نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی کارامە و جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ دەسەڵاتی سیاسی ئێستا یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی کۆماری ئیسلامی بووە، ئۆپۆزیسیۆنێکی پەرتەوازە و جەزیرەیی کە بەرهەمی فرەچەشنی و فرەیی پێکهاتەیی و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتەیە لەپاڵ بۆشایی بەرە یان ڕەوتێکی جێگرەوەی گشتگیر کە نە دەرفەتی خولقاندووە نە لە دەرفەتەکان کەڵکی وەرگرتووە. ئەم پرسە هەم لەبار کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و وڵاتانی ناوچەکە گرنگە، هەم لەڕووی هزر و دەروونی کۆمەڵانی خەڵکەوە هەمیش دەستمایەیەکی باش بووە بۆ ڕژیمی ئێستا بۆ ئەوەی وەک تاکە دەسەڵات حکومەت بکا. یەک لە لایەنەکانی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە پرژوبڵاو و فرەڕەنگە پاشایەتیخوازانن کە لە دەوری کوڕی شای پێشووی ئێران کۆبوونەتەوە. ئەم لایەنە لە چەند ساڵ پێش و هاوتەریب لەگەڵ لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی، خۆیان ڕێکخستووە و هەتا هاتووە ناویان بە باش یان خراپ زیاتر هاتووتە ڕۆژەڤ. لە دوایین دەرکەوتنیان لە ڕۆژی ٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ گردبوونەوەیەکیان لەژێر ناوی «همکاری ملی برای نجات ایران» لە شاری مونیخ بەرێوەبرد کە بەڕێوەبەرانی ئیدعا دەکەن بەمەبەستی تێپەڕبوون لە کۆماری ئیسلامی، بەشێکی بەرچاو لە ئۆپۆزیسیۆنیان کۆ کردووتەوە. ئەم لایەنە نزمترین ئاستی جووڵانەوەی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بووەو کەمترین تێچووی بۆ داوە بەڵام وای دەردەخا کە بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات یان بەڕێوەبەرایەتی قۆناغی تێپەڕبوون واتە دەورەی گوزار بژاردەیەکی گونجاوە.
گردبوونەوەی مونیخ لە سەروبەندێکدا بەڕێوەچوو کە باسی گۆڕانی ڕژیم لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بووەتە پرسی ڕۆژ و گوتاری زاڵ. ٣ ساڵ بەسەر بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی تێپەڕیوە و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەکردەوە فەشەلی هێناوە. ناکارامەیی ڕژیم گەیشتووتە ئاستێک کە سەرەکیترین پێداویستییەکانی ژیان وەک ئاو و بەرقی بۆ دابین ناکرێت هاوکات لە جەنگێکی دەرەکیدا شکستی خواردووە. ڕووخانی رژیم لای زۆر کەس مسۆگەرە. بۆیە ئەکتی هەر لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن پێویستی بە هەڵسەنگاندن و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتییە بۆ ئەوەی هەڵەی ٥٧ دووپات نەبێتەوە. دیارە داهاتوو پێشبینی ناکرێت بەڵام مەبەست لەم نووسراوە چاوخشاندنێکی خێرایە بەسەر ئەم بەناو هەمایشە کە زیاتر لە نەمایش دەچوو هەروەها ئەگەری گەرانەوەی سیستەمی پاشایەتی لە داهاتووی ئێران. ڕاستە پەهلەوی بەبۆنەی باوک و باپیریەوە کە زیاتر لە ٥ دەیە حوکمی ئێرانیان کردووە، کەسێکی ناسراوە، پارەی لەبەردەستە، میدیای بەهێز پاڵپشتی دەکا، هێزی سایبەری ڕێکخراوی هەیە و مێنتاڵیتەی ئێرانیی ناوەندگەرا بۆ پاراستنی قەبارە و سەردەستەیی خۆی ئامادەیە لە دەوری کۆبێتەوە بەڵام سەرکەوتنی ڕەوتەکەی ئەگەر نەڵێین نامومکین، زۆر زەحمەتە.
لەمێژووی هاوچەرخدا دەگمەنن ئەو وڵاتانەی لە سیستەمی کۆمارییەوە بۆ پاشایەتی گەڕابێتنەوە. یەک لەوانە وڵاتی کامبۆجە کە لە ساڵی ١٩٩٣ی زایینی و بەدوای زیاتر لە دوو دەیە ئاژاوە و ناسەقامگیری ناوخۆیی، لە ئەنجامی هەڵبژاردنێکی ئازاددا لە سیستەمی کۆمارییەوە بۆ پاشایەتی مەشرووتە گەڕایەوە. ئەمەش ئاکامی خواستی خەڵک و کۆمەڵگەی جیهانی بوو بەمەبەستی سەقامگیری و پارێزگاری لە یەکێتی وڵاتەکە. یان وڵاتی سپانیا کە لەژێر دیکتاتۆرییەتی فرانکۆ دوای زیاتر لە ٣ دەیە دەسەڵاتی بەناو کۆماری، لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینی بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی مەشرووتە گەڕایەوە. دیارە ئەم نموونانەش لەبارودۆخی تایبەت و لەسەر بنەمای پاشایەتی مەشرووتە و سەمبۆلیک بووە لە وڵاتگەڵێک کە زۆر جیاوازییان لەگەڵ ئێران هەیە. مەشرووتەخوازی لە دەسەڵاتی ڕەهای پاشادا هەنگاوێک بەرەو پێش و بەرەو یاسامەندبوونی دەسەڵاتە بەڵام لە دێمۆکراسی کۆماریدا وەک هەنگاوێک بەرەو پاش دێتە هەژمار کە نموونەی نییە. پەیوەندی سەڵتەنەت و دێمۆکراسی وەک ململانێی نێوان سوننەت و دواکەوتووییە لەگەڵ مۆدێڕنیتە و پێشکەوتوویی، هاوکێشەیەک کە لەسەردەمی مەشرووتەخوازییەوە لە ئێران بوونی هەیە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی و کۆریای باکوور بەناو کۆمارین و لەناوەرۆکدا لەگەڵ دێمۆکراسی ناتەبان یان سیستەمی بەڕێوەبەری مەشرووتەی بریتانیا و دانمارک سەرەڕای بوونی پاوشا بنەماکانی دێمۆکراسی پەیڕەو دەکەن بەڵام چۆنییەتی پێکهاتەی سیاسی و یاسای بنەڕەتیی هەر وڵاتێک دەتوانێت بەشداری گشتیی و کارامە، بەرابەری، پاراستنی بەها مرۆڤی و ئەمڕۆییەکان لەگەڵ بنەماکانی دێمۆکراسی گەرەنتی بکا.
گردبوونەوەی مونیخ بە ناوەڕۆک پشتی بە دەقێک بەستووە کە لەژێر ناوی «پروژه شکوفایی ایران» نووسراوە. هەموو کێشەگەڵی بنەڕەتیی لەوانە باڵادەستی نەتەوەی فارس و هەڵاواردنە مێژوویی و چەندڕەهەندییەکانی ئێرانی لە چەند پرسی ئابووری، مافی شارومەندی و چۆنییەتی ڕێوەبەری دۆخی تایبەت کورت کردووتەوە. هەموو ئەو ئیختیارانەی بە شورای ئینقلابی ئیسلامی لەکاتی ڕاپەڕینی ٥٧ درابوو لەپاڵ هەمان دەسەڵاتی ئێستای خامنەیی، بۆ ماوەی ٣ ساڵ بۆ پاشایەتیخوازەکان و ڕەزا پەهلەوی بە فەرمی ناسراوە. بەبێ بوونی هیچ پرۆسەیەکی دێمۆکراتیک، پەهلەوی بە ڕێبەری قۆناغی تێپەڕبوون دەناسێنێت. دیاریکردنی بەرپرسان و دارشتنی سیاسەت و یاسا و توانای بڕیاردان لەدەستی ئەودا قۆرخ دەکا. ئاماژەی بە هیچ جۆرە مێکانیزمێکی چاودێری و وڵامدەربوون نەداوە و دەسەڵاتێکی بێ سنوور و ڕەهای بۆ تاک دابین کردووە. بەواتایەک زیاتر لە نەخشەڕێگای گەیشتن بە دێمۆکراسی و سەقامگیری و پێکەوەژیان، ڕێگەخۆشکەری سەپاندنی ڕێبەری تاک و لەدایکبوون و پاگرتنی دیکتاتۆرییەتێکی دیکەیە.
هەرچەند لە مونیخ کۆمەڵێک کەسایەتی، زیندانی سیاسی و چەند دادخواز و خەسارلێکەوتوو بەشدار بوون بەڵام لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی، رێژەی بەشداربووان لەچاو رێژەی بەشدارنەبووان دڵۆپێک لە دەریایە. لەبار چەندایەتییەوە سەرەڕای ئامادەکاری و تەرخانکردنی سەرچاوەی بەرچاو، لەگەڵ کۆبوونەوەگەلی وەک بەرلین و تۆرێنتۆ لەسەردەمی شۆڕشی ژینا بەراورد ناکرێت و لەبار چۆنایەتیشەوە، زۆر نزمتر لە ئاست هەوڵە پێشووەکانی لایەنگەلی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن بوو. پەیام و وتارەکان زیاتر لەوەی بپرژێتە سەر چۆنییەتی ڕووخانی ڕژیم و پێویستیی و مەرجەکانی پێکهاتەی سیاسی و بەرێوەبەرایەتی داهاتوو، ڕاگەیاندنی بەیعەت لەگەڵ باوک و پاشا بوو. لەڕووی فۆرمیشەوە، ئاوێتەیەک بوو لە کردەوەگەلێکی سووک کە مرۆڤی دەستکرد و دەستەمۆ و ساوای وێنا دەکرد. هەر لە شوبهاندنی تاکێک بە کەعبە و سوجدە بردن بۆی و هەناردنی سڵاوی نیزامی هەتا ڕەواییدان بە سێدارە و ساواک و بانگەشەی باوک سالاری کە لەگەڵ بەها مرۆڤی و ئەمڕۆییەکانی جیهان و راستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران نامۆ و ناتەبان.
ڕ.پەهلەوی بۆ ماوەیەکی زۆر هەوڵی دابوو سیمایەکی دێمۆکرات و ئەمڕۆیی لە خۆی پیشان بدا بەڵام لە ساڵانی دواییدا هەتا هاتووە لەم رەواڵەتە دوور کەوتووتەوە. ئەزموونە پێشووەکانی دەریدەخەن کە کەسایەتییەکی ڕاڕایی و سستە و توانای ڕێبەری و هاوکاری و بە میحوەربوونی نییە. بەچاوخشاندنێک بەسەر پرۆژەکانی پێشوویدا لەوانە شورای ملی ئێران، پێکهێنانی دەوڵەت لە تاراوگە، قۆقنووس، پەیمانی نوین، بەزمی وەکاڵەت، جۆرج تاون و هتاد مایەپووچی سیاسی و ناکارامەیی ناوبراو باشتر دەردەکەوێت. لەپاش شکستی هەر پرۆژەیەک لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا زیاتر پەراوێز کەوتووە. لە سەروبەندی شەڕی دوازدەڕۆژەدا بە تەواوی پاڵپشتی لە هێرشی دەرەکی بەدژی ئەو وڵاتە کرد کە خۆی بۆ پاشایەتییەکەی داناوە و ئەمەش لەلایەن بەشێکی بەرچاو لە لایەنگرانی وەک خەیانەت ناودێر کرا. لەدوایین کردەوەشدا باس لە هاوکاری لەگەڵ هێزە ئەمنی و سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەبێ جیاوازی دەکا. لە کاتێکدا لەسەر خەباتی ئاشتیخوازانە پێداگری دەکرد، ئێستا باس لە هاوپەیمانییەتی لەگەڵ ئەو هێزانە دەکا کە بە هەزاران لاو و ژن و پیاوی ناڕازییان سەرکوت کردووە یان لەسێدارە داوە.
هەوڵی تاکڕەوانە و باوکسالارانە و پێداگری لەسەر هەمان سیاسەتی ڕژیمی پەهلەوی کە لە دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیشدا ڕەنگی داوەتەوە، لەگەڵ خواست و ڕاستییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگا نایەتەوە. سەرەڕای هەموو زەخت و گوشارێک، کۆمەڵگەی مەدەنی خۆی ڕێکخستووە و خواستگەلی بنچینەیی و سەردەمیانەی هەیە کە ڕوو لە پێشکەوتن و داهاتوویە، ئەمەش لەگەڵ ڕۆحی ئەم کردەوانە بەریەککەوتنی هەیە. بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بناغەکانی هەڵاواردن و باوکسالاری و پیاوسالاری کردە ئامانج و پێداگری لەسەر ڕێبەریەکی ستوونی و تاکگەرا و چەقبەستوو لەگەڵ ئەم داینامیزمە ناتەبایە. کەلێنی دەوڵەت و نەتەوە قووڵتر بووە، سیاسەتی یەک نەتەوە و یەک زمانە فەشەلی هێناوە و گوتاری ئێرانێکی فرەچەشن و فرەنەتەوە و فرەزمانی پەرەی سەندووە. ڕێژەی مامناوەندی تەمەنی دانیشتووانی ئێران ٣٥ ساڵە و بەواتایەک زۆربەی حەشیمەتی ئێران گەنج و لاون. نەسلی نوێ ملکەچی زۆرداری نابێ و بە دوای خواستگەلێکی ئەمڕۆیی و دێمۆکراتیکەوەن کە ئیختیار و ئازادی بڕیاردانیان بۆ فەرمی بناسێت.
گردبوونەوەی مونیخ لە دەرەوەی وڵات و لەسەر دەستی دانیشتووانی دیاسپۆرا ڕێکخرا کە لەگەڵ کۆمەڵگەی ناوخۆ و ڕاستییەکانی سەر شەقام نامۆیە. ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی پێشوو سەلماندوویەتی جیاواز لە ناوچەگەلێک وەک کوردستان، هیچ لایەنێکی ئۆپۆزیسیۆن پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی لەگەڵ کۆمەڵگەی ناوخۆ نییە. بەوتەی ڕابێرت پاتنام، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ سەرکەوتن پێویستیان بە سەرمایەی کۆمەڵایەتییە و ئەمەش لە متمانەی دوولایەنە، پێکهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی و هاوکاریی گشتیی پێکدێت نەک لە دەرەوەی وڵات و لەدوورەوە. خەڵکی ئێران متمانەیان بە دامەزراوە حکومییەکان نەماوە و بێ متمانەیی بۆ هەموو پێکهاتەیەکی حکومی شۆڕ بووەتەوە کە پێکهاتەی پاشایەتیش لەخۆدەگرێت. بەپێی هەندێک ڕاپرسی سەربەخۆ زیاتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی ناوخۆ بە نیسبەت ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە بێ متمانەن، هەر بۆیە ئەم جۆرە کردەوانە زیاتر لەوەی کاریگەری لەسەر ناوخۆ دانێت، لە شەوئافێکی میدیایی دەچێت. دیارە ئەم ڕاپرسییە کوردستان ناگرێتەوە کە خۆی داستانێکی جیاوازە و لە مەجالی دیکەدا دەبێ باسی لێوە بکرێ.
ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، لە ناوخۆ و دەرەوە لە ئاست سەرانسەری یان خۆجێیی بەسەر چەندین بەرەدا دابەش دەبن کە بەرچاوەکانیان بریتین لە دێمۆکراسیخوازان کە ناتوانن سێکۆلار نەبن، نەتەوە بندەستەکان و فێدڕالیستەکان، رێفۆرمخوازانی حکومی، چەپەکان، مەزهەبییەکان، ئێرانیانی ناوەندگەرا، ڕێکخراوی موجاهدین، مەشرووتەخواز و خوازیارانی سەڵتەنەت. هەرکام لەم لایەنانە جیاواز لەوەی لەسەر پێویستیی گۆڕانکاری کۆکن و زۆربەیان بانگەشەی دێمۆکراسی دەکەن بەڵام لەسەر چۆنایەتی و چەندایەتی گۆڕانکارییەکان ناتەبان. بەپێی مەرج و خواستە بنچینەییەکان، پاشایەتیخوازان جیا لە مەشرووتەخواز و ناوەندگەراکان، دژوارە لەگەڵ لایەنی دیکە ڕێککەون. لەڕوانگەی ڕابێرت داڵەوە، دێمۆکراسی فرەچەشن و لێکنزیکبوونەوە و یەکڕیزی هێزە سیاسییەکان بە بەشداری گشتیی، ڕکابەری سیاسی و ڕوونایەتی لە پرۆسە دێمۆکراتیکەکان گرێدراوە لەکاتێکدا پاشایەتیخوازان لەجیاتی پرۆسەتەوەری، تاک میحوەرییان هەڵبژاردووە. کۆدەنگی و یەکڕیزییەکی سەرکەوتوو پێویستی بە ڕێککەوتن لەسەر بنەما هاوبەشەکان، بەفەرمی ناسین و ڕێزگرتن لە روانگە جیاوازەکان و ڕەخساندنی بەستێنێک بۆ گفتگۆ و دیالۆگە. پاشایەتیخوازان بە بنەماگرتنی تاک لەجیاتی کۆ، لەدژی هەموو بنەما و بەها دێمۆکراتیکەکان وەستاونەتەوەو پەیوەندی و پێکهاتەیەکی ستوونییان لەجێگەی پەیوەندی و پێکهاتەی ئاسۆیی داناوە. وەها ڕابوونێک بەجێگەی سازکردنی بەستێنێک بۆ لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوە، کەلێنی نێوان لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن قووڵتر دەکا و دەبێتە بەربەست لەهەمبەر خواستی گەیشتن بە دێمۆکراسییەکی گشتگیر و هەمەپەسەند.
کێشەی سەرەکی دیکە نەبوونی ڕەواییە. ڕەوایی سیاسی لەڕوانگەی وێبێر بۆ سێ سەرچاوەی سوننەتی، کاریزماتیک و عەقڵانی-یاساییەوە دەگەڕێتەوە. لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا جۆری سێهەمی ڕەوایی واتە عەقڵانی-یاسایی سەرچاوەی سەرەکی بەدەستهێنانی ڕەوایی سیاسییە کە لەرێگای بەشداری و پرۆسەگەلی دێمۆکراتیک وەک هەڵبژاردن مسۆگەر دەبێت. پاشایەتیخوازان لەهیچ پرۆسەیکی دێمۆکراتیک و هەڵبژاردنێکدا بەشداریان نەکردووە، ئەگەرچی وای دەردەخەن ڕ.پەهلەوی بەبۆنەی باوکیەوە ڕەوایی سوننەتی هەیە بەڵام پێکهاتەی سیاسی ئێران ٤٧ ساڵ پێش ئەمە گۆڕدراوەو هێنانە گۆرێی ئەم فۆرمە لە ڕەوایی بێ مانایە. ئەم نەبوونی ڕەواییە کاتێک زیاتر دەردەکەوێت کە نەسلی نوێ هیچ ئەزموونێکی ژیاو و پەیوەندییەکی سۆزداری یان بیرەوەرییەکیان لە سەردەمی پەهلەوی نییە. قەتعنامەی کۆتایی ئەم گردبوونەوە لە کاتێکدا پەهلەوی وەک ڕێبەر ناودێر دەکا کە جیا لە پاشایەتیخوازان و لایەنگرانی خۆی، دەنگ و ڕای هیچ لایەنێکی دیکە لەبەرچاو نەگیراوە. بەشێکی زۆر لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێستای کۆماری ئیسلامی، جیا لە پاشایەتیخوازەکان، لە سەردەمی پەهلەویشدا هەر ئۆپۆزیسیۆن بوون. بە واتایەک ئەزموونی خەبات بە دژی هەردوو دەسەڵاتەکەیان لە کارنامەدایە و دیارە لە سیستەمێک کە خەباتیان لەدژی کردووە پاڵپشتی ناکەن. بەپێی دەرەنجامی ڕاپرسییەک لە ساڵی ١٤٠٢ کە لەلایەن ناوەندی گەمان بەڕێوەوچوو تەنیا ١٢ لەسەدی خەڵکی ئێران لەگەڵ گەڕانەوەی دەسەڵاتی پاشایەتین.
هەموو نیشانەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی بەرەو داڕمان و ڕووخان دەڕوا و شەڕی دەسەڵات و چۆنییەتی پێکهاتەی سیاسی داهاتوو لە ئێستاوە دەستیپێکردووە. کۆمەڵگەی فرەڕەنگ و فرەچەشنی ئێران لە نەتەوە و ئایین و ئایینزا و ئیدئۆلۆژی جیاواز پێکهاتووە. پێداگری لەسەر ڕێوەبەرییەکی ناوەندگەرا و چەقبەستوو بەواتای لەبەرچاونەگرتنی ئەم ڕاستییانەیە. بە وتەی فۆکۆ، دەسەڵات نە تەنیا لە دامەزراوەکان بەڵکوو لە گوتار و شێوازی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی خۆی دەبینێتەوە. بۆشایی گوتارێکی پێشکەوتنخواز و ئاگاییبەخش لە ئاست سەرانسەری ئێران، بەواتای سپاردنی داهاتوو بەدەست قەزا و قەدەرە. ئەو رێچکە و ڕێڕەوەی پاشایەتیخوازەکان گرتوویانەتە بەر، لە بۆشایی نەبوونی بلۆکێکی بەهێز کە زۆرینەی مومکین خۆی تێدا بوینێتەوەو مافە سەرەتاییەکان گەرەنتی بکا، بێ خەیاڵییەکی مەترسیدارە. پێویستە کردەوەگەلی لەم چەشنە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی ڕەگدار و دێمۆکراسیخوازەوە بەرپەرچ بدرێتەوە و هەتا کات لەبەردەستە، بە هێنانە گۆڕێی مۆدێل و پرۆژەگەلێکی گشتگیر و گونجاو، هەوڵی لەو چەشەنە پووچەڵ بکرێتەوە.