خاتوو ژینۆ بابامیری کچی ڕزگار بەیگزادە بابامیری لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ مانی مەلەک ئەندامی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وردەکاری دەستبەسەر کرانی باوکی ، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی و هەروەها بارودۆخی لە کاتی دەستبەسەر کرانیەوە تا ئێستا لە زیندان باس دەکات .
ڕزگار بەیگزادە بابامیری ، جوتیاری تەمەن ٤٠ ساڵی خەڵکی بۆکان ، باوکی سێ منداڵە کە لە جەریانی شۆڕشی ژن ، ژیان ، ئازادی لە رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، بە هۆکاری گەیاندنی هاوکاری بە بریندارانی خۆپێشاندانەکان لە بۆکان لە ڕێگای دابین کردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا
خاتوو ژینۆ باوکتان بە چ شێوەیەک و کەی دەستبەسەر کرا ؟
باوکم هەر وەک لە ڕەنجنامەکەیدا باسی کردووە ، لە رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی کەسێک بە ناوی سەعیدی کە خۆی وەک کارمەندی ئیدارەی ئیتلاعاتی بوکان ناساند ، بۆ کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە بۆ شوێنێک لە نزیک هۆڵی ڕوژی بوکان بانگ کرا دوای ئەوەی سەردانی شوێنی ئاماژەپێکراوی کرد لە لایەن سەعیدی و کەسێکی ترەوە گواسترایەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی بوکان . تا نزیکەی کاتژمێر ١٠ی شەو لە ژوورێکدا ڕاگیرابوو . لە کاتژمێر ١٠ی شەو تیمێکی لێپرسینەوە کە لە شەش کەس پێکهاتبوون، لەوانە سەعیدی، قوربانی، بەرپرسی ئیدارەی ئیتلاعاتی بوکان ناسراو بە ناوی سازمانی حوجەتی و سێ بریکاری نەناسراوی دیکە بە شێوەی شیفتی بە وەحشیانەترین شێوە ئەشکەنجە کرابوو .
لە کاتێکدا کە لێی دەدرا، بەردەوام هەڕەشەی کوشتی لێدەکرا و سووکایەتی پێکراوە و بەردەوام لە لایەن حوجەتی و قوربانی و سەعیدیەوە پێی گوتراوە کە لە شوێنێکدایە کە پێشتر دەیان بەناو “ئاژاوەگێڕ” لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون .
هەموو هەوڵەکانیان لەسەر ئەوە چڕکردبووەوە کە باوکم تێبگات کە گەیشتووەتە کۆتایی هێڵەکە ، ئەوانەی ئەشکەنجەیان داوە پارێزبەندی یاسایی ڕەهایان هەیە و مردنی ئەو هیچ دەرئەنجامێکی بۆ ئەشکەنجەدەرەکانی نابێت . بێگومان دڕندەیی ئەوان لە ئەشکەنجەدان بە ڕوونی دەریخست کە بەڕاستی هیچ نیگەرانییەکیان لە مردنی باوکم لە ژێر ئەشکەنجەدا نەبووە. لە ماوەی سێ شەو ئەشکەنجەدان لە ئیتلاعاتی بوکان ، دەیان جار لێدرا و بەهۆی تەزووی کارەباوە بێهۆش بوو .
دوای زیاتر لە ٧٢ کاژێر لە ئەشکەنجەدانی بەردەوام ، لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی دیکە، بە پاسێکی تایبەت کە زیندانییەکانیان دەگواستەوە، بە یاوەریی کاروانێکی ئۆتۆمبێل کە کارمەندانی جل و بەرگی ئاسایی چەکداریان تێدابوو ، بە ڕێوشوێنی خۆپارێزی تایبەت و شەوانە ، گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای ورمێ .
لە رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ تاوەکوو یەکی خەرمانان ئەم بارودۆخە نامرۆڤانەیە بەردەوام بووە ، سەرەڕای لێدوانی هەڕەشەئامێزی کارمەندانی ئیدارەی ئیتلاعات دوای گواستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ، هەر لە یەکەم ڕۆژەوە باوکم هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ بۆ ئەوەی لە ڕێگەی یاسایی ، ئەو ئەشکەنجە و پێشێلکارییانەی دیکە کە لێکۆڵەرانی دۆسیەی ژمارە ١٤٠٢٣٥٩٢٠٠٠٠٩١٥٧٤٢ لە دژی ئەنجامیاندا، بە دەسەڵاتی قەزایی ڕابگەینێت . دوای چەند مانگێک دواجار سەرکەوتوو بوو لە تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەشکەنجەدەر و لێکۆڵەرانی دەزگای ئیتلاعات و دۆسیەی ژمارە ١٤٠٣٣٥٩٢٠٠٠٢٢٥٧٨٣٤ لە دادستانی ورمێ کرایەوە و دوای چەند هەفتەیەک ڕەوانەی دادگای سەربازیی پارێزگای ئازەربایجانی غەربی کرا. بەڵام دادیاری لقی یەکەمی داواکاری گشتی پارێزگای ئازەربایجانی غەربی، بە بیانووی ساختە و درۆینی ئەوەی کە ساڵێک بەسەر ئەشکەنجەدانەکەدا تێپەڕیوە ، بە فەرمانی ژمارە ١٤٠٣٣٥٣٩٠٠٠٦٥٠٩٦٩ قەدەغەکردنی لێپێچینەوەی ئەشکەنجەدەرەکەی دەرکرد و ڕەتیکردەوە باوکم بە پزیشکی دادوەری بناسێنێت، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر پێداچوونەوەی یاسایی ڕەتکردەوە و دادگاییکردنی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و پارێزبەندی لە سزای بۆ ئەوان دەرکرد .
باوکم جارێک لە زیندانی ورمێ لە ناڕەزایەتی بەرامبەر گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە کاتی لێپرسینەوە ، دۆخی هەڵپەسێردراوی خۆی لە زیندان و نەبوونی پرۆسە دادگاییەکی دادپەروەرانە، مانی لە خواردن گرت بەڵام دواتر بەرپرسانی دادوەری و زیندان بەڵێنی جێبەجێ کردنی داواکاریەکانیان پێدا و ئەویش مانگرتنەکەی شکاند بەڵام دواتر لە جیاتی پێڕاگەیشتنیان بە بارودۆخی ، ناردیانە بەندی تایبەت بە تاوانە ئاساییەکان و لە بەندی سیاسی دووریانخستەوە .
یەکەم کۆبوونەوەی دادگایی کرانی باوکم ، لە رێکەوتی ٩ی بەفرانباری ١٤٠٣، لە لقی یەکی دادگای کەیفەری تایبەتی مێرمنداڵانی پارێزگای ورمێ بە تۆمەتی “ساختەی بەشداری لە کوشتنی هێزێکی ئەمنی بەڕێوەچوو و لە رێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری هەمان ساڵدا لە سەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ و ڕاپۆرتە ساختەکانی دامودەزگا ئەمنییەکان” سزای پازدە ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپێندرا و دواتر سزاکە لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ورمێ پشتڕاست کرایەوە . دواتر و دوای بەڕێوەچوونی سێ کوبوونەوەی دادگا لە رێکەوتی ١٦ی پوشپەڕی ١٤٠٤، باوکم لە یەک دۆسیەی هاوبەشدا لەگەڵ پژمان سوڵتانی ، کاوە ساڵحی ، سۆران قاسمی و تەیفور سەلیمی بابامیری ، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامی ورمێ بە سەرۆکایەتی قازی “رەزا نەجەفزادە” بە تۆمەتی “بەغی ، سیخوڕی بۆ ئیسرائیل ، هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆن” سزای لە سێدارەدانی بە سەردا سەپێندرا ، کە وردەکاری سزاکان بەم شێوەیەن :
پژمان سوڵتانی ، سۆران قاسمی و کاوە ساڵحی هەر کامەیان بە سێ جار لە سێدارەدان ، ڕزگار بابامیری بە دوو جار لە سێدارەدان و تەیفور سەلیمی بابامیری کە بە بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو ، بە جارێک لە سێدارەدان سزا درا .
بەڕێز ژینۆ داواکاری ئێوە لە خەڵک چیە و هەوڵەکانتان لەم ماوەیەدا بە کوێ گەیشتووە ؟
ئێمە کۆمەڵێک لە ئەندامانی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و چالاکانی مافی مرۆڤ لە ڕێگای دانانی کەمپینی کچانی دادخواز و کەمپینی پێنج کورد بۆ ژیان لە هەوڵداین دەنگی ئەوان بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بگەینین و لەو ماوەیەدا چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا ، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی ، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی لێبوردەیی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە . ئێمە داوا لە هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ، چالاکانی مەدەنی و سیاسی دەکەین دەنگی زیندانیانی سیاسی و بە تایبەتی ئەو پێنج کەسەی مەترسی لە سێدارەدانیان لە سەرە بن و بە هەر شێوازێک کە دەتوانن پشتیوانی لە کەمپینەکان بکەن ، وەک دەزانن لە دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل شەپۆلی دەستبەسەر کردنەکان و لە سێدارەدانەکان چڕ بووەتەوە و بە لە بەرچاو گرتنی ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ کەسوکارمان ژیانیان مەترسی لە سەرە بۆیە داوا لە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ئێران لە سەرانسەری جیهان دەکەم دەنگیان بن .