کەمێک زیاتر لە مانگێک لەمەوبەر و دوای گورزە کوشندەکانی ئیسرائیل لە حەماس و حیزبوڵڵا و کوژرانی زۆرێک لە فەرماندە سەرەکییەکانی سوپای پاسداران لە سوریە و لوبنان و کوشتنی ئیسماعیل هانیە لە تاران و دواجار ڕووخانی بەشار ئەسەد و لەدەستدانی سوریە وەک گرینگترین ڕێگای گواستنەوەی لۆجێستیکی لە پڕۆژەی مێحوەری مقاوەمەتی کۆماری ئیسلامی و قوڵایی ستراتێژیک و گرینگتر لە هەموو ئەوانە کوژرانی ژمارەیەکی بەرچاو لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران و زانایانی ئەتۆمی، فەشلبوونی کەرەسەی بەرگری ئاسمانی لە ماوەیەکی کەم لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران، دارمان و خاپووربوونی بەرچاوی پێگەکانی پیتاندنی ئۆرانیۆم و ناوەندەکانی وەبەرهێنانی بۆمبی ئەتۆمی بە یارمەتی فرۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئامریکایی، خۆشاردنەوەی خامنەیی و زۆربەی کاربەدەستانی باڵای ڕژیم و دەرنەکەوتنیان بۆ ماوەی زۆرتر لە یەک مانگ دوای ئاگربەسەکەی ئامریکا، هەموو کەس لە یار و نەیار، لە هەموو ئاستێکی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەیی لە سەر ئەوە ساغ بوونەوە کە کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین حاڵەتی خۆیدایە بە درێژایی هەموو تەمەنی ٤٧ ساڵەی.
نیشانەکان و لێکەوتەکانی ئەم شکستە یەک لە دوای یەکانەی رژیم و پرۆکسییەکانی زۆر ئاشکرا و لە بەرچاوی هەموو چاودێراندا خۆی دەنواند. حیزبوڵڵا دەستی لە گەردەنکەشی و ملهووڕی هەڵگرتبوو و خۆی داوای ئاگربڕی لە گەڵ ئیسرائیل کرد، ئامادەبوو بکشێتەوە بۆ پشتی چۆمی لیتانی، هاوسەنگی ئەوەندە بە زیانی حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامی گۆڕدرابوو تەنانەت قسەی ئەوەش لە گۆڕێ بوو کە چەکەکانی ڕادەستی ئەرتەشی لوبنان بکاتەوە و ببێتە حیزبێکی سیاسی.. حیزبوڵڵا کۆنترۆڵی خۆی بە تەواوی لە فرۆکەخانەی لوبنان لە دەستدابوو دەوڵەتی لوبنان دوای ساڵەها توانی دەستی بە سەر فرۆکەخانەی بەیروت دا بگرێ و فرۆکەکانی ئێرانی و هاتووچۆی زۆر ڕەسمی نێردراوەکانی ڕژیمی بە وردی بپشکنێ و چەند جارێکیش دوڵارەکانی کۆماری ئیسلامی کە ئاشکرا بوو بۆ حیزبوڵڵای ناردبوو، دەستیان بە سەردا گیرا و هەرایەکی دیپڵۆماتیکی لە سەر سازبوو. بە دوای جەنگەکەش کاربەدەستانی ڕژیم سەلماندیان کە لە بۆمبارانەکانی ئامریکا دا پێگەکانی وەبەرهێنانی ناوکییەکەی زۆر بە چڕی زیانی گەورەیان بەرکەوتووە، ئەو جۆرە سەلماندنی ڕاستییەکان کە هەڵبەت زۆر چاوەرواننەکراو بوو لە کۆماری ئیسلامی نیشانەیەک بوو لە وەی کە ڕژیم نیگەرانی ئەوەش بوو کە ئەگەر بە پێچەوانە لێکەوتەکانی بۆمبارانەکان کەم بایەخ نیشان بدەن، لەوانەیە ئامریکا هان بدات کە گەڕێکی دیکە لە بۆمباران بۆ سەر ئەو ناوەندانە دەستپێبکاتەوە، بۆیەش بۆ گاڵتەی ڕۆژگاریش بێ ڕژیم و ترامپ قسەیان لە بارەی کاریگەری ئەو بۆمبارانە یەکی دەگرتەوە. لاوازی بەسەر ڕێتۆریک و دەڕبڕینی کاربەدەستانی ڕژیمیش شاردراوە نەبوو، عێراقچی وەزیری دەرەوە، لە وتووێژێک لە گەڵ تلەویزیۆنی فاکس نیوز کە نزیکترین مێدیای ئامریکایە لە ترامپ، زۆر گاڵتەجارانە دروێ کرد و پاساوی بێمانای هێنایەوە بۆ دروشمەکانی مەرگ و نەمان بۆ ئامریکا و ئیدیعای دەکرد کە کۆماری ئیسلامی هیچ هەوڵێکی بۆ سرینەوەی ئیسرائیل لە سەر نەقشەی جیهان نەداوە. لە هەمان کاتدا کۆماری ئیسلامی لە خەڵکی دیکە بە تامەزرۆتر بوو بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و تەنیا مەرجێ ئەوە بوو کە زەمانەتی دەوێ وەک جاری پێشوو کاتێک دانوستان لە ئارادایە نابێ هێرشی سەربازی بکرێتە سەری.
ئێستا دەبینین کە ئاڵوگۆڕێک لە وێژمان و ڕێتۆریکی ڕژیم بەدی دەکرێ. پێشتر داوای زەمانەتیان دەکرد بۆ دانیشتن لە سەر مێزی دانوستان، ئێستا داوای غەرامەت و قەرەبوو دەکەن بۆ ئەو زیانانەی بۆمبارانی فرۆکەکانی ئامریکا پێی گەیاندون. حیزبوڵاش هەڵوێستەکانی تووندتر بۆتەوە و بەرامبەر بە پەسەندکراوی مەجلیسی لوبنان کە تێیدا چەک تەنیا بە مافی هێزە سەربازییەکان و ئەمنییەتییەکانی دەوڵەت دەزانێ و حیزبوڵڵا بە پێی ئەو پەسەندکراوە دەبێ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت بکاتەوە ئێستا پاشگەزبوتەوە و لە دژی ئەو پەسەندکراوە وێستاوە.
بە دوای سەفەری قائانی بۆ عێراق بەرامبەر بە داواکاری پێشوو بەرامبەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی کە بریار بوو لە گەڵ سوپای فەرمی عێراق تێکەڵ بنەوە و بەوشێوەیە وەک هێزێکی سەربەخۆ و جیاواز بوونیان نەبێ، ئێستا قسەی ئەوە هاتۆتە گۆڕێ کە ئەو هێزانە، کە زۆریان پێوەندییەکی زۆر نیزیکیان لە گەڵ سوپای قودسی ئێران هەیە و بە ئێستاشەوە لە خۆپێشاندانە چەکدارانەکەیان و مەشقی سەربازی وێنەی خومەینی و خامنەیی هەڵدەگرن، وەک یەکەیەکی جیاواز لە سوپای نیشتمانی بە بوودجە و سیستەمی سەرکردایەتی و فەرماندەهی تایبەت بە خۆیان ڕاستەوخۆ لە ژێر فەرماندەیی سەرۆک وەزیران ڕێکبخرێن.
زۆر ئاشکرایە کە ئەوە نوسخەی عێراقی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە ئێرانە و بەو شێوەیە بە مەرجێک ئەو پێشنیارە جێبەجێ بکرێ، کۆماری ئیسلامی ئێران پێگەیەکی قورس لە کۆمەڵگای عێراق بۆ خۆی مسۆگەر دەکا. کاتێک ئەو نیگەرانییە زۆرتر دەبێ کە سەرنج بدەینە ئەوە کە هێزە بەوەکالەت و نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق کە لە ژێر ناوی حەشدی شەعبی یان هەمان “بەسیج ” چالاکی دەکەن، بە دوای هێرشە تێرۆریستییەکەی حەماس لە ئۆکتۆبر کەمترین زیانی بەرکەوتووە و تەنیا هێزێکی نیابەتییە کە سنووری هاوبەشی لە گەڵ ئێران هەیە. دەزگاکانی هەواڵگری و ئەو پاپۆڕ و کەشتییانەی بەرەو یەمەن دەرۆیشتن و بارکەیان چەک و چۆڵ بووە و دەستیان بەسەردا گیراوە ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ ئەوە کە ئێران هێشتا دەستی لە مێحوەرەکە هەڵنەگرتووە و خەریکە دووبارە پڕچەکیان دەکاتەوە.
پرسیاری سەرەکی شرۆڤە کردن و دیاریکردنی هۆکارەکانی ئەو تێهەڵچوونەوەی سەرلەنوێی کۆماری ئیسلامییە. کۆماری ئیسلامی دەزانێ تووشی شکستێکی ئابروبەرە بوو لە شەرە دوازدە ڕۆژەکەی خۆی لە گەڵ ئیسرائیل. نکۆڵی کردن لەو ڕاستییە تەنانەت بۆ شرۆڤەکارانی سەربەدەسەڵاتیش دژوار بوو و لە ڕۆژانی دوای ئاگربڕەکە بە دەیان لێکۆڵەر و شرۆڤەکار لە سەر شاشەی مێدیاکان لە ئێران ئەوشکستە گەورەیەیان دەسەڵماند هەرچەند هەڵوێستی کاربەدەستانی باڵای ڕژیم تا ڕادەیەک پاساوهێنانەوە بو ئەو شکستە ئابروبەرانە بوو. دوای کتوپڕ هەلوێستە فەرمییەکان و بەر لە هەمووکەس لە زمانی خامنەیی شکستە گەورە ئابروبەرەکە بوو بە سەرکەوتن و شابەیتی لێکدانەوەکانیش ئەوە بوو کە ئیسرائیل و ئامریکا بۆ ڕووخاندنی ڕژیم هاتبوون بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، ئێمە ماوین کەوابوو لە ئاکامدا ڕژیم سەرکەوتوو بۆوە و ئیسرائیل و ئامریکا دۆڕاوی ئەو جەنگەن.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا لە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سیاسی لە ئاستی نێو نەتەوەیی و ناوچەیی زۆر جار تووشی هەڵە بووە. هەم لە هەڵسەنگاندنی تواناییەکانی خۆی و هەم لە پێشبینی کاردانەوەکانی لایەنی بەرامبەر. ئایا ئەم جارەش ئەم هەلسەنگاندنە هەڵەیانە (اشتباە محاسباتی) تووشی کێشەیەکی دیکەی ناکا؟
هەڵە لە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە لە هاوکێشەکان و هاوسەنگییەکانی هێز لە نێوان دەسەڵات و خەڵکیش دەگرێتەوە. گەر مانەوە لە دەسەڵات تەنیا پێوەری شکست و یان سەرکەوتن بێت و پێوانەکانی دیکە وەک ڕادەستکردنی کۆنترۆڵی ئاسمانی وڵاتەکەت بە هێزی ئاسمانی وڵاتی هێڕشبەر حیسابی شکستی بۆ نەکەی، کوشتنی نزیک بە هەمووی ئەڵقەی فەرماندەیی و کادری باڵاترین زانایانی گەورەترین پرۆژەی دیفاعی بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوکی حیسابی شکستی بۆ نەکەی تەنیا بە هۆی ئەوە کە ئاڵقەی بەرتەسکی دەسەڵات لە جێگای خۆی ماوەتەوە. ئەگەر بە هۆی لێکدانەوە و شرۆڤەی هاوکێشەکانی ناوچەیی و نێونەتەوەیی وابزانی کە لایەنی بەرامبەر و لێرەدا بە تایبەت ئامریکا خەیاڵی ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەتی نیە، ئینجا یەک مەترسی سەرەکی دەمێنێتەوە واتە هێزی جەماوەری نارازی وەگیان هاتوو لە ژێر گوشاری بێمافی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەڵکشانی ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژی ئاستی هەژاری. وادەردەکەوێت کە کۆماری ئیسلامی مەترسی دەستپێکردنەوەی شەر لە گەڵ ئیسرائیل و چالاک کردنەوەی مێکانیزمی ماشە لە لایەن ترۆئیکای ئوروپا ئەگەر بە جیددیش وەربگرێ هێشتا پێوانیە ئەو دوو مەترسییە ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژیم، هەرچەند لاوازی دەکا و تووشی کێشەی ئەمنی و بە تایبەت ئابووری دەکا، بەڵام مەترسی و هەڕەشەی گەورە و سەرەکی بۆ مانەوەی ڕژیم لە لایەن خەڵک و جەماوەری نارازیەوە دێت. بەڵام بە بروای خامنەیی، بە پاڵپشتی دەزگای زانیاری و هێزە سەرکووتگەرەکان توانایی و پوتانسییەلی سەرکووت ماوە. بە بروای کاربەدەستانی باڵای رژیم ئەگەر توانای ئەوەیان نیە لە ئاسمانی ئێران بەرامبەر فرۆکەکانی ئیسرائیل پارێزگاری بکەن خۆیان ئەوەندە بە بێتوانا بەرامبەر بە خەڵک نازانن و دەتوانن هێشتا سەرکوتیان بکەن و بۆ چاوترسێنیش بێ لە سێدارەیان بدەن. جگە لەوە خامنەیی و ئاڵقەی سەرەوەی دەسەڵات پەرتەوازەیی و ناکارا بوونی ئۆپۆزیسیۆنیش دەبینن ولانیکەم بەوزوانە هەرەشەیەکی گەورە لە لایەن ئەوانەوە بۆ سەرخۆیان هەست پێناکەن. کوردستانیش هەنووکە بە تەنیایە و مەترسی مان و نەمان نیە بۆ سەریان.
ئایا ئەوە دەتوانێ سەرچاوەی ئەو متمانە بە خۆیە، هەرچەند ڕواڵەتیش بێ، کە کۆماری ئیسلامی لە هەڵسوکەوتی لە گەڵ پرسە گرینگەکانی ناوچەیی و نێونەتەوەیی لە خۆی پێشان دەدا؟ پرسیارەکەی دیکە ئەوەیە ئایا ڕژیم لە هەڵسەنگاندنی توانای خەڵک بۆ ئاخێزێکی گەورەی دیکە هەڵە ناکا؟ ئایا هیچ کات بیریان لەو حوکمە ناسراو و مەشهوورە نەکردۆتەوە کە لە سیستەمێکی تۆتالیتردا هەتا ١٥ خولەک پێش ڕووخان هەموو شتێک ئاسایی و نۆرماڵ دێتەپێش چاو و خۆی دەنوێنێ؟