By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: کاریگەریی سۆشیاڵ میدیا لە بزووتنەوە سیاسییەکاندا
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > کاریگەریی سۆشیاڵ میدیا لە بزووتنەوە سیاسییەکاندا
وتار

کاریگەریی سۆشیاڵ میدیا لە بزووتنەوە سیاسییەکاندا

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/06/29 at 9:10 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
14 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

سۆشیاڵ میدیا لە دوو دەیەی ڕابردوودا بووەتە ئامرازێکی حاشا هەڵنەگر لە گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەم پلاتفۆرمانە کە سەرەتا بۆ پەیوەندی تاکەکەسی و کات بەسەربردن داڕێژرابوون، ئێستا جێگەی خۆیان لە دڵی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان و شۆڕشە جەماوەریەکان و بزووتنەوە مەدەنییەکاندا دۆزیوەتەوە. بۆ باشتر تێگەیشتن لە پێشهاتە هاوچەرخەکان و تەنانەت ڕۆڵی کاریگەری سۆشیاڵ میدیا، پێویستە سەرەتا پێداچوونەوە بە تێگەیشتنی کلاسیکی چەمکی شوناسی بەکۆمەڵدا بکرێت. لە ڕوانگەی ئێریک هابسباوم و بێندێکت ئەندەرسۆنەوە، شوناسی نەتەوەیی و ئێتنیکی وەک “بنەمای خەیاڵی” لە چوارچێوەی دامەزراوە مێژووییەکاندا پێکدێت. بینێدکت ئەندەرسۆن نیشان دەدات کە نەتەوەکان نەک لەسەر بنەمای پەیوەندی سروشتی، بەڵکوو لە ڕێگەی ئامرازەکانی وەک زمانی چاپکراو، میدیای گشتی و سیستەمی پەروەردەیی وەک کۆمەڵگەی “خەیاڵی” پێکدەهێنرێن؛ ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئەندامەکانیان یەکتر ناناسن بەڵام هەستی هاوبەشیان هەیە. لە جیهانی ئەمڕۆدا سۆشیال میدیا ئەرکێکی هاوشێوەی هەیە، بەڵام لە ئاستێکی جیاوازدا، واتا ڕێگە خۆش دەکات بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەی خەیاڵی نوێ کە هەندێجار سنوورە نیشتمانی و ئایینی و جوگرافییەکان تێدەپەڕێنن. لەم چوارچێوەیەدا کەسانی هزرمەند وەک مانوێل کاستێڵز جەخت لەسەر “هێزی تۆڕەکان” و پێکهێنانی شوناسی ئاسۆیی و خۆڕێکخراو لە کۆمەڵگەی ڕایەڵیدا دەکەنەوە. لە سەردەمی جیهانگیری هاوچەرخدا، سۆشیال میدیا تەنها ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندی تاکەکەسی و هاوبەشکردنی ناوەڕۆک، بەڵکو بۆتە فەزایەکی سەرەکی بۆ پێکهاتن و پێناسەکردنەوە و بەهێزکردنی شوناسی بەکۆمەڵ. سوناسی بەکۆمەڵ کە بە واتای هەستی سەربەخۆیی تاکەکانە لە گرووپێکی کۆمەڵایەتی، کولتووری، یان سیاسیی دیاریکراودا، ئیتر تەنیا لە چوارچێوەی دامەزراوە کلاسیکەکان وەک ئایین، نەتەوە، یان چینایەتیدا دروست نابێت، بەڵکوو کاریگەرییەکی زۆری فەزای دیجیتاڵی لەسەرە. سۆشیال میدیا بە دروستکردنی پلاتفۆرمی نوێ بۆ نوێنەرایەتی، پرۆسەی پێناسەکردنەوەی شوناسی بەکۆمەڵی ئاسانتر کردووە و لە هەمان کاتدا ئاڵۆزتریشی کردووە. ئەم دیاردەیە بە دابینکردنی سەکۆی نوێ بۆ نوێنەرایەتیکردن و هاودەنگی، ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕێت لە پێناسەکردنەوەی شوناسی بەکۆمەڵدا. ئەم فەزایانە وایکردووە دەنگە پەراوێزخراوەکان ببیسترێن و پێکهاتەی نوێ دروست بکرێن و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی بە شێوەیەکی بێ ناوەند و جیهانی دروست بکرێن. بەڵام شانبەشانی ئەم توانایانە، نابێت مەترسییەکانی وەکوو بە کاڵاکردن، یان کۆنترۆڵکردنی شوناسە دیجیتاڵییەکان پشتگوێ بخەین.

