By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: پرسی ژنی كورد لە ئێران‌و لێكدانەوەی بارودۆخی خەباتی ژنان
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > Uncategorized @ku > پرسی ژنی كورد لە ئێران‌و لێكدانەوەی بارودۆخی خەباتی ژنان
Uncategorized @ku

پرسی ژنی كورد لە ئێران‌و لێكدانەوەی بارودۆخی خەباتی ژنان

ناوەندی ڕاگەیاندن
دوا ئاپدەیت: 2015/03/06 at 2:37 PM
ناوەندی ڕاگەیاندن
هاوبەشکردن
17 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن


پرسی ژن ئەمڕۆ یەكێك لە پرسە سەرەكیەكانی جیهانە‌و بەردەوام چالاكانی ژن‌و چالاكانی مافی مرۆڤ هەوڵ دەدەن بۆ كەم كردنەوەی جیاوازییە رەگەزیەكان‌و كەلێنی نێوان ژن‌و پیاو. بەڵام بە داخەوە لە ئێران بە هۆی بوونی رژیمێكی دژە ژن نە تەنیا رێگە بە چالاكانی ئەم بوارە نادەن بەڵكوو بەردەوام مافەكانی ژنان لە لایەن خودی دەسەڵاتەوە پێشێل دەكرێت. بە بۆنەی 8ی مارس رۆژی جیهانی ژن بە پێویستمان زانی ئاوڕێك لە دۆخی بزوتنەوەی ژنانی ئێران بە گشتی‌و ژنانی كورد بە تایبەتی بدەینەوە. كە لەم تەوەرە چوار چالاكی بواری ژنان هەر یەك لە بەرێزان فەریبا محەمەدی، ئیلهام چایچی، ماریا كارگەر‌و حەلیمە رەسوڵی بەشدارن.

4jn
1- لە روانگەی ئێوەوە بزوتنەوەی ژنانی ئێران لە چ ئاستێكدایە‌و تا چ رادەیەك توانیویەتی وەك بزاڤێكی ئەكتیڤ لە گۆڕەپانی ئێراندا حوزووری هەبێت؟

فەریبا محەمەدی: بزوتنەوەی ژنانی ئێران یەكێك لەو بزوتنەوە ئەكتیڤانەی كۆمەڵگای ئێرانە كە سەرەرای دۆخی نالەبار‌و سەپاندنی دواكەوتووترین یاساكان دژی ژنان‌و رێگرتن لە چالاكی‌و خەباتی ئەوان، بەڵام توانیویە بە سەر هەموو ئەو كۆسپ‌و تەگەرانە، زاڵ بێ‌و لە نێو باقی بزوتنەوەی كۆمەڵایەتیەكانی دیكە سەر هەڵبڕێت. ئاسان نییە لە وڵاتێك وەك ئێران بە بوونی رژیمی كۆماری ئیسلامی ژنان بتوانن هەوڵ بۆ دەستبەر كردنی مافەكانی خۆیان بدەن. هەر بۆیە من پێم وایە بزوتنەوەی ژنان لە ئێران سەرەڕای هەموو كەموكۆڕیەكانی بەڵام ئەكتیڤ‌و كارا بێت‌و بێ گومان ئەمرۆ لە قۆناغێكدایە كە ناكرێت نكۆڵیان لێ بكەن یان ئەوان بخەنە پەراوێزەوە. ئەگەر لە ساڵی 57‌و دوای راپەرین، ئەوە رژیمی كۆماری ئیسلامی توانی ئەوان لە مافە سەرەتایەكانیش بێ بەش بكات، بەڵام ئەمرۆ بە دڵنیاییەوە بەهاتنە ئارای هەر گۆرانكارییەك لە ئێران، ناكرێت هێزی ژنان‌و بزاڤەكەیان لەبەرچاو نەگیردرێت.

ئیلهام چایچی:بزوتنەوەی ژنانی ئێران بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی‌و هەمەلایەنەیە كە لە سەرجەم ژنانی نەتەوەكانی پێكهێنەری ئێران پێك هاتووە كە لە قۆناغە جیاوازەكاندا بۆ دەستەبەربوونی مافەكانیان‌و لەنێوبردنی هەر چەشنە هەڵاواردنێك خەباتیان كردووە. بە واتایەكی گشتی‎تر بزوتنەوە بۆ مەبەستێكی تایبەت وەك بەرگری‌و پەرەسەندن یان گەیشتن بە ئامانجگەلێكی تایبەت، لە لایەن بەرێوەبەرانی بزوتنەوە یان خودی خەڵكەكە بەسەر گروپەكان دابەش دەكرێت‌و رێك دەخرێتەوە. ئەم بزوتنەوەیە بێجگە لە تێكۆشان بۆ بەرژەوەندیی خۆی، هەوڵ دەدات فیكر‌و ئەندێشەی خۆی بناسێنێت، بەڵام ئایا ئێستا لە ئێران، كەش‌و هەوایەكی ئازاد‌و گونجاو بۆ وەها تیكۆشانێك بوونی هەیە؟ بە رای من شێوازی خەباتی ژنان لە ئێران ئاڵۆگۆرێكی یەكجار زۆری بەسەردا هاتووە، ئەگەر جاران بە شێوەی بزوتنەوەیەكی سەرانسەری‌و گشتی خەبات درێژەی هەبوو، ئێستا لە مەكتەبەكان، زانكۆكان، ناو بنەماڵەكان، بازار‌و دوكانەكان، شەقام‌و كۆڵانەكان بوونەتە گۆڕەپانی خەباتی مافخوازیی ژنان كە بە شێوەیەكی تاكەكەسی‌و یان گرووپەكانی بچووك، بە دژی دەسەڵاتی دژ بە ژنانی كۆماری ئیسلامی خەبات دەكەن.

حەلیمە رەسولی: یاساكانی كۆماری ئیسلامی‌و ڕوانگەكان‌و رەفتاری كاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە وای كردووە كە زۆربەی ژنانی ئێران بە كورد‌و لایەنەكانی دیكە لەو سیستەمە نارازی بن‌و بە پێی دەرفەت دەنگی خۆیان بەرز كەنەوە.   بە داخەوە لە ئێراندا هێج بزوتنەوەیەكی ماف خوازانە بۆی نییە كە ئاشكرا لە گۆرەپانەكەدا حزووری هەبێ، دیارە ئەو دیاردەیە بۆ ژنان لەبەر ئەوەی ژنن بەرچاوتریشە. لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی ئەو نیزامە لە ئێراندا باروودۆخی ژنان لە رووی یاساییەوە باروودۆخێكی دژوارە‌و ‌هەر لە سەرەتای هاتنە سەركاری ئەو ڕژێمەوە یاساگەلیكی زۆرتوند بە دژی ژنان پەسند كران بۆ نموونە دەتووانم ئاماژە بە حیجابی زۆرە ملێ بكەم كە تا‌ ئێستاش هەر بەردەوامە. لە نیزامی كۆماری ئیسلامی‌و ئیدارەی  كەلانی سیاسی، قانونی، ئاینی حزووری ژنان یان زۆر كەمە‌و تەنانەت مافی نییە  بۆ هەندێك پۆست خۆشێان كاندید بكەن، بۆ وێنە سەركۆماری. لە سەریەك لە لایەك ئازادی پێویست نییە‌و لە لایەكی دیكەش یاساكان بەربەست لە بەر دەم چالاكی‌و حزووری ژنان. لەگەڵ ئەوەی ژنان لە كۆماری ئیسلامیدا  مەجالییان پینادرێ بە ئازادی خۆیان سازمان بدەن‌و داخوازییەكانی سینفی ژنان بێننە گۆڕێ، بەڵام دیسانیش لە‌و دەرفەتانای كە بۆیان رەخساوە نیشانیان داوە كە شعور‌و تێگەشتنی ژنانی ئێران‌و عەقڵییەتی بزووتنەوەكەیان لە ئاستێكی بەرز دایە.

ماریا كارگەر: ڕاستە بزوتنەوەی ژنان لە ئێراندا بوونی هەیە‌و خاوەن مێژوویی خۆیەتی‌و لە پێناو بە دەستهێنانی مافەكانی كۆمەڵێك قوربانی‌و باجی داوە بەڵام پێوانی ئاستی چالاكی‌و ئەكتیڤ بوونی گرێدراوی ڕەنگدانەوەی ئەو چالاكییەتی كە لە چوارچێوەی داخوازییەكانی بزوتنەوەی ژنان لە ئێراندا بوونی هەیە‌و دەبێ ئەوە بپرسین كە ئایا بزوتنەوەی ژنان بە مەعنای واقیعی ووشە بوونی هەیە یان نا؟ دیارە بزوتنەوە كاتێك دەتوانین چەمكی ڕاستەقینەی خۆی بە بۆ بە كار ببەین كە كاریگەری لە سەر كۆمەڵگەو دەسەڵات‌و خۆدی ئەو چینەش دانابێت كە هەڵگری درووشمی داخوازییەكانیەتی. هەر بۆیە لە ڕووانگەی منەوە‌و بە پێی ئەو ڕەنگدانەوەی كە وەك ئاماژە بە منی چاودێر لە بەشی ژنان دا دەگات ئەو دڵخوازییەی كە من لە ئەو بزووتنەوەیە هەمە‌و چاوەڕوانی كردەوەیی كردنی هەنگاوەكانی بەرەو سەپاندنی مافە ڕەواكانیم ئەوە بە دی ناكەم چوونكوو لە واقیعدا نەیتوانیوە بە پێی ئەو هەل‌و مەرجەی ئێستا كە لە سەر جیهان حاكیمە‌و دنیای مۆدێڕنیتە‌و گەشەسەندووی تەكنۆلۆژیایە لانیكەم بەشێكی زۆرتری ژنانی كۆمەڵگەی ئێرانی بهێنایەتە نێو بزوتنەوە‌و ڕێكخستنی خۆی بە هێز كات كە بتوانێت كاریگەری لە سەر كلتووری پیاوسالارانەی ئێراندا هەبێت لێرە ئەوە ئەڵێم كە تا كاتێك ئەو ئەكتیڤ بوونە توانایی كاریگەری دانانی نەبێت لە سەر ئەو دەسەڵاتە كۆنەی پیاو سالارانەی وڵات ناتوانین ئاستی پێوانەیی بۆ ڕەزامەندی لە چالاكیەكانی دابنێن گەرچی ژنانیش‌و تایبەت بزووتنەوەی ژنانی ئێران لە ئێراندا مەجال‌و دەرفەتی كار‌و چالاكی ڕۆشنگەرانەیان پێنادرێت‌و تەنانەت ناتوانن وەك بزوتنەوەش خۆیان رێك بخەن‌و تا بگا بەوەی كە بیانەوێت سەربەخۆ بن‌و كاریگەر لە سەر گۆڕینی بیری كۆنەپەرەستانەی پیاوسالاری كۆمەڵگایان هەبێت.

 
2ـ تا چەند رێگا‎نەدان بە ژنان بۆ ئەوەی خاوەن رێكخراو‌و كۆمەڵی سەربەخۆ بن، كاریگەریی نیگەتیڤی لەسەر چالاكی‌و خەباتی ئەوان بۆ مسۆگەر بوونی مافەكانیان هەبووە؟

ئیلهام چایچی: نموونەی هەرەبەرچاوی ئەم بابەتە بارودۆخی ئێستای كۆمەڵگای ئێرانە كە بە هۆی نەبوونی ئازادی بۆ چالاكیی رێكخراوەكانی تایبەت بە ژنان كە بتوانن بە شێوەیەكی مەدەنی چالاكی بنوێنن، ژنان ناوەندێكی هاوبەشیان نیە كە لەوێ‌‎دا كۆببنەوە‌و لەسەر دۆزی ژن بە هاودەنگی‌و هاوفیكری بگەن. هەروەها رێكخراوەكانی ژنان یەكێك لە ناوەندە سەرەكیەكانی داكۆكی لە مافە مرۆییەكانی ژنانە، بردنە سەری ئاستی زانیاریی سیاسی‌و كۆمەڵایەتیی، ئامووزش‌و فێركاریی ، ناساندنی مافی ژنان‌و دەیان بابەتی دیكە كە لە ئەگەری دەست پێ‌ رانەگەیشتنی ژنان بەم رێكخراوانە، لێی مەحرووم‌و بێ‌بەش دەبن.

حەلیمە رەسوڵی: ئەگەر ژنان دەرفەتی ئەوەیان هەبێ كۆڕ‌و كۆمەڵ‌و ڕێكخراوی خۆیان دروست بكەن، زۆر ئاساییە كە زەمینە‌و بەستێنیش دروست دەبێت بۆ ئەوەی فەرهەنگ سازی بكەن بۆ داخوازێەكانیان لە كۆمەڵگادا. ئێران وڵاتێكی بەربەرین ‌‌و فرە ئایین‌و فرە نەتەوەیە‌و ژنانیش بە سەر ئەو فەرە چەشنییەدا دابەش بوونە‌و هەر بەشە جیاواز لەوەی كە وەك ژن  شتی هاوبەشیان هەیە، بێ گومان خوێندنەوەی سیاسی خۆشیان لە داهاتوی ئێران هەیە. بۆیە لە نەبوونی ئازادی سیاسی‌و كاری بە كۆمەڵ‌و بە یەكەوە پردی پێوەندی ژنانی ئێرانی لە گەڵ یەكتر لاوازە‌و ئەوەش شوینەواری نێگاتیڤی لە سەر چالاكی‌و خەباتی هاوبەشی ژنان هەیە.

ماریا كارگەر: هەر وەك چۆن باسم كرد كە لە ئێراندا بە تایبەت كە سیستەمی سیاسی دەسەڵات لە ئێراندا تا بووە سیستەمێكی پیاوسالارانەیە كا تا مۆخ‌و ئێسكی ئەو فەرهەنگە زاڵە كە ژن لە مۆتەمەلیكات‌و شتە تایبەتییەكانی پیاوە‌و وەك كاڵا سەیر كراوە كە كڕین‌و فرۆشتنی پێوە دەكرێت‌و ئەوەش لە ئایدیا‌و ڕۆحی یاسای حكومەتەوە سەرچاوەی گرتووە كە وەك فەرهەنگی گشتی باوی كردوو كە بە خوێندنەوەی ئەو شێوازە بیر كردنەوەیە‌و ئەو شێوازە دەسەڵاتداریەتیەی حاكم لە سەر ئێران ئەوەمان بۆ ڕوون ئەبێتەوە كە ژنان گەر ببن بە خاوەن رێكخراویش‌و مەجال‌و دەرفەتی چالاكیشیان پێبدرێت دیسانەوە لە سۆنگەی مۆڵكایەتیەوە دەرفەت وەردەگرێت كە لەو حاڵەتەدا باس لە سەربەخۆیی لە ئارادا نابێت. كاتێكیش كە سەربەخۆیی لە ئاردا نەبوو چالاكیەكانی ژنان دەچێتە ژێر ڕكێفی دەسەڵاتی پیاوسالارانەوە كە دیارە دەسەڵاتی پیاوسالار دیسانەوە هەمان سیستەمە كۆنەیە كە ژنی وەك كۆیلە‌و وەك كاڵا دەوێت‌و بە مۆڵكی خۆی دەزانێت.

فەریبا محەمەی: رێگەدان بە ژنان یان هەر چین‌و توێژێكی دیكەی كۆمەڵگە كە رێكخراو‌و كور‌و كۆمەڵی تایبەتی بە خۆیان هەبێت بۆ مسۆگەر بوونی مافەكانیان، زۆرتر‌و زیاتر بەستێن فەراهەم دەكات بۆ گەیشتن بە مافەكانیان. ژنان كە وەك نیوەی كۆمەڵگە لە مافە مرۆییەكانی خۆیان بێبەشن‌و لە گەڵ دابونەریت‌و كلتوری كۆن‌و پیاوسالاری‌و هەروەها یاسای دواكەوتووانە بەرەوروون، پێویستیان بە رێكخراوی تایبەت بە خۆیان هەیە تا بتوانن خواست‌و داواكاریەكانیان لەو رێگەیەوە بهێنە گوڕێ‌و لە هەمانكاتیش هەوڵ بدەن بۆ وشیار كردنەوەی هەموو تاكێكی كۆمەڵگە‌و بە تایبەتی خودی ژنان. رێكخراوەكانی ژنان دەتوانن دەنگی ژنان زیاتر بەرز بكەنەوە‌و هەروەها ببنە ئەهرۆم فشارێك بۆ سەر دەسەڵات ‌و ئەوان ناچار بكەن بە گۆرینی یاساكان بە قازانجی ژنان. نمونەی هەر بەرچاوی ئەمە هەرێمی كوردستانە كە سەرەڕای ئەوەی رەخنە دەگیردرێت كە لەمبارەوە كەم كاری هەبووە لە پرسی ژنان، بەڵام لە هەمانكاتیش ئەو واقعیتە لە بەرچاو بگرین كە بە هۆی چالاكی رێكخراوەكانی ژنان‌و لە سەر داوای ئەوان بە تایبەتی چەندین پرۆژە یاسا پێشكەشی پەرلەمانی كوردستان كراوەو چەندین یاسای گرنگ بە قازانجی ژنان پەسند كراوە وەك یاسای قەدەغە كردنی توندوتیژی خێزانی.

 
3ـ ژنی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان سەرەڕای لە ئارادابوونی بزوتنەوەی رزگاری‎خوازانەی گەلی كورد‌و بەشداری ژنان لەم بزوتنەوەیەدا، چەندە توانیویەتی بە قازانجی بزوتنەوەی ژنان هەنگاو هەڵبگرێت؟

حەلیمە رەسوڵی: بە گشتی وەزعی ژنانی كوردستان لە نێوخۆی وڵات باشتر لە شوینەكانی تر ی ئێران نییە‌و ‌ لەگەڵ دەیان بەربەست ‌و كێشەی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌ ڕوبڕویە. بەڵام لە هەمان كاتیش دا‌و سەرەڕای كۆمەڵیك گیر‌و گرفت،  ژنان بە شێوازی جۆراو جۆر له بزوتنەوی میللی‌و سیاسی كوردستاندا بەشدارن‌و چالاكییان هەیە‌.  تا ئەو جێگەیەی پێوەندی بە حیزبی دیموكرات هەیە ژنان لە ئاستی ڕیبەری حیزب‌و ڕیكخراوی یەكیتی ژنان‌و بوارەكانی دیكەی حیزب وەك ڕاگەیاندن، تەشكیلات، دیپلۆماسیو كۆمەڵایتی لێرە‌و لە دەرەوەی كوردستان چالاكن‌و  لە ڕادەی توانایی خۆیاندا دەوری بەر‌چاو‌ دەگێڕن‌.  بۆ ئەوەی ژنانی كوردستان باشتریش بتوانن بە قازانجی ئەو بزووتنەوەیە كار بكەن دەبێ تێبكۆشن كە هەمو ڕێكخراوەكانی ژنان جیاواز لە گرێدراوی حیزبی بە یەكەوە كار بكەن‌و كۆدەنگی ژنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە هێز بكەن‌و جێی بخەن. بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە وەك یەكیەتی ژنانی دیموكرات هەوڵی خۆمان داوە‌و لە داهاتوشدا كاری بۆ دەكەین. بە خۆشێوە ئێستا یەكگرتوییەكی باش لە نێوان ژنانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە سەر بە حیزبە سیاسیەكانن دروست بووە‌و لە زۆر بواریشدا هاوكاری‌و هەماهەنگیمان هەیە.

ئیلهام چایچی: هەم ئامانجی سیاسی‌و هەم ئامانجی كۆمەڵایەتی گرینگن‌و بەبێ‌ یەكیان ئەوەی دیكە مانایی نیە‌و مسۆگەر نابێت، هەروەها كە ئێوە ئاماژەتان پێدا ژنانی سەر بە حیزبەكان بە لەبەر چاو گرتنی ئەم گرینگیە هەم بۆ ئامانجی سیاسی‌و هەمیش بۆ ئامانجە كۆمەڵایەتیەكانیان هەوڵ دەدەن، زۆبەی هەرەزۆری ئەو ژنانە كە ئێستا بۆ یەكسانی خەبات دەكەن، لە باوەشی حیزبەكانیان فێری خەبات بۆ مافی خۆیان بوون، حیزبەكان فەزایەكی ئازادیان پێك هێناوە كە ژنان تێدا فێری بیركردنەوە دەبن، بۆیە خەباتی نەتەوایەتی بۆ بردنە سەری ئاستی زانیاری‌و شوناسی جینسی‌و ئینسانی بۆ ژنان پێویست‌و گرینگە.

فەریبا محەمەدی: ژنی كورد هەمیشە لە بزوتنەوەی گەلی كورد قوربانی داوەو شان بە شانی پیاوان لە خەباتی نەتەوەییدا بەشداری كردووەو بەرەورووی زیندان، ئەشكەنجە، ئیعدام‌و دەیان نەهامەتی دیكە بووەتەوە. هەر بۆیە بەشداری بەرچاوی ئەوان‌و ئەو هەموو قوربانیە بە پێی پێویست رەنگدانەوەی لە خەباتی بزوتنەوەی گەلی كورددا نەبووە، بۆیە ئەمە رەخنەیەكی جیدییە كە بۆچی بە پێی پێویست ئاوڕ لە پرسی ژن نەدراوەتەوە. هەرچەند كۆمەڵە یەكێك لەو حزبە پێشەنگانە بووە كە توانیویە لە دوای راپەرینی ساڵی 57 لە ئێران، رۆڵی گرنگ بگێرێت لە سەر پرسی یەكسانیخوازی لە كوردستان، بەڵام ئەمڕۆ دەبێ زیاتر لە جاران گرنگی‌و بایەخ بەم مەسەلەیە بدات‌و نەتەنیا كۆمەڵە بەڵكوو هەموو حزبە سیاسیەكانی كوردستان دەبێ پرسی ژن بخەنە ریزی یەكەمی ئەرك‌و خەباتی خۆیانەوە.  بە خۆشحاڵیەوە هەنووكە خودی ژنان چ لەناوخۆی وڵات‌و چ لە دەرەوەی كوردستان‌و چ لە نێو ریزی حزبە سیاسیەكاندا، ئەمرۆ زیاتر لە جاران هەوڵ دەدەن بۆ یەكدەنگی‌و یەكریزی خەباتی خۆیان، كە ئەمەش جێگای دڵخۆشییە‌و دەبێ بەهەموومانەوە پەرە بەم شێوە لە خەبات بدەین‌و لە سەرووی هەموو مەسەلە سیاسی‌و حزبیەكان بایەخ بە كاری ژنان بدەین. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین كە ئەمە دەسپێكێكی باش بۆ بە هێز كردنی بزوتنەوەی ژنی كورد.

ماریا كارگەر: دیارە كە باس كردن لە نەتەوەی كورد‌و بزوتنەوەی رزگاری خوازانەكەی لە ئێراندا پێشەنگ بوون لە خەباتی ئاشتی‌و بەرابەری‌و یەكسانی‌و دیموكراسی وە بیری هەمووان دێنێتەوە‌و بۆ دۆست‌و دوژمن ناسراوە‌و ڕۆڵی ژنان لەو بزوتنەوەش وەك خۆر ڕوون‌و تیشكدارە، باس كردن لە بزوتنەوەی ژنانی كورد باسێكی تایبەتە‌و شان بە شانی خەبات بۆ ئاشتەوایی‌و دیموكراسی‌و بە دەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی توانیویەتی گەشە بكات‌و ڕۆڵی گرینگی هەبێت بۆ بەرزكردنەوەی داخوازیی چینی ژنان‌و داكۆكی كردن لە مافەكانی‌و ئەو بزوتنەوانەی وەك سەكۆیەك بۆ دەربڕینی داخوازیەكانی بە كار هێناوە لە پاڵا یارمەتیدان بە خەباتی ڕزگاری خوازانەی كورد لە ئێراندا، گەرچی لە ئاستێكی ڕەزامەند دا نییە‌و ژنان لە جێگای شایستەی ئە بزوتنەوەانە دا نین بە پێی ئەو چالاكی‌و خەباتەی كە ژنان لە نێو ئەو ڕێكخراەانە دا هەیانبووە ئەویش دەگەڕێتەوەە بۆ هەمان كاریگەری كلتووری زاڵی پیاوسالارانە كە كۆمەڵگەی كوردی‌و پیاو‌و ژنی كوردیشی گرتووەتەوە.
4ـ دەور‌و رۆڵی حزب‌و رێكخراوە سیاسەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان سەبارەت بە پرسی ژن چۆن هەڵدەسەنگێن؟

فەریبا محەمەدی: هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێدا، ناكرێت نكۆڵی لە دەور‌و رۆڵی ئەوان بە تایبەتی كۆمەڵە بكەین، بەڵام ئەمە لەم قۆناغەی ئێستای كوردستان‌و ئێران ناتوانێت وڵامدەرەوە بێت، هەمیشە پرسی ژن وەك پرسێكی لاوەكی سەیر كراوەو خراوەتە پەراوێزی هەموو پرسە كۆمەڵایەتی‌و سیاسەكانی دیكەوە. كەمی رێژەی ژنان لە ناوەندەكانی دەسەڵات‌و بڕیاڕدانی حزبی‌و كەمرەنگ بوونی حوزوری ئەوان‌و یان رێگە نەدان بەوان لە پرسە گرنگەكان، خاڵێكی لاوازە. هەرچەند ئێستا هەموولایەك هەوڵ دەدات كە رێژەیەكی كەم لە ژنان ببەنە نێو سەركردایەتیەوە، بەڵام ئەمەش زیاتر لەم چەند ساڵەی دوایی دەستی پێكرد‌و هێشتا زۆر لە ئاستی پێویستدا نییە. ئەبێ هەموو چالاكوان‌و تێكۆشەرێكی كورد بزانێت كە بە بێ بەشداری ژنان‌و بە بێ بایەخدان بە پرسی ژن، ناتوانین لە داهاتوو خاوەن وڵاتێكی ئازاد‌و دیمۆكراتیك بین.

ماریا كارگەر: تا ڕادەیەك لە پرسیاری پێشتر دا ئاماژەم پێدا هیچ جێگای ڕەزامەندی نییە‌و ئەوەی كە ئێمە لە قۆناخی ئێستا دا دەیبینین تەنیا شتێكی فۆرمالیتە‌و ڕووكەشە كە دیارە كە زەینیەتی زاڵ بە سەر ڕێكخراوەكانی ڕوژهەڵاتی كوردستاندا زەینییەتێكی پیاوسالارانەی تەواو نییە بەڵام لە ناخی خۆی دا هەمان سەرچاوە خۆراكی بیر‌و هزری دەدات‌و نەیتوانیوە خۆی لەو چەمكە بپارێزێت‌و بەتەواوێتی خۆی ڕزگار كات‌و بەشێكی تریشی دەگەڕێتەوە بۆ خودی ژنان كە نەیانتوانیووە ئەوە بكەنە واقیع‌و ڕاستی لە كردەوەی حیزبەكاندا.
ئیلهام چایچی: شك لەوەدا نیە كە دەورێكی گرینگ‌و شوێندانەریان هەیە، بەڵام ئایا هەموو حیزب‌و رێكخراوە سیاسیەكان پرسی ژن وەك پرسێكی ئینسانی دەبینن؟ زۆربەی حیزبە كوردی رۆژهەڵاتیەكان لەو بوارەیەوە هەنگاوی باشیان هەڵگرتووە، بەڵام ئێستاش ناتوانین بڵێین فلان حیزب بە تەواوی پرسی ژنانی چارەسەركردووە.

حەلیمە رەسوڵی: بێ مافی‌و پرسی ژن كێشەیەكی لە مێژینەی كۆمەڵایەتیە كە پێویستی بە گۆڕانكاری بەرچاوی فەرهەنگی‌و قانونی‌و خێزانی كۆمەڵگای ئێمە هەیە. بێ گومان حیزبەكان دەتوانن هاندەر‌و دەست پێشخەری ئەو گۆڕان‌و پڕۆسەیە بن. بە بە خۆشێوە‌ ماوەی چەند ساڵێكە كە حیزبەكانی رۆژهەلاتی كوردستان پتر لە ڕابردوو گرینگی دەدەن بە پرسی ژنان ، كە ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر ئەو ڕاستییە كە حیزبەكان تێگەیشتوون‌و دەركیان كردووە كە خەبات كردن بە بێ رۆڵ‌و حزووری ژنان كامڵ نابێت‌و تەواو گەشە ناكات. حیزبەكان دەبێ تێبكۆشن كە فەرهەنگسازی  پێویست بكەن‌و زەمینەی لەبار بۆ  كار‌و چالاكی ژنان برەخسێنن‌و بەو جۆرە ژن‌و پێاو بێ جیاوازی‌و هەڵاواردن بە یەكەوە كار بكەن. ژنانیش دەبی پتر مایە لە خۆیان دابنین‌و ئەرك‌و بەرپرسایەتی قەبووڵ بكەن. لە سەر یەك من زۆر گەش بینم‌و پێم وایە بە هەوڵ‌و تێكۆشانی ژنان‌و پیاوان بە یەكەوە دەتوانین كۆمەڵگای خۆمان لە پێناو یەكسانی ژن‌و پیاوادا بگۆڕین.

ناوەندی ڕاگەیاندن 2015/03/06
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر ڕۆڵی ژنان له خه‌باتی چه‌وساوه‌کاندا
بابەتی دواتر کردستان و بهمن 57 / رضا کعبی

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?