بەشداریی هەیئەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە کۆنفڕانسی ساڵانەی پاڕتی کرێکارانی بریتانیا،
ڕۆژانی یەکشەممە تا چوارشەممە ٢٨ی سپتامبر تا ١ی مانگی ئۆکتۆبر پاڕتی سۆسیال دێمۆکڕاتی بریتانیا کۆنگرەی ساڵانەی خۆی لە شاری لیوێرپول بەڕێوە برد.
ئەم کۆنفڕانسە چالاکییەکانی لە ژێر دروشمی پتەوتر کردنی یەکڕیزیی حیزبی لە پێناو خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو وە هەروەها بەربەرەکانێ لە هەمبەر ڕاستگەرایی بەڕێوە برد. کۆنگرەی لەیبەر پاڕتی یەکێک لە کۆبوونەوە سیاسییە گەورەکانی ئورووپا مەزەندە دەکرا کە لەوێدا سێ بابەتی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، تەوەری سەرەکی باس و لێدوان و بڕیاڕەکان بوون.
کۆنگرە بە بەشداریی باڵوێزی وڵاتان و زۆربەی حیزبەکانی هاوپەیمان وە هەروەها سیاسەتوان و دیپڵۆماتکاران بەڕێوە چوو.
لەم کۆنفڕانسەدا بۆ چەندین بابەتی جۆراوجۆر وەک “مافی دادپەروەری کۆمەڵایەتی” و “ژیانی باشتر و خۆشتر” هەروەها مافی یەکسانی، وتارو پانێل تەرخان کرابوو، لەوانە: پێدانی گرێبەستی خێرا بە فەرمانبەران و کرێکاران، پێدانی گرێبەستی هەمیشەیی بۆ کرێنشینان، دابین کردنی ئاسایش و ئیمکاناتی زیاتر لە خوێندنگەکان بەتایبەت سەرەتایی وە دەیان بابەتی دیکە لە سەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی بریتانیا.
لە پەنا هەوڵ بۆ باشتر کردنی یاساکان لە پێناو ئاسایش و ژیانی باشتری هاوڵاتیان، چەندین سیمیناریش لە سەر دۆخی وڵاتانی دیکە وەک فلستین و ئۆکڕاین بەڕێوە چوو.
لە ساڵۆنەکاندا بە دەیان وۆڕکشاپ لە لە سەر بابەتی جۆراوجۆر وەک ژنان، جەوانان، یەکێتی کرێکاران، ژێنگە پارێزان و … ڕوونکردنەوە بە بەشداربووان دەدرا.
ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە دیاری کرابوو بۆ میوانانی نێونەتەوەیی بەم بۆنەوە لە لایەن کۆمەڵەی شۆڕشگێڕەوە هاوڕێیان کەیوان فەرامەرزی و شەیدا حەیدەری بەشداریی کۆنفڕانس بوون.
لە میانەی کۆنگرەدا هاوڕێیانی کۆمەڵە چەندین دیدار و چاوپێکەوتنیان لە گەڵ میوانانی نێونەتەوەیی و بەرپرسانی حیزبی ئەنجامدا و باس و لێدوانیان کرد لە سەر دۆخی ئێستای ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی.
پاڕتی کرێکارانی بریتانیا یەکێک لە پارەتە قەدیمییەکانی پێشکەوتوخوازە لە ئورووپا کە نیزیک ١٢٥ ساڵە خەبات دەکات و ئێستا لە بریتانیا حکومەتی بەدەستە، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە ساڵی ٢٠١٣وە لە تەک لەیبەرپارتی هاوپەیمانە و ساڵانە وەک پاڕتی دەستەخۆشک بانگهێشتی کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەکرێ.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
دەفتەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان
١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ی زایینی
٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی
