By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: هەشتی مارس رۆژێك بۆ دەربڕینی دەنگی نیوەی كۆمەڵگا
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > Uncategorized @ku > هەشتی مارس رۆژێك بۆ دەربڕینی دەنگی نیوەی كۆمەڵگا
Uncategorized @ku

هەشتی مارس رۆژێك بۆ دەربڕینی دەنگی نیوەی كۆمەڵگا

ناوەندی ڕاگەیاندن
دوا ئاپدەیت: 2015/03/06 at 1:48 PM
ناوەندی ڕاگەیاندن
هاوبەشکردن
8 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن


سنور حەنیفی پور

لە مێژووی خەباتی سیاسی‌و كۆمەڵایەتیدا رۆژگەلێكی فەرامۆش نەكراو بوونی هەیە كە وەك نیشانە‌و هێمای هەر خەباتێك، لە بیرەوەری مێژوودا تۆمار كراوە. رێزگرتن لەم رۆژانە، بانگەوازێكە بۆ درێژەدان بە خەبات دژی هەرچەشنە نابەرابەرییەك‌و بەدیهێنانی عەداڵەتی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی. هەموو ساڵێك بە رێزگرتن لەم رۆژە ئەبدییانە، ئامانج‌و ئاواتەكانی خەبات بە دەنگی بەرز هاواریان بۆدەكرێت‌و وەبیری خەڵكی جیهان دەهێنرێتەوە كە ئەم ئامانج‌و ئاواتانە زیندون‌و ناتەبایی نابەرابەییەكان هێشتا چارەسەرنەكراون. هەشتی مارس یەكێكە لەم رۆژە زیندوو فەرامۆش نەكراوانە.

رۆژی هەشتی مارسی 1857، ژنانی كرێكار لە كارخانەكانی رستن‌و چنینی ئەمریكا، بۆ باشتركردنی هەلومەرجی كار‌و كەمكردنەوەی ساعەتی كار‌و باشتربوونی باری ژیانیان، هەروەها بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی هەرچەشنە نابەرابەرییەك، رژانەسەر شەقامەكان. ئەم ئاخێزە خاڵێكی وەرچەرخان بوو لە مێژووی خەباتی ژنانی كرێكاری ئەمریكا كە دواتر لە سەراسەری جیهاندا پەرەی ئەستاند. 8ی مارس زایەڵەی بەرخۆدان‌و خەباتی ژنانێك بوو كە لەگەڵ پرۆسەی خێرای گەشەی پیشەسازی، روویان لەكاری دەرەوەی ماڵ دەكرد.
بیرەوەرییەكانی ئەم مانگرتنە وەك خاڵێكی وەرچەخان لەسەرەتای بزوتنەەی ژنان بۆ كرێكارانی رستن‌و چنین مایەوە. ناڕەزایی گشتی لە وەزعی مەوجود‌و دۆخی نالەباری كارو ژیان، بۆ ژنانی كرێكار بەردەوام بوو، تاكوو پاش 50 ساڵ لەو رووداوە‌و لە هەشتی مارسی ساڵی 1908، كرێكارانی ژنی كارخانەی پارچە چنین لە شاری نیویۆرك بە هۆی هەڵاواردن‌و مەحرومیەت‌و گوشاری زۆری كارفەرمایان، دەستیاندایە مانگرتن. خاوەنی كارخانەكان‌و دەستوپێوەندەكانیان، بۆ ئەوەی مانگرتنەكە بۆ بەشەكانی تر پەرەنەستێنێت، هەموو مانگرتوانیان لە شوێنی خۆیان زیندانیكرد. بەدوای ئەمەش لە رووداوێكی نائاسایی ئەو شوێنەی كرێكارانی مانگرتوی تێدا حەبس كرابوون، ئاگری تێبەردرا‌و لە ئەنجامدا 129 كەس لە ژنانی مانگرتوو لە ئاگردا سووتان‌و گیانیان لەدەستدا.

ئایدیای هەڵبژاردنی رۆژێكی ساڵ  بەناوی “رۆژی ژن”، یەكەمین جار لە جەرەیانی خەباتی ژنانی نیویۆرك‌و بە هەڵگرتنی دروشمی “مافی دەنگدانی بەرابەر بۆ ژنان” هاتەئاراوە. ئەم دروشمە خەسڵەتێكی گشتگیری بوو كە ژمارەیەكی زۆری ژنان لە چین‌و توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگای دەگرتەوە. ژنان لە پشتی ئەم دروشمەوە، بە رەسمی ناساندنی شوناسی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی خۆیان دەبینییەوە. واقعیەتێك كە لەنێو سیستمەكانی پیاوسالاریدا، بۆ چەندین سەدە فەرامۆش كرابوو. سەدان ژن لە بەشداربووانی خۆپیشاندانێك لە رۆژی 23ی فێڤبریە ساڵی 1909 خوازیاری ئەوەبوون كە هەموو ساڵێك رۆژی یەكشەممەی كۆتایی فێڤبریە، خۆپیشاندانێكی سەراسەری لە ئەمریكا بە بۆنەی “رۆژی ژن” بەڕێوەبچێت.
یەكێك لەو سیما ناسراوانەی كە لەو ساڵانەدا لە بواری مافەكانی ژنان هەڵسوڕانی دەكرد، خاتوو كلارا زتكین بوو، زتكین وەك هەڵسوڕاوێكی چەپ‌و سوسیالیست لە وڵاتی ئاڵمان داخوازییەكانی ژنانی كۆمەڵگاكەی  وەك  مافی بەرابەر بۆ ژن‌و پیاوو دابینكردنی كاری عادڵانە بۆ ژنانی داوا دەكرد.
لە ساڵی 1910، دووهەمین كۆنفرانسی ژنانی سوسیالیست كە كلارا زتكین یەكێك لە رێبەرانی ئەو كۆنفرانسە بوو، باسی لە رۆژی نێونەتەوەیی ژن كرد. سەرەتا ژنانی سوسیالیستی ئۆتریش رۆژی یەكی مانگی “مەی”یان بۆ ئەو رۆژە پێشنیاركرد. ژنانی سوسیالیستی ئاڵمان رۆژی 19ی مارسیان بۆ ئەم رۆژە هەڵبژارد كە رێكەوتە لەگەڵ خەباتی شوڕشگێڕانەی ساڵی 1848 دژی رژیمی پاشایەتی پرۆس. لە دووهەمین كۆنفرانسی ژنانی سوسیالیست، رۆژی 19ی مارسی 1911 وەك رۆژی ژن ناسرا‌و بڕیاری كۆتاییش بۆ دواتر دواخرا.
رۆژی 19ی مارسی 1911یش لە زۆربەی وڵاتان وەك ئاڵمان، ئۆتریش، دانمارك‌و ئەمریكا دەنگی ناڕەزایی ژنانی ئازادیخواز بەرزبووەوە، ئەگەرچی پۆلیس‌و هێزە دەوڵەتییەكان هێرشیان كردە سەر خۆپیشاندەران‌و بەرامبەریان توندوتیژییان نواند، بەڵام بیرەوەری رۆژێكی نێونەتەوەیی وەك رۆژی جیهانی ژن لە یاددا مایەوە.
لە ساڵی 1913 دەبیرخانەی نێودەوڵەتی ژنان كە یەكێك لە دامەزراوەكانی ئەنترناسیۆناڵ سوسیالیستی دووهەم بوو، بۆ رێزگرتن لە یادی ژنانی ئازادیخوازی ئەمریكایی، رۆژی 8ی مارسی وەك رۆژی جیهانی ژن ناساند‌و هەمان ساڵ لەسەراسەری ئوروپا، ئەمریكا‌و روسیای تزاری، ئەم رۆژە بەشێوەی خۆپیشاندان‌و مانگرتن رێزی لێگیرا.
سەرەنجام پاش چەندین ساڵ لە ناساندنی رۆژی 8ی مارس وەك رۆژی جیهانی ژن، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لە ساڵی 1975دا ئەم رۆژەی بەڕەسمی ناسی. لەگەڵ كۆتایی هاتنی شەڕی ئەمریكا‌و ویتنام‌و بەتایبەت پاش دەیەی حەفتای زاینی‌و گەشەكردنی هەرچی زیاتری سەرمایەداری‌و پیشەسازی لە وڵاتانی دواكەوتوو و جیهانی سێهەم، ژمارەیەكی زیاتر لە ژنان سەرقاڵی كار لە دەرەوەی ماڵ بوون، ئەگەرچی تا ئەو كاتەش لە كۆمەڵگاكەی خۆیاندا لەبەرامبەر پیاواندا وەك مرۆڤی پلە دوو سەیر دەكران، كە ئەمەش بووەهۆی ئەوەی مەسەلەی ئازادی ژنان زیاتر‌و بەرچاوتر لە پێشوو بێتە مەیدان‌و دەنگی ناڕەزایی دژ بەو سیستەم پیاوسالارانەیە دەرببڕن.

لە ئێران، ساڵی 1285 هەتاوی، كاتێك كە فەرمانی مەشروتە ئیمزاكرا‌و نێهزەتی مەشروتەخوازی ئێران بە فەرمی سەركەوت، ژنانی ئێرانی لە دەسكەوتەكانی هیچ بەهرەیەكیان نەسیب نەبوو. رەنگە داخوازی ژنان لە لایەن ئەو ژنانەی كە بەشداری شۆڕشی مەشروتە بوون، ئەوەندە گرنگ نەبووبێت تا بە شێوەیەكی جیدی بەدوداچوونی بۆ بكەن، یاكوو سیستمی پیاوسالاری ئەو سەردەمەی ئێران رێگر بووبێت لەبەردەم بەرجەستەبوونی ئەو داخوازییانە، هەرچییەك بوو ئەوە بووە هۆی ئەوەی كە ژنانی ئێران پاش تێپەڕبوونی سەدەیەك لە مەشروتە تا ئێستاش  ئەو نیوەی كۆمەڵگای ئێرانە بن كە سەركوتكراوو ژێردەستەی سیستمی پیاوسالارین.
ساڵی 1310ی هەتاوی جەمعیەتی (پیك سعادت نسوان) لە شاری رەشت یەكەمین سەرنجی‌و ئاوڕدانەوەی لە 8ی مارس وەك رۆژی جیهانی ژنان نیشاندا. دواتر یەكەمین خۆپیشاندانی رەسمی بۆ رێزگرتن لە رۆژی جیهانی ژن لە ئێران لە ساڵی 1331 بەڕێوەچوو، لەو كاتەدا ژنان لە ژێر چاودێریدا هاتنە سەرشەقام‌و رێزیان لە رۆژی جیهانی خۆیان گرت. لەو رێكەوتە بەدواوە، بێجگە لە سەردەمی شۆڕشی 57، چیتر هەشتی مارس وەك بزوتنەوەیەكی گشتی كە ژمارەیەكی زۆری ژنان‌و پیاوان وەك هێمایەك بۆ بەرگری لە مافی ژنان‌و داخوازییە كۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و ئابورییەكانیان دەهاتنە سەرشەقامەكان، دووپات نەكرایەوە.
كۆتایی دەیەی 50‌و كەمێك پێش روخانی رژیمی پاشایەتی لە رێبەندانی 57، بووە هۆی ئەوەی تا جارێكی دیكە ژنان لەدەوری یەكتر كۆببنەوە‌و ئەمەش لە خۆپیشاندانەكانی دژی رژیمی شا كە ژنان لە ریزی پێشەوەی ئەو ناڕەزاییانە خۆیان نیشاندا، هاتەدی. لەسەروبەندی هاتنەسەركاری رژیمی ئاخوندی، دەیان هەزار ژن‌و پیاو خۆپیشاندانی 8ی مارسیان بە دژی حیجابی زۆرەملی‌و سەركوت‌و هەڵاواردنی رەگەزی بەڕێوەبرد. خۆپیشاندانی ژنان یەكەمین بەرخۆدان‌و ناڕەزایی رێكخراو لە بەرامبەر كۆماری ئیسلامی بوو. ئەم بزوتنەوەیە جەختكردنەوەیەك بوو لەسەر رۆڵی دیار‌و بەرچاوی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسی كۆمەڵایەتی ئێران‌و نیشانەیەك بوو لە گرنگی مەسەلەی ژن لە ئێران.
