەگرسێنەوە. دەقە ئاینییەکانی جولەکە یەکەم دەرکەوتنەکانی ئەم دەستەواژەیە و ئەم گێڕانەوە ئاماژەیە بۆ چیرۆکی دەرچوونی جولەکەکان لە بابل. دواتر مانای وشەکە فراوانتر کرایەوە و بووە یەکێک لەو چەمکانەی کە توانی باس و خواست لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرهەم بێنێت. پێناسەی جیاجیا بۆ دیاسپۆڕا کراوە و بەڵام هەموویان لە یەک شتدا هاوبەشن و ئەویش ئەوەی کە دیاسپۆڕا ئاماژەیە بۆ بڵاوبوونەوەی کۆمەڵە خەڵکێک کە بنەچەیەکی هاوبەشیان هەیە و لە ماڵەکانیان بە زۆر یان بەدڵخواز دوورکەوتوونەوە . 

یەکەم کاری تیۆریک و جدی سەبارەت بە پرسی دیاسپۆڕا بۆ ساڵی ١٩٧٦ دەگەڕێتەوە. لەم ڕێکەوتەدا “گابریەل شێفەر” لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری زانستی سیاسی ئەمریکادا بڵاوکرایەوە ، ناساندنی بۆ واتای دیاسپۆڕا کرد و دواتر بیرمەندانێکی وەک “ویلیام سەفران” پەرەیان بەم واتایە دا. پێناسە سەرەتاییەکان لە واتای دیاسپۆڕا بە پرسی تاراوگە و جولەکەکانەوە گرێدراوە و زۆربەی پێناسە و تایبەتمەندییەکان لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە چارەنووسی ئەوانەوە وەرگیراوە. لەم قۆناغەدا گرنگی بە سێ تایبەتمەندی دراون و ئەوانیش بریتیبوون لە نیشتمانی سەرەتا و بیرەوەرییەکانی، پرژوبڵاوبوونەوە و هیوا بە گەڕانەوە بۆ نیشتمان . 

لە نەوەدەکانەوە چەمکی دیاسپۆڕا ڕەهەندێکی بەرفراوانتری بەخۆیەوە گرت و چیتر تەنیا بەردەنگی ئەم چەمکە جوولەکە ، ئەرمەنی یان یۆنانییەکان نەبوون. ئەم قۆناغە کە بە قۆناغی مودێڕن ناوبانگی دەرکردووە، گۆڕانی گەورەی لە پێناسەی دیاسپۆڕادا درووست کرد و چیتر دیاسپۆڕا تەنیا هیوا بە گەڕانەوە بۆ نیشتمانیش نەبوو. بەرجەستەترین و ناسراوترین تیۆریسییەنی ئەم قۆناغە “ڕۆبین کۆهین”ە. ناوبراو لە کتێبی دیاسپۆڕای گڵۆباڵدا دیاسپۆڕا بەسەر چەندین مۆدێل و شێوەدا دابەش دەکات کە ئەوانیش بریتیین لە دیاسپۆڕای قوربانی، کرێکاری، بازرگانی، کولتووری و ترانسناسیۆنالیزم یان گڵۆباڵ ( جیهانی). ناسراوترین بیرمەندانی ئەم قۆناغە “ڕۆبێن کۆهێن”، “پاوێڵ گیلڕۆی” و “ جەیمز کلیفۆرد” ن کە چەندین بەرهەمی ناوازەیان لەسەر پرسی دیاسپۆڕا بڵاو کردۆتەوە. لەم قۆناغەدا دیاسپۆڕا وەک دیاردەیەکی مێژوویی، ئابووری و کلتووری دەبیندرێت و نۆستالۆژیای نیشتمان تەنیا یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دیاسپۆڕایە. 

قۆناغی دواتر قۆناغی پێکهاتنی تیۆرەکانی پۆست کۆڵۆنیالە و ناسراوترین بیرمەندانی ئەم قووتابخانە هۆمی بابا، ستوارت هاڵ و چەندین کەسی ترن.  ئەم ڕوانگە دیاسپۆڕا لەچوارچێوەی شوناسە جیاجیاکاندا دەبینێت و کۆمەڵێک واتای وەک ستەمکاری، ڕەگەزپەرەستی و بەرەنگاری بە هۆکارەکانی دروستبوونی دیاسپۆڕا ناودێردەکات. 

دوایین قۆناغ و دوایین قووتابخانەش، تیۆرە هاوچەرخەکانی کۆمەڵناسی دەربارەی دیاسپۆڕایە. لە کۆمەڵناسی هاوچەرخی ڕۆژاوادا دیاسپۆڕا وەک تڕانس ناسیۆنالیزم پێناسە دەکرێت و ئەم تیۆرە پێیوایە دیاسپۆڕا وەک پردێک لە نێوان چەند کۆمەڵگادا ڕۆڵ دەگێڕێت. تیۆریستەکانی وەک “نینا گلیک شیلەر” و “ستیڤن ڤێرتۆڤێک” باس لەوەدەکەن کە دیاسپۆڕا و کۆچبەرانی ئەمڕۆ، بە پێچەوانەی ڕابردوو، لە یەک کاتدا لە چەند شوێنێکدا ڕەگیان داکوتاوە و چەندین شوناسی جیاجیایان هەڵگرتووە. 

لە ڕووی سیاسییەوە دیاسپۆڕا وەک ئەکتەرێکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەناسرێ و گرنگییەکی تایبەتی هەیە. سەرەڕای پێناسەی جیاجیا و گۆڕانکارییەکان لە واتای دیاسپۆڕا، یەکگرتوویی، کاری هاوبەش و چالاکی لە ئاراستەی نیشتماندا دەرکەوتەی سەرەکیی هەموو کۆمەڵەکانی دیاسپۆڕایە و ئەرمەنییەکان بەردەوام وەک نموونەیەکی بەهێزی دیاسپۆڕا دەستنیشان دەکرێن. بەم پێشەکییە لە ناساندنی دیاسپۆڕادا ڕەنگە یەکەم پرسیاری لای ئێمەومانان قسەکردن لەسەر دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات و پێگە و جێگەی لە پەیوەندییە نیۆدەوڵەتییەکاندا بێ. 

دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات لە ژێر ڕۆشنایی تیۆرییەکانی دیاسپۆڕادا

پرژوبڵاوبوونەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا دیاردەیەکی مێژوویی و فرەلایەنە، بەڵام هێشتا ڕەوەندیی کوردی ڕۆژهەڵات بە بەراورد لەگەڵ پێکهاتە کۆچبەرەکانی دیکەی وەک ئەرمەنی یان ئێرانی نەگەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و کاریگەر. بۆ ئەوەی لە هۆکارەکانی ئەم بارودۆخە تێبگەین، دەتوانین تیۆرە ناسراوەکانی دیاسپۆڕا بۆ لێکدانەوەی ئەم پرسە بەکاربهێنین.

“ڕۆبێن کۆهێن” لە کتێبی دیاسپۆڕای جیهانیدا ئەم چەمکە بەسەر چەند جۆرێکدا دابەش دەکات و گرنگترینی ئەو جۆرانە ڕەوەند یان دیاسپۆڕای قوربانیکراوە. دیاسپۆڕایەک کە لە ئەنجامی دەربەدەری، تووندوتیژی و ستەمکارییدا دروست دەبێت و پەل و پۆ دەهاوێت. دیاسپۆڕای کوردەکانی ڕۆژهەڵات دەکرێ لەم چوارچێوەدا پۆلێن بکرێت. کۆچکردنی بەشێکی زۆری کوردانی ڕۆژهەڵات دەرئەنجامی سەرکووتی سیاسی، هەڵاواردنی نەتەوەیی و کۆت و بەندکردنی دەسەڵات لە ئێراندایە. بەڵام ئەم ڕێژە بەرچاوەی کوردی ڕۆژهەڵات هیچ کات وەک دیاسپۆڕایەکی کاریگەر دەرنەکەوتووە و وەک کۆهین باسی دەکات، “دیاسپۆڕا کاتێک هێز بەدەست دەهێنێ کە ئازاری هاوبەش بکاتە هەوێنی دامەزراوەیەکی بەکۆمەڵ”. شتێک کە لە دۆخی ئەرمەنییەکان و جولەکەکاندا ڕووی دا و ئەوان توانیان کوشتاری بەکۆمەڵ یان هۆلۆکاست بکەنە هەوێنی بونیادنانی دیاسپۆڕایەکی بەهێز . لە ئاکامدا دەتوانین دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات بە ڕەوەندێکی قوربانی و چەوساوە ناوببەین کە تا ئێستاش توانای بەدەستهێنانی گێڕانەوە و ڕەوایەتێکی هاوبەش و هەروەها ڕیزێکی پتەو و یەکگرتووی، بەدەستنەهێناوە. 

بابەتێکی تری پەیوەندیدار بە دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات، فرەڕەنگی شوناسەکان و دابەشبوونی ئەوان بەسەر ئەم شوناسانەدایە. “ستوارت هۆڵ “ لە وتاری بەناوبانگی “ناسنامەی کولتووری و دیاسپۆڕا”دا جەخت لەوە دەکاتەوە کە شوناسی دیاسپۆڕا شوناسێکی هەمیشەیی و جێگیر نییە و بەردەوام لە گۆڕاندایە. لە دۆخی کوردانی ڕۆژهەڵاتدا ئەم بابەتە خاڵێکی گرینگە. دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات لە یەک کاتدا لەگەڵ سێ ناسنامە و شوناسی جیاوازدا بەرەوڕووبۆتەوە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر یەکگرتوویی ئەوان داناوە. شوناسی کورد، شوناسی ئێرانی و شوناس و ناسنامەی کۆچبەر یان پەنابەر لە ڕۆژئاوا. ئەم سێ شوناسە لە پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا کاریگەری لەسەر یەکگرتوویی دیاسپۆڕا دادەنێن، لە کاتێکدا ڕەوەندی ئەرمەنی یان ئێرانی گێڕانەوە و ڕەوایەتێکی کولتووری تاڕادەیەک یەکگرتووتریان هەیە و گرفتێکی لەوشێوەیان نیە.

هۆمی بابا لە کتێبی (لۆکەیشنی کولتوور) دا باس لە چەمکێک دەکات کە پێی دەوترێت “فەزای سێهەم”، فەزایەک کە تیایدا کۆچبەر نە بە تەواوی لە نیشتمانە و نە بە تەواوی لە لە وڵاتی نوێدا. کوردەکانی ڕۆژهەڵاتیش لە ئەورووپا و ئەمریکا لەم فەزادا دەژین، ئەوان لە زێدی خۆیان بەهۆی ستەم و هەڵاواردن ئاوارەبوون و لە وڵاتی نوێشدا زۆرجار بە کۆچبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی یان موسڵمان ناودێردەکرێن و بەرەوڕووی هەڵاواردن دەبنەوە. لە ئەنجامدا ڕەوەندی کوردی نە بە تەواوی لە ناوخۆدایە و نە لە وڵاتی میوانداردا جێگیربووە، دۆخێک کە بەپێی تیۆرەکەی هۆمی بابا هەم دەتوانێ هەڕەشە بێت و هەم دەرفەت، هەڕەشە بەهۆی بێ ماڵ و حاڵییەوە و دەرفەت لە ڕووی دروستبوون و خاوەنداریەتیکردن لە کولتوورێکی فرەڕەهەند و خۆڕاگرانەوە.

لە ڕوانگەی تیۆری تڕانسناسیۆنالیزم، وەک ئەوەی بیرمەندانی وەک “نینا گلیکشیلەر” و “ستیڤن ڤێرتۆڤیک” پێشیان خستووە، هێزی دیاسپۆڕا لە دروستکردنی میکانیزمەکانی پەیوەندی لە نێوان نیشتمان و دیاسپۆڕادایە. لەم چوارچێوەیەشدا دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات لاوازە، لەبەرئەوەی کە دەوڵەت یان دامەزراوەیەکی ناوەندی بۆ هەماهەنگیی نییە (بە پێچەوانەی ئەرمەنستان بۆ نموونە)، لە ڕووی سیاسی و ئایدۆلۆژیشەوە لە نێوان حزبە کوردییەکاندا یەکگرتوویی نیە و ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دیاسپۆڕای کورد داناوە. پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوخۆی کوردستانیش بە هۆی کۆنتڕۆڵی ئەمنیەوە، لەئاستی پێویستدا نیە و ئەمەش خۆی لە خۆیدا وەک خاڵێکی نەرێنی کاریگەری لەسەر دیاسپۆڕا دادەنێت. دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات لە نێوان مەیلە سیاسی و ئایدیۆلۆژییە جۆراوجۆرەکان و ڕکابەرییەکاندا یەکڕیزی و یەکدەنگییان نییە و ئەم ئەزموونە خراپە دەقاودەق بۆ ناو دیاسپۆڕاشدا گواستراوەتەوە. ئەم نەبوونی یەکگرتووییە کاریگەری ئەوان لەسەر سیاسەتی وڵاتانی جیهان و هەروەها ناوخۆیاندا کەمدەکاتەوە. بە وتەی “وێرتۆڤیک” دیاسپۆڕای بەهێز ئەو دیاسپۆڕایە کە دەتوانێت بەرهەمهێنان ، هەڵسووڕان و بەکارهێنانی هێما و سەرچاوەکان لە چەندین وڵاتدا و لە یەک کاتدا بەڕێوەببات.” ڕەوەندی کوردی لە قۆناغی دیاسپۆڕایەکی تۆکمە و کاریگەردا نییە و چالاکییەکانی زیاتر لە ئاستی کردەی ڕۆشنبیری و میدیاییدایە نەک لە ئاستی ڕێکخستن و دامەزراوەییدا.

دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات لە پرۆسەی سەرهەڵداندایە و بەڵام لاوازە. ئەم دیاسپۆڕایە خۆراک لە ئازارە مێژووییەکان وەردەگرێت و بەڵام هێشتا ئەم ئازارانەی نەیگۆڕیوە بۆ یادەوەرییەکی هاوبەش و دامەزراوەیەکی پتەو.

لە ڕوانینێکی گشتی و وەک کارنامەیەک، بەهێزیی دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات لە دەرکەوتنە کلتوورییەکاندایە  و لاوازییەکەشی لە ونبوون و بزربوونی ڕێکخستن و پێکهاتەدایە.

 دیاسپۆرای کوردی ڕۆژهەڵات پێویستی بە یەکێتی و یەگرتوویی سیاسی ، پەروەردە، ڕێکخستن، دروستکردنی لۆبی بەهێز لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان و بەکارهێنانی ئامرازە مۆدێرنەکان بۆ پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە. 

TAGGED: ئاسۆی ڕۆژهەڵات, ئاسۆی ڕۆژهەڵات ٢٠١, دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات: لە نێوان ئازاری مێژوویی و ونبوونی ڕێکخستندا, کۆمەڵە, هیوا سەلیمی
KomalaMedia 2025/11/04
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر دیداری نێوان کۆمەڵە و ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی کۆنفدراسیۆنی کوردانی ئورووپا
بابەتی دواتر شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەیان کرد

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?