لە دڵی بەرزاییەکانی گوڵان یان جۆلان لە سورییە ئاگر هەڵدەگیرسێت، دەنگی خومپارە، تەقە و ئارپیجی لە گوێی هەموو خەڵکدا پەنگ دەخواتەوە، بەڵام ئەمجارە ناوێکی نەناسراو لە لوتکە و مانشێتی هەموو هەواڵەکاندایە، ئەویش ناوی دروزەکانە. نەتەوە و کەمینەیەکی نەناسراو بۆ زۆرێک لە خەڵکی گۆی زەوی، بەتایبەت بۆ کورد کە خۆیان لە مێژووی ناوچەیەکی پڕ لە گرژی، ئاڵۆزی و قەیراندا دەژین. “دروزەکان” ناوێک کە بۆ هەندێک کەس نامۆیە و پڕە لە پرسیار بۆ کەسانی دیکە. لەگەڵ بیستن و دیتنی ناوی دروزەکان کۆمەڵێک پرسیار دێتە ئاراوە:
دروزەکان کێن؟ لە کوێوە هاتوون؟ بۆ وا بەقینەوە وەبەر هێرشی هێزە توندرەوەکانی ئەحمەد شەرع و تەحریرۆڵشام کەوتوون؟ بۆچی سوپای ئیسرائیل بەرگرییان لێدەکات؟ ئایا دروزەکان بەشێکن لە پڕۆژە ئەمنییەکانی وڵات و دەسەڵاتی ئیسرائیل؟ ئایا ئەم هاوپەیمانییە سەرەتای هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەکە یان تەنها وەڵامێکە بۆ مانەوەی کەمینەیەک؟
چیرۆک و داستانی دروزەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١١ی زایینی واتە ١٠ قەرن لەوەپێش کە لە ناو دڵی میسردا بەم شێوەیە سەری هەڵدا: لەژێر دەسەڵاتی خەڵافەتی فاتمیونی شیعەکاندا، منداڵێکی ١٢ ساڵان بە ناوی “حاکم بئەمرەڵڵا” وەک شەشمین خەڵیفەی فاتمییەکان هەڵبژێردرا و بە خەڵافەتی میسر گێشت، لە گەنجی و لاوییەتیدا بانگەشەیەکی سەیر و سەمەرەی کرد و کوتی: من رووی دەرکەوتنی خودام لەسەر زەوی، من خوادام لەسەر عەرزدا.
پیاوێکی خەڵکی خوراسانی ئێران کە بیرمەند و نوسەری ئەو سەردەم بوو بە ناوی حەمزە کوڕی عەلی کوری ئەحمەد کە بە لباد ناسرابوو ، وەک زانایەک ، باوەڕی بەم بانگەشە و ئیدعایەی “حاکم بئەمرەڵڵا هێنا و بناغەی فیکری و فەلسەفی بۆ ئایینەکەی حاکم دروست کرد. بە بڕوای ئەو “حاکم بئەمرەڵڵا تەنها مرۆڤ نەبوو، بەڵکو عەقڵی فەلەک و گەردوون، و حەقیقەتی ڕەها و جەستەبوونی خودا بوو لەسەر زەوی.
حەمزە بە نووسینی کتێبی “رسائلالحکمه” ، بناغە فیکرییەکانی ئایینێکی دانا کە دواتر بە ئایینی دروز ناسرا. بەڵام سەیرەکە ئەوەیە کە خودی دروزەکان هەرگیز ئەم ناوەیان قبوڵ نەکردووە. ئەوان ئایینەکەیان بە “ئاینی تەوحید و یەکتاپەرستی” ناودەبەن: باوەڕێک بە یەکگرتوویی ڕەها، لە دەرەوەی ڕواڵەتی ئایینەکانی دیکە.”
ناوی دروزەکان لە کوێوە هات؟ یەکێک لە شوێنکەوتە و ئیمان پێهێنراوە سەرەتاییەکانی دین و ئیدعاکەی حاکم بئەمرەڵڵا کەسێک بوو بە ناوی محەمەد کوری ئیسماعیلی دروزی کە لە کەسانی زۆر چالاکی بانگەشەی ئەم باوەرە بوو کە دواتر بەناوی ناسناوی دروزەکەی ئەوەوە ئەم ئایین و باوەرە ناوزەد کرا. دروز لە زمانی عەرەبیدا بە واتەی دورین دێت کەپیشەی بەرگ دوور و خەیاتە.
