شکۆدار بێت ئەوەڵی مانگی مەی،رۆژی جیهانیی چینی کرێکار
ئەوەڵی مانگی مەی، رۆژی جیهانیی چینی کرێکار بەرێوەیە.وەک نەریت و ئەزموونی مێژوویی سەدوبیست ساڵی رابردوو رۆژی ئەوەڵی مانگی مەی، رۆژی مافخوازی وهاوپشتیی جیهانی وخەباتکارانەی چینی کرێکارە لە سەر گۆی زەوی کە لە شانۆیەکی پڕشکۆدا و بە ئامانجی دامەزراندنی دونیایەکی بێ چەوسانەوە وهەڵاواردن و،دونیایەکی ئینسانی ودوور لە هەژاری وبەشمەینەتی بەرێوە دەچێ.رۆژی جیهانیی کرێکار هەموو ساڵێک لە ریزی سەدان میلیۆنی کرێکاراندا وەک بانگەوازێکی نوێ و پێشکەوتنخوازانە و خەباتکارانەی دژ بە چەوسانەوە وکۆیلەیی، بەرامبەر دەسەڵاتی دژەکرێکار وچەوسێنەری سەرمایەداری دەدرەوشێتەوە.
جیهانی ئەمرۆ سەرەرای هەموو پێشکەوتنە گەورە وبەرچاوەکانی لە بواری ئابووری وتێکنۆلۆژی و بەرهەمهێناندا،بەڵام وەک هەمیشە هەڵگری چەوسانەوەی درندانەی زۆرینەی دانیشتوانی ئەم گۆی زەوییەیە.ژیان و چارەنووسی زۆربەی دانیشتوانی کۆمەڵگا جۆراوجۆرەکان بە بەردەوامی لە ژێر مەترسی وهەرەشەی شەر وماڵوێرانی،کۆچکردنی زۆرەملێ وبێ ماڵ وحاڵی،دەسەڵاتی تۆتالیتەر وسەرکوتگەر و قڕکردن وکۆمەڵکوژیی ئاشکرا و، زیندان وبەندیخانەی تۆقێنەر ورکابەری و کاوڵکاری چاوچنۆکانەی مافیای بەرینی چەوسێنەران دایە.جەمسەر ولایەنە زەبەلاحە سیاسی وئابوورییەکانی دونیا،لە رکابەری وململانێ و پاوانخوازی خۆیاندا بە ئاشکرا وشاراوە هەموو ژیان وبوونی سەر گۆی زەوییان خستووەتە مەترسییەوە. لە بنەرەتدا قورسایی شەری داگیرکەرانەی رووسیە لە دژی ئۆکراین لەسەر شانی خەڵک وکرێکارانە.
زیادکردنی ئیمکانات و ئاستی تێچووی سەربازی لە ناتۆ وباقی هاوپەیمانییەکانی تر، لە رێگای دەست بردن بۆ ژیان وبژیوی خەڵک،گرانی ونەبوونی کەلوپەل وپێداویستی ژیانی رۆژانە وخواردەمەنی وچوونەسەری تێچووی دابینکردنی وزە مسۆگەر کراوە.ئورووپای” پێشکەوتوو” سەرقاڵی بەرێوەبردنی شەرێکە کە تەنیا پاش دوو مانگ کاریگەری ولێکەوتە جیهانییەکانی لەسەر ژیان وبەرێچوونی خەڵکی کۆمەڵگا دوورەدەستەکانیش زەق وبەرچاوە.لە وڵاتانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتە گەندەڵ و دژە خەڵکی وسەرکوتگەرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا هیچ ئاسۆیەکی گەش بۆ دەربازبوون لە هەژاری وچەوسانەوە بەدی ناکرێ.لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوینیش لەگەڵ دەستێوەردانەکانی ئامریکا و بریتانیا،کێبڕکێیە نیزامی وسەربازییەکانی نێوان وڵاتانی چین وئوستۆرالیا وژاپۆن داهاتوویەکی ئاڵۆزر ومەترسیدار لە چارەنووسی سەدان میلیۆن مرۆڤی دانیشتووی ئەو ناوچانە دەخاتە بەرچاو.لە ئامریکای باشووریش خەبات و تێکۆشان بۆ رزگاربوون لە چەوسانەوە وهەژاری وبنەبڕکردن ونەهێشتنی کۆچ وراگواستنی زۆرەملێ ،بەشیکی جیانەکراوەی ژیانی رۆژانەی خەڵکە.جیهان ئاوسی گۆرانکارییەکی نوێیە کە لەگەڵ هێرش وپەلاماری رووسیە بۆ سەر ئۆکراین دەستی پێکردووە. ئەم پەلاماردان و هێرشە بە شێوەیەکی بەرچاو رەوتی بەریەککەوتن و دژایەتی و کێشمەکێشی نێوان زلهێزە ئابووری وسیاسییەکانی جیهانی خێراتر کردووە و، قورسایی ئەم بارودۆخەش لەسەر شانی زۆرینەی ئەو خەڵکەیە کە نە هیچ بەرژەوەندی ونە هیچ دەورونەقشێکیان لە هاتنەئارای ئەم دۆخەدا هەیە.
کوتانی دەهۆڵی شەر،هەرەشەی شەری ئەتۆمی و ناوکی،سەرهەڵدانی هاوپەیمانیگەلی نوێی ئابووری وسەربازی،هەرەشە ومەترسی سازکردنی پەیتاپەیتای نەبوونی سەرچاوەکانی دابینکردنی وزە وسەرهەڵدانی گرانی و قات وقڕی،کۆمەڵگای مرۆڤایەتی خستووەتەبەردەم داهاتوویەکی لێڵ و نادیار.
لەئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا زۆربەی هەرەزۆری خەڵک لە ژێرباری داپڵۆسین وچەوسانەوەیەکی درندانە و هەسارپساودان.کەلەبەر و جیاوازی چینایەتی لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی رژیمی ئسلامیدا ئاستی پێوانەیی لە جیهاندا تێپەراندووە.تاقمی دەسەڵاتداری ئیسلامی،بەیتی رێبەری وپارلمان ودەوڵەت، لە راستیدا وەک دامەزراوە وپێکهاتەیەکی مافیایی، قورسایی وتێچووی شکستە سەربازییەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و،شکستە ناوکییەکانیان لە پرۆژەی بەرجام و،بەهێزکردن وتەیارکردنی ئامرازەکانی سەرکوت وتاقم و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەیان خستووەتە سەر تێچووی ژیان وگوزەرانی خەڵک وکرێکاران وبەساڵاچووان.حکوومەتی ئیسلامی لە ئێران تاکە هیوای خۆی بۆ مانەوە وپاراستنی دەسەڵاتە دژە کرێکاری ودژە خەڵکی وجەماوەرییەکەی،لەسەر سەرکووتی نێوخۆیی وپەلاماردانی هەموو رۆژەی خەڵک وچەوساندنەوەی زیاتر هەڵچنیوە.لە کاتێکدا گەڕان وپشکنینی زبڵ وخۆڵ وخاشاک بۆ دۆزینەوە ودابینکردنی بژیوی ژیانی رۆژانە،پەرەسەندنی دیاردەی “کارتۆن خەوی”،منداڵانی سەرشەقام،لەشفرۆشی و،روولەزیادبوونی دیاردەی کۆچکردن بە مەبەستی وەدەست هێنانی ژیانێکی باشترسەرتاپێی کۆمەڵگای ئێرانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی تەنیوە،دزی وتاڵان وبڕۆ وراگواستنی سەدان میلیارد دۆلارلە سامانی ئەو وڵاتە لە لایەن کاربەدەستە گەورە وبچووکەکانی حکوومەتەوە درێژەی هەیە.
بەڵام سەرەرای هەموو ئەوانە لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیدا زۆرینەی ئەو خەڵکەی کە زیاتر لە چواردەیەیە لە زیندانێکی گەورەدا بەند کراون،بە بەرینی وزیاتر لە هەموو کاتێکیتر هاتوونەتە مەیدانی بەربەرەکانێ و رووبەرووبوونە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە و،بە هاوپشتی ویەکگرتووانە بۆ هەڵپێچانی ئەو دەسەڵاتە وبۆ رزگاربوون لەو مەینەتی وچەوسانەوەیە لە رێگای مانگرتن وکۆر وکۆبوونەوەی نارەزایەتی لە خەبات وتێکۆشاندان.دوو راپەرین وخرۆشی گەورەی جەماوەری لە زستانی ساڵی ١٣٩٦وخەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاویدا دەسەڵاتی ئیسلامی وکۆڵەکەکانی ئەو حکوومەتە سەرکوتگەرەی هێنایە لەرزین وخەوی لە چاوی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی زڕاند.ئەم خەباتە ئێستا بە پانتایی ئێران درێژەی هەیە ومانگرتن و کۆبوونەوەی نارەزایەتی مامۆستایان لە مانگەکان وهەفتەکانی رابردوودا،سەلمێنەری ئەو راستییەن کە ئیتر کۆمەڵگای ئێران ئەو مەجال ودەرفەتە نادا بە دەسەڵاتدارانی ئیسلامی بۆ راگرتن وپاراستنی رژیمە سەرکوتگەرەکەیان پیلان وگەڵاڵە چەوتەکانیان جێبەجێ بکەن.
لە کوردستاندا کە رژیمی ئیسلامی هەرلە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە و بە درێژایی ٤٤ ساڵ شەرێکی نارەوای بەسەردا سەپاندووە،هاوکات خەڵکی کوردستانی تووشی گەلێک ململانێ وکێشە وئاستەنگی درێژماوەی ئابووری کردووە. کۆماری ئیسلامی لە بواری بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری و گەشەی پیشەسازی ووەگەرخستنی سەرمایە.پەرەسەندنی پیشە وبەرهەمهێنانی نێوخۆیی و خۆجێی،کەڵک وەرگرتن وبەهەرەمەندبوون لە سەرچاوە بەپیت ودەوڵەمەندەکانی نەوت و زێرومس وئاسن و کانە بەردەکان و…هتد لە کوردستاندا ئاستەنگ وتەگەرە ساز دەکا و، هاوتەریب لەگەڵ شەری ٤٤ساڵەی دژ بە کوردستان ،دواکەوتووهێشتنەوەی خەڵکی کوردستان لە بواری ئابووری وەک ئامانج وسیاسەتێکی بە ئەنقەست وبنەجێکردوو رەچاو دەکات.
بەشێکی زۆری کرێکارانی کوردستان،کرێکاری وەرزی وکۆچەرین ولە پرۆژەگەلی ساختمانی ورێگا وبان ولە بەندەر وشارەکانی ئێراندا پەرەوازە وهەڵوەدان و،ماف و هەقدەستەکانیان لە دەروەی یاساکانی کاردان. لە کوردستان زۆر بە ئەنقەست وبەرنامەبۆدارێژراو بە بیانووی ئەمنییەتی هەموو پرۆژەیەکی گەوەرە وبنچینەیی ئابووری ووەگەرکەوتنی سەرمایە پێشی پێدەگیرێ.سەرچاوی سرووشتی وکانەکانی کوردستان لە رێگای تایبەت ودیاریکراو بۆ دەرەوەی کوردستان رادەگوێزرێن ومۆڵەتی وەگەرخستن وپیتاندنیان لە کوردستاندا پێنادرێ.کورستانیان بە تەواوی کردووەتە کۆمەڵگایەکی مشەخۆر وبێ پیشە وکۆچەری.ئەم شێواز وسیاسەتانە بە مەبەستی لاوازکردنی هەستی خۆراگری وبەرەنگاری خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتین بە داخوازییە سیاسی ومافە نەتەوەییەکانیانە و،رێک لە خزمەت سیاسەتی شەرخوازانەی ئەو رژیمەدایە لە کوردستان .
ئەوەڵی مانگی مەی،بانگەوازی خەبات وبەربەرەکانێی سەرلەنوێیە بەرامبەر بە ژێردەستی وچەوسانەوە،رەمزی وەستانەوەیە لەدژی حکوومەت وئەو دۆزەخەی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی دایانسەپاندووە.هەوڵدان بۆ یەکریزی ویەکگرتوویی کرێکاران لە کوردستان وبردنەسەری ئاستی پێوەندی وبەشداریی کاریگەر وشوێندانەری ئەوان لە خەباتی کرێکاران وخەلکی زەحمەتکێش لە سەتاسەری ئێران ئەرکی هەموومانە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رێز لە رۆژی جیهانیی کرێکار دەگرێ،و پیرۆزبایی هاتنی ئەو رۆژە لە هەموو کرێکارانی کوردستان ،لە سەرجەم چەوساوەکان وهێزی بەرینی کار لە سەرتاسەری جیهان دەکات کە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بەرابەر و دوور لە ستەم وچەوسانەوە خەبات دەکەن.
بژی ئەوەڵی مانگی مەی،رۆژی جیهانیی کرێکار
بژی سوسیالیزم
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٨ی گوڵانی ١٤٠١ی هەتاوی
٢٨ی ئاوریلی ٢٠٢٢ی زایینی