نزیک بە ٤٧ ساڵ لەمەوبەر کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی هەموو یاسا نێودەوڵەتییە نووسراو و نەنووسراوەکان و داب و نەریتە دیپلۆماتیکەکانی نێوان وڵاتان، باڵوێزخانەی ئەمریکای داگیرکرد و دەیان کارمەند و دیپلۆماتکاری باڵوێزخانەکەی بە بارمتە گرت . بەبارمتەگیراوەکان بەرەوڕووی ئازاردان و سووکایەتییەکی زۆر بوونەوە و دوای سەدان ڕۆژ لە دەستببەسەربوون، بە نێوەندگیری ئیسرائیل و کۆمارییەکانی ئەمریکا و پاش سەرکەوتنی کۆمارییەکان لە کێبڕکێی ناوخۆیی لەبەرامبەر دیموکراتەکاندا، ئازادکران.
ئامانجی ئەم وتارە شرۆڤەکردنی لایەنە جیاجیاکانی ئەم ڕفتارەی کۆماری ئیسلامی نییە ، بەڵام ناکرێ باس لە لایەنێکی گرنگی ئەم ڕووداوە واتە پرسی “دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم” نەکرێ. کۆماری ئیسلامی بە داگیرکردنی باڵێوزخانەی ئەمریکا زۆربه ی هەرە زۆری هێزە چەپ و پێشکەوتووخوازەکانی (جیا له کۆمەڵە)، له گووتار و چەکی دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم و به تایبه ت ئیمپریالیزمی ئەمریکا داماڵی و ئاکام و لێکەوتەکانی ئەم تاکتیکە کاریگەریی بەرچاوی لە سەر پرۆسەی سەقامگیربوونی کۆماری ئیسلامیی وەک دەسەڵاتێکی ڕەها دانا . ئامرازی سەرەکیی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی بە ئێستاشەوە سەرکووت، ئەشکەنجە و سەرەڕۆیی بووە و بەڵام داماڵینی هێزە بەرهەڵستکارەکان لەم چەکە کاریگەریی خۆی دانا و توانی لە باری ئیدئۆلۆژییەوە وزەی بەرگری و خۆڕاگریی هێزە بەرهەڵسکارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بکات. “دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم”ی سەرەتاکانی شۆڕشی ئیسلامی جێگەی خۆی داوە بە “نەتەوەپەرەستی” و کۆماری ئیسلامی لەئێستادا و ئەمجارەش بەهەمان تاکتیک هەوڵ دەدات بەرەی ڕاستی کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ بکات و هێزە نەتەوەپەرەستە ئێرانییەکان لە چەکی ناسیۆنالیزمی ئێرانی داماڵێت. کۆماری ئیسلامی بەهیوایە بەم ڕەفتارە پێگەی کۆمەڵایەتییەکەی کە ڕوو لە بەرتەسکبوونی بەردەوامە بەهێزتری بکات و هاوکات تۆوی دوودڵی و گومان لە ناویاندا بچێنێت. سەرەتای پرۆسەکە بە دەرکەوتن و ئامادەبوونی خامنەیی لە ڕێوڕەسمی ماتەمینی موحەڕەم لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی دەستی پێکرد، دەرکەوتنی خامنەیی پاش خۆشاردنەوە بەهۆی شەڕی ١٢ ڕۆژە هاتەئاراوە و ناوبراو داوای لە مەداحی ڕێوڕەسمەکە کرد لەبری ڕوونکردنەوەی کارەساتی کەربەلا چەند بەیتێکی سروودی نیشتمانی بڵێتەوە و لەو ڕێکەوتە بەدواوە “ئومەتی ئیسلامی” هەندێک جار بە تام و بۆنی میللەت یان نەتەوەی ئێرانی دەڕازێندرێتەوە.
باڵادەستیی چەمکی “ئومەت” و بەکارهێنانی ئەم واتایە بەجێگەی “نەتەوە”، نەک هەر مژارێک بۆ ناسنامە و پێناسەی خەڵک ، بەڵکوو بە مانای نکۆڵیکردن لە مافەکانی تاک و هەموو دەستکەوتە مرۆییەکانیش بووە. دەستکەوتێک کە کۆنسێپت و چەمکی “نەتەوە” بە واتای هاووڵاتی و مافەکانی وێنادەکات. کێشەکە لەوەدایە کە پێچەوانەکەی ڕاست نییە،. هەرچەندە نەتەوە چەمکێکی مۆدێرنترە و زۆرێک لە دەستکەوتەکانی شارستانییەتی هاوچەرخ لەخۆدەگرێت، بەڵام لە جیهانی سیاسەتدا چەمکی نەتەوە بە مانای ڕێزگرتن لە مافەکانی تاک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی نییە. بەشی هەرە زۆری حوکمڕانە ڕەهاکان و پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ لە بنەڕەتدا ناچنە ناو ڕیزبەندیی حکوومەتە ئایینییەکان و بە ناو و نوێنەرایەتیکردنی “نەتەوە” دەسەڵاتی ڕەهای خۆیان دادەسەپێنن. بۆ نموونە دەسەڵاتی پاشایەتی کە زۆرترین سوودی لە دەستەواژەی نەتەوە (بە مانای مۆدێرنی ناسیۆن) وەرگرت، دەسەڵاتێکی ڕەها بوو کە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤی پێشێل دەکرد و گەلانی بندەستی سەرکووت دەکرد.
هەوڵی ئەمجارەی کۆماری ئیسلامی داماڵینی چەک لەو مەیلە سیاسییانەیە کە تەوەری سەرەکیی ڕەخنەکانیان لە ڕژیم دەچێتە خانەی پێداگری لە ناسیۆنالیسم ئێرانی ، ٤٧ ساڵ حوکمڕانیی ئایینی و ستەمکارانەی سیستەمێکە کە پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی تاک و سەرکووتی هەموو پێکهاتەکانی ئێران کارنامەی دەسەڵاتەکەی پێکدێنێت. تۆمەتبارکردنی کۆماری ئیسلامی بەوەی کە بەڕادەی پێویست ئێرانی بە مانا ناسیۆنالیستییەکەی نییە، جگە لە نۆستالژیایەکی بەتاڵ هیچی تر نییە. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی چ باسی ئوممەتی ئیسلامی بکات یان خۆی وەک نوێنەری نەتەوە پیشان بدات، لە بنەڕەتدا هەمان دەسەڵاتی دیکتاتۆر و پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ و دژە دیموکراسییە و ئەم بابەتە هