By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: تاوانی سیاسی؛ ململانەیەکی بەردەوام لە نێوان سیاسەت و دادپەروەری
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > تاوانی سیاسی؛ ململانەیەکی بەردەوام لە نێوان سیاسەت و دادپەروەری
وتار

تاوانی سیاسی؛ ململانەیەکی بەردەوام لە نێوان سیاسەت و دادپەروەری

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/08/31 at 7:41 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
11 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

تاوانی سیاسی لە یاسای نێودەوڵەتیدا چەمکێکی ئاڵۆز و تاڕادەیەک ناڕوونە، چونکە بە پێچەوانەی تاوانە ئاساییەکان (وەک کوشتن، دزی، یان قاچاخ)، یەک پێناسە نییە و تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە بۆچوونی دەوڵەتان و هەلومەرجی سیاسییەوە هەیە. لە یاسای ناوخۆیی زۆرێک لە وڵاتاندا تاوانی سیاسی بریتییە لە کردارێک کە دژی پێکهاتەی سیاسی، شێوازی حکومەت یان ئاسایشی سیاسی وڵات ئەنجام دەدرێت بە ئامانجی گۆڕین یان گوشارخستنە سەر دەسەڵات بۆ گۆڕینی یان گۆڕانکاری بنەڕەتی.

نزیک بە سەد ساڵە دەستەواژەی تاوانی سیاسی لە یاساکانی ئێراندا هاتووە، بەڵام لەم ماوەیەدا هەم بنەماڵەی قاجار و هەم حکومەتەکانی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی پێناسەیەکی ڕوونیان بۆ ئەو بابەتە نیە بۆ ئەوەیکە دەستیان ئاواڵەتر بێت بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی خۆیان. بە دڵنیاییەوە بەڕێوەچوونی دادگای داخراو و نائاشکراکان بۆ تاوانبارانی سیاسی، هاوکات لەگەڵ نەبوونی زانیاری فەرمی سەبارەت بە چارەنووسی ئەو کەسانە لە کاتی پرۆسەی دەسبەسەرکراندا، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئاماری جیاواز و دژبەیەک سەبارەت بە ژمارەی تاوانبارانی سیاسی لە گرتووخانەکانی ئێران، بەڵام ئەوەی  بە شێوەیەکی نافەرمی بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بە زیاتر ١٥٠٠ دەستبەسەرکراوی سیاسی لە ئێراندا دەکات کە لە سەدا ٣٣یان کوردن.

لە ماددەی ١٦٨ی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە فەرمی تاوانە سیاسییەکانی تێدا گونجاوە و باس لەوە دەکات کە دادگاییکردنەکانیان دەبێت بە ئاشکرا و بە ئامادەبوونی دەستەی یاریدەدەری دادوەر (هەیئەتێ مۆنسێفێ) بەڕێوە بچێت. بەڵام نەبوونی پێناسەیەکی یاسایی ڕوون بەو مانایە بوو کە لە ماوەی سێ دەیەی یەکەمی دوای شۆڕش، هیچ دادگایەک بە فەرمی هیچ تۆمەتێکی بە “تاوانی سیاسی” نەزانیوە! هەر بۆیەش ڕەخنەگران، تەنانەت لە حاڵەتی چالاکی ئاشتیانەدا، زۆرجار لە ژێر ناونیشانی وەک “بانگەشە دژی حکومەت” یان “کۆبوونەوە و هاوکاری دژی ئاسایشی نەتەوەیی” دادگایی دەکران. چەمکەکانی وەک “ئاسایشی نەتەوەیی” یان “بنەمای حکومەت” پێناسەی یاسایی وردیان نییە و بۆ لێکدانەوەی بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان جێهێڵراون. هەر ئەو ناڕوونیەش خۆی دەبێتە هۆکاری لەناوبردن و مەتەرسی بۆسەر هەر کەسێک کە هەوڵ بدات ڕەخنە لە حکومەت یان دەسەڵاتداران بگرێت چۆن لەوانەیە لە لایەن دادوەر، داواکاری گشتی یان دامەزراوە ئەمنییەکان بە تاوانی ئەمنی لێکدانەوەی بۆبکرێت و سزای قورسی وەک لە سێدارەدان و دەستبەسەرکردنی هەتاهەتایی بەسەردا بسەپێت.

هەوڵدان بۆ دیاریکردنی نموونەکانی تاوانی سیاسی لە دەورانی سەرۆکایەتی دەزگای داد لە لایەن محەممەد یەزدی و هاشمی شاهروودی، تەنیا بە بەڵێن کۆتایی هات و لە دەورانی سادق لاریجانیدا پڕۆژە یاسای تاوانە سیاسییەکان ئامادەکرا و ڕەوانەی خولی ٩ی پارلمانکرا. دواجار پاش تێپەڕینی ٣٧ ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی، “تاوانی سیاسی” لە ئێران بە شێوەیەکی یاسایی پێناسە دەکرێت. ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی گوڵانی ١٣٩٥، دواجار ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور (شووڕای نیگەهبان) یاسای تاوانە سیاسییەکانی پەسەندکرد کە پێشتر پارلمان لە زستانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی پەسەندی کردبوو.

یاسای تاوانە سیاسییەکان لە شەش ماددەدا ڕێکخراوە. بە پێی ئەم یاسایە، ئەگەر تاوانێکی وەک “بڵاوکردنەوەی درۆ” یان “سووکایەتی و بوختان” بەرامبەر زۆربەی بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێران “بە مەبەستی چاکسازی لە کاروباری وڵات، بەرامبەر بە دامودەزگاکانی بەڕێوەبردن و سیاسی یان سیاسەتی ناوخۆیی یان دەرەکی وڵات ئەنجام بدرێت، تاوانبار ئەگەر بەنیازی هێرشکردنە سەر بنەمای حکومەت نەبێت، ئەوە بە تاوانێکی سیاسی دادەنرێت”. بە پێی ماددەی ٦ی ئەم یاسایە چەند خاڵێک بۆ تۆمەتبارانی سیاسی دیاری کراوە کە دەتوانێت لە بەرژەوندی دەسبەسەرکراودابێت کە گرنگترینیان دەتوانێت، جیاکردنەوەی شوێنی دەستبەسەرکردن و زیندانیکردن لە تاوانبارانی ئاسایی، قەدەغەکردنی لەبەرکردنی جلوبەرگی زیندان لە کاتی دەستبەسەرکردن و زیندانیکردندا، قەدەغەکردنی جێبەجێکردنی ئەو ڕێسایانەی کە لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی تاوانەکان زیاد دەکات، قەدەغەکردنی گرتن و زیندانیکردنی تاکەکەسی جگە لە تاوانە سیاسییانەی کە دەزگای داد بە لە بەرچاوگرتنی چەند مەرجێک بە پێویستی دەزانێت لێکۆڵینەوەکە بەردەوام بێت، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا، نابێت ماوەکەی زیاتر بێت لە ١٥ ڕۆژ، مافی سەردانیکردن و نامەنووسی بۆ کەسوکاری پلە یەک لە ماوەی زیندانیکردندا و مافی دەستگەیشتن بە کتێب و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن لە ماوەی زیندانیکردندا.

بە پەسەندکردنی کۆتایی ئەم بڕیارنامەیە لەمەودوا هەموو ئەو تۆمەتبارانەی کە تاوانەکانیان بە “سیاسی” دیاری کراوە، دەبێت بە ئاشکرا و بە ئامادەبوونی دەستەی یاریدەدەری دادوەر بەپێی ماددەی ١٦٨ی دەستوور، لە دادگا ئاساییەکانی دادوەری نەک لە دادگای ئینقلابی تایبەتدا دادگایی بکرێن. بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئەم تاوانانە چین و چۆن پێناسە کراون؟ خاڵی هەرە سەرەکی لە پێناسەی “تاوانباری سیاسی” لە یاسای نوێدا ئەوەیە کە ئەگەر تۆمەتبارێک بەنیازی هێرشکردنە سەر بنەما یان چوارچێوە بنەڕەتییەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی بێت، ئەوا تۆمەتەکەی چیتر “سیاسی” نابێت. بە واتایەکی دیکە، بناغە بنەڕەتییەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی دەبێت لە هەر جۆرە هێرش و تەنانەت ڕەخنەیەک بێبەری بن. بۆیە ئەگەر کەسێک بەنیازی هێرشکردنە سەر بناغە بنەڕەتییەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی یان داوای گۆڕانکاری بنچینەیی و پێکهاتەیی لە دۆخی سیاسی باوی وڵاتدا بکات، چی دیکە تۆمەتەکەی لە ڕوانگەی کاربەدەستانی دادوەری و هەواڵگری کۆماری ئیسلامییەوە بە “تۆمەتی سیاسی” نازانرێت؛ بەڵکو دەبێتە “تاوانی ئەمنی”.

بە پێی ئەم یاسا نوێیە، “ئاینی فەرمی وڵات”، “بنەمای دەسەڵاتی ڕەهای وەلایەتی فەقیه”، “ئیسلامیزم” و “کۆماریزم” بۆ سیستەمی کۆماری ئیسلامی بە پرسێکی بنەڕەتی دادەنرێت و تەنانەت هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئاشتیانەیان جێگای قبوڵ نییە. جگە لەو بابەتانەی پێشتر باسمان کرد، تۆمەتە کۆن و ئاشناکانی وەک “هەڵسوکەوت دژی ئاسایشی نەتەوەیی”، “بانگەشە دژی نیزام و حکومەت”، “محاربە”، “کۆبوونەوە و هاوکاری بۆ تێکدانی ئاسایش” و “پێکهێنانی گرووپێکی نایاسایی” ئێستاش لە ڕژێمی تاوانکاری ئێراندا دەمێننەوە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت، وەک هەموو ئەم ساڵانە، داواکاری گشتی و دادوەرەکانی دادگاکانی ئینقلاب بتوانن لەسەر ئەو تۆمەتانە، تێکۆشەرانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی سەرکوت بکەن و سزای قورسی سێدارەیان بەسەردا بسەپێنن.

یەکێک لە خاڵە ئەرێنییەکانی یاسای تاوانە سیاسییەکان مەرجی گوێگرتنە لەو تاوانانە بە ئامادەبوونی دەستەی یاریدەدەری دادوەرییە. لەگەڵ دەرچوونی ئەم یاسایە، تۆمەتبارانی سیاسی لە دادگای تاوانەکاندا بە ئامادەبوونی سێ دادوەر و دەستەی یاریدەدەری دادوەر دادگایی دەکرێن. بەڵام چاوخشاندنێک بە دادگاکانی ڕۆژنامەوانی کە بە ئامادەبوونی دەستەی یاریدەدەری دادوەر بەڕێوەدەچن، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە تەنها بوونی دەستەیە بەڵگە نییە لەسەر دادپەروەری دادگا، چونکە بەشێک لە ئەندامانی دەستەی یاریدەدەری دادوەری ڕۆژنامەوانی، کەسایەتی ناسراون و دژایەتی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکەن و لە زۆر حاڵەتدا تەنانەت لە دادوەری سزای توندتریان دەرکردووە.

لە وڵاتانی دیموکراسیدا دەستەی یاریدەدەری دادوەر نوێنەرایەتی ویژدانی گشتی کۆمەڵگە دەکات، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەبێت لە گروپە جیاوازەکانی کۆمەڵگە پێکبێت و تەنانەت ئەندامبوون لە  دەستەی یاریدەدەری دادوەر لە بڕێک وڵاتاندا ناچارییە بۆ هاووڵاتییان و ئەوەش بەجۆرێکە لە دێموکڕاسی کە حکومەت دەستی باڵای نەبێت لە دانانی ئەوان و ئەوانیش لە بڕیارە گرینگەکاندا ڕۆڵیان هەبێت.

بەپێی یاسای تاوانە سیاسییەکان لە ئێران، “ناساندنی سروشتی سیاسی ئەو تۆمەتە لای داواکاری گشتی یان ئەو دادگایەیە کە پەڕگە تێیدا بەڕیوەدەچێت. ئەم دادگایانە تا ئێستا یەک تاوانباریان وەک “تاوانبارێکی سیاسی” نەناساندووە. بەپێی دەستووری کۆماری ئیسلامی، مامەڵەکردن لەگەڵ تۆمەتە سیاسییەکان دەبێت لە دادگای کراوەدا بە ئامادەبوونی دەستەی یاریدەدەری دادوەر ئەنجام بدرێت. ئەمە لە حاڵێکدایە کە دادگایی کردنی زۆربەی زیندانیانی سیاسی لە ئێران لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەڕێوە دەچێت.

ئەم یاسایە ڕێژەیەکی کەمی تاوانەکانی لە بەشی  سیاسیدا دیاری کردووە و دەستی دامەزراوە دادوەری و ئەمنییەکانی بۆ پشتڕاست کردنەوەی تاوانی سیاسی ئازاد کردووە، لە قۆناخی یەکەمدا ئەگەر داواکاری گشتی دیاری بکات کە مەبەستی تۆمەتبار چاکسازی نەبووە و مەبەستی زیانگەیاندن بە سیستەمی کۆماری ئیسلامی بووە، ئەوا لە بازنەی ئەم یاسایە دوور دەخرێتەوە. هەڕوەها سوکایەتیکردن به ڕێبەڕی کۆماری ئیسلامی ئێران و به ڕپرسانی باڵای ئایینی تائێستاش تاوانێکی ئەمنییه. هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە سیستەمی سیاسیدا بە تاوانی سیاسی نازانرێت و ئەگەرچی بەشێوەیەکی تەواو مەدەنی و ئاشتیانەش بەڕیوەبچێت، بەڵکوو بە تاوانی ئەمنی ئەژمار دەکرێت. بە واتایەکی‌ دیکە دەستی دامەزراوە ئەمنی و دادوەری بۆ تۆمەتبارکردنی خۆپیشاندەران و چالاکانی سیاسی، خوێندکاری، مەدەنی، کلتووری و کرێکاری بە نازناوەکانی وەک فیتنە، موحاڕبە، بەغی و کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی و کۆمەڵگا، کراوەیە.

بەپێی ماددەی ١٦٨ی دەستووریش بێت، مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانە سیاسی و ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایە و بە ئامادەبوونی دەستەی یاریدەدەری دادوەر ئەنجام دەدرێت. بەڵام تا ئێستا ئەم خاڵەی دەستوور لە دۆسیەی تاوانە سیاسییەکان جێبەجێ نەکراوە و هەموو ئەو کەسانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی چالاکییە سیاسییەکانیانەوە چوونەتە زیندانەکانی ئێران یان لە سێدارە دراون، یان بە “تاوانباری ئەمنی” لە گرتووخانەکانن. لە ساڵانی ڕابردوودا جیاکردنەوەی تاوانەکان یەکێک بوو لەو داواکاریانەی کە دەسبەسەرکراوانی سیاسی بە ئاماژەدان بە پەیڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوی گرتووخانەکان داوای جێبەجێکردنیان کردووە. بەپێی ماددەی هەشتی پەیڕەوی ناوخۆی گرتووخانەکان، سەرجەم سزادراوان بەپێی جۆر و بڕی سزا، پێشینەی تاوان، کەسایەتی، کردەوە و هەڵسووکەوت، جیا دەکرێنەوە. میدیاکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار باسیان لەوە کردووە کە دەسەڵاتی دادوەری بە مەبەستی گوشار و سزادانی دەسبەسەرکراوانی سیاسی دەیانگوازێتەوە بۆ بەشی ئەو تاوانبارانەی تاوانی جیاواز و تەنانەت قورس و مەترسیداریان هەیە.

لەم دواییانەدا بەشێوەیەکی نوێ چالاکوانانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان دەخرێنە ژێرگوشار، بەشێوەیەک ئەو کەسانە بە نهێنی یان بە ئاشکرا دەستگیر دەکرێن و دواتر بە بارمتەی قورس ئازاد دەکرێن و بۆ ساڵانێکی پەڕگەکانیان یەکلایی نابێتەوە و نازاندرێت ئایا ئازاد دەکرێن یان خود دەگەڕێندرێنەوە بۆ گرتووخانە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەروەک چۆن حکومەتی ئیسلامییان بە پەردەی کۆمارییەت داپۆشیوە، ئەمجارەش بە هەمان شێوە مامەڵە دەکەن. چل ساڵە تاوانە سیاسییەکان وەک تاوانی دژە شۆڕش یان ئەمنی بەرانبەر بە نەیارانیان بەکاردێنن و بە خراپترین شێوە هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکەن، زیندانی و لە سێدارەیان دەدەن، هەر بۆیەش ڕاستییەکی ئاشکرایە کە ناتواندرێت لە ئێستادا بگوترێت لەم کاتەوە چی دیکە ئەوانە تاوانی ئەمنی نین و وەک تاوانی سیاسی دەناسرێن. هەر بۆیە هەوڵیان داوە وەک هەمیشە پێناسەی خۆیان بۆ بابەتەکان بخەنەڕوو و ئەمجارەش چەند کردەوە کە مافی سەرەکی هەر تاکێکی کۆمەڵگایە وەک تاوانی سیاسی بناسێنن و هەوڵ بدەن لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە ئاشکرا باس لەوە بکەن کە ئێمە هیچ تاوانبار یان تۆمەتبارێکی سیاسیمان نیە و لە ڕاستیشدا بە پێی پێناسەی خۆیان ئەو قسەیە ڕاستە چوونکە تۆمەتباری سیاسی لە ئێران وەک تاوانباری ئەمنی دەناسرێت و هەمان سزای تاوانباری ئەمنییان بەسەردا دەسەپێنن. هەر بۆیە گۆڕانکاری لە وشەکاندا و چۆنێتی بە کار هێنانیان کڵاوێکی شەڕعی یاساییە کە کۆماری ئیسلامی خستوویەتیە سەر خەڵک و کۆمەڵگای جیهانی و بەم جۆرەش یەک بەدوای یەکدا نەیاران و دژبەرانی خۆی پێ لەناودەبات.

TAGGED: ئاسۆی ڕۆژهەڵات, ئەرسەلان ئێحسانی, تاوانی سیاسی؛, تاوانی سیاسی؛ ململانەیەکی بەردەوام لە نێوان سیاسەت و دادپەروەری, کۆمەڵە
KomalaMedia 2025/08/31
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر هێماکانی یەکگرتوویی نەتەوەیەک
بابەتی دواتر سڕینەوەی شوێنەوارەکانی تاوان: لەناوبردنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان لە ئێران

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?