لە راستیدا شوێنکەوتەکانی ئەم باوەرە پێیان باشە خۆیان بەدوور بگرن لە ناوزەدکردنی ئایینەکەیان وەک “دروز” کە لە دەرەوەی پرەنسیپی باوەرەکەیانەوە پێیان دراوە و ئەو ناوەیان لێناون، ئەوان وەک خۆیان ئەو ناوەیان پێ باش نییە و خۆیان وەک شوێنکەوتووی ڕێگای یەگانەگی و حەقیقەتی باتنی و دەرونی پێناسە دەکەن.
بۆ دروزەکان، ئیمان بابەتێکی ناوخۆیی و بە تەواوی شەخسی و کەسییە، ئەوان پێیان وایە کە ڕاستی خودا لەناخی مرۆڤدا شاراوەیە نەک لە ڕێوڕەسم و مەناسک و پێکهاتەی دەرەکی مەزهەبەکاندا. لای ئەوان ئایینە فەرمییەکان توێ و لایە ڕووکەشەکانن کە ڕێگرن لە بەدیهێنانی یەکتاپەرستی پاک و بێ گەرد.
بەدرێژایی سەدەکان ئایینی دروزەکان توانیویانە لە چیا دوورە دەستەکاندا بژین، ئەمڕۆ دروزەکان لە چوار وڵاتدا دەژین، لە وڵاتەکانی لوبنان، سووریە، ئیسرائیل و ئوردن. ژمارەی حەشیمەتی دروزەکان لە دوو ملیۆن کەس تێناپەڕێت، بەڵام لە هەر شوێنێک بن، کاریگەریگەریان بەو ناوچەیەوە دیارە.
لە لوبنان، لە چیا و شاخی شووف، هەناسە بە دڵی مێژوو و سیاسەت دەدەن. لە سوریا، لە چیای عەرەب و شاری سویدە، کۆمەڵگەیەکی خۆڕاگر و چەکدارن. لە ئیسرائیل و لە بەرزاییەکانی گوڵان یان جۆلان و حەیفا و دەوروبەری ناسریە بوونەتە بەشێک لە پێکهاتەی نیزامی و ئەمنی. لە ئوردن هەرچەندە کەمتر ناسراون، بەڵام ڕەگ و وەچەیان لە باکوور و باشووری وڵاتیشدا هەیە.
ئەم پەرشوبڵاوییە جوغرافییە نەک هەر ئەوەی لە مەترسییەکان دووری خستونەتەوە، بەڵکو ڕێگەی پێداون ستراتیژییەکانی مانەوەی خۆیان بەپێی بارودۆخی هەر دەوڵەتێک ڕێکبخەن. ئەوانیش گەلێکن کە سەردەمانێک شاخ و چیاکان پەنایان بوو بەڵام بە گۆڕینی سەردەم کەوتنە بیری ئەوەی بەبێ بوونی شارەزایی لە سیاسەت کردندا تەنیا شاخ بە تەنیا ناتوانی پەناگای ئەوان بیت و بیانپارێزێ، بەڵکو تەنیا دەتوانێ بنکەیک لە بنکە ستراتیژییە بەردەستەکانیان بێت.
ئایینی دروزییەکان ئایینێکی داخراو و نهێنی و نوخبەگەرایە، کەس ناتوانێت پەیوەندی پێوە بکات و لە دەرەوەی ئەو ئایینە بڵی منیش دەمەوێ ئەم ئایینە هەڵبژێرم.
لە ساڵەکانی 1017 تاوەکو 1020ی زایینی بانگەشە بۆ پێوەست بوونی خەڵك بەم ئایینەوە کراوە و دواتریش ئەم مەجالە تاوەکو ساڵی 1043 درێژ کراوەتەوە و دوابەدوای ئەمە تەنها لەدایک بوون لە بنەماڵەی دروزدا مەرجێکە بۆ چوونە ناو ئەم باوەڕە، لەوە بەدواوە لای ئەوان ئایین بابەتی هەڵبژاردن نییە؛ دیارییەکە کە بە رەچەڵەکی دروزەکان دەبەخشرێ.
زۆرترین شوێنکەوتەی ئایینی دروزییەکان لە دوو هۆزی عەرەب بە ناوەکانی مووەحەدین و نور مەعروف بوون.
دروزەکان زۆر بە کەمی لەگەڵ دەرەوەی خۆیان هاوسەرگیری پێک دێنن و هەروەهاش فرە ژنیان نییە و لای ئەوان قەدەغەیە، پێیان وایە فرە ژنی زیان دەگینێ بە بنەمای دادپەروەری لە نێوان هەر دوو رەگەزی پیاو و ژندا.
لە ئایینی درۆزەکاندا کۆمەڵگای دروزی بەسەر دوو چیندا دابەشکراوە: چینی یەکەم چینی عەوام یان خەڵکی ئاسایی، و چینی دووەم چینی کەسانی تایبەت و زیرەکن کە ئیمکاناتی پەروەردە و ئاموزش و هەروەها ئیزن و ئیجازەی کەڵك وەرگرتن و خوێندنەوەی کتێب و دەقە پیرۆزەکان و لێکۆڵینەوە لە ئایینی دروزییان هەیە و ئەم مافانە تەنیا بۆ ئەوان رێگە پێدراوە و چینی عەوام و ئاسایی هیچ لەم مافانەی نییە.
بیروباوەڕی سەرەکی ئایینی دروز بریتییە لە جەستەبوونەوە واتە ڕۆح دوای مردن لە جەستەیەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ جەستەیەکی تر و ئەم خولە بەردەوام دەبێت تا ڕۆح دەگاتە کامڵبوون و یەکبوون لەگەڵ ڕاستی. ئەم باوەڕە نەک هەر چەمکی ژیانی دوای مردن پێناسە دەکاتەوە، بەڵکو تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی ڕەفتاری تاک لە چارەنووسی ڕۆحیدا.
لە باوەی دروزەکاندا بەقەدەر ئایینەکانی دیکە نوێژ و ڕۆژوو و حەج و زیارەت و ڕێوڕەسمی گشتییان نییە. ئەوان پێیان وایە پەیوەندیکردن لەگەڵ خودا ئەزموونێکی دەرونی، ناوەکی و تەنیا تاکەکەسییە. بەلای دروزەکانەوە گرنگترین فەزیلەتەکان بریتین لە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی و نهێنی پاریزی بۆ کۆمەڵگا. بێدەنگی و نهێنی و خۆڕاگری جەوهەری ئەم ئایینەیە. بانگەشەی بۆ ناکەن و بانگهێشت ناکەن، چونکە پێیان وایە هەموو ڕۆحێک لە شوێن و کاتی خۆیدا لەدایک دەبێت.
مێژووی دروزەکان مێژووی خۆڕاگری و سازان و مانەوەن، لە لوبنان لەگەڵ بنەماڵەی جونبەلاتدا چوونە ناو جەرگەی سیاسەتەوە، نفوزی سیاسی دروزەکان لە لوبنان لە رێگەی کەماڵ و وەلید جونبەلاتەوە بووە کە باوەرداری دروزیی و لە چینی تایبەت و زیرەکی گەلی دروزی ئەژمار کراون، کەمال جونبەلات ڕۆشنبیر و فیلسوف و دامەزرێنەری حیزبی سۆسیالیستی پێشکەوتنخوازی لوبنان بوو، کەمال جونبەلات نەک هەر سەرکردەی سیاسی دروزەکان، بەڵکو کەسایەتییەکی ناسیۆنالیستی لوبنانی بوو کە ڕۆڵێکی سەرەکیی و کاریگەری لە ساڵانی 1950 تا حەفتاکان لە دارژاندنی سیاسەتی لوبنان بەگشتی هەبوو. کەمال جونبەلات لە گەرمەی مڵمڵانەی سیاسەتی ناوخۆی لوبنان لە ساڵی 1970 تیرۆر و کوژرا، بەڵام دەستبەجێ دوای تیرۆرکردنی کەمال جونبلات، کورەکەی ئەو وەلید جونبەلات سەرکردایەتی کۆمەڵگەی دروز و حیزبەکەی باوکی گرتە ئەستۆ.
وەلید جونبەلاتیش وەک باوکی بە کەسایەتی کاریزماتیک وکاریگەر لە لوبنان ناسراوە، بۆ دەیان ساڵ لە موعادڵات و هاوکێشەکانی دەسەڵاتی لوبنان، لە نێوان سورییە، ئێران، ڕۆژئاوا و گروپە لوبنانییەکان رۆلی شوێندانەری هەبووە. بە رۆڵێکی پراگماتیک، هەندێکجار ڕەخنەگری ڕژێمی سورییە و هەندێکجاریش هاوبەش و شەریکی بووە، بەم شێوەیە توانیویەتی پێگەی سیاسی دروزەکان لە سیستەمی پارچەپارچە و پەرش و بڵاو و ئاڵۆزی لوبناندا بپارێزێت.
بنەماڵەی جونبەلات هەمیشە ڕۆڵێکی بەرچاویان لە سەقامگیری یان ئاڵۆزی سیاسی لوبناندا هەبووە، لە خەباتی مەدەنییەوە تا هەڵبژاردنی پەرلەمانی.
دروزەکان لە سورییە سەرەتا و لەسەردەمی پێشوودا لە عوسمانییەکان یاغی بوون و دواتر لایەنگری بنەماڵەی ئەسەدیان کرد. لە ئیسرائیل چوونە ناو دڵی سیستەمێک کە زۆربەی عەرەبەکان لێی هەڵدێن.
بۆچی دروزەکان وایان کردووە؟ چونکە دروزەکان لە مێژە تێگەیشتوون کە بەقا و مانەوەی کەمینەیەک وەک ئەوان لە کارلێک و تەعامولێکی چالاک و زیرەکانەدایە لەگەڵ ئەو زلهێز و خاوەن هێزە ناوچەیی و جیهانیانە تاوەکو هەڵبژاردنی رووبەروو بوونەوە و شەڕی بەبێ سەرکەوتن.
لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووی زایینیدا خزمەتی سەربازی بۆ پیاوانی دروز لە ئیسرائیل کراوەتە ئیجباری. بەڵام زۆرێک لە دروزەکان نەک هەر قبوڵیان کردووە، بەڵکو وەک هەلێک بۆ پێشخستنی خۆیان بەکاریان هێناوە. ئەمڕۆ سەدان کەسی دروز لە سوپای ئیسرائیل و پۆلیس و هێزەکانی هەواڵگری و ئەمنی و تەنانەت پەرلەمانی ئیسرائیلدا کاربەدەست و مەسئولن.
لە بەرامبەردا حکومەتی ئیسرائیلیش وەک هەلێک لە بەرژەوەندی ئەمنی خۆی لە ناوچەکە کەڵکی لێوەرگرتوون و ئیمتیازی زۆری وەک پلە و پۆستی باش و سەرەوە، زەوی، خوێندن، هەلی کار و ئاسایش و هەتا دوایی پێبەخشیون. دیارە بۆ هەردوو لایەنی ئیسراییلەکان و دروزەکان ئەم پەیوەندییە پەیوەندییەکی سادە و یەکلایەنە نییە. لە پشت ئەم هاوپەیمانییەوە سیاسەتێک هەیە، ئەویش مەترسی هەردوو لایەنە لە نەمانی خۆیان بەدەستی دژبەرەکانیان کە وایان لێدەکات تێبکۆشن بۆ بەقا و مانەوەیان لە ناوچەیەکی ئاڵۆز و پڕمەترسیدار کە هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانیان.
دیمەنەکان لەم هاوینەدا؛ هاوینێکی گرژ و ئاڵۆز لە بەرزاییەکانی گوڵان یان جۆلانی سورییەدا نیشان دەدات، هێز و گروپە توندرەوەکانی تەحریرۆڵشامی ئەحمەد شەرعی پاشماوەی داعش هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی دروز، بێدەنگی چیا و شاخەکانی دروزەکان دەشکێت و لەملاوە ئیسرائیل کاردانەوەی توندی دەبێت و شەڕێکی قورس و پڕ لە کوشتن دێتە ئاراوە.
بەڵام ئەمە تەنها شەڕ نییە، ئەمە چرکە و سانییەیەکە لە سێکانسێکی شانۆی هەڕەشەکان بۆ سەر نەمانی گەلێک کە بە پەلەقاژێوە تێدەکۆشی بۆ بەقا و بەردەوام بوون، بۆ ژیان ومانەوە. هێرشکردنە سەر ناوچەکانی دروزەکان تەنها کردەوەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو بیرهێنانەوەی ئەو ڕاستییەیە کە گروپ و نەتەوە بن دەست و کەمینەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمیشە لەژێر هەڕەشەی ئەو لایەن و هێزانە بوون کە نکۆڵی و حاشا لە بوونیان دەکەن و “هەشن”.
بۆ دروزەکان توندڕەوی سەلەفی هەڕەشەیە لە سەر وجود و بوونیان. گروپەکانی وەک داعش، جەبهەتولنوسرە و تەحریر ۆ لشام، بەهۆی بیروباوەڕی نابنەمایی دروزەکانەوە، نەک تەنها بە دوژمن بەڵکو بە مورتەد و لادەریش لە دین و ئایین دەیانزانن و پێناسەیان دەکەن، بەپێی ئامۆژگاری ڕیبەرەکانیانوە کوشتن و رشتنی خوێنی مورتەد و لادەرەکانیش موجاز و حەڵاڵە.
لە دۆخێکی وادا دروزەکان بەدوای هەر هێزێکدا دەگەڕێن کە بتوانێت بەرگرییان لێبکات؛ تەنانەت ئەگەر ئەو هێزە ئیسرائیلیش بێت. بۆ ئەوان هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل تەنیا کارێکی تاکتیکی نییە؛ بەڵکو کاردانەوەیەکی حەیاتی و وەڵامێکی ژیانییە. مانەوە لەم ناوچەیەدا تەنیا بەند و بەسراوبوون بە هێزی نیزامی و سەربازی نییە بەڵکو زۆرتر بەسراوەتەوە بە توانای دروستکردنی هاوپەیمانیێکی کاریگەر.
ئیسرائیلیش بە درککردن بەم واقەعییەت و راستییە، دروزەکان نەک تەنها وەک هاوپەیمان و هێزێکی سەربازی بەکاردەهێنێت، بەڵکو وەک نمایشێکی سیاسیش بۆ نیشاندانی رەفتاری خۆی کە بڵێت ئێمە لایەنگری پێکەوەژیان لەگەڵ کەمینەکانداین روو بە جیهان کەڵکی لێوەردەگرێت.
بۆ ئیسرائیل پشتیوانیکردن لە دروزەکان تەنیا رەفتار و کردەوەیەکی مرۆیی و ئینسانی نییە بەڵکو ئامرازێکی دیپلۆماسی و میدیاییشە بۆ لاوازکردنی رەوایەتی دوژمن بە دژی خۆی و هەروەها دروستکردنی درز و کەڵێن لە ناو ریزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عەرەب و موسڵمانی دژبەری خۆشیدا.
بەڵێ لە ناوەڕاستی ئەم قەیرانانەدا ئەم پەیوەندییە زیاتر لە جاران خۆی ئاشکرا دەکات، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و فرە رەهەند کە لە راستییە تاڵەکانی ناوچەکەوە سەرهەڵدەدات.
لەم گرژی و ئاڵۆزییانەی کە وەک مێژوو بە بەرچاوماندا روو دەدەن و دێن و دەرۆن، دەنگی دروزەکان بە جۆرێک دەتوانی دەنگدانەوەی هەموو کەمینە جۆراوجۆرەکانی ئەم ناوچەیە بێت، دەنگ گەلێک کە زۆرجار لەناو دووکەڵی ئاگر و قیژەی شەڕ و توندڕەویدا ون دەبن، ڕەنگە حەشیمەتی دروزەکان کەم بن، بەڵام ستەم و هەڕەشەکان بە ژمارە ناپێورێت و پێوانە ناکرێ، وەک چۆن ساڵانێکە کورد بەرەنگاری هەڵاواردن و ستەم و توندوتیژی بووەتەوە، دروزەکانیش هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان نەدۆزیوەتەوە جگە لە بەرەنگاربوونەوە.
ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە جیهانێکدا کە توندڕەوی هیچ سنوورێک ناناسێت، هەر دەنگێکی سەربەخۆ و ئازاد، ئەگەر بە تەنیا جێبهێڵرێت، درەنگ یان زوو بێدەنگ دەکرێت.
هەڵوێست و داکۆکیکردنی کورد لە مافی دروزەکان لەبەرئەوە نییە کە ئەوان عەرەبن، هەروەها نەک لەبەر ئاینەکەیانە، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە مافی مرۆڤ هیچ سنوورێک ناناسێت و ئازاریش زمانی هاوبەشی ئێمەیە.
سەرچاوەکان:
Abu-Izzeddin, 1984 (The Druzes: A New Study of Their History, Faith, and Society) –کتێبی (دروزەکان: لێکۆڵینەوەیەکی نوێ لە مێژوو و بیروباوەڕ و کۆمەڵگاکەیان.) کتێبێکی لێکۆڵینەوەی زانستتیە لالایەن و بە نوسینی نەجلام ئەبوبەکر عێزەدین.
2Firro, 1992 (A History of the Druzes) – کتێبی (مێژووی دروزەکان) – کتێبێکی مێژوویی گشتگیرە. نوسینی قەیس فیرۆ.
3Swayd, 2009 (The A to Z of the Druzes) – کتێبی (لە ئەلف تاوەکو یێی دروزەکان) نوسینی سامی سوەیدا.
4Encyclopaedia Britannica, 2022 (Druze) – بابەتی (دروز یان دروزەکان) وتارێکی ئاماژەیی و کۆکراوەیەکی توێژینەوەییە کە لەلایەن دەستەی نووسەرانی بریتانیکا نوسراوە.