By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: نەخشە ڕێگای ترامپ بۆ ئاشتی لە غەززە؛ هەوڵێکی نوێ یان دووبارەبوونەوەی “مامەڵەی سەدە”
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > نەخشە ڕێگای ترامپ بۆ ئاشتی لە غەززە؛ هەوڵێکی نوێ یان دووبارەبوونەوەی “مامەڵەی سەدە”
وتار

نەخشە ڕێگای ترامپ بۆ ئاشتی لە غەززە؛ هەوڵێکی نوێ یان دووبارەبوونەوەی “مامەڵەی سەدە”

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/11/02 at 7:24 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
13 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ گۆڕەپانی سیاسی ئەمریکا و ئەگەری خۆپاڵاوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی، جارێکی دیکە بیرۆکەی “نەخشە ڕێگای ئاشتی ترامپ” بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتە ئاراوە؛ نەخشە ڕێگایەک کە بە ڕواڵەت ئامانجی کۆتایی هێنان بە شەڕی خوێناوی غەززە و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکەبوو، بەڵام لە ڕاستیدا پەیوەندی بە هەوڵەکانی ترامپ بوو بۆ پێناسەکردنەوەی نەزمێکی نوێی ئەمنی و ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم نەخشە ڕیگایە درێژەپێدەری هەمان ئاراستەی “مامەڵەی سەدە”یە کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی ترامپدا پێشنیارکرابوو، بەڵام ئێستا لەگەڵ گۆڕانی گۆڕەپان و بارودۆخی سیاسی غەززە ڕەنگ و شێوەیەکی نوێی بە خۆیەوە بینیوە.

نەخشە ڕێگا نوێیەکەی ترامپ لە دۆخێکدا پێشنیار دەکرێت کە شەڕی غەززە دوای دوو ساڵ لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس بووەتە قەیرانێکی سیاسی و ناوچەیی و لەم جۆرە هەلومەرجەدا، ترامپ و ڕاوێژکارە ئەمنییەکانی هەوڵدەدەن پلانێکی ئاشتی جیاواز بخەنەڕوو بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ڕۆڵی ئەمریکا وەک نێوەندگیری سەرەکی لە ململانێی فەلەستین و ئیسرائیلدا بخەنە بەرچاو. بەم جۆرە ڕۆژی ٢٩ی سێپتامبری ٢٠٢٥ی زایینی، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نەخشە ڕێگایەکی ٢٠ خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە پێشنیار کرد. ئەو پلانە کە بە “ڕێککەوتنی ئاشتی غەززە” ناسراوە، ئامانجی یەکلاییکردنەوەی دانوستان و کەمکردنەوەی توندوتیژی و لە هەمانکاتدا ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە لە چوارچێوەیەکی نوێدایە. هاوکات لەگەڵ ئەم نەخشەڕێگایە، سەرکردە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە لوتکەی شەرم‌ولشێخ کۆبوونەوە بۆ پشتگیری جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ئەو نەخشە‌ڕێگایە.

بەپێی لێکدانەوەکان نەخشە ڕێگاکە سێ قۆناغی سەرەکی لە خۆدەگرێت:

 قۆناغی یەکەم: ئاگربەستی دەستبەجێ و ئاڵوگۆڕی دەسبەسەرکراوان و بارمتەکان

ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو کردەوە سەربازییەکان و بۆردومان و پێکدادانەکان و ئازادکردنی هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان (زیندوو و مردوو) لە ماوەی ٧٢ کاتژمێر، ئاڵوگۆڕی دیلەکانی فەلەستینی لەگەڵ ئیسرائیل کە ئەو دیلانەش لە خۆ دەگرێت کە لە سەرەتای شەڕەوە بە دیل گیراون.

قۆناغی دووهەم: ئاسایش و داماڵینی چەک و سەقامگیری

چەکداماڵینی گرووپە سەربازییەکانی حەماس، لەناوبردنی تونێلەکان، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی چەک و ژێرخانی سەربازی، دامەزراندنی هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی (ئای ئێس ئێف) کە لە وڵاتانی عەڕەبی و نێودەوڵەتی پێکهاتووە، بۆ چاودێریکردنی ئاسایش و هاوئاهەنگی و هاوکاریکردنی پۆلیسی فەلەستین لە غەززە، چاودێری جێبەجێکردنی بەڵێنە ئەمنییەکان و دڵنیابوون لەوەی کە کەرتی غەززە مەترسی لەسەر دراوسێکانی دروست نەکات.

قۆناغی سێیەم: حوکمڕانی کاتی، ئاوەدانکردنەوە و ڕوانگەیەکی سیاسی بۆ داهاتوو

ئیدارەی کاتی غەززە لەلایەن لیژنەیەکی تەکنۆکراتی فەلەستینی بە سەرپەرشتی “کۆمیسیۆنی ئاشتی” نێودەوڵەتی کە دەوترێت ترامپ سەرۆکایەتی دەکات، ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی (خانوو، بڕق، ئاو، پاکوخاوێنی، ڕێگاوبان، و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان) بە هاوکاری دارایی نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەڕەبی، دەستەبەر کردنی ئازادی هاتوچۆی کاڵا بازرگانییەکان، یارمەتی مرۆیی و گەڕانەوەی پەنابەران لە ژێر مەرجی دیاریکراو و چاودێری نێودەوڵەتی، چوارچێوەیەکی مەرجدار بۆ ڕێگایەک بۆ بەدەوڵەتبوونی فەلەستین یان مافی چارەی خۆ نووسین، بە مەرجی ئەمنی و چاودێری.

ئەگەر ئەو نەخشە ڕێگایە بتوانێت ململانێ و شەڕ بە زوویی بوەستێنێت، دەکرێت خەڵکی غەززە لە توندوتیژی و بۆردومانی زیاتر ڕزگاریان بێت و لە کورتخایەندا شانسی گەڕانەوەی ژیان بۆ ئەو ناوچەیە بگەڕێتەوە. بە دلنیاییەوە قۆناغی یەکەمی ئاگربەست خاڵی وەرچەرخان بوو لە کەمکردنەوەی دەستبەجێی زیانەکان. ئەم نەخشە ڕێگایە لەلایەن ژمارەیەک وڵاتەوە (میسر، تورکیە، قەتەر و ژمارەیەک وڵاتی ئورووپایی) پێشوازی لێکراوە. ئەم پشتگیرییە دەتوانێت سەرچاوە داراییەکان و گوشارە سیاسییەکان و بەردەوامیی ئەو نەخشە ڕێگایە بەهیزتر بکات. بیرۆکەی بەڕێوەبردنی تەکنۆکراتیک لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا ڕەنگە بۆ قۆناغی گواستنەوە سەرنجڕاکێش بێت، چونکە مەبەست لێی دوورکەوتنەوەیە لە زاڵبوونی تەواوی لایەنێک  (بۆ نموونە حەماس یان ئیسرائیل) و هەروەها بازنەیەک بۆ ناوەندگیری دروست ببێت.

بە لەبەرچاوگرتنی وێرانکارییە بەرفراوانەکانی غەززە لە دوای شەڕ، گرنگیدان بە ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان زۆر پێویستە. ئەم نەخشە ڕێگایە لەگەڵ ئەم پێکهاتەیەدا هاوتەریبە و ئەگەر سەرچاوەی پێویستی هەبێت، دەتوانێت دۆخی مرۆیی باشتر بکات. ئەگەر بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ بکرێت، دەکرێت ببێتە هۆی دووبارە بنیاتنانەوەی متمانەی نێودەوڵەتی بە دامەزراوە فەلەستینییەکان و بنیاتنانەوەی دامەزراوەیەکی ئەمنی زانستیتر و دروستکردنی ڕێگایەکی نوێ بۆ ئاشتی.

بێ گومان نەخشە ڕێگایەکی لەم شێوەیە ڕووبەڕووی ڕەخنە جددی دەبێتەوە. ڕەخنەگران باس لەوە دەکەن کە ئەو نەخشە ڕێگایە زیاتر نوێنەرایەتی قبوڵکردنی شکستی حەماس دەکات نەک ڕێککەوتنێکی دوولایەنە. لە راستیدا داواکردنی چەکداماڵین لە گروپێک کە ساڵانێکە پێکهاتەی سەربازی بەرفراوانی هەیە و دڵنیابوون لەوەی کە ئەم داماڵینی چەکە لە ڕاستیدا جێبەجێ دەکرێت، کارێکی ئاسان نییە. لیرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە چۆن دەتوانرێت دەستبەری ئەوە بکرێت کە ئەو ئەندامانەی حەماس یان گرووپە ڕکابەرەکانیان کە لە غەززە دەمێننەوە جارێکی دیکە دەست نەدەنەوە چەک. لە لایەکی دیکەوە ناڕوونی لە پێکهاتە و دەسەڵات و کارکردنی “کۆمیسیۆنی ئاشتی” و لیژنەی تەکنۆکرات، تا ئێستا لە چەندین وتووێژ و لێدوانی بەرپرسانی حەماس بە ئاشکرا ڕەتکراوەتەوە و چەندین جار جەختیان لەوە کردۆتەوە کە لە داهاتووی غەززەدا ناتواندرێت ڕۆڵی بەشی سەربازی حەماس ڕەچاو نەکرێت کە ئەوە بابەتە خۆی مەترسی جددیە بۆ جێبەجێ بوونی ئەو نەخشە ڕێگایە. بە واتایەکی تر پرسیاری “کێ چی دەکات و کەی؟” هێشتا هیچ وەڵامێکی ڕوونی بۆ نییە.

بە دڵنییایەوە ئامانج لەم بڕگەیە کۆتاییهێنانە بە دەسەڵاتی سەربازیی حەماس لە غەززە و لە شوێنیدا پێکهاتەیەکی نیمچە دەوڵەتی کە لەلایەن وڵاتانی عەڕەبی میانڕەوەوە سەرپەرشتی دەکرێت. بەڵام ناشبێت ئەوە لەبیر بکرێت کە لە ڕاستیدا ئەو پلانە پاڵپشتی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستینی ناکات، بەڵکو ئامانجی پێکهێنانی ناوەندێک یا ڕێکخراوەیەکی ئیداری فەلەستینییە کە ئاسایش و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی لە دەستی ئیسرائیل و هاوپەیمانە عەڕەبییەکانیدا بمێنێتەوە. ترامپ لە هەوڵی ئەوەدایە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەڕەبی وەک گرنگترین دەستکەوتی سیاسەتی دەرەوەی خۆی بخاتە ڕوو. ترامپ دەزانێت ڕای گشتی ئەمریکا ماندووە و ڕەخنە لە شەڕی غەززە بەردەوامە، هەر بۆیەش بە نەخشە‌ڕێگای ئاشتی هەوڵ دەدات خۆی وەک سەرکردەیەکی ئاشتیخواز نیشان بدات.

بەڵام ناشبێت ئەوە لە بیر بکرێت کە ئامانجێکی دیکەش لەو نەخشە ڕێگایە کە لەلایەن ترامپەوە پێشنیار کراوە، دەتوانێت گەڕانەوەی ئەمریکا بێت بۆ بەرەی سەرەکی بڕیاردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی کاریگەرییەکانی چین، ڕووسیە و ئێران. ترامپ پێی وایە واشنگتۆن پێویستە هاوپەیمانییەکی نوێ لە نێوان ئیسرائیل و سعوودیە و میسر پێکبهێنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرەی تاران، مۆسکۆ و پێکەن.

لە هەمانکاتدا ئێران یەکێکە لە نەیارانی سەرەکی هەر جۆرە دەستێوەردانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و نەخشە ڕێگای ئاشتی ترامپ بە هەوڵێک بۆ ڕەواییدان بە داگیرکاری ئیسرائیل دەزانێت. لە ڕوانگەی تارانەوە، ئەو نەخشە ڕێگایەی ترامپ هەوڵێکە بۆ لابردنی بەرەی بەرگری لە هاوکێشەی فەلەستین و جیاکردنەوەی وڵاتانی عەڕەبی لە پرسی قودس و غەززە. ئێران بە تایبەتی پێی وایە ئەگەر لەسەر بنەمای نەخشەڕێگای ترامپ هاوپەیمانییەکی عەڕەبی و ئیسرائیلی پێک بێت، ئەوە ئەم هاوپەیمانییە دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە بەرەیەکی گوشاری سەربازی و سیاسی دژی تاران. بۆیە پێدەچێت کۆماری ئیسلامی بە بەهێزکردنی بەرەی خۆڕاگری لە لوبنان، سووریە و یەمەن کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بە ئەم هەوڵانەی ئامریکا.

لە لایەکی دیکەوە ئەوەی گرنگترە، کاریگەرییەکانی ئەم نەخشەڕێگایەیە لەسەر ئابووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ واتە ئەو تۆڕە هەستیار و ئاڵۆزەی کە ترانزێتی وزە و بازرگانی کاڵا و ڕێگاکانی پەیوەندی لە کەنداوی فارسەوە بۆ دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور بە شادەماری ژیانی ئابووری جیهانی دەبەستێتەوە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕبڕەی پشتی ئابووری نێودەوڵەتییە، نزیکەی لەسەدا ٤٠ی بازرگانی نەوت و گازی جیهانی پێکدەهێنێت و لە ناوەندی ڕێڕەوی ترانزێتی ئاسیا و ئورووپادایە. نەخشەڕێگای ترامپ بەڕواڵەت ئامانجی ئاوەدانکردنەوەی غەززە و گۆڕینی بۆ ناوەندێکی سڵامەت و کارامەیە، بەڵام ڕووداوە ڕاستەقینەکانی سەر زەوی ئاماژەن بۆ ململانێکی قووڵتر لەوە. لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا ڕێگاکانی ترانزێتی وشکانی و دەریایی بەهۆی نائەمنی و نائارامی غەززە و کەناڵی سۆئێز کە تەنیا ١٠٠ کیلۆمەتر لێیەوە دوورە و لەسەدا ١٢ی بازرگانی جیهان پێیدا تێپەڕ دەبێت، زیادبوونی تێچووی بیمە و کرێ گواستنەوە بۆ لە سەد٣٠  بەرز بۆتەوە کە ئەوە بە ڕوونی ئاماژەیە بۆ زیاد بوونی ئەو ناسەقامگیرییە. ئەگەر بتواندرێت ئەو نەخشەڕێگایەی ترامپ جێبەجێ بکرێت، دووبارە ئاوەدانکردنەوەی بەندەر و کەنار ئاوەکانی غەززە دەتوانێت ڕێگەی نوێ بۆ هەناردەکردنی کەل و پەل لە نێوان ئیسرائیل، میسر و ئۆردۆن دابین بکات و تێچووی لۆژستیکی بە ڕێژەی لەسەدا ٢٠ کەم بکاتەوە؛

لە کەرتی وزەدا کاریگەری نەخشەڕێگای ترامپ فراوانترە. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نزیکەی نیوەی یەدەکی نەوتی جیهان و لەسەدا ٢٥ی پێویستی وزەی ئورووپای هەیە، تا ئێستاش وەک دڵی ئابووری جیهان و ناوچەکە دەمێنێتەوە. گرژییەکانی غەززە بەتایبەت لە پێوەندی لەگەڵ بۆری و ڕێڕەوی گواستنەوەی نەوت، هەەڕەشەی زیاتری خستۆتە سەر ئاسایشی وزەی جیهان. ترامپ بەڵێنی داوە کە ئاسایشی ئەو ڕێگایانە بە جێبەجێکردنی ئەو نەخشەڕێگایە گارانتی و دەستەبەر دەکرێت، بەڵام نەبوونی میکانیزمی تایبەتی جێبەجێکردن لەوانەش چۆنیەتی چاودێریکردنی سنوورەکان و هێڵەکانی گواستنەوە، وا دەکات ئەم بەڵێنانە جێی متمانە نەبن. ئەگەر غەززە سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت، ئورووپا دەتوانێت سوود لە گازی سروشتی شلکراوی کێڵگەی لیڤیاتان لە ئیسرائیل وەربگرێت و بەم جۆرەش پشتبەستنی بە ڕووسیە کەم بکاتەوە، بەڵام ئەمە مەترسی پشتبەستنی نوێ بە پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زیاد دەکات. لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، غەززەی سەقامگیر دەتوانێت ڕێگا دەریاییەکان لە بابلمەندەبەوە بۆ سەنگاپور کورت بکاتەوە و زەمان و کاتی تێپەڕ بوونی ترانزێت بە ڕێژەی لەسەدا ٢٠ کەم بکاتەوە.

ئەم نەخشەڕێگایە لەسەر ڕێرەوە سەرەکییەکانی گواستنەوەی کەل و پەل و کاڵاکانە. ڕێڕەوی باکوور و باشوور کە ڕووسیە و ئێران و هێندوستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ساڵانە ٢٠ ملیۆن تۆن کاڵا دەگوازێتەوە، کە بەهۆی گەمارۆ و ناسەقامگیریی گەرووی هۆرمۆزەوە زیانی پێدەگات و بەهۆی نەخشەڕێگای ترامپەوە پەراوێز دەخرێت، بەم جۆرەش بەرژەوەندییەکانی ئێران و ڕووسیە دەکرێتە ئامانج. لەبەرامبەردا ڕێڕەوی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژئاوا کە ترامپ لە خولی یەکەمی سەرۆککۆماریدا پاڵپشتی لێکرد، ئەم پێشهاتانە دەتوانن ڕێگە خۆش بکەن بۆ گواستنەوەی ژێئۆ ئێکۆنۆمی لە مۆدێلێکی بنچینەیی نەوتەوە بۆ مۆدێلێکی بنچینەیی دیجیتاڵی و توانای ڕەخساندنی سەدان هەزار هەلی کار دابین بکات، بەڵام لە نەبوونی چاکسازیی پێکهاتەیی و چارەسەری بنچینەیی بۆ نایەکسانییەکان، دابەشبوونە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناوچەکە قووڵتر دەکەنەوە.

هەروەها ئیسرائیل وەک هاوبەشی سەرەکی ئەم پڕۆژەیە پێگەی ئابووری و ژێئۆپۆلۆتیکی خۆی بەهێزتر دەکات و هەناردەکردنی گازەکەی زیاتر دەبێت، بەڵام بەبێ هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی مافی فەلەستینییەکان، ئەم بەهێزبوونە لەگەڵ زیادبوونی گرژییە ناوخۆییەکان و دابڕانی نێودەوڵەتیدا دەبێت. میسر لەگەڵ سەقامگیری غەززە سوود لە داهاتی کەناڵی سۆئێز وەردەگرێت، بەڵام بارگرانییەکی ئەمنی قورس لەسەر شانی خۆی لە سنووری ڕەفەح هەڵدەگرێت. ئیمارات و ئوردن لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی ئیبراهیم پێگەیەکی بەرچاوتریان دەبێت، هاوکات سعوودیە هەوڵ دەدات غەززە بە پڕۆژەی NEOM ببەستێتەوە و پێگەی خۆی لە زنجیرەی وزەدا بەهێزتر بکات، هەرچەندە ئەمە سەربەخۆیی ستراتیژیی وڵاتەکەی دەخاتە ژێر سێبەری ئەمریکاوە. هاوکات ئێران بە لاوازبوونی پێگەی خۆی لە ڕێڕەوی بازرگانی باکوور و باشوور و ئەو سنووردارکردنانەی کە بەهۆی سزاکانەوە بەسەریدا سەپێنراون، پشکێکی کەمتری لە ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەردەکەوێت و پێدەچێت ناچار بێت ڕێگایەکی نوێ بۆ کارلێککردن لەگەڵ یاریزانە سەرەکییەکانی ناوچەکە بگرێتەبەر. بەم شێوەیە هاوسەنگی ناوچەیی زیاتر لە بەرژەوەندی بەرەی ڕۆژئاوا و سوننە دەگۆڕدرێت، هەرچەندە نەبوونی هەموو ئەکتەرەکان سەقامگیری و بەردەوامیی ئەو بەرەیە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بەگشتی لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەو نەخشەڕێگایە، کە دژایەتی ئێران و هەوڵدان بۆ سەرنەگرتنی نەخشەڕێگای ئاشتی غەززە، خۆی سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ئێران دۆڕاوی سەرەکی ئەو ڕێکەوتنەیە و هەم لەبواری سیاسی و هەمیش ئابووری و هاوسەنگی هێزی ناوچەیی بۆ جارێکی دیکە پلەیەک بەرەو خوار دەچێت و لە کۆتایی خۆی نزیکتر دەبێتەوە. بۆیە بەدڵنییاییەوە هەر وەک دەبیندرێت هەوڵەکانی بۆ تێکدان و سەرنەگرتنی ئەو ڕێکەوتنە زیاتر دەکات و ئەوەش دەتوانێت وای لێبکات هەم حەماس و هەمیش ئێران تووشی هەڵەیەکی گەورە ببن کە لەوانەیە بۆ هەردوو لایەن کایەی مان و نەمان بێت.

TAGGED: ئاسۆی ڕۆژهەڵات, ئاسۆی ڕۆژهەڵات ٢٠١, ئەرسەلان ئێحسانی, کۆمەڵە, نەخشە ڕێگای ترامپ بۆ ئاشتی لە غززە؛ هەوڵێکی نوێ یان دووبارەبوونەوەی "مامەڵەی سەدە"
KomalaMedia 2025/11/02
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر بەربەستە ئایدیۆلۆژیکەکانی ڕیفۆرمی سیاسی لە ئێراندا

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?