دادگای جنایی (لقی ٢) لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بە بڕیاری ژمارە ١٥٣٥ رێکەوتی ١٨ی ئایاری ٢٠٢٥، “سەرکەوت (عەلی) ئەحمەدی” ـ هاوڵاتی ئێرانی و پەیوەندیدار بە ئۆرگانە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە هۆی کرداری تێرۆرکردنی شوعەیب زارعی، چالاکی سیاسیی کورد و ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، بە تاوانبار ناسیوە و سزاى لە سێدارەدانی بۆ دەرکردووە
. ئەم نووسراوەیە بە شێوەیەکی گشتی وێڕای شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی بڕیاری دەرکراوی دادگا، هەوڵ دەدات وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە کە ئایا دەرچوونی ئەم بڕیارە و دەستنیشانکردنی پەیوەندی ئەم کوشتنە بە ئۆرگانە ئەمنییە سەربازییەکانی حکومەتی ئێران وەک سپای پاسداران دەتوانێ وەک بەڵگەی یاسایی بەکاربێت بۆ تۆمارکردنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی لەسەر بنەمای یاسا و ڕێنمایییەکانی یەکێتیی ئەورووپا؟
بەڵگە و دێکۆمێنتەکانی کەیسەکە: بە پێی راگەیاندنی فەرمیی حیزبی کۆمەڵەی کوردستان، شوعەیب زارعی ـ چالاکی سیاسیی کورد و ئەندامی ئەم حیزبە ـ لەلایەن هاوڵاتییەکی ئێرانی بە ناوی سەرکەوت ئەحمەدی (بە پشتبەستن بە راگەیاندنی حیزب کۆمەڵە) لە رێگای بەکارهێنانی (چەکی دەستی) دەمانچە لە ڕێکەوتی ١٦ی مانگی مارسی ٢٠٢٤ ی زایینی (٢٦ی رەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی) لە گوندی زرگوێز، سەر بە پارێزگای سلێمانی تێرۆر کراوە و گیانی لەدەست داوە. بکووژ سەرکەوت ئەحمەدی دوای تەقەکردن لە شوعەیب زارعی (لە پشتە سەرەوە )،(کە پێشتر ناسیاوی یەکتر بوونە) ڕادەکا و زۆر زوو شوێنەکە جێدەهێڵێت و خۆی دەگەیەنێتە سنووری سلێمانی و ئێران. لە نزیک سنوورەکە دەزگای ئاسایشی گوومانی لێدەکەن ولەکاتی هەوڵدانی بۆ دەربازکردنی سنوور دەستبەسەری دەکەن. ئەحمەدی لەگەڵ رادەستکردنی بە لێپرسراوانی دەزگا قەزاییەکانی کوردستانی عێراق و لەبەر دەم دادوەری لێکۆڵینەوە دان بەوەدا دەنێ کە کردەوەییەکی تێرۆرکردنی سیاسی ئەنجام داوە. پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکانی پێش دادگا بە قبووڵکردنی ئەو لەلایەن تۆمەتبارەوە، بە شایەتی و ئامادەبوونی سەرچاوەکان و نوێنەرانی حیزبی کۆمەڵە کۆتایی پێدێت.
تۆمەتبار لەکاتی لێکۆڵینەوە و وردەکاری کەیسەکەدا سەبارەت بە پەیوەندی خۆی بە ئۆرگانە ئەمنییە سەربازییەکانی ئێران زانیاری زیاتر ئاشکرا دەکات و دان بەوەدا دەنێ کە هۆکارو هاندەری ئەو کوشتنە خواست و داواکاریی ئەو ناوەندە ئەمنییانە بووە بەرامبەر بە وەرگرتنی بڕە پارەیەک.
پاش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان ئەم کەیسە بە مەبەستی پێڕگەیشتن دەگەرێندرێتەوە بۆ لقی دووی دادگای جینایی سلێمانی.
ئەنجومەنی دادوەرانی پێراگەیشتن و پێداچوونەوەی دادگا بە زۆرینەی دەنگ و بە پشتبەستن بە بیستن و گەێگرتنی ووتەی شایەدەکان، بەڵگەکانی نێو کەیسەکە و دانپێدانان وسەلماندی تۆمەتبار خۆی، سەرکەوت ئەحمەدی وەک تاوانبار ناسیوە و سزای ئێعدامکردنی بۆ دەر دەکات.
ئەوەی بڕیارەکە جیاواز دەکات بڕگە و بەڵگە یاساییەکانی ئەنجوومەنی دادوەرانە.پشتئەستووری بەڵگەمەندی دادوەرەکان ئەو راستییە دەسەلمێنێ و روونی دەکاتەوە کە مەبەستی تاوانەکە(پاڵنەری رۆحی تاوانکاری) هۆکار و هەڵخڕانی تاک بە هۆی کێشە و دوژمنکاری تاکەکەسی نییە بەڵکوو بە هۆی ئامانج و ویستی و مەبەستی روون و دیارکراوی تاوانکردن بووە. کە وابوو سزاکە لەسەر بنەمای یاسای سزاکانی گشتیی عێراق دەرنەچووە کە (لە هەرێمی کوردستانیش پەیرەو دەکرێ)، بەڵکوو دادوەرەکان بە پشتبەستن بە بەڵگە دەقیق و روونەکان و دانپێدانانی ئاشکرا و روونی تۆمەتبار،ویستی تاوانکاری رۆشن و ئاشکرا و بە مەبەستی تایبەت ودیاریکراو، لە سەر بنەمای ماددەی ٢، خاڵی ٢ لە یاسای ژمارەی ٣ی توندوتیژی و تێرۆر کە لە پارلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق پەسندکراوی ساڵی ٢٠٠٦ی زایینی تاوانەکەیان بە تاوانێکی سیاسی زانیووە و لە خانەی تێرۆردا پێناسەی دەکەن. لە کۆتاییدا و سەرەنجام دادوەرەکان پاش گوێبیست بوون و لەبەرچاوگرتنی دوایین بەرگری لە خۆکردنی تاوانبار و پارێزەرەکەی،بە پشتبەستن بە بڕگەی ٢ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر سزای لەسێدارەدان بۆ ئەحمەدی دەردەکات.سزای دەرکراو بۆپشتراستکردنەوەی کۆتایی نێردراوەتە دادگای باڵای هەرێمی کوردستانی عێراق لە هەولێر.
پرسیارەکە ئەوەیە کە : ئایا ئەم بڕیارە، کە سەلمێنەری پەیوەندی بکووژ و ئۆرگانە سەربازی و ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران و لە وانە سپای پاسدارا نە، دەتوانرێت بە پشتبەستن بە ڕێنمایی ژمارەی ١٤٢١٦ی پەسندکراوی ساڵی ٢٠١٦ی ئەنجوومەنی ڕاوێژکارانی یەکێتیی ئورووپا، وەک بەڵگەی یاسایی بۆ پێناسەکردن و ناساندنی رێکخراوێک وەک رێکخراوێکی تێرۆریستی کەڵکی لێوەربگیرێ؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پەیوەستە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دوو خاڵەی خوارەوە:
١- بڕیاری دادگای جینایی سلێمانی تەنها بەدوای پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن دادگای باڵای هەرێمی کوردستان (دادگاى تەمیز) بە بڕیاری کۆتایی هەژمار دەکرێت. بۆیە بڕیاری ئەم دادگایە زۆر گرنگە.
٢- لەسەر بنەمای خوێندنەوە روون و بەرچاوەکان دەربارەی “بڕیارە یاسایی و ئیدارییەکانی” چەسپاو وجێگیر لە پێرەوی ئەنجوومەنی یەکێتی ئورووپا سەبارەت بە چەمکی تێرۆریزم ، بڕیارە یاساییە دەرکراوەکان لە دەرەوەی چوارچێوە وبازنەی یەکێتی ئورووپا وەک بەڵگەی یاسایی بە رەسمی دەناسرێن و بە هەند وەردەگیرێن،بۆ نموونە ساڵی ٢٠٠٣ بۆ بە تێرۆریست ناساندنی رێکخراوی حەماس پشت بە بڕیارە یاساییەکانی وڵاتی سێهەم بەسترا. خودی ئەم بابەتە هەڵگری پرسیارێکی یاسایی دیکە و پێگەی یاسایی دادگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە یاسا نێونەتەوەییەکانە. لەو بابەتەشدا دەبێ بگووترێ بە پێی دەستوور و یاسای بنەرەتی عێراق دادگاکانی هەرێمی کوردستان لە رووی یاساییەوە وەک دادگای سەربەخۆ پێناسە کراون و، هەر بەم پێیەش لە یاسای نێودەوڵەتیدا وەک بەشێک لە دەزگای یاسایی و قەزایی عێراقی فێدراڵ ناسراون.
فەراز فیروزی
پارێزەر و یاساناسی نێودەوڵەتی