یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دەسەڵات لە وڵاتانی دیکە جیاواز دەکات، چڕبوونەوەی دەسەڵاتە لە کەسایەتیەک بە ناوی ڕێبەر و بازنەیەک لە نزیکانی خۆیەتی کە بە (بەیتی ڕیبەری) دەناسرێت. بە پێچەوانەی زۆرێک لە سیستەمە سیاسییەکان کە دەسەڵات لە نێوان دامەزراوە جۆراوجۆرەکاندا دابەشکراوە، لە ئێراندا هەموو ڕێگا سەرەکییەکانی بڕیاردان لە کۆتاییدا لە بازنەی سەرکردایەتیدا واتە (بەیتی ڕێبەری) کۆتایی پێدێت. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە کێبڕکێی ڕێکخراوە سیاسییەکان بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی پارلمان یان ڕاکێشانی دەنگی گشتی نەبێت، بەڵکو هەموو هەوڵیان بۆ نزیکبوونەوەیە لە بازنەی عەلی خامنەیی وەک ناوەندی هێز لە وڵاتدا.
بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی سەرجەم ڕێکخراو و حیزب و لایەنی سیاسی بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە بەردەوام هەوڵیان داوە شوێنێک بۆ خۆیان لە بەیتی ڕێبەری یان دامەزراوە پەیوەندیدار بەوەوە بدۆزنەوە. ئەم کێبڕکێیە زۆرینەی کات بووەتە هۆی ململانێی تەواوی دەسەڵات و لێکەوتەی زۆر کاریگەری لە پێکهاتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا هەبووە.
دەستووری ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بە ئیلهام وەرگرتن لە بیرۆکەکانی خومەینی، بنەمای ولایەتی فەقیهی خستە ناو پێکهاتەی کۆماری ئیسلامییەوە. بەڵام پێداچوونەوەی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی دوای مردنی خومەینی و هاتنەسەرکاری عەلی خامنەیی، فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان، دەسەڵاتی دانان و دوورخستنەوەی بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری، زانایانی ئایینی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور، سەرۆکی دەزگای دەنگ و ڕەنگی ئێران و فەرماندە باڵاکانی بواری سەربازیی و بە شێوەیەکی کردەیی سەرجەم دەسەڵاتە سیاسییەکانی لە دەست ڕێبەریدا قۆرخ کرد. ئەم چڕبوونەوەی دەسەڵات وایکرد کە هەموو دامەزراوە و لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە ژیانی سیاسی خۆیان بدەن، دەبوو ڕەزامەندی ڕێبەری وەر بگرن.
لە دەیەی شەستی هەتاویدا چەپی ئیسلامی (سازمانی موجاهدینی ئیسلامی) و ڕاستی نەریتخواز (جامعەی ڕۆحانیونی مۆبارێز) کێبڕکێیان لەسەر نزیک بوونەوە لە بەیتی خومەینی دەکرد. بەڵام چارەنووسی زۆرێک لە لایەنەکان ئەوەی دەرخست کە دوورکەوتنەوە لە بازنەی سەرکردایەتی یەکسانە بە لەناوچوونی پێگەی سیاسی یان تەنانەت ئەمنی. لە سێدارەدان و دوورخستنەوە نەیاران و هەڵوەشاندنەوەی حیزبی کۆماری ئیسلامی و سەرکوتکردنی هێزە ڕەخنەگرەکان هەموویان بەڵگەی ئەم ڕاستیە بوون. ئەم ئەزموونە مێژووییە لۆژیکی دامەزراوە و ڕێکخراوەکانی بە جۆڕێکی نوێ داڕشتەوە کە:“بۆ مانەوە، دەبێت لە بازنەی ڕێبەریدا پێگەی خۆت مسۆگەر بکەی.”
ئەگەرچی پارلمان و سەرۆککۆمار بەڕواڵەت لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە پێکهێنراون، بەڵام لە راستیدا لە ژێر هەژموونی ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستووری ڕێبەریدان. سەرۆککۆمار ناتوانێت سیاسەتەکانی خۆی جێبەجێ بکات بەبێ پشتیوانی ڕێبەری و پارلمانیش، لە زۆر حاڵەتدا، تەنیا ڕۆڵێکی دیکۆڕاسیۆن دەگێڕێت. لە ئەنجامدا بازنەی سەرکردایەتی تاکە ناوەندی ڕاستەقینەی دەسەڵاتە.
بەیتی ڕێبەری، ناوەندی سەرەکی بڕیاردانە لە کۆماری ئیسلامیدا. جگە لە ئەرکە کارگێڕییەکان، ئەم دامەزراوەیە ڕۆڵی “حکومەتێکی شاراوە” دەگێڕێت کە ڕێنمایی سیاسەتە سەرەکی وڵات دەکات. هەروەها بنەماڵەی عەلی خامنەیی، بە تایبەت موجتەبای کوڕی، لە بازنەی دەسەڵاتدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە. زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە موجتەبا بەربژێرێکی جددییە بۆ جێنشینی، هەر ئەوەش بۆتە هۆی زیاتر بوونی کێبڕكێکان. لە لایەکی دیکەوە سپای پاسداران جگە لە هێزی سەربازی بۆ پاراستنی ئەو دەسەڵاتە، باسکی بەهێزی ئابووری و سیاسی ئەو بازنەیەشیان لە ئەستۆیە. بەرپرسانی سپای پاسداران بەشێکی زۆریان لە ڕانتی ئابووری ئێرانیان گرتۆتە دەست. لە ڕاستیدا سپای پاسداران هەم شەریک و هاوبەشە و هەم پارێزەری بازنەی سەرکردایەتییە.
ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور (شووڕای نیگەهبان) بە ڕەتکردنەوەی بەرفراوانی بەربژێران لە سەرجەم بەشەکاندا، تەنها ڕێگە بەو هێزانە دەدات کە لەلایەن بەیتی ڕێبەرییەوە پەسەندکراون. هەروەها ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نیزام (تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام) بووەتە دامەزراوەیەک بۆ “ڕێکخستنی ناکۆکییەکانی ناو حیزبەکان لە ژێر چاودێری ڕێبەریدا. بە گشتی ئەم دوو دامەزراوەیە کە ئەندامە سەرەکییەکانیان ڕاستەوخۆ لەلایەن عەلی خامنەیی وە دەستنیشان دەکرێن، ڕۆڵێکی گرنگ لە ئەندازیاری سیاسیدا دەگێڕن. ئەم میکانیزمانە ئەوە دەردەخەن کە بازنەی سەرکردایەتی پێکهاتەیەکی فرە چینە، کە دامەزراوە و ڕێکخراوەکان نەک تەنها بۆ وەرگرتنی پشتگیری سیاسی بەڵکو بۆ دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە ئابووری و ئەمنی و میدیاییەکان، بەردەوام لە کێبڕکێ دان. بەڕاستی هەر لایەنێک لەم بازنەیە بێبەش بێت بە خێرایی پەراوێز دەخرێت.
بە درێژایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، لە چەندین قۆناغدا کەسانی پلە بەرزی حکومی و بگرە سەرۆککۆمار و کەسایەتییە سیاسییەکان، هەوڵیان داوە پێگەیەکی سەربەخۆ بۆ خۆیان دابین بکەن و بتوانن بە گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان نیمچە دەسەڵاتێک بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن کە ڕێشەی سەرەکیشی تەنیا بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات بۆ پاراستن یان بەدەست هێنانی بەرژەوەندییە تاکە کەسییەکان بووە نەک لایەنگری لە خەڵک و کۆمەڵگای ئێران، ئەوەش لە ڕاستیدا کاتێک ڕوویداوە کە لە بازنەی بەیتی ڕێبەری و ڕێکخراوەکانی نزیک بەو دامەزراوەیە دوور خراونەوە. هەر بۆیە لە مەترسی پاراوێز کەوتن و بێ دەسەڵات بوون هەوڵیان داوە خۆیان پێگەیەکی سەربەخۆ ساز بکەن کە لە ئەنجامدا سەرکەوتوو نەبوون.
بۆ ئەوەی ئەو ململانێیەی ناو دامەزراوە و گرووپەکانی دەسەڵات باشتر ڕوون بێتەوە چەند نموونەیەکی مێژووی باس دەکەین:
١. ئەبولحەسەن بەنیسەدر:
ئەبولحەسەن بەنیسەدر یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران بوو کە هەوڵیدا پێگەیەکی سەربەخۆ لە بەیتی ڕێبەری ئەوکات (خومەینی) بۆ خۆی ساز بکات. ئەم سەربەخۆییە بە خێرایی لە لایەن زانایانی ئایینی و سپای پاسداران دژایەتی کرا. دواجار بە پاساوی بێتوانایی سیاسی لە دەسەڵات دوورخرایەوە. ئەمە یەکەم وانە بوو بۆ هەموو ڕێکخراو و لایەنەکان کە: سەربەخۆیی لە بازنەی سەرکردایەتی یەکسانە بە لەناوچوون!
٢. هاشمی ڕەفسەنجانی:
هاشمی ڕەفسەنجانی لە دەیەی ٦٠ و ٧٠ی هەتاوی نزیکترین کەسایەتی لە عەلی خامنەیی بوو. هەر بۆیەش ڕۆڵێکی سەرەکی لە گرتنە دەستی دەسەڵات لە لایەن خامنەییەوە بینی و توانیشی پێگەیەکی باشی سیاسی بۆ خۆی دەستەبەر بکات، تا ئەو جێگایەی وەک “پیاوی دووهەمی دەسەڵات” ناوی دەرکردبوو. بەڵام لە کۆتایی دەیەی ٧٠ی هەتاوی بە تایبەتی لە دوای ٢ی جۆزەردان وردە وردە لە سەرکردایەتی و ڕێبەری دوور خرایەوە. لە دوایین ساڵانی ژیانیدا، هاشمی بووە ڕکابەرێکی جددی بۆ ریبەری و دواجار لە ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە هۆکاری ناڕوون و نادیار هەواڵی مردنەکەی بڵاو کرایەوە.
٣. ڕێفۆرمخوازەکان و پڕۆژەی چاکسازی:
محەممەد خاتەمی بە ملیۆنان دەنگ توانی ببێتە سەرۆککۆماری ئێران، بەڵام نەیتوانی ڕەزامەندی تەواوی عەلی خامنەیی بەدەست بهێنێت. ململانێی بەردەوام لەگەڵ سپای پاسداران و دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجوومەنی پارێزەران دواجار ڕێفۆرمخوازانی لە بازنەی دەسەڵات دوور خستەوە، هەرچەند لە بنەڕەتدا هەوڵیان چاکسازی بژێوی خەڵک و کرانەوەی دۆخی سیاسی و چاکسازی ئابووری نەبوو، بەڵکوو ئەو جۆرەی تا ئێستا دەرکەوتووە ئامانج چاکسازی بۆ گۆڕان لە بەدەنەی دەسەڵاتدا بووە بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن خۆیان لە بەیتی ڕێبەری و بازنەی دەسەڵات نزیک بکەنەوە بۆ ئەوە بەرژەوەندییەکانی خۆیان مسۆگەر کەن و ئەوانیش بتوانن بەشێکیان لە دەسەڵات هەبێت. چۆن بۆیان دەرکەوتبوو کە بۆ مانەوە لە دەسەڵات تەنیا بە مانەوە لە بازنەی ڕیبەریدا مسۆگەر دەبێت بەڵام نەیانزانی کە بەدەست هێنانی ئەو پێگەیە بە هۆی بوونی هێزی بەهێزتر لەو بازنەیەدا، زۆریش ئاسان نیە و ئەو ڕەوتەش بە گشتی لە بازنەی سیاسی دوور خرانەوە و هەرکات پێویست بوون بە پێدانی پلە و دەسەڵات بۆ ماوەیەک کەڵکیان لێ وەرگیراوە کە دەتوانین دوایین هەڵبژاردنی سرۆککۆماری و دەستنیشان کردنی مەسعوود پزیشکیان کە لەو ڕەوتە نزیکە، وەک نموونەیەکی بەرچاو ئاماژەی پێبکرێت.
٤- مەحموودی ئەحمەدینژاد:
ئەحمەدی نژاد لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی بە پشتیوانی تەواوی بەیتی ڕێبەری و سپای پاسداران بوو بە سەرۆککۆماری ئێران و خۆی بە (سەڕبازی وەلایەت) دەناساند. بەڵام لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی بەدواوە کاتێک ئەحمەدی نژاد هەوڵیدا بازنەی سەربەخۆی خۆی پێکبهێنێت (بەتایبەت بە کەڵک وەرگرتن لە ئێسفەندیار ڕەحیم مەشایی)، بەیتی ڕیبەری بە گومانەوە لەو کردەوانە دەیانڕوانی. عەلی خامنەیی هەستی بەوە دەکرد کە ئەحمەدی نژاد دەیهەوێت ببێتە “ڕێبەری دووهەم”. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئەحمەدی نژاد وردە وردە پاڵ بنرێتە دەرەوە لە بازنە و ئەمڕۆش لە پێگەیەکی نیمچە پەراوێزدایە. ئەم حاڵەتە ئەوە دەردەخات کە نزیکبوونەوە لە بەیتی ڕێبەری، ئەگەر وەفاداری و ملکەچی تەواوی لەگەڵدا نەبێت، بە خێرایی دەگۆڕێت بۆ دوورخستنەوە و لەناوبردن.
٥. حەسەنی ڕۆحانی:
بە پشتیوانی هاشمی ڕەفسەنجانی و ڕیفۆرمخوازان، حەسەن ڕۆحانی توانی لە ساڵی ١٣٩٢ی زایینی ببێتە سەرۆککۆمار، ڕیکەوتنی بەرجام کە دەستکەوتە گەورەکەی ڕۆحانی بوو، سەرەتا بە ڕەزامەندی عەلی خامنەیی بەرەو پێشەوە چوو، بەڵام دوای ماوەیەک ناوبراو خۆی دوور خستەوە و بەرجام بوو بە خاڵی لاوازی ڕۆحانی. لە کۆتاییدا گرووپی سەر بە ڕۆحانی و میانڕەوەکان دیسان نەیانتوانی ئەو خولگەیەی دەسەڵات تێپەڕێینن و بگەنە ناوەندی دەسەلات و بەمجۆرە ئەوانیش دوورخرانەوە و نەتواندرا دوو ڕەوت و کۆتلەی ڕەفسەنجانی و بە ناو ڕیفۆرمخواز کە بەردەوام هەوڵی نزیک بوونەوە لە دەسەڵاتیان دەدا بگەنە ئامانج.
٦. ئیبڕاهیم ڕەئیسی:
ئیبراهیم ڕەئیسی وەک “هەڵبژاردەی بەیتی ڕێبەری” ناسێندرا. لە هەموو سەرۆککۆمارێک لە خامنەیی نزیکتر بوو. بەڵام کێبڕکێی ناوخۆیی نێوان بناژۆخوازەکان (قالیباف، جێبهەی پایێداری، سپای پاسداران) سەلمێنەری ئەو بابەتە بوو کە تەنانەت نزیکترین کەسایەتییەکانیش ناچارن بەردەوام هەوڵی مانەوە بدەن بۆ ئەوەی جێگەی خۆیان لە بازنەی عەلی خامنەیی بپارێزن. هەر بۆیە ڕەئیسیش زۆر زوو بە ڕووداوێکی گوماناوی دەمرێت و زیاتر لە جاران ئەو درز و لێکترازانە لە دەسەڵاتدا زەق دەبێتەوە.
ئەم نموونە مێژووییانە دەرخەری ئەو بابەتەن کە بازنەی دەسەڵات لە دەوری خامنەیی نە جێگیرە و نە بە تەواوی پێشبینی دەکرێت. وەفاداری و دڵسۆزی ڕەها و هاوئاهەنگی لەگەڵ سیاسەتەکانی بەیتی ڕێبەری و خۆ بەدوور گرتن لە دروستکردنی پێگە و بنکەی سەربەخۆ، مەرجی سەرەکین بۆ مانەوە لەو بازنەیەدا. هەر لایەن و دامەزراوەیەک پێشێلی ئەو پرەنسیپانە بکات، تەنانەت ئەگەر ساڵانێکە لەو بازنەیەدا بووبێت، بە خێرایی لەناو دەچێت.
بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن و تەندروستی عەلی خامنەیی، پرسی جێنشینی بووەتە یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی ڕژیم لەم ساڵانەی دواییدا. لە کۆماری ئیسلامیدا، ڕێبەری نوێ دەبێ هەم ڕەوایی ئایینی هەبێت، هەم پشتیوانی دامەزراوە ئەمنیەتی و سەربازییەکان و هەم توانای بەڕێوەبردنی لایەنە سیاسییەکانی هەبێت. هەر بەو هۆیەشەوە هەموو لایەنەکان بە دوای مسۆگەر کردنی پێگەی خۆیانن بۆ سەردەمی دوای عەلی خامنەی.
بە دڵنیاییەوە موجتەبا خامنەیی بە گرنگترین بژاردە دادەنرێت، بەو پێیەی هەم بنکەیەکی لە سپای پاسداران و ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە، هەمیش پەیوەندیی بنەماڵەیی بەهێزی هەیە. هەروەها بە سەرنجدان بە کاریگەریی ئابووری و ئەمنیی فەرماندەکانی سپای پاسداران لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ڕێبەری داهاتوودا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن. لە لایەکی دیکەشەوە بناژۆخوازان هەوڵ دەدەن کەسایەتی نزیک لە خۆیان لە بازنەی بڕیاردان و دامەزراوە سەربازییەکان دابمەزرێنن بۆ ئەوەی لە ئەگەری گۆڕانکاری لە سەرکردەدا دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن. ناشبێت ئەوە لەبیر بکەین کە ڕێفۆرمخوازان سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا پاراوێز خراون، هەوڵدەدەن لانیکەم ڕۆڵێک لە سیاسەتەکانی دوای عەلی خامنەیی بە دروستکردنی هاوپەیمانی کاتی یان دروستکردنی کەسایەتی میانڕەو لە گۆڕەپانی ئابووریدا بگێڕن. بەمجۆرە بەکێبڕکێی نێوان سەرجەم ئەو لایەن و دامەزراوانە بۆ جێنشینی وایکردووە گرژییەکانی ناو حکومەت زیاتر لە ڕابردوو زەقتر و توندتر بێتەوە. بەکارهێنانی دامەزراوە دادوەرییەکان و میدیاکان بۆ گوشار یان نەهێشتنی ڕکابەرە ناوخۆییەکان، کۆنترۆڵکردنی سپای پاسداران و بەیتی ڕێبەری به واتای مسۆگەرکردنی پێگەیەک له سەڕدەمی دوای خامنەیی، وایکردووە کە هەر لایەنێک هەوڵی خۆی وەک دڵسۆزترین و ڕکابەرەکانی بە بێتوانا و لاواز نیشان بدات.
پرسی جێنشینی وایکردووە شەڕی لایەنەکان لە کێبڕکێیەکی سادەی سیاسییەوە بگۆڕدرێت بۆ شەڕێکی تەواو بۆ پاراستن و بەدەستهێنانی پێگە لە داهاتوودا. لە ڕاستیدا هەموو بڕیارێکی ئەمڕۆی لایەنەکان، لە وەزارەت و دامودەزگا ئابوورییەکان تا دەگاتە میدیاکان و سپای پاسداران، جۆرێکە لە وەبەرهێنان لە داهاتووی دوای عەلی خامنەیی. جێنشینی عەلی خامنەیی گرنگترین بزوێنەری ئێستای ڕکابەریی کۆتلەکانە. ئەمەش نەک هەر لایەنە توندڕەوەکانی ناچارکردووە زیاتر هەوڵبدەن، بەڵکو لایەنە سەربازی و ئەمنی و ئابوورییەکانیشی هێناوەتە ناو ئەو کێبڕکێیەوە. بە دڵنییایەوە دەرئەنجامەکەی ململانێیەکی سەرتاسەری دەسەڵاتە کە لێکەوتەی دوور مەودای بۆ سیستم و کۆمەڵگا و سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی ئێران هەیە.
کێبڕکێی لایەنەکان بووەتە هۆی ئەوەی بڕیاردانی ئابووری لەڕادەبەدەر زۆر بە ئارامی و ناهاوئاهەنگ بێت. هەر لایەنێک هەوڵدەدات سەرچاوە داراییەکان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت بۆ ئەوەی بازنەی دەسەڵاتی خۆی لێی سوودمەند بێت؛ ئەنجامی ئەو بابەتە زیادبوونی گەندەڵی و نایەکسانی و ناکارامەییە. هەر بۆیەش لایەنەکان دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکان بەکاردەهێنن بۆ گوشارخستنە سەر ڕکابەرە ناوخۆییەکان. ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی سنووردارکردنی سیاسی و کەمکردنەوەی فەزای ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و کەشێکی تۆقاندن لە کۆمەڵگادا دروستکردووە. ململانێی لایەنەکان وایکردووە دامەزراوەکانی وەک پارلمان و سەرۆککۆمار، ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان لەدەست بدەن. بڕیارەکان لەژێر گوشاری ئەنجومەن و فراکسیۆنە نزیکەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەدرێن و سەربەخۆیی دامودەزگا هەڵبژێردراوەکان کەمی کردووە.
ڕکابەریی لایەنەکان سیاسەتی دەرەوەی ئێران ناجێگیر و پێشبینی نەکراو دەکات. فراکسیۆنە بناژۆخوازەکان و سپای پاسداران بەدوای هەڵوێستی شەڕانگێزانە لە ناوچەکەدا دەگەڕێن، کۆتلە میانڕەوەکان بەدوای دیپلۆماسی و پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوادا دەگەڕێن. ئەنجامەکەی نەبوونی هاوئاهەنگییە لە سیاسەتەکانی دەرەوە و بڕیاردانی دژبەیەک. بە سەرنجدان بە ڕۆڵی لایەنە جیاوازەکان لە سیاسەتی ناوچەکەدا، شەڕی لایەنەکان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کردەوەکانی ئێران لە عێراق، سووریە، لوبنان و یەمەن هەیە. لایەنە سەربازی-ئەمنیەکان بەدوای ئامادەیی چالاک و زیادکردنی کاریگەریی ناوچەییدا دەگەڕێن، لەکاتێکدا میانڕەوەکان مەیلیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان. ناسەقامگیری سیاسی و ڕکابەریی فراکسیۆنەکان متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی کەمکردووەتەوە. یان دیپلۆماسیدا دەگەڕێن، ڕووبەڕووی نەبوونی هەماهەنگی و پێشبینینەکردن دەبنەوە.
بەگشتی کێبڕکێی کۆتلە و لایەنەکان لە ئێران زیاتر لەسەر بنەمای نزیکی لە بازنەی عەلی خامنەیی خۆی دەبینێتەوە نەک لەسەر کێبڕکێی بۆ هەڵبژاردن. ڕەگ و ڕیشەی ئەم ڕکابەری و کێبڕکێیانە لە چڕبوونەوەی دەسەڵات و پێکهاتەی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان و گرنگی جێنشینی ڕێبەریدایە. لایەنەکان لەسەر گرتنەدەستی بەیتی ڕێبەری، دامەزراوە ئەمنییەکان و میدیا و سەرچاوە ئابوورییەکان بەردەوام لە کێبڕکێ و ململانێدان. ئەزموونی مێژوویی دەریدەخات کە وەفا داری و هاوئاهەنگی لەگەڵ بەیتی ڕێبەری و بازنەی دەسەڵات مەرجێکی سەرەکییە بۆ مانەوە لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا. پرسی جێنشینی عەلی خامنەیی بۆ تە هۆکارێک بۆ زیاتر بوونی ململانێ و لێکەوتەی ناوخۆیی و دەرەکی بەرفراوان کە دەرەنجامەکەی هەمان درز و لێکترازانە لە ناو دەستەی دەسەڵات لە ناو حکومەت. داهاتوو و دەرەنجامی ئەو حکومەتە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی جێنشینی عەلی خامنەیی و توانای کۆتلە و لایەنەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری و هاوکاری دەگێڕێتەوە. لە کۆتاییدا ئەم ململانێی دەسەڵات بەردەوامە و دەتوانێت لە داهاتوودا کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر ڕێڕەوی سیاسی، ئابووری و ئەمنی ئێران هەبێت.


