رۆژنامەی”واڵ ستریت ژۆرناڵ” لەسەر زاری سێ دیپلۆماتی نێودەوڵەتییەوە دەڵێ چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کۆمەڵێک بەڵگە و دێکۆمێنتی نوێیان لەبابەت چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستکەوتووە کە ئێران لە رێگای ئاگادار نەکردنەوەی چاودێرانی نێودەوڵەتی هەوڵی شاردنەوەی ئەو چالاکییەی داوە، ئەم کارەش کۆمەڵێک پرسیاری لای ئەو چاودێرانە ورووژاندووە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لەو بابەتەوە بڵاوکراوەتەوە،ئەو دیپلۆماتە نێودەوڵەتییانە کە ناویان ئاشکرا نەکراوە رایانگەیاندووە ئەو نموونانەی لە پاییزی ئەمساڵدا لە دوو ناوەندی ئەتۆمی ئێران هەڵگیراونەتەوە مادەی رادیۆئەکتیویان تێکەڵ بووە کە نیشانی دەدا ئێران لە بواری دەستراگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بە نهێنی و دوور لە چاوی چاودێرانی نێودەوڵەتی سەرقاڵی چالاکیی نایاساییە.
شایانی باسە هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی تەتۆمی لەوبارەیەوە هیچ راپۆرتێکی بۆ شورای ئەمنییەت نەناردووە و چاوەرێی وەڵام و روونکردنەوەی دەوڵەتی ئێرانە لەو بارەیەوە.
لە لایەکی ترەوە هەتا ئیستا حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە بابەت ئەم پرسەوە هیچ کاردانەوەیەکی نەنواندووە.