مەجیدی تەختی ڕەوانچی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەیەک بۆ ڕۆژنامەنووس و میدیاکارانی ئێرانی باسی لەوەکردووە کە کۆشکی سپی پەیامەکانی تارانی بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان پشتگوێ خستووە . بەپێی هەمان ڕاپۆرت، کازمی غەریب ئابادی، جێگری دووهەمی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، پێشتر و لە کۆبوونەوەیەکی هاوشێوەدا کە هەفتەی ڕابردوو لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە بەڕێوەچوو، ڕایگەیاندبوو کە ئەوان ١٥ جار بە شێوەی جیاواز پەیامیان بۆ واشنتۆن ناردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان لە لایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە پێنەگەیشتووە.
لە ئەگەری ڕاستبوونی ئەم وتانەی جێگرانی وەزیری دەرەوەی ئێران و پشگوێخستنی پەیامەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، یەکەمین لێکدانەوە دەتوانێ بارودۆخی نالەباری ئابووریی ئێران و هەوڵدان بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە نوێیە بێ. ئابووری ئێران لە دژوارترین هەلومەرجی مێژوویی خۆیدایەتی و مێژووی کۆماری ئیسلامی بارودۆخێکی لەوشێوەی بەخۆیەوە نەدیتووە. هەڵاوسان و دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی لەبەرامبەر دراوە بیانییەکان بەردەوامە و یەک دۆلاری ئەمریکا سەد هەزار تمەنی ئێرانی تێپەڕاندووە. ئەوەی کە ئێران ١٥ پەیامی ناردووە و هیچ وەڵامێکی وەرنەگرتۆتەوە، ئەوە نیشان دەدات کە تاران لە بارودۆخی ئێستادا زیاتر لە واشنتۆن پێویستی بە کردنەوەی کەناڵەکانی دیپلۆماسی و گفتوگۆ هەیە. ئەم ئەگەرە بەهێزە ، لەبەرئەوەی کە چەندین سیگناڵ و کاردانەوەی هاوشێوە لەم چەند ڕۆژەشدا هاتۆتەئاراوە. بۆ نموونە ئیسماعیلی بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دووشەممە لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیەن ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئامادەیە پیتاندنی ئۆرانیۆم بە سێ پۆینت شەست و حەوت لەسەد بگەیەنێ، بەمەرجێک ڕێگە بە ئێران بدرێت لە ناوخۆی ئێران پیتاندنی ئۆرانیۆم ئەنجام بدات. سێ و شەست و حەوت هەمان ڕێژە و ئاستی دیاریکراو بۆ پئتاندنی ئۆرانیۆم لە ڕێککەوتننامەی بەرجامە و بەڵام لە ئێستادا وڵاتانی ڕۆژاوایی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە نابێ لە ناوخۆی ئێراندا پیتاندنی ئۆرانیۆم ئەنجام بدرێت. لەم سیناریۆیەدا ئەمریکا کاتێک دەچێتە ناو دانووستانەکانەوە کە هەست بکات لایەنی بەرامبەر بەرەوڕووی فشاری گەورە بۆتەوە و لە دۆخێکی لاوازدایە. نەبوونی وەڵام دەتوانێت ئاماژە بێت بۆ ئەوەی ئەمریکا پەلە ناکات لە دانووستان و دەیەوێت زۆرترین ئیمتیاز بەدەست بهێنێت.
لە لایەکی ترەوە و لە سیناریۆیەکی تردا لەوانەیە بەردەنگی ئەم پەیامانە ڕای گشتی ناوخۆیی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لە ئاراستەی پڕوپاگەندە و نمایشێکی میدیایی بێ . بۆ ئەوەی نیشان بدەن کە ئێران لەهەوڵدایە ناکۆکییەکان کەم بکاتەوە و ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەتۆمی و ئەوە لایەنی ئەمریکایە کە ئامادە نیە. لەم جوارچێوەدا کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ فیگۆڕێکی ئاشتیخوازانە لە خۆی نمایش بکات و بەرپرسیاریەتی بارودۆخەکە بخاتە ئەستۆی لایەنی بەرامبەر.
گریمانە و ئەگەرێکی تر ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بیهەوێ بۆنی دەمی ئەمریکا تاقی بکاتەوە و دەکرێت ئەم هەنگاوە هەوڵێک بێت بۆ پێوانەکردن و هەڵسەنگاندنی ڕادەی ئامادەیی واشنتۆن و تێگەیشتن لە هەڵوێستی نوێی ئەمریکا. لەبەرامبەردا ڕەنگە وەڵامنەدانەوەی واشنتۆن ئاماژە بێت بۆ ئامادەنەبوونی ئێستایان بۆ دەستپێکردنی دانووستانە ڕاستەوخۆکان. پێدەچێت ئەمریکا بەدوای ئەوە بێت کە سیگناڵی ڕوونتر لە تارانەوە وەربگرێت یان چاوەڕێی ئەوە بکات کە بە ئیستراتیژی و پلانێکی تایبەتترەوە بچێتە ناو دانووستانەکانەوە. لە دیپلۆماسییدا، پشتگوێخستنی پەیامەکان دەتوانێت لە خۆیدا جۆرێک بێت لە پەیام و واشنتۆن دەیەوێت نیشانی تاران بدات کە تەنیا لە حاڵەتێکدا ئامادەیە گفتوگۆکان دەستپێبکاتەوە کە گۆڕانکارییەکی گەورە و بەرجەستە لە ڕەفتارەکانی تاراندا ڕووبدات. ئەم تاکتیکە بەشێکە لە ستراتیژی فشاری ناڕاستەوخۆ، بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەر زیاتر چالاک بێت.
وردەکاریی ئەم پەیامانە واتە ناوەڕۆک، کات و کەناڵەکانی گواستنەوەی پەیامەکان ئاشکرا نەکراون و ئەم ناڕوونییە دەتوانێت بەشێک بێت لە یارییەکی دیپلۆماسی کە هەردوولا بە وریاییەوە ئەنجامی دەدەن.
هەڵوێستی حکومەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تایبەت لە دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ، ڕەفتار و هەڵوێسێکی چەند جەمسەرییە و ئەویش خۆی لە زۆرترین فشار و هاوکات ئامادەیی بۆ دانووستاندا دەبینێتەوە. ئیدارەی ترەمپ هەر لە یەکەمین هەنگاوەکاندا فشارەکانی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی کاراکردەوە. ئەم فشارانە بریتی بوون لە سزای بەرفراوانی دارایی، بانکی و نەوتی لە دژی ئێران و ئامانج لەم گوشارانەش ناچارکردنی تاران بە قبووڵکردنی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەی وەک بەرنامەکانی ئەتۆمی، مووشەکی و چالاکییە ناوچەییەکان بووە. هاوکات و هەر لەو پێوەندییەدا، فەرەنسا، ئەڵمان و بریتانیا لەم دواییانەدا “میکانیزمی ماشە یان سناپباک”یان چالاک کردووە بۆ گەڕاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەم ڕێوشوێنەش بە پاڵپشتی و ڕەزامەندیی ئەمریکا ئەنجام دراوە و ئەمەش دەتوانێ گوشارە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران زیاتر بکات. سەرەڕای ئەم گوشارانە، بەرپرسانی ئەمەریکا و لەوانە مارکۆ ڕوبیوی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە واشنتۆن ئامادەیە ڕاستەوخۆ دانیشتن لەگەڵ ئێراندا بکات. ئەوان پێیان وایە چالاککردنی میکانیزمی ماشە دژی دانیشتن و دیپلۆماسی نییە، بەڵکوو دیلۆماسی بەهێزتر دەکات. ئەم پەیامەی ڕۆبیۆ ئەوە دەردەخات کە ئەمریکا بەدوای دانووستاندا دەگەڕێت، بەڵام دەیەوێت تاران لەژێر فشاردا بێت و بە هەڵوێستێکی لاوازترەوە بچێتە ناو گفتوگۆکانەوە.
ترەمپیش بە شێوەیەکی شەخسی و چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە دانووستان لەگەڵ ئێران بکات بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی، لە هەمان کاتدا هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە ئەگەر دانووستانەکان بە سەرەنجامی شیاو نەگەن، بژاردەکانی تر لەبەرچاو دەگیردرێن.
نیشانەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان بەرەوڕووی ئاستەنگی جددی بوونەوە. لە لایەک کاربەدەستانی ئێران و لەوانە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دانووستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ڕەت دەکەنەوە و لە لایەکی تریشەوە باس لە ناردنی پانزە پەیام بۆ دانیشتن و دانووستان دەکەن !
دۆخی ئێستا باس لە چەقبەستوویی دیپلۆماسی و بنبەست دەکات. ئێران دەڵێت ئامادەیە بۆ دانووستان و ئەمریکا وەڵامی ناداتەوە، لەکاتێکدا ئەمریکا دەڵێت ئامادەیە بۆ دانووستان و بەڵام ئێران داواکارییەکانی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە. ئەم دژوازییانە دەتوانێ بەو ماناش بێ کە هەردوو لایەن هەڵوێستی بەرامبەریان دەپێون و چاوەڕێی ئەوە دەکەن بزانن کام لایەن یەکەمجار خۆی بەدەستەوە ئەدات.
دووبارەخوێندنەوەی پرۆسەی قەیرانی ئەتۆمی ئێران نیشانی ئەدات کە کۆماری ئیسلامی لە ڕابردوودا هیچ کات هەنگاوی جدیی لە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکاندا هەڵنەگرتووە و پرۆسەکەی لە ئاراستەی کوشتنی کاتدا بەڕێ کردووە. ئەمریکا و ڕۆژاواش دەستی ئێرانیان خوێندۆتەوە و زۆر بەباشی ئاگاداری ئەم تاکتیکەی حکوومەتی ئێرانن. هەربۆیە زۆر لێکۆڵەر و چاودێری سیاسی پێیانوایە کە دانووستان لە ئیستراتژی ئەمریکادا هیچ جێگە و پێگەیەکی نەماوە و فاکتی ئەوان بۆ ئەم بانگەشەش ئەوەیە کە ئەمریکا لە میانەی دانیشتنەکانی لەگەڵ ئێراندا پەلاماری کۆماری ئیسلامیی دا و ناوەندە ئەتۆمییەکانی بۆردومان کرد.