ئێستا بەکارهێنەران بە هەڵبژاردنی وێنەی پڕۆفایل و نووسینی ژیاننامە و هاوبەشکردنی پۆستەکان و ئامادەبوون لە گوتارە ئانلاینەکاندا بەشداری لە دروستکردن و پێشکەشکردنی شوناسی خۆیان دەکەن. لەم نێوەندەدا شوناسی تاک و بەکۆمەڵ لە پەیوەندییەکی دوولایەنەدا پێناسە دەکرێنەوە: تاک لە ڕێگەی سەر بە گروپە تایبەتەکانەوە شوناسی خۆی بنیات دەنێت و لە هەمان کاتدا بەشداری لە بەرهەمهێنانەوەی ئەو شوناسە بەکۆمەڵەدا دەکات. سەرەڕای توانای بەرفراوانی سۆشیال میدیا بۆ پێناسەکردنەوەی شوناسی بەکۆمەڵ، بەڵام نابێت چاوپۆشی لە ئاستەنگەکانی بکرێت. یەکەم، ئەو شوناسانەی کە لە فەزای دیجیتاڵیدا دروست دەبن زۆرجار شل و ناجێگیرن و لە ژێر کاریگەری ئەلگۆریتمەکانی پلاتفۆرم دان. ئەلگۆریتمەکان تیشک دەخەنە سەر ناوەڕۆک کە بەشداریکردنی زیاتر دروست دەکات؛ ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازبوونی چالاکیی ڕەخنەگرانە. هەروەها، کێبڕکێ بۆ بینین لەم فەزایەدا دەتوانێت ببێتە هۆی جۆرێک لە تاکگەرایی، کە تێیدا تاکەکان هەوڵدەدەن وێنەیەکی قبوڵکراو و سەرنجڕاکێش لە خۆیان بنیات بنێن نەک نوێنەرایەتی واقیعی کۆمەڵایەتی بکەن. ئەمەش هەندێجار دەبێتە هۆی “بازاڕکردن”ی شوناسی بەکۆمەڵ و دوورکەوتنەوە لە ڕەگ و ڕیشە کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەکانی. فەزای دیجیتاڵی هەمیشە کەوتۆتە ژێر سانسۆر و چاودێری و کۆنترۆڵەوە. حکومەتەکان و کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا دەتوانن لە ڕێگەی یاسا، فیلتێرکردن، یان کۆکردنەوەی زانیارییەوە ڕەوتی شوناس و ناڕەزایەتی سنووردار بکەن یان کۆنتڕۆڵی بکەن. بەم شێوەیە پێناسەکردنەوەی شوناسی بەکۆمەڵ لە فەزای دیجیتاڵیدا، لەگەڵ دابینکردنی ئەگەری نوێ، بۆتە گۆڕەپانی شەڕی دەسەڵاتیش. بۆ شیکردنەوەی دیاردەی شوناس لە سەردەمی دیجیتاڵیدا پێویستی بە ڕێبازێکی ڕەخنەگرانە و فرە لایەنە کە گرنگی بە هەردوو ئەگەرە ڕزگارکەرەکانی سۆشیال میدیا و پێکهاتەکانی دەسەڵات بدات کە لە پشتیەوەن. دووبارە پێناسەکردنەوەی شوناسی بەکۆمەڵ لەم فەزایەدا، ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنە فراوانترەکانی پێکهاتە پەیوەندیی و کولتووری و سیاسییەکانی سەردەمی ئێمەیە؛ سەردەمێک کە ناسنامە بابەتێکی جێگیر نییە، بەڵکو کردەوەیەکی بەردەوام و پەرەسەندووە.

لەو کۆمەڵگایانەی کە سانسۆری میدیایی و سنووردارکردنی ئازادیی ڕادەربڕین و قۆرخکاریی دەوڵەتی لەسەر زانیاری هەیە، سۆشیاڵ میدیا بۆتە پانتاییەک بۆ هەناسەدانی سیاسی و ڕەنگدانەوەی دەنگی ناڕازییان و ڕێکخستنی ڕاپەڕینی مەدەنی. ئەزمونی ئێران و بە تایبەتی ئەو بزووتنەوەیەی کە لە دوای کۆشتنی ژینا ئەمینی لە ساڵی ١٤٠١ سەری هەڵدا، نموونەیەکی بەرچاوی ئەم ڕۆڵە نوێیەی سۆشیاڵ میدیایە لە ژیانی سیاسی کۆمەڵگادا. بزووتنەوەی ناڕەزایەتی کە لە دوای مردنی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد، بێ وێنە بوو: پانتایی جوگرافیای، ئامادەبوونی بەهێزی ژنان، بەشداری بەرەی لاوان، هەروەها قورسایی سۆشیاڵ میدیا لە ڕێنمایی کردن و گێڕانەوەی ئەم بزووتنەوەیە. گیانلەدەستدانی ژنێکی گەنجی کورد لە ژێر دەستی “گەشتی ئیرشاد” کە وادیارە تەنیا بەهۆی شێوازی جل و بەرگەکەیەوە دەستبەسەر کرابوو، نەک تەنیا بوو بە پرسێکی نیشتمانی بەڵکوو بووە خاڵی تەقینەوە بۆ تووڕەییەکی پەنگخواردوو. ئەوەی ئەم توڕەییەی گەیاندە ئاستێکی ڕێکخستن و ڕاکێشانی سەرنجی جیهانی و دەنگدانەوەی کۆمەڵایەتی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، بەکارهێنانی بەربڵاوی سۆشیاڵ میدیا بوو. بە پێچەوانەی دەیان ساڵ لەمەوبەر، کاتێک هەواڵی ئەم جۆرە ڕووداوانە تەنها لە ڕێگەی دەنگۆ یان ڕاپۆرتی سنووردار بە شێوەی زارەکی بڵاودەبۆوە، لێرەدا ڤیدیۆ و وێنە و گێڕانەوەی ڕاستەوخۆ بە خێرایی لە پلاتفۆرمەکانی وەک تویتەر، ئینستاگرام، تێلێگرامدا بڵاودەبوونەوە. هەر لە یەکەم کاتژمێرەکانی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی خەواندنی ژینا لە نەخۆشخانە، بەکارهێنەرانی ئێرانی بە هاشتاگی #مهسا_امینی و #ژینا_ئەمینی و هاوتا ئینگلیزییەکەی سەرنجی جیهانیان ڕاکێشا. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە دەنگی بنەماڵەی ژینا و گێڕانەوە ناکۆکەکانی دەسەڵاتداران و شیکاری و نیگەرانییە گشتییەکان بە ڕووماڵێکی نێودەوڵەتی بێ وێنەی بڵاو بێتەوە. میدیا سەرەکییەکانی جیهان کە بەزۆری لە ڕاپۆرت کردن لەسەر ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران دوادەکەوتن، لە ماوەی کەمتر لە ڕۆژێکدا بەرانبەر ئەم ڕووداوە کاردانەوەیان نیشاندا. ئەم خێرایی و فراوانییەی کاردانەوەیانە بەبێ سۆشیاڵ میدیا ئەستەم بوو کە هەر لە سەرەتاوە ڕۆڵێکی ڕێکخراوەیی و سیمبۆلیکی لەم بزووتنەوەیەدا بینی.

یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانی سۆشیاڵ میدیا توانای بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی و بەجیهانیکردنی پرسە ناوخۆییەکانە. ڤیدیۆ و وێنە و ئەکاونتی دەستی یەکەم لە شوێنی ناڕەزایەتییەکان دەتوانن بە خێرایی لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوببنەوە و سەرنجی نێودەوڵەتی بۆ خۆیان ڕابکێشن. ئەم توانایە بە تایبەتی بۆ ئەو بزووتنەوەیانەی کە بەدوای پشتیوانی جیهانیدا دەگەڕێن، زۆر گرنگە. لە کاتی بزووتنەوەی ژن-ژیان-ئازادیدا، ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە هاووڵاتییان بڵاویان کردبۆوە، وێنەی سەرنجڕاکێشی سەرکوتکردنی ناڕازییان پیشان دەدا کە بەردەنگی تووشی شۆک دەکرد. ئه م ناوه ڕۆکه نه تەنیا هۆشیاری گشتی له ناوخۆی ئێران بەرز کردەوە، به ڵکوو گوشاری ناودەوڵەتی له سەر حکوومەت زیاتر کرد. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیهانی لە ڕاپۆرتەکاندا ئاماژەیان بەم گرتە ڤیدیۆیانە کردووە کە بووە هۆی تاوانبارکردنی بەرپرسانی سەرکوتکەری دەسەڵاتی ئێران.

دەشێ بڵێین، لە ڕوانگەی میدیاییەوە، سۆشیاڵ میدیا، بۆشایی ئامادەنەبوونی میدیای ئازاد و سەربەخۆی پڕ کردەوە. بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ناڕەزایەتی و گردبوونەوە و سەرکوتکردنی پۆلیس و لێدوانی جۆراوجۆر، بەکارهێنەران ڕێگەیان بە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی وڵات دا کە تێگەیشتنێکی ڕاستەوخۆتریان لە دۆخەکە هەبێت. زۆرێک لەو ڤیدیۆیانە کە هەندێکجار لە ساتەوەختی چالاکییەکاندا هەڵگیراون، تایبەتمەندیی شوێن و کاتیان لە میدیای فەرمی وەرگرتەوە و هەستی ئامادەبوون و بەشداری کردن بە بینەرانی خۆیان دەبەخشن. هەروەها لە ڕوانگەی ڕێکخراوەییەوە بوو بە ئامرازێک بۆ هەماهەنگی زیاتر. ڕاگەیاندنی کات و شوێنی گردبوونەوەکان، هۆشداری دان لە بوونی هێزی سەرکوتکەر، ڕاهێنان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گازی فرمێسکڕێژ، یان ناسینەوەی ئیلێکترۆنی، هەموو ئەمانە لە ڕێگەی ئەم تۆڕانەوە ئەنجام دران. لە غیابی سەندیکای سەربەخۆ و چالاک، یان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سۆشیاڵ میدیا تا ڕادەیەک بۆشایی ڕێکخراوەیی پڕکردەوە. بەڵام ڕەنگە یەکێک لە ڕۆڵە کاریگەرەکانی لە ئاستی هێماکردن و بنیاتنانی ناسنامەی بزووتنەوەکەدا بووبێت.

دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، کە پێشتر لە نێو بزووتنەوە کوردییەکاندا بیسترابوو، بوو بە دروشمی نەتەوەیی لەم بزووتنەوەیەدا و ماناکەی لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە بەرهەم هێنرایەوە. وێنەی ژنان کە لە شەقامەکاندا قژی خۆیان دەبڕی، باڵاپۆشەکانیان دەسووتاند، یان هاوارکردن بەسەر هێزە ئەمنییەکان، بوون بە هێمای بەرخۆدان و مانەوە لە مەیداندا. ئەم وێنانە چەندین جار بڵاوکرانەوە و گواسترانەوە بۆ شارەکانی تر و تەنانەت بۆ چالاکییەکانی دەرەوەی وڵات ئیلهامبەخش بوون. هێماسازی خێرا و کاریگەر و فرە چین بەشێکە لە هێزی ناوازەی سۆشیاڵ میدیا؛ میدیایەک کە نەک تەنها پەیامەکان دەگوازێتەوە، بەڵکو خۆی پەیامساز و مانادارە. هەروەها بزووتنەوەی ژینا نیشانی دا کە چۆن سۆشیاڵ میدیا دەتوانێت سنوورە جوگرافییەکان کاڵ بکاتەوە. سەکۆیەکی بۆ خۆپیشاندان و لێدوان و هەڵمەت و تەنانەت فشار لەسەر حکومەتە بیانییەکان دابین کرد. کردەوە ڕەمزییەکانی وەکوو ژنانی ئێرانی کە قژیان لە پەرلەمانەکانی ئەوروپادا دەبڕن، یان دانانی وێنەی ژینا لە گۆڕەپانی شارە گەورەکاندا، بەبێ سۆشیاڵ میدیا ڕێک نەدەخرا کە لێرەدا وەک پردێک لە نێوان ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا ڕۆڵی هەبوو، هەروەها لە نێوان ئەزموونی کەسی و خەباتی سیاسیدا.

بەڵام ڕۆڵی سۆشیاڵ میدیا لە بزووتنەوە سیاسییەکاندا هەمیشە یەکلایەنە و ئەرێنی نییە. بزووتنەوەی ژیناش لەوە بێبەری نەبوو. لە بەرامبەردا، حکومەتی ئێران سیاسەتی سەرکوتی دیجیتاڵی خۆی زۆر چڕتر کردەوە. لە فیلتێرکردنی سەرتاسەری ئینستاگرام و واتسئەپەوە تا کەمکردنەوەی خێرایی ئینتێرنێت، کوژانەوەی کاتیی ئینتێرنێت لە هەندێک ناوچە و بەتایبەت کوردستان، تەنانەت بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای گوێگرتن و بەدواداچوون بۆ ناسینەوەی خۆپیشاندەران، هەموو ئەمانە بەشێک بوون لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێم لەگەڵ فەزای ئێلێکترۆنی. لە هەمان کاتدا دەزگا ئەمنییەکان بە دزەکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە و دەستپێکردنی هەڵمەتی پڕوپاگەندەیی بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەوڵیاندا شەڕێکی گێڕانەوەیی لەسەر بنەمای ئەم فەزایە ئەنجام بدەن. لە هەندێک حاڵەتدا بڵاوکردنەوەی وێنەی توندوتیژی یان کوشتنی خۆپیشاندەران، هەرچەندە بۆ وروژاندنی هاوسۆزی ئەنجام دەدرێت، بەڵام دەتوانێت بە تێپەڕبوونی کات ببێتە هۆی ڕووخانی دەروونی بینەر و هەستکردن بە بێدەسەڵاتی و هەستی ناکاریگەریی دروست بکات. هەروەها پێویستە ئاماژە بە مەترسییە کەسییەکان بکرێت بۆ بەکارهێنەران لەم جۆرە فەزایانەدا. چالاکییەکانی سۆشیاڵ میدیا، بە تایبەت کاتێک لەگەڵ هاوبەشکردنی وێنە و دروشمی دژە حکومەت، دەتوانێت لە ئێران ببێتە هۆی لێپێچینەوەی یاسایی و دەستبەسەرکردن. زۆرێک لەوانەی دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان دەستگیرکرابوون، تەنها بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆستێک یان ڕیتویتکردنی هاشتاگێک دادگایی کران. ئەمەش گرنگی پێشخستنی خوێندەواری میدیا و ئاسایشی دیجیتاڵی لە بزووتنەوەکانی داهاتوودا دەردەخات. لە غیابی هۆشیاری لە مەترسییە تەکنیکی و یاساییەکان، چالاکییەکانی سۆشیاڵ میدیا دەتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر تاکەکان، تەنانەت ئەگەر مەبەستیان تەنیا هاوسۆزی یان پشتیوانی بێت. لە لایەکی دیکەوە ئەلگۆریتمەکانی پلاتفۆرمە جیهانییە گەورەکانیش هەندێک جار دژی جووڵەکان کاردەکەن. چەندین نموونە هەن کە پۆستەکانی بەکارهێنەرانی ئێرانی بە هۆکاری نادیار سڕاونەتەوە، یان هاشتاگە بەناوبانگەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بلۆک کراون. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پێکهاتەی نایەکسانی میدیای جیهانی؛ کە تەنانەت سۆشیاڵ میدیا سەرەڕای بانگەشەی بێلایەنی، لە ژێر کاریگەری سیاسەتی شاراوە یان فشارەکانی حکومەتەکاندایە.

بەگشتی سۆشیاڵ میدیا تەنها ئامرازی تەکنەلۆژی نییە، بەڵکو بنیاتنانی کۆمەڵایەتییە کە لە چوارچێوەیەکی سیاسی و کولتووریدا مانای خۆی دەدۆزیتەوە. لە ئێراندا کە فەزای گشتی بە توندی بەرتەسک و کۆنترۆڵ کراوە، سۆشیاڵ میدیا بۆتە جۆرێک لە فەزای گشتی مەجازی؛ فەزایەک کە خەڵک تێیدا کۆدەبنەوە، گفتوگۆ دەکەن، بەرەنگار دەبنەوە و هەوڵی دروستکردنی گوتاری بەدیل دەدەن. دەکرێ بزووتنەوەی ژینا بە یەکەم بزووتنەوەی گەورە لە مێژووی ئێراندا هەژمار بکرێت کە نزیکەی هەموو قۆناغەکانی دروستبوون و فراوانبوون و جیهانگیری لە چوارچێوەی سۆشیاڵ میدیادا ڕوویداوە. هەرچەندە ڕاپەڕینەکانی پێشوو، وەک بزووتنەوەی سەوز لە ساڵی ١٣٨٨، سوودی لە میدیای دیجیتاڵیش وەرگرتبوو، بەڵام بزووتنەوەی ژینا لە ڕووی بازنەی بەکارهێنان و فرەچەشنی پلاتفۆرمەکان و قووڵایی بەشداریکردنی دیجیتاڵی چەند هەنگاوێک پێشکەوتووتر بوو.

پێویستە دان بەوەدا بنرێت کە ئایندەی بزووتنەوە سیاسییەکان، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگایانەی کە پێکهاتەی پاوانخواز یان نیمچە دەسەڵاتخوازیان هەیە، بە توندی بە سۆشیاڵ میدیاوە بەستراوەتەوە. لە کاتێکدا ئەم ئامرازانە هەموو شتێک ناگۆڕن، بەڵام کاریگەیی لەسەر یاسای یارییەکان دادەنێن. سۆشیاڵ میدیا ئەگەری بەشداریکردنی تاکی کۆمەڵگای زیاد کردووە، چاکسازیی لە بەکاهێنانی کۆنترۆڵ لە خوارەوە بۆ سەرەوە بەدیهێناوە. جۆرێک لە دروستکردنی ڕایەڵەی ئاسۆیی گشتگری پێشنیار کردووە لەبری پلەبەندیی دامەزراوەیی کلاسیک. هەرچەند ئەم گۆڕانکارییانە لەخۆیاندا بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوەکان بەس نین، بەڵام بەدڵنیاییەوە زەمینە بۆ پێکهێنانی بزووتنەوەی کاریگەرتر و گشتگیرتر دەڕەخسێنن. بزووتنەوەی ژینا نەک هەر نموونەی سۆز و خولیای کۆمەڵایەتی، بەڵکو هێمای هاتنە ناوەوەی نەوەی نوێ بوو بۆ گۆڕەپانی سیاسی لە ڕێگەی ئامرازی نوێیەوە. سۆشیاڵ میدیا بە هەموو لاوازی و کەموکووڕییەکانەوە بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی سیاسی هاوچەرخ. فەزایەکە کە توڕەیی و هیوا و یادەوەری و بەرخۆدان تێیدا تێکەڵاون و ئەوەی ڕەنگە لە شەقامدا سەرکوت بکرێت لە فەزای دیجیتاڵیدا دەژی و هێندەی تر ڕادیکاڵتر و جیهانیتر دەبێتەوە. ئەگەر هێزی میدیای کلاسیک لە قۆرخکردنی گێڕانەوەدا بووبێت، هێزی سۆشیاڵ میدیا لە شکاندنی قۆرخکاری و بڵاوکردنەوەی گێڕانەوەکاندایە؛ و لە جیهانێکدا کە شەڕی سەرەکی لەسەر گێڕانەوەکانە، ئەم دەسەڵاتە هێزێکی تەواو و دیاریکەرە.

TAGGED: بزووتنەوە سیاسیی, سۆشیاڵ میدیا, کاردۆ میری, کاریگەریی سۆشیاڵ میدیا, کاریگەریی سۆشیاڵ میدیا لە بزووتنەوە سیاسییەکاندا
KomalaMedia 2025/06/29
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر بەشداری شاندێکی کۆمەڵە لە کۆنگرەی حزبی سۆسیال دێموکراتی ئاڵمان (SPD)

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?