ئێران دوای ماوەیەک لە ململانێی ڕاستەوخۆ و گوشارە ئەمنییەکان، بە پێناسەکردنەوەی سەرلەنوێی ستراتیژی بەرگری و بنیاتنانەوەی گرووپە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکە کە بە بەرەی خۆراگری (مێحوەری مۆقاوێمەت) پێناسە دەکرێن، هەوڵدەدات هاوسەنگی هێز لە چوارچێوەی بەرگری و کاریگەری ناوچەیی بگەڕێنێتەوە بۆ پێش شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل. لە چەند مانگی ڕابردوودا سیاسەتی نیزامی و سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ؛ قۆناغێک کە دەتواندرێت بە جۆرێک “خۆ تەیار کردنەوە و ڕێکخستنەوە” ناوی ببەین. ئەم دەستەواژەیە تەنیا بە واتای چاککردنەوەی کەرستە نیزامیەکان وەک سیستمی بەرگری یان دووبارە بنیاتنانەوەی دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازییەکان نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لە چوارچیوەی بیرکردنەوە و ڕوانگەی ستراتیژی ئێران دوای کۆمەڵێک لە گوشار و لێدان و پێشکەوتنە ناوچەییەکان.
چەندین هێرش لە لایان ئیسرائیلەوە و هەروەها بەرپەرچدانەوەیان لە لایەن ئێرانەوە لە ساڵی ڕابردوو، چ لە گۆڕەپانی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل و چ لە بەرەی گرووپە بە وەکالەتەکانی، ئەوەی بۆ تاران ڕوون کردۆتەوە کە هەڕەشە و گوشاری ناڕاستەوخۆ کە ئێران ساڵانێکە وەک سیستمی بەرگری و بەرپەرچدانەوە کەڵکی لێوەردەگرێت چی دیکە ناتوانێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دوژمنەکانی یان پاراستنی هەژمونی ناوچەیی، کاریگەری هەبێت. لەم ڕوانگەیەوە کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ بۆ پێناسەکردنەوەی سەرلەنوێی ستراتژی خۆی کە لە سەر بنەمای بنیادنانەوە و خۆ تەیار کردنەوەی سەربازی ناوخۆیی لەگەڵ داڕشتنەوەی بەرەی گرووپە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکەدایە کە ئامانجی گەڕاندنەوەی جۆرێک لە هاوسەنگییە لە ژینگەی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە دەیەی ڕابردوودا سیاسەتی بەرگری ئێران لەسەر دوو بنەمای سەرەکی دامەزرابوو: ڕێگریکردن لە ڕێگەی مووشەکی و گرووپە بە وەکالەتەکانی و ڕێگریکردن لە نزیک بوونەوە گەیشتنی شەڕ بۆ سنوورەکانی. بەڵام دوای ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەم دواییە، بەتایبەت هێرشە ئاسمانی و سایبێرییەکانی دژی ناوەندە کاریگەر و هەستیارەکانی، ئەم هاوکێشەیە گۆڕانکاری ئەوتۆی بەسەردا هاتووە.
دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە و ناکارامەیی سیستمی بەرگری و مووشەکی و لە ناوچوونی یەک لە دوای یەکی گرووپە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکەدا، تاران گەیشتۆتە ئەو باوەڕە کە تەنیا بەرگریکردن ناتوانێت بیپارێزێت؛ بەڵکوو دەبێت ئەو سیاسەتە بگۆڕدرێت بۆ بنیاتنانەوەی چالاک، واتە هیز و توانایەک دروست بکات کە نەک تەنیا توانای بەرگری بگەڕێنێتەوە بەڵکوو تێچووی هەر کردەوەیەکی دووبارە بۆ سەر ئێران بۆ دوژمنەکانی زیاتر بکات. لەم چوارچێوەیەدا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی دوو ئەرکی سەرەکی پێ سپێردراوە، لە بواری ناوخۆیی دەبێت توانای بەرهەمهێنان لە بواری بەرگری و مووشەکی پەرەپێبدات و ژێرخان و شادەماری بەرگری لە هەر هێرشێک بپارێزێت و تا بکرێت شاراوە بن. هەروەها لە بواری دەرەکیش دەبێت سەر لە نوێ هەوڵی بنیاتنانەوەی پەیوەندی و چالاکی گرووپە هاوپەیمانەکانی کە پێی دەوترێت “بەرەی بەرگری”، بدات. بەم پێیە، لۆژیکی خۆئامادەکردنەوەی ئێران لە ڕاستیدا گۆڕینی لاوازی کاتییە بۆ دەرفەتی پێکهاتەیی؛ هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی بەرگری کردن لە ڕێگەی نەرمی نواندن و کەڵک وەرگرتن لە تێکنۆلۆژی و ژێئۆپۆلۆتیک (هێز لە چوارچێوەی تایبەتمەندی ناوچەیی، سیاسەت و ئابووری)ی ناوچەکەدا.
تایبەتمەندییەکی بەرچاوی سەردەمی نوێ بریتییە لە گرنگیدان بە “قوڵایی و ژێر زەوی”. پێکان و بە ئامانج کردنی ڕێک و وردی دامەزراوە سەربازی و سیستمی بەرگری و فەرماندە نیزامییەکان لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو کە زۆرێک لە دامەزراوە گرنگەکان و ژێرخانە سەربازییەکانی ئێران زۆر بە ئاسانی دەتوانن ببنە ئامانجی هەر هێرشێکی دەرەکی و ئێرانیش توانای بەرگری پێویستی نییە. هەر بۆیەش لە بەرامبەردا سپای پاسداران پرۆسەیەکی بەرفراوانی دەستپێکردووە بۆ گواستنەوەی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئامێرە هەستیارەکانی بۆ ژێر زەوی.
لە لایەکی دیکەشەوە دوای چالاک بوونەوەی میکانیزمی ماشە و گەڕانەوەی سەر لە نوێی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وایکردووە تاران بۆ سووتەمەنی مووشەکی و سیستەمی ڕێنمایی و بزوێنەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئەندازیاری پێچەوانە (موهەندێسی مەعکوس) کەڵک وەر بگرێت. لە ساڵانی ڕابردوودا وەزارەتی بەرگری و ڕێکخراوی (خۆد کەفایی سپای پاسداران) تۆڕێکیان لە کۆمپانیا نیمچە تایبەتەکان دروست کردووە کە چەندین کەرەستەی سەربازی و ئێلێکترۆنی بە کەڵک وەرگرتن لە زانستی ناوخۆیی بەرهەم هێناوە. لە ڕەهەندی ستراتیژیدا، دوکتورینی نوێی ئێران لەسەر سێ بنەمای سەرەکی، هێزی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان وەک بەرەی بەرگری خێرا، شەڕی ئێلێکترۆنی و سایبێری بۆ لەکارخستنی ژێرخانەکانی دوژمن و بڵاوە پێکردنی شوێنەکانی بەرهەمهێنان و کۆگاکانی هەڵگرتنی چەک بۆ کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی بە ئامانج کردنیان، دامەزراوەتەوە. بە گشتی ئێران هەوڵ دەدات ئەگەر بنکەیەک یان بەشێک تێکچوو، دەستبەجێ بتوانێت جێگرەوەیەکی بۆ ئامادە بکات و بیخاتە ڕێ و بەم جۆرە بەردەوام بەشی بەرگری کردنی وڵات بپارێزرێت.
بەڵام هەوڵەکانی تاران بۆ خۆ تەیار کردنەوە و بنیاتنانەوەی سەر لە نوێی سیستمی بەرگری خۆی تەنیا ناوخۆی ئێران لە خۆ ناگرێت و بەشی دەرەکی و ناوچەیی وەک هەمیشە ڕۆڵێکی بەرجاویان لەو پڕۆسەیەدا هەیە. گرووپە بە وەکالەتەکانی ئێران کە پێکهاتووە لە حیزبوڵڵای لوبنان، حەشدی شەعبی عێراق، ئەنساروڵڵای یەمەن و ئولی ئەلباس لە سووریە، لە دوو دەیەی ڕابردوودا بڕبڕەی پشتی سیاسەتی ناوچەیی تاران بووە. بەڵام دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییە، ئەم تۆڕە گۆڕانکاری لە ئەرکەکانیدا بەخۆیەوە بینیوە و لە ئامرازێکی گوشارەوە بۆ چینێکی بەرگری دەرەکی گۆڕدراون. لە ڕابردوودا گرووپە بە وەکالەتکان زیاتر بۆ گوشاری سیاسی و ئەمنی لەسەر ڕکابەرە ناوچەییەکانی ئێران بەکاردەهێنران. بەڵام لە ئێستادا ئامانجی سەرەکی دروستکردنی بەربەست و لەپمەرێکی ژێئۆپۆلتیکە لە دەوری سنوورەکانی ئێران بۆ ئەوەی هەر هەڕەشەیەک هەر لە سەرەتای سەر هەڵداندا دەستنیشان بکرێت و پووچەڵ بکریتەوە پێش ئەوەی بتوانێت کاریگەری ئەوتۆی لەسەر دەسەڵاتی ناوخۆیی هەبێت.
حیزبوڵڵای لوبنان لە ئێستادا هێزی سەرەکی ئێران لە دژی ئیسرائیلە. بەڵام شەڕی ئەم دواییە تێچوویەکی زۆری بۆ ئەو گرووپە هەبوو. لە بەرامبەردا ئێران هەوڵی داوە تواناکانی حیزبوڵڵا لە بەرگرییەوە بۆ خۆپاراستنێکی چالاک بگۆڕێت و هەوڵی گواستنەوەی تێکنۆلۆژی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی دەدات؛ واتە توانای ئەنجامدانی هێرشی سنووردار و کۆنترۆڵکراو بەبێ ئەوەی تووشی خەسارێکی کاریگەر بێت. لە عێراق دۆخەکە ئاڵۆزترە. لە کاتێکدا هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ئێرانەوە نزیکن، لە سیاسەتی ناوخۆی عێراقیشدا بەشداری چالاکیان هەیە. دوابەدوای گوشارەکانی ئەمەریکا و حکومەتی بەغدا، تاران ستراتیژێکی نوێی گرتۆتەبەر و هەوڵدەدات لە ڕێگەی سیاسی و ئەمنییەوە، نەک تەنیا سەربازیی، پێگەی خۆی لە عێراق بپارێزێت؛ بەڵام هەڕەشەی نوێی ئامریکا بۆ ئەوەی لە ئەگەری بەشداری سیاسی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە ناو حکومەتی نوێی ئەو وڵاتەدا، حکومەتەکە بە فەرمی ناناسێت و هەروەها هەڕەشەی لیدانی ئیسرائیل لە ئەگەری هەر هەڕيشەیەک لە لایەن ئەو گرووپانەوە بۆ سەر ئیسرائیل، دەتوانێت بە ڕادەیەکی زۆر هاوسەنگییەکان بگۆرێت. بەلام لە یەمەن ئەنساروڵڵا ڕۆڵێکی نوێی پێدراوە، گواستنەوەی بەرگری ئێران بۆ دەریای سوور. توانای ئەم گرووپە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی پەیوەندیدار بە ئیسرائیل یان هاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتە، بەشێکی گرنگی ستراتیژی دەریایی تاران پێکدەهێنێت. ئەم پێشهاتە ڕێگەی بە ئێران داوە کە جۆرێکی نوێ لە قووڵایی ئۆپەراسیۆن لە ڕێڕەوی دەریاوە بەدەست بهێنێت کە لە کەنداوی فارسەوە تا باب ئەلمەندەب لە خۆ دەگرێت.
سەبارەت بە گرووپە بە وەکالەتەکانی دیکەی ئێران لە ناوچەکەدا، لە سووریە، بوونی ئێران شێوازێکی شاراوەتری بە خۆیەوە بینیوە. پاڵپشتی و دەستێوەردانەکان لە ناردنی سەربازەوە گۆڕدراوە بۆ گواستنەوەی تێکنۆلۆژی و ڕاهێنانی هێزە ناوخۆییەکان. تاران لە پێناو پاراستنی کاریگەری و پیگەی خۆی بەبێ ئەوەی خۆی دەرخات، هەوڵی بەدامەزراوەییکردنی دەسەلاتی خۆی لە پێکهاتەی بەرگری سووریە دەدات. بە گشتی بنیاتنانەوەی گرووپە بە وەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنەمای پەرشوبڵاوی، ڕاهێنان و پەیوەندی تێکنۆلۆژی دامەزراوە، نەک سەرنجدان لەسەر بەرەیەکی دیاریکراو. خۆ تەیارکردنەوە لە بواری سەربازی و گرووپە بە وەکالەتەکانی ئێران تەنیا پڕۆژەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نەزمی ناوچەکە هەیە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆدا، هاوسەنگی هێز تەنیا بە هیزی سەربازی بەدی نایات، بەڵکوو پێویستی بە تۆڕێکی بەرفراوان لە کارتێکردن و ڕخنەکردن و تێکنۆلۆژی نوێ و شەڕی ناموتقارێن، هەیە.
ئەوەی ڕوونە ئەوەیەک کە ئەم خۆ تەیار کردن و سەر لو نوێ ئامادە کردنەوەی گرووپە بە وەکالەتەکانی ئیران لە ناوچەکەدا چەندین کاریگەری ئەوتۆی دەبێت؛ بە دڵنیاییەوە هێزە ناوچەییەکان بە تایبەتی ئیسرائیل و ئەمریکا ڕووبەڕووی تۆڕێکی هەڕەشەی پەرشوبڵاو دەبنەوە کە لە یەمەنەوە تا لوبنان لە خۆ دەگرێت. ئەم پەرشوبڵاوییە تێچووی وەڵامدانەوەی سەربازیی بۆ ئەو وڵاتانە زیاد دەکات کە ئەوەش لە بەرژەوەندی ئێراندایە. لە هەمان کاتدا بوونی ناڕاستەوخۆی ئێران لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن ڕێڕەوی بازرگانی جیهانی کردووە بە پرسێکی ئەمنی. ئەمەش دەتوانێت گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سنووردارکردنی کاریگەرییە دەریاییەکانی ئێران لە درێژخایەندا زیاد بکات. لە لایەکی دیکەشەوە وڵاتانی وەک سعوودیە، ئیمارات و تورکیە ناچاربوون لە نێوان کێبڕکێ و وتووێژ لەگەڵ ئێراندا، هاوسەنگی دروست بکەن. لە ئەنجامدا نەزمی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فۆرمێکی “پێکەوەژیانی کێبڕکێ”ی بە خۆیەوە گرتووە. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، ڕۆژئاوا ئێستاش نیگەرانە لە پەیوەندی نێوان بنیاتنانەوەی سەربازی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی. بەڵام لە بارودۆخی ئێستادا، پێدەچێت تاران مەبەستی ئەوە نەبێت بە ئاشکرا ئاستی گرژیەکان زیاد بکات و پێی باشترە بەرگری خۆی لە ئاستێکی کردەوەیی بەڵام شاراوەدا بهێڵێتەوە.
سەرەڕای هەوڵە بەرفراوانەکانی کۆماری ئیسلامی، پڕۆژەی خۆ تەیار کردنەوەی ئێران ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبێتەوە؛ لە لایەکەوە سزاکان دەستڕاگەیشتن بە کەرەستە و پێداویستییە پێشکەوتووەکان و هەندێک مادەی شیمیایی بۆ ئێران سنووردار کردووە. هەرچەندە هەوڵەکان بۆ بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لە ئارادایە، بەڵام خێرایی بەرهەمهێنانی تێکنۆلۆژی لە ناوخۆ لەوە خاوترە کە تاران چاوەروانی دەکات. لە بواری ناوچەییشدا زۆرێک لە گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران لەگەڵ کێشە دارایی و کەمی هێز دەست ڕووبەڕوو بوونەوە. شەڕە درێژخایەنەکان و ماندوویەتی و گوشارە ناوخۆییەکان لە وڵاتەکانیاندا کاریگەری ئەم گرووپانەی کەمکردووەتەوە. هەروەها پەیوەندی نێوان تاران و هێزە بە وەکالەتەکان لە هەندێک بەرەدا، بەتایبەتی لە عێراق و سووریە، ڕووبەڕووی کێشە بۆتەوە و هەر ئەو بابەتەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی ئاستەنگی بڕیاردان. زیادبوونی سەربەخۆیی هەندێک لە فەرماندە مەیدانییەکان هەندێکجار دەبێتە هۆی کردەوەهایەک کە تەنانەت لەگەڵ سیاسەتی گشتی ئێراندا ناگونجێت. لە لایەکی دیکەشەوە هەر نیشانەیەک بۆ گواستنەوەی چەکی پێشکەوتوو یان دروستکردنی بنکەی نوێ دەتوانێت ببێتە ئامانجی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئەو شوێنانە. ئەم دۆخە ئێرانی ناچار کردووە زیاتر پشت بە بنیاتنانەوە و خۆ تەیار کردنەوە شاراوە ببەستێت، کە بۆخۆی پرۆسەیەکە کە کاتێکی زۆر دەبات و لەهامن کاتیشدا تێچوویەکی زۆر هەڵدەگرێت.
بە پێی ئەم لێکدانەوانە لە ماوەی مامناوەنددا ئێران سێ بژاردەی لە بەردەستدا هەیە؛
یەکەم: بەرگری بەردەوام
لەم حاڵەتەدا ئێران به بێ ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ دەتوانێت توانا مووشەکی و گرووپە بە وەکالەتەکانی خۆی بنیات بنێتەوه، لە هەمانکاتدا ئیسرائیل و ئەمریکا دەگەنە ئەو باوەڕە کە هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆ و بەهێز بۆ سەر ئێران تیچوویەکی زۆری دەبێت و بەم جۆرە جۆرێک لە هاوسەنگییەکی کاتی کە هەرکات ئەگەری لە ناوچوونی هەیە دێتە ئاراوە. لەم حاڵەتەدا پیویستە هەردوو لایەن زۆر بە هەستیارییەوە هەڵسووکەوت بکەن و دەتوانێت یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکان بێت لە داهاتوودا.
دووهەم: گەڕانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە
لە ئەگەری لێکدانەوەی هەڵە یان هێرشی سنووردار لەلایەن هەرکام لە لایەنەکان، دەکرێت ململانێکان لە بەرەیەکی بچووکەوە دەست پێبکات و تەشەنە بستێنێت بۆ چەندین بەرەی جیاواز. لەم دۆخەدا ڕەنگە بنیاتنانەوە و خۆ تەیارکردنەوەی ئێران خێراتر بێت، بەڵام مەترسییەکانی لەناوچوون و داڕمانی ئابووری و سیاسیش لە ناوخۆی ئیران زیاتر و بەرچاوتر دەبێت کە ئەوەش لە خۆیدا بۆ ئێران ناتوانێت بژاردەیەکی گونجاو بێت.
سێهەم: هاوسەنگی ناجێگیر و کێبڕکێی بەردەوام
لەم قۆناغەدا نە ئاشتییەکی تەواو و نە شەڕی بەربڵاو ڕوودەدات. بەڵکوو ناوچەکە دەچێتە قۆناغێکی کێبڕکێی ناهاوسەنگی بەردەوام. ئێران و ڕکابەرەکانی هەرکامیان هەوڵ دەدەن بە تێکنۆلۆژی و هێرشی سایبێری و کردەوەی سنووردار، پێگەی خۆیان بپارێزن. ئەم حاڵەتە چاوەروانترین حاڵەت دەبێت کە لەوانەیە بۆ ساڵانی داهاتوو هەردوولا ڕەچاوی بکەن.
سەر لە نوێ خۆتەیارکردنەوەی ئێران تەنیا کاردانەوەیەک نییە لە بەرامبەر بە گوشارەکان یان شەڕەکانی ئەم دواییە، بەڵکوو بەشێکە لە ڕەوتێکی مێژوویی لە سیاسەتی ئەمنیی کۆماری ئیسلامیدا. ڕەوتێک کە لە شەڕی ئێران و عێراقەوە دەستی پێکرد، لە قەیرانی سووریەدا چەسپاوە و ئێستا لە قۆناغی پێگەیشتنی تێکنۆلۆژی و ناوچەییدایە. تاران درکی بەوە کردووە کە لە ژینگەی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەقامگیری تەنیا بە هێزی سەربازی کلاسیک ناپارێزرێت؛ پێویستی بە تۆڕێک لە هاوپەیمانییە نادەوڵەتییەکان، تێکنۆلۆژیی پێشکەوتوو و نەرمی نواندنی ستراتیژی هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، بنیاتنانەوەی سەربازی و گرووپە بە وەکالەتەکانی نەک وەک پڕۆژەیەکی کاتی، بەڵکوو وەک شێوازێکی هەمیشەیی لە سیاسەتی بەرگری ئێراندا پەیڕەو دەکرێت.
لە کۆتاییدا داهاتووی ئەم پرۆسەیە پەیوەستە بە سێ هۆکارەوە، توانایی ئێران بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان بەرگریکردن و دەسەڵاتی ئابووری ناوخۆیی و ئەوەیکە چۆن زلهێزە ناوچەییەکان وەڵامی فراوانبوونی کاریگەری و ڕخنەکردنی ئێران لە وڵاتان و ناوچەکە دەدەنەوە و هەروەها توانای دیپلۆماسی بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی کێبڕکێیەکی نادیار و شاراوە بۆ ململانێ و ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی ئاشکرا.
بە گشتی ئەگەر ئێران بتوانێت هاوسەنگیەک لە نیوان بنیاتنانەوەی دەسەڵات لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە شەڕی ڕاستەوخۆ بپاریزێت، ڕەنگە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەزمێکی نوێ سەرهەڵبدات کە لە ناویدا هێڵەکانی نێوان دەسەڵاتی سەربازی و کاریگەری و ڕخنەی سیاسی ئاڵۆزتر لە جاران بێت. بەڵام بەم لێدوان و هەڕەشە دژبەیەک و بەردەوامانەی دەسەڵاتداران و ڕێبەری ئێران، وا دەردەکەوێت، ئەم هاوسەنگییە لە زیاتر لە جاران لە مەترسی داڕمان و لە ناوچووندایە و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دووبارە و بەهێزتر لە ناوچەکەدا، بەهێزترە لە سەقامگیری و ئارامی.


