ئەمڕۆ شەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی (٢٠ی سێپتامبری ٢٠٢٥ی زایینی) لە سەر بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئاکسیون و میتینگێکی پڕشکۆ بە بۆنەی سێهەمین ساڵوەگەڕی سەرهەڵدانی ئاخێزی جەماوەری ژن، ژیان ،ئازادی لە ناوەندی شاری هێلسینکی پاتەختی فەنلاند لە کاتژمێری ١٤ تا ١٥:٣٠ بەڕێیەوە چوو.
ئاکسیونەکە سەرەتا بە یەک خولەک بێدەنگی بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هەموو گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان دەستی پێکرد. پاشان بێدەنگیەکە بە سروودی “ژینا شەهیدی ئەمجارە” شکا و پێشکەشکارانی ڕێوڕەسمەکە، هاوڕێیان سیامەند و سارا ڕیزی بەرنامەکانیان ڕاگەیاند. لە درێژەی یادەکەدا کاک سۆران زەکی پەیامی هاوبەشی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بە زمانی فەنلاندی پێشکەش بە بەشداربووان کرد. لە درێژەی بەرنامەکەدا سروودی “پەلکی داری شادی گشتین ئێوە هەرگیز نامرن”، لە لایەن هونەرمەندان “شۆڕش و کەمال” پێشکەش بە ئامادە بووان کرا. دواتر لایەنە سیاسییە کوردستانیەکانی بەشدار بوو لە کۆڕەکەدا هەرکامە و پەیامی حیزبەکانی خۆیانیان پێشکەش بە بەشداربووانی کرد. هەروەها پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە لایەن هاوڕێ ناسر میرزا ساڵحەوە خوێندرایەوە.
لە دڕێژە دا کاک وەفا عائیلی خاڵی ژینا ئەمینی وتەیەکی کورتی پيشکەش کرد و دوایی بەڕێز دکتور لەیلا مرەوەتی توێژەر و شرۆڤەکاری سیاسی وتەیەکی بەنرخی لە بارەی شۆرشی ژن، ژیان ،ئازادیەوە پێشکەش بە بەشداربووان کرد. هەروەها ڕێزدار سیبەل ئیگیتاڵپ پەرلەمانتاری پێشووی “هە دە پە” وتەیەکیان لە بارەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیەوە، پێشکەش کرد.
جێگای ئاماژەیە کە ئەو ئاکسیونە لە لایەن کۆمەڵەی یەکسانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە-ڕیکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمونیستی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتیکێشانی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک، ڕێکخرابوو.
بژی هاوخەباتی و هاودەنگی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و هەموو ڕیزەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی!
بڕۆخی کۆماری ئیسلامی ئێران!
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کۆمیتەی فەنلاند
٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢٠ی سێپتامبری ٢٠٢٥ی زایینی