خۆپیشاندانی هەشتی مارس  لە(17ی رەشەممەی 57) رۆڵێكی گەورەی لە سڕینەوەی ئەو خەون‌و تەوەهومە گێڕا كە زۆركەس لە بەرامبەر رژیم تازەبەدەسەڵات گەیشتوو هەیبوو. ئەو رۆژە وانە‌و ئەزمونێك بوو بۆ ژنانی ئەمڕۆ كە لەو سەردەمەدا راستەوخۆ بەشداری شۆڕش نەبوون‌و ئەمڕۆكە لە ریزی پێشەوەی خەباتی‌و بزوتنەوەی ژناندا وەستاون. پاش ئەوە كۆماری ئیسلامی خۆپیشاندانی رۆژی هەشتی مارس، رۆژی جیهانی ژنانی ناقانونی‌و یاساخ كرد، ئەم كردەوەی رژیم ناڕەزایی‌و توڕەیی ژنانی ئازادیخوازی‌و ئاگای كۆمەڵگای ئێرانی لێكەوتەوە. ئەگەرچی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی رۆژی جیهانی ژن لە ئێراندا نایاساییە، بەڵام بەشێك لە ژنانی ئازادیخواز‌و خەباتكاری ئێران، لەو رۆژەدا لە كۆڕوكۆبوونەوەی جیاجیا رێز لەو رۆژەدەگرن.
بزوتنەوەی ژنانی ئێران بەگشتی‌و كوردستان بەتایبەتی، لەم چەند ساڵەی دواییدا گەیشتوتە ئاستی باڵای هوشیاری‌و وەئاگاهاتنەوەی ژنان، كەمپینی یەك ملیۆن ئیمزا یەكێكە لە نیشانەكانی بەرجەستەبوونی ئەو هوشیارییە كۆمەڵایەتی‌و سیاسییەی ژنان كە لە ناوخۆ‌و دەرەوەی ئێراندا دەنگی داوەتەوە. بزوتنەوەی ژنانی ئازادیخواز‌و عەداڵەتخوازی كوردستانیش سەرەڕای هەموو قەیدوبەند‌و بەربەستەكان، لە ئێستادا یەكێك لە بناغەسەرەكییەكانی خەباتی سەراسەری ژنان لە ئێرانن، بەشداری راستەوخۆی ژنان‌و كچانی كورد لە ریزی یەكەمی ناڕەزایی‌و خۆپیشاندانەكان لە ئێران، شاهیدی ئەم راستییەن‌و هەنووكەش چەندین كەس لە ژنانی هەڵسوڕاوی كورد لە سیاچاڵەكانی كۆماری ئیسلامیدا بەسەردەبەن.
سەرەڕای هەموو سەركوت‌و گوشارەكانی كۆماری ئیسلامی بزوتنەوەی ژنان لە ئێران‌و كوردستان درێژەی دەبێت‌و تا هەژاری‌و هەڵاواردن‌و بازرگانی رەگەزی‌و جنسی‌و شەڕ‌و نەخۆشی‌و بێكاری…. زیاتر توشی “نیوەی كۆمەڵگا”، واتە ژنان بێت، ئەم بزوتنەوەیە زیاتر پەرەدەستێنێت‌و رۆژ بە رۆژ زیاتر گەشە دەكات.

بەرز‌و بەرێزی بێت هەشتی مارس رۆژی جیهانی ژن

ناوەندی ڕاگەیاندن 2015/03/06
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر بزوتنەوەی جیهانیی راگرتنی توندوتیژی دژی ژنان پەرە پێبدەین
بابەتی دواتر بۆچوونی ژنانی پێشمەرگە‌و رۆژی کۆمەڵە

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?