دوابەدوای جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، شاندێکی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، پێکهاتوو لە بەرێزان دوکتور شێرکۆ محەممەدئەمین، دوکتور حەکیم عەبدولکەریم، زەینەب مستەفا، نەسرین ئەحمەد و شۆرش خدر، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی پووشپەڕ، سەردانی پێوەندییەکانی کۆمەڵە لە سلێمانیان کرد.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە و وتووێژەکان چەندین پرسی وەک بارودۆخی ئێستای کوردستان، بارودۆخی سیاسی ناوچەکە، خەباتی نەتەوەی کورد لە چوار پارچەی کوردستان و پێویستی بەهێزکردنی پشتیوانی و خەبات دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانی، لە خۆ گرتبوو.
لەم دیدارەدا شاندی کۆمەڵە کە پێکهاتبوو لە هاوڕێیان ساڵح شەریفی، ئیدریس کۆلادووزی، دارا قوڕەیشی و جەماڵ ئەحمەدی، باسیان لە گرنگی یەکڕیزیی هێزە ئازادیخوازەکانی کورد کردەوە و ڕایانگەیاند کە هەر هاوپەیمانییەکی سیاسی نێوان حیزب و بزووتنەوە کوردییەکان دەبێ لەسەر بنەمای یەکسانی و ڕێزگرتنی یەکتر و پاراستنی سەربەخۆیی تەشکیلاتی هەموو لایەنەکان بێت. هەروەها هەردوو لایەن هاوڕا بوون لەسەر ئەوەیکە دەبێت لایەنە سیاسییەکانی کورد بۆ بەرژەوەندی نەتەوەی کورد لە هەموو بوارە سیاسی و سەربازی و میدیاییەکاندا هاوڕیزی و یەکگرتویی خۆیان بپارێزن.
هەر دوو لایەن وێڕای پێشوازی لە هەر دیالۆگ و هاوکارییەک لە پێناو بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد، جەختیان لەوە کردەوە کە یەکگرتوویییەکی ڕاستەقینە تەنیا کاتێک دروست دەبێت کە لەسەر بنەمای دێموکراسی و شەفافیەت و دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە ناوەندگەرایی و هەژموونی سیاسی و ڕێکخراوەیی بێت.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەشدا جەختیان لەسەر بەردەوامی پەیوەندی و دیالۆگی سیاسی کردەوە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی
٣٠ی ژوئەنی ٢٠٢٥ی زایینی

