ڕۆژانی هەینی و شەممە ٦ و ٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی شاندێکی کۆمەڵە بەشداریان لە کۆنگرەی حیزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان لە شاری بێرلین کرد. شایانی باسە ئەو بەشدارییە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندی سیاسی و نێودەوڵەتی لەگەڵ حیزبە پێشکەوتوو و دێموکراتیکەکان ئەنجام دراوە.
لە ئەنجامی ئەو کۆنگرەیە دا ئەندامانی کۆمەڵە وێڕای گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی بەستنی سەرکەوتووانەی کۆنگرەکەیان، لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئەندامان و بەرپرسانی(SPD) ، گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیان هەبوو. چەندین بابەت وەک یەکگرتوویی و هاوکاری نێودەوڵەتی ئەحزابی دەستەخوشک، داکۆکی لە مافی مرۆڤ و بەها هاوبەشەکانی سۆسیال دێموکراسی، ڕاکێشانی سەرنج و پشتیوانی لە چالاکی دێموکراسی خوازانە لە ئێران و ناوچەکە و هەروەها هاوکاری سیاسی و ڕاگواستنی ئەزموونی سەرکەوتووانەی خەباتی (SPD) لەو وتووێژانەدا ئاماژەیان پێکراوە و خستراونەتە بەر باس.
هەروەها شاندی کۆمەڵە جەختیان لە ڕۆڵ و کاریگەری مێژوویی کورد و کۆمەڵە لە پێناو بەدیهێنانی ئازادی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافی نەتەوایەتییەکان و کەمایەتییەکان لە ئێران، گرینگی پەرە پێدانی ڕێگاکانی پەیوەندی لەگەڵ هێزە دێموکراتیکەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی دا، کردەوە.
جێگای ئاماژەیە، بەشداری هاوڕێیانی کۆمەڵە لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوانەی کۆمەڵەدا بوو کە لە پێناو پەرەسەندنی دیپلۆماسی حیزبی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەحزابی پێشکەوتووی ئورووپایی بە تایبەت ئاڵمان، کاری بۆدەکەن.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کومیتەی ئاڵمان
٧ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢٨ی ژوئەنی ٢٠٢٥ی زایینی


