کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان
ئەمڕۆ ١٠ی خاکەلێوە ٧٤ ساڵ بەسەر شەهید بوونی پێشەوا قازی محەمەد سەرۆک کۆمار و دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، ئەبولقاسمی سەدری قازی، مۆحەمەدحوسەین خانی سەیفی قازی تێدەپەڕێ.
٧٤ ساڵ لەمەوبەر پێشەوا و هاوڕێیانی لە مەیدانی چوار چرای مەهەباد لە لایەن رژیمی پەهلەوییەوە لە سێدارە دران و گیانی ئازیزیان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی کۆماری کۆردوستان و گەلی کورد و کوردستان بەخت کرد.
ىڕیاری لە سێدارە دانی پێشەوا و هاوڕێیانی لە دادگایەکی سەربازیی ناجوامێرانە و نادادپەروەرانەدا لە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٥ دەرکرا و بە داخەوە ئەم بڕیارە و شەهید کردنی پێشەوا کۆسپێکی گەورەی خستە بەردەم ڕەوتی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی کورد بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجی رزگاری نەتەوەیی و لە بار چوونی کۆماری پیرۆزی کورستان.
دیارە رژیمی دیکتاتۆری پەهلەوی بە باشی دەور و نەخشی پێشەوا و هاوڕێیانی لە نێو بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد داهەست پێ کردبوو و بە مەبەستی لە بەین بردنی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کە ئەوکات لە کوردستان و هاوکات لە ئازەربایجانیش لە گۆرێ بوو دەستی دایە هێرش بۆ سەر هەر دووک بەشەکە و بە داخەوە و لە ڕێگەی بەرگری نەتەوەیی نەتەوەکەمان دا پێشەوا و هاوڕێیانی گیانی خۆیان کردە قۆربانی ئەم ڕێگە پیرۆزە.
دروستبوونی کۆماری کوردستان لە کات و ساتێکدا بوو کە بە هۆی شەری دووهەمی جیهانی بۆشایەکی گەورە لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئێران پێهاتبوو و لە هەمان کاتیش دا هەستی نەتەوایەتی لەو سەردەم دا بە باشی گەشەی کردبوو کە دەوری کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد ( کۆمەڵەی ژ.ک) نابێ و ناکرێ لەبەر چاو نەگیرێت. پێشەوا و شۆرشگێرانی ئەو کاتی کورد بە لێکدانەوەیەکی دەقیق و قۆستنەوەی هەلی گونجاوی ئەو سەردەم، کۆماریان ڕاگەیاند و لە ماوەیەکی کەم دا توانییان پشتیوانی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان وەدەست بێنن و تەنانەت پشتیوانی ڕێبەر و کاریزمای ناسراوی کوردستانی باشور مەلا مستەفای بارزانیشیان بەرەو کۆماری کوردستان راکێشا.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستان ئێران دووپات و چەند پاتی دەکاتەوە کە درێژەدەری ڕێگەی پیرۆزی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێیانی و هەموو شەهیدانی سەربەرزی کوردستانە و ئەزموونە بەنرخەکانی وەک چرای ڕێنوێنی بزووتنەوەکەمان دەبینێ و کەڵکی لێوەردەگرێ، هەوڵ دەدا بە تەبایی و یەکدەنگی هەرچی زیاتری نێوان هێزە کوردییەکان، ئاواتی پیرۆزی پێشەوا قازی محەمەد و هەموو شەهیدانی کوردستان بە ئامانج بگەیەنە و رزگاری و ئازادی بۆ گەلی کورد وەدی بهێنێت.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی
پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ساڵوەگەری لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێیانی
