رۆژی ٢٦ی گەلاوێژی ئەمساڵ(١٤٠٤ی هەتاوی) ژمارەیەک کەس و رێکخراوی بە نێو” رێفۆرمخواز” کە خۆیان لە ” بەرەی رێفۆرمخوازەکان”دا پێناسە دەکەن، بە بڵاوکردنەوەی راگەیاندنێکی دوورودرێژ و شرۆڤەی دۆخی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران، بۆ دەربازبوون لەو بنبەستەی کۆماری ئیسلامی تێی کەوتووە، نەخشەرێگایەکی ١١ خاڵییان بڵاو کردۆتەوە. یەکەمین دژوازی و پارادۆکسی راگەیاندنەکەی بەنێو رێفۆرخوازەکان ئەوەیە کە هەرچەند هەر لەسەرەتاوە و دواتر لە چەندین بڕگەی دیکەی راگەیاندنەکەیاندا بە رۆشنی باسیان لەوە کردووە کە گەڕانەوە بۆ خەڵک هەلێکی زێڕینە بۆ گۆڕانکاری، بەڵام بە هیچ شێوەیەک خەڵک وەک هێزی بزوێنەر و سەرەکی کۆمەڵگای ئێران بەردەدنگی نە رێفۆرمخوازەکان و نە راگەیاندنەکەیانە کە لە درێژەدا هۆکاری سەرەکی ئەم دژوازییە دەخەمە روو. لە راستیدا بەردەنگی پەیامی رێفۆرمخوازەکان دەسەڵاتدارانی ئێستای کۆماری ئیسلامییە کە لە روانگەی خۆیانەوە ئەم “نۆشداروو”یە بە قورگی قەیرانە سیاسی و دیپلۆماسی و ئەمنییەتییەکانی ئێستا دا بکەن و لە لایەکەوە رژیم لە مەرگی بێگەڕانەوەی دەرباز بکەن و لە لایەکیترەوە بوونی خۆیان بۆ دەسەڵات بنوێنن و بەمجۆرەش بناژۆخوازەکان لایەکیان لێ بکەنەوە. لە هەمانکدا رێفۆرمخوازەکان لەو راگەیاندنەدا گۆشەروانییێکیان لە ئامریکا و رۆژاوایە و ئەگەر بە ئاشکرا و بە زەقیش نەوێژرابێ بەڵام بێ مەیل نین پەیامەکەیان وەک دواتەڵقینی تەرمی کۆماری ئیسلامی خوێندنەوەی بۆ بکرێ و ئەوان وەک میراتگرانی بەرحەق و رەوای کۆماری ئیسلامی بناسێندرێن و رووی قسەیان تێبکرێ.
هەرچەند وێدەچێ بێجگە لە سەرهەڵدانی ناکۆکی نێوان پاوانخوازانی دەسەڵاتدار بە تایبەت پاش شەڕی ١٢ رۆژە و گرفتاربوونیان لە گێژاوی ئاڵۆزی و کێشمەکێش و هەرەشە و گوشارەکانی سەریان و، پاش هیوابڕاوبوونیان لە مەسعوود پزشکیان کە وەک گۆچانی سێحراوی دەستی مووسا لێیان دەڕوانی ،رێفۆرمخوازەکان ئەو راگەیاندنەیان وەک بەردێکی کوێرانە هاویشتبێتە گۆمی لێڵی دەسەڵاتداران، بەڵام نەک هیچ سکڵی هیوایەکی بۆ نەگەشاندنەوە بەڵکوو لە لایەن ئاڵقەی نزیکی خامنەیی و تەنانەت لە لایەن بەشێک لە هاوبیرانی خۆشیانەوە درانە بەر تانە وتەشەر ونێووناتۆرەی خراپ و بۆختانی ئەمنییەتیشیان پێوە لکاندن.کاتێک چاو لە جۆر و زمانی هێرشی سەر ئەم راگەیاندنە دەکەین، وەک درێژەدەرانی پرۆژەی ترامپ و داردەستی ئیسراییل و خەیانەتکار کە هەر لە حوسەین شەریعەتمەداری کە وەک دەست و قەڵەمی خامنەیی دەناسرێ هەتا باقی پاشماوەکانی ئەڵقەی گوێ لەمستی خامنەیی دەیڵێن،دەقیقترین و واقیعبینانەترین رەخنە و کاردانەوە هی هاوبیرانی خودی نووسەرانی راگەیاندنەکەیە کە ” نەناسینی کات”ە. لە روانگەی بەشێک لە رێفۆرمخوازەکانەوە رێفۆرمخوازی رەسەن و راستەقینە ئەو رێفۆرخوازەیە کە درک بە مەترسییەکانی سەر دەسەڵات و ئەگەری مان و نەمانی کۆماری ئیسلامی بکات.لەراستیدا هەر ئەم هەست بە مەترسیکردنەی بە نێو رێفۆرمخوازەکان کە دەرخەری رووی راستەقینە و ستراتیژی رەوتی ئیسلاحخوازی هەر لەسەردەمی خاتەمی ” شێخی ئیسلاحات”وەیە شابەیتی خستنەپەراوێز و ریسوابوونیان لە نێو جەماوەری گۆرانخوازی ئێراندا بوو هەروەک لە سەرەوە ئاماژەی پێدرا هەر ئەم تفکردنەوەی سیاسەتی رێفۆرمخوازە ئیسلامییەکانی نێو دەسەڵات و جیاکردنەوەی ستراتێژی بزووتنەوەی جەماوەری لە لایەن چالاکان و کۆی گشتی جەماوەری نارازی هۆکارە بۆ ئەوەیکە بەرەی رێفۆرمخوازەکان جەماوەری خەڵک نەکاتە بەردەنگی پەیامەکەی خۆی.
ئەگەر هێندێک وردتر لە رەخنەی بەشێک لە خودی ئیسلاتەلەبەکان کە ئەویش” نەناسینی کات”ە بڕوانین بە باشی لەوە تێدەگەین کە لە روانگەی ئەوانەوە دەقیقترین و دروسترین تێبینییە لەسەر راگەیاندنی بەرەی ئیسلاحات. شابەیتی راگەیاندنەکە گەڕانەوە بۆ خەڵک و ئاشتەوایی میللی و گۆرانکاریی ریشەیی لە ناوخۆیە سەبارەت بە دەربازبوونی لە قەیرانە نێوخۆییەکان. ئەگەر لە خاڵەکانی گەشەپێدان و ئاوەدانی و بووژانەوە، ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی کە دیارە لە روانگەی ئەوانیشەوە هەروەک موحسینی ئێژەیی سەرۆکی دەزگای قەزایی رژیم لە ئێران زیندانی سیاسی بوونی نییە و ئەوەی هەیە زیندانیی ئەمنییەتین و، ئەگەر پێچەوانەی ئەم روانینە بن تەنیا جارێک بۆ نارەزایەتی و راگرتنی ماشێنی کوشتاری کۆماری ئیسلامی ئەم بەرێزانە نووزەیەکیان لێدەهات،بە روونی دیارە مەبەستی زیندانیانی سیاسی لەو راگەیاندنەدا میرحوسەینی مووسی و زەهرا رەهنەوەرد و تاجزادە و باقییەکانیانن و…هتد لە رێگەچارەی نەخشەرێگای رێفۆرمخوازەکان گەرێین کە لە راستیدا کۆمەڵێک دروشمی قەبەی بێ ئەنجامن، گەرانەوە بۆ کام خەڵک و کام ئاشتەوایی میللی مەبەستی ئەم پەیامەیە؟هێزی بزوێنەری گۆرانکاریی ریشەیی لە هەموو کۆمەلگایەدا هێزی جەماوەری وشیار و مافخوازن کە بزووتنەوەی ئازادیخوازی و هێزی جەماوەری نارازی لەگەڵ کەوتنی پەردەی سەر روخساری بەنێو ئیسلاحخوازان و لەسەردەمی زێڕین و مانگی هەنگووینی دەسەڵاتی ئیسلاحخوازاندا ستراتیژی و ئاسۆی خەبات و نارەزایەتی خۆی لێیان جیاکردۆتەوە و ئیتر ئێستا رووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و هەڵتەکاندنی بنەمای ئیدئۆلۆژیک و دەوڵەتداریی دەسەڵاتی شیعە لە ئێران، دێموکراسی و بنەجێکردنی سێکۆلاریزم و فرەیی خواستی هەموو رۆژە و ئاشکرای جەماوەری خەڵکە، هەربۆیە ئەگەر ئەوان کات و سەردەمیان ناسیبووایە و خوێندنەوەیان بۆ کردبووایە بە باشی دەیانزانی کە نەتەنیا پرۆژەی ئیسلاحاتی ئەوان پرۆژەیەکی تۆزلێنیشتوو و ماوەبەسەرچووە بەڵکوو لە خەم و نیگەرانی ئەوجۆرەی خۆیان دەڵێن ئیسلاحخوازانی رەسەن و راستەقینەش تێدەگەیشتن کە کۆی نیزامی ئیسلامی ئامانجی سەرەکی بزووتنەوەی خەڵکە و ئەگەر ئەم ئەرکە بە هۆی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و ئاخنینی بەندیخانەکان لە چالاکان و هەڵسووڕاوانی سیاسی و مەدەنی و رابەرانی مەیدانیی بزووتنەوە مافخواز وشوناسخوازەکان و رێکخەران و بەرێوەبەرانی بزووتنەوەی بەهێز و لەشکاننەهاتووی ژن ژیان ئازادی وەدرەنگ کەوتووە، بەڵام وەک سکڵی ژێرخۆڵەمێش بەشنەبای کرانەوە و رەخسانی دەرفەتێکی هەرچەند بچووک وەک بورکان لەژێر پێی دەسەڵاتدارانی سەرکوتگەردا دەتەقێتەوە.
ئەم رەخنەی نەناسینی کات کە هەر لە لایەن هاوبیرانی خۆیانەوە ئاراستەی بەرەی ئیسلاحات کراوە لە رێگاچارەی پێشنیارکراوی قەیرانە دەرەکییەکانیشدا بە روونی خۆی دەرخستووە. لە خاڵەکانی ٩ و ١٠ و ١١ی نەخشەرێگای بەرەی ئیسلاحاتدا وێرای ئاماژە بە رەچاوکردنی سیاسەتی ئاشتیخوازانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە و جیهان و دەستپێشخەری بۆ راگرتنی پیتاندنی ئۆرانیۆم و حەولدان بۆ هێنانەدی و چەسپاندنی ئاشتی راستەقینە ودامەزراو کراوە کە بە گشتی بابەتەکانی ئەم پێشنیارانە نە لە سیاسەتی هەتا ئێستای کۆماری ئیسلامیدا بوونیان بووە و، نە پاش شکستی ئابرووبەرانەیان لە شەڕی ١٢ رۆژەدا بیریان لێکردوونەتەوە. ئەوەیکە راستی و دروستی رەخنەی” نەناسین و تێنەگەیشتن لە کات”ی رەخنەگرانی بەرەی ئیسلاحات پشتراست دەکاتەوە گرتنەبەری سیاسەتی شەرەنگێزانەی هەتا ئیستای خامنەیی و پاشماوەی دەسەڵاتدارانی ئیسلامییە. کۆماری ئیسلامی و لەسەرووی هەموویانەوە خامنەیی لەوجێیەوە کە سیاسەتی دۆستایەتی لەسەر بنەمای یاسا و رێسا مرۆیی و ئەمرۆییەکان لە گەڵ وڵاتان و ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە وەک ژەهری کوشەندە و مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتەکەی دەبینێ، دکتورینی پاراستن و پەرێز و گەڕێڕەوەی سەر دەسەڵاتی خۆی لە رەچاوکردنی سیاسەتێکی بەپێچەوانەی نەخشەرێگای پێشنیارکراوی بەرەی بە نێو ئیسلاحاتدا دەبینێ. کۆماری ئیسلامی نەک هەوڵ نادا و نابێتە بەشێک لە پرۆسەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە بەڵکوو بە ئاشکرا بە دنەدان وپڕچەککردنی تاقم و گرووپە تێروریستی و پرۆکسییەکانی خۆی و دەستێوەردانی ئاشکرا ونهێنی لە کاروباری ناوخۆی ولاتانی ناوچەکە،بە رێکخستن و تەیارکردنی گرووپە مافیایی و تیرۆریستیەکان لە سەرتاسەری جیهان، رەچاوکردن و دەستبردن بۆ سیاسەتی بەبارمتەگرتن و رفاندن، تەرخانکردنی سەروەت وسامانی ئێران بۆ پەرەدان بە پرۆژە مووشەکییەکان و هەوڵی نهێنی و شاراوە بۆ دەستراگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆم و ژێرپێخستنی هەموو رێکەوتن و پابەندییە نێودەولەتییەکان و هاوکات لەسەر زاری عەبباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی خۆی کە شەر کەم تێچووترە لە دانووستان و هەرەشەی شەڕو ئاژاوە نانەوە، بەکردەوە فاکتەری سەرەکی نائەمنی و ناسەقامگیری و ترس وتۆقاندنە لە ناوچەکە و جیهاندا.بەمجۆرەش لە کاتێکدا لە ناوخۆی ئێران قەیرانگەلی قووڵ و چارهەڵنەگری ئابووری،سیاسی ،کۆمەڵایەتی و قەیرانی نەبوونی سیاسەت و ئیمکانی چارەسەر بەرۆکی گرتوون،لە کاتێکدا کەلێنی نێوان دەسەڵات و خەڵک لە بەرینترین کاتی خۆیدایە و هەر لە خامنەییەوە هەتا خوارترین کاربەدەستەکانیان نەبوونی رەوایی و مەشرووعییەتی خۆیان لە نێو خەڵکدا هەست پێدەکەن و تەنانەت ئاوەڵاکردنی دەستی دامودەزگا ئەمنییەتییەکانیان بۆ گرتن و دەسەڵاتی رەهای دەزگای قەزای بۆ سەپاندنی ئێعدام و سێدارەش مەترسی خرۆشانی جەماوەری بۆ سەریانی نەرەواندۆتەوە،لە کاتێکدا شەڕی ١٢ رۆژە هەیمەنەی شکاندوون و لەبەرچاوی هەموو دنیا لە شێرەبەفرینەیەک زیاتر نین،لە کاتێکدا کارتی گوشاری ناوچەییان بە پەڕوباڵکرانی پرۆکسییەکان لەدەست داوە و لە دیپڵۆماسی نێودەوڵەتیدا یەکێک لە پەراوێزکەوتووترین وڵاتانی جیهان و ناوچەکەن و لەسەر مێزی دانووستاندن لەگەڵ رۆژاواییەکان و بە تایبەت ئامریکا بێجگە لە خۆبەدەستەوەدانی بێ ئەملاولا هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە،دوکترینی مانەوە و پاراستنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆ لەسەر سەپاندنی کەشوهەوای سەرکووت وگرتن و راوەدوونانی نەیاران و کپکردنی دەنگی بیرجیاوازان و سانسۆر و کۆنترۆڵکردنی رایەڵەی پێوەندییە گشتییەکان و دابڕاندنی خەڵک لە دنیای دەرەوە و، لە ئاستی ناوچەکە و جیهانیشدا بووژاندنەوەی هێزە پرۆکسییەکان ،گرتنەبەری سیاسەتی تێرۆر و رفاندن و هەرەشەی هەڵگیرساندنی شەڕێکی گەورە لە رێگای دەستراگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و پەرەدان بە پرۆژەی مووشەکیی دوورمەودا دارێژراوە.بێگوومان هەرتکی ئەم سیاسەتە ئاکامەکەی نەک چارەسەر بەڵکوو تێداچوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە و پاشەکشە لەهەر کامیان و رێگەدان بە بچووکترین دەنگی نارازی و هەر کرانەوەیەکی کۆمەڵایەتی رەوتی ئەم داڕمان و تێداچوونەی کۆماری ئیسلامی خێراتر دەکات. بۆیە لەوەها کاتێکدا راگەیاندنەکەی بەرەی ئیسلاحات لە ئێران کە ئەزقەزا رێک بە دیتنی ئەو راستیانەی سەرەوە رووی لە دەسەڵاتە نەک جەماوەری خەڵک و ئێلیتی سیاسی و مەدەنی، نەک نۆشداروو بەڵکوو تەڵقینە بۆ مەیتی کۆماری ئیسلامی . لە هەمانکاتدا هەم تەواوییەتخوازەکانی دەسەڵات و هەم ئیسلاحتەڵەبە خەمخۆرەکانی دەسەڵات باش دەزانن کە ئێرانێکی ئازاد، دوور لە شەر و ئاژاوە، گەشەسەندنی ئابووری و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی ،دیپلۆماسییەکی سەرکەوتوو و پێوەندییەکی شارەستانی وهێمنانە و قبووڵکراوی نێودەوڵەتی تەنیا و تەنیا لە ئیرادەی گشتیی جەماوەری خەڵکی ئێراندایە کە ئێرانی داهاتوو لەسەر بنەما و باوەر بە دێموکراسی و سێکۆلاریزم و باوەرمەند بە فرەیی و مافی کەماتییەکان بونیاد دەنێنەوە.