زیاتر لە سەد ساڵە گەلی کورد لە خەبات دایە بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و دەستەبەرکردنی ئازادی و مافی ڕەوای خۆی. نزیک نیو سەدەیە لە ژێر سەرکوت و فشار و هەڵاواردنی بێ وێنەی کۆماری ئیسلامیدا، بێ وچان لە خەبات و موقاومەتدا بەسەر دەبا. کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆتە مەکۆی بزوتنەوەگەلێکی مۆدێرن و پێشکەوتنخواز، بۆتە مەیدانی خەباتی ژنان و لاوان و هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتیەکان دژی داگیرکاری و سەرکوت و ڕزگاریی نەتەوەیی، مێژوویەکی پڕ لە شانازی و پڕ لە دەسکەوت و ئەزمونی بۆخۆی تۆمار کردوە. ئەو مێژووە یا خۆ پرۆسەیە سەڕەڕای هەوراز ونشێوەکان و شکست و سەرکەوتنەکان، بووەتە بەستێنێک بۆ ناسینی خۆ و هۆشیاری نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ یەکگرتویی و یەکڕیزی نەتەوەیی و نیشتمانی لە هەموو ئاستێکدا.
ئەو ڕەوت و کولتورە دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی هەم ئەو ڕاستیانەی سەلماندو هەم جێگەو پێگەی کورد و ڕەوایی خەباتی کوردی بە چەند قات بەرزتر کردو بە ئێران و بە دنیاشی سەلماند.
ئەو ڕەوتە تا هاتووە زیاتر گرینگی و پێویستیی هاودەنگی و یەکگرتویی بە حیزبەکانیش نیشانداوە، ئێستاش کە کۆماری ئیسلامی لەو پەڕی لاوازی و شکست و ڕیسوایی خۆی دایە، لەمبارەوە هەست بە بەرپرسیارەتی لە هەموو تاکێکی کورددا دروست کردوە کە بە بێ هەڵوێستێکی نەتەوەیی و یەکگرتوو، کورد هەلەکان لەدەست دەدا و ئەگەرچی کات و ئیمکانی باشمان لەدەست چووە بەڵام دەبێ بارودۆخی تازە بناسین و قۆناغێکی جیاوازترو تازەتر ببڕین و بە ئامادەیی زۆر زیاترەوە هەنگاو بنێین. خەڵکی کورد یەکگرتوو و هاوخەباتن،ئەوان ئەو زەرفییەت و لێهاتوویی و پتانسیەلەیان بە درێژایی ئەو چل ساڵە نیشانداوە، کەواتە حیزبە سیاسیەکانیش دەبێ بەرپرس بن و بە یەکەوە ئامادە بن بۆ هەر ئاڵوگۆڕێک لە دواڕۆژی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی.
پرسی بەرەی یەکگرتوو و هاواهەنگی حیزبەکان لە پێوەند لەگەڵ چارەنوس و داخوازیەکانی خەڵکی کورد، هەمیشە گرینگ و لایەنێکی ئەساسی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کورد بووە’ هەوڵی زۆریشی بۆ دراوە، لە قۆناغگەلێکدا باش بووە یان کەم و کورت سەری گرتووە و بەداخەوە دواتر تێکچووە . لە هەر سەردەمێکدا کە یەکدەنگی و ناوەندی هاوکاری بوونی بووە و کاریان کردوە، ئاکام و دەسکەوتی باش و ئەرێنی زۆری لێکەوتۆتەوە و بە پێچەوانەش هەرکات حێزبەکان لێک دوور بوون و هەر یەکەی ئاهەنگێکی گێڕاوە، بەداخەوە دوژمن کەڵکی لێ وەرگرتووە و سەرکەوتوو بووە و بزووتنەوەی کوردیش تووشی زەرەر و زیان و دڵساردی و بێ متمانەیی بووە.
ئەزموون و دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لاپەڕەیەکی تازەی هەڵدایەوە، هەموو لایەنەکانی بەو قەناعەت و ڕاستییە گەیاند کە بە بێ دیالۆگ و لێکنزیکبونەوە و هاوکاری هیچ بەرەوپێشچوون و دەسکەوتێک مسۆگەر نابێ .لەو پێودانگەوە ناوەندی دیالۆگی حیزبە کوردستانیەکان پێکهات و بڕیار درا لە ئێستادا هەنگاو بنێن بۆ هاوکاری زیاتر و چالاکی هاوبەش. دوای چەند مانگ دیالۆگ و گفتگۆ یەکێک لەو هەنگاوانە سازدانی کۆنفرانسی هاوبەش بوو بە بۆنەی سێ ساڵەی شۆڕشی ژینا، “ژن ژیان ئازادی “لە شاری کۆڵن. ئەو هەنگاوە وەکوو یەکەم دەرکەوتنی ۷ لایەنەکە، کارێکی زۆر باش و دڵخۆشکەرە و دەبێ بە تەواوی ئەو پرۆسەیە و ئەو بڕیارە بە جیددی و بە پشتیوانییەوە هەڵسەنگێنین. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هەمیشە هەوڵیداوە و پێداگر بووە لەسەر هاوکاری و یەکگرتوویی و ناوەندی هاوکاری حیزبەکان. ئەو ناوەندە دەبێ بە هەموو شێوەیەک بەهێزبکرێ دەتوانێ و دەکرێ بەستێنێک بێت بۆ پێکهێنان و گەشەی ڕۆحی هاوکاری، لێک تێگەیشتن و هاواهەنگی بۆ داهاتوو بۆ داڕشتنی گەڵاڵە و پێشنیاری هاوبەش لەسەر بنەما و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان لە هەر سەردەم و ئاڵوگۆڕێکدا.
ئەو کۆنفڕانسە پێویستە هەڵسەنگاندنی جیددی بۆ بەرچاو ڕوونی و باشتر بوونی لە داهاتودا بۆ بکرێ. من بەکورتی باسی ئەو ڕەخنە و تێبینیانە دەکەم کە لەو کۆنفڕانسەدا بەرچاوم کەوتوون و هەستم پێکردوون.
یەکەم ئەوە کە سەڕەڕای ئەوەی هەموو لایەنەکان خۆیان پابەند و بەدەروەست دەزانی لەحاند دروشمی ژن ژیان ئازادی و پاراستن و لەبەرچاو گرتنی دەسکەوتەکانی ئەو شۆڕشە ، بەڵام ئەوەی لە کۆنفڕانسەکەدا بەرچاو کەوت بە پێچەوانە بوو. حوزور وبوونی ژنان لە پانێلەکاندا زۆر کەم بوو. زۆربەی لایەنەکان هەر سیاسەت و ڕوانگەی حیزبی خۆیان دووپات کردەوە و زۆر نەچوونە سەر ئەو ئامانجە هاوبەشەی کە بڕیار وابوو دوای چەند مانگ دیالۆگ لەسەر بەرجەستە کردن وبە هەند وەرگرتن وگرینگیدان بە ئامانجی ناوەند بێت و هەست بە هەنگاوی زیاتر و ڕۆشنتر بکرێ لە وتارەکانیاندا بۆ یەکدەنگی و یەک هەڵوێستی لە پێناو ماف و داخوازیەکانی گەلی کورد.
دووهەم ئەوە کە چەند لایەن زۆر سێکتاریستی بەرتەسکبینانە ئاڵا و سروودی خۆیان داسەپاند. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو ۷ حیزبە هەر کامەیان خاوەنی ئیدئۆلۆژی و سیاسەتی جیاوازی خۆیان لە ڕاستەوە بۆ چەپن. ئەگەر هەر لایەنە بێت و هێما و سیمبۆلی خۆی هەڵواسێ و ئینکاری ئەویتر بکا، بەدڵنیاییەوە گەیشتن بە تەوافق و هاوکاری بنەڕەت و ئەساسی بۆ مەبەستە سەرەکییەکە دژوار و ئەستەم دەبێ. سێهەم ئەوە کە ئەو کۆنفڕانسە نیشانی دا کە حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات بەداخەوە زۆر لە یەک دوورن. هەموو وەک یەک و بە رادەیەک تێگەیشتن و دەرکی هاوبەشیان لە بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەی کوردستان و دەرس و ئەزمونە مێژووییەکەی نییە. دەرک و لێکدانەوەی قوڵ و هاوبەشیان لە ڕەوتی ڕوداوەکان و خێرایی ئاڵوگۆڕەکان و دێمۆکراسی و دنیای دەرەوە و هەموو فاکتۆرە دەخیلەکان نیە. ئێمە ئێستاش هەڵگری کولتورگەلێکی سەقەت و نا دێمۆکراتییانەین، بەو شێوە ناتوانین جوابدەرەوەی قۆناغە جیاوازەکان و ئالۆزی کۆمەڵگا و دنیای سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی بین. بە چەقبەستویی فیکری و حیزبی هەنگاوی گەورە نانرێ. هەتا وەکوو هێز و ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو و یەکدەنگ و بەهێز لە سەر ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کورد دەرنەکەوین، ئەگەری هەر چەشنە شکست و نەکسەیەک بێگومان زۆرە.
چوارەم ئەوە کە جوان بەرچاو دەکەوت کە هەرچەند هەموو حیزبەکان ئیدیعای دێموکراسی و قبوڵی هەمەچەشنی و جیاوازی بیر و فکر لە دروشم دا دەکەن ، گرینگ ئەوەیە لە کردەوە و مەیدانیش دا لانیکەم لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی مافی خەڵکی کورد ڕێکبکەون و لەو بڕگە و قۆناغەدا بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی خەڵکی کورد بەسەر بەرژەوەندیی حیزبی دا زاڵ کەن.
من پێموایە ئێستا لە حاڵی حازردا حیزبەکان زۆر لێک دورن و بیری جیاواز لەسەر زۆر خاڵی گرینگی پێوەندیدار هەیە و پێشبینی ناکرێ بەو زوانە ئەو ئامانجە گرینگ و دڵخۆشکەرانەی مەبەستمانە وەدی بێ، بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە دڵسارد و نائومێد بین لە هەوڵدان بۆ دیالۆگ و یکدەنگی و هاوئاهەنگی لە نێوان حیزبە سیاسەکان . هەر کەس هەست بە بەرپرسیارەتی بکا دەبێ جاروبار لە قاڵبی تەنگی حیزبایەتی بێتە دەرەوە تا بەرینی دنیا باشتر ببینێ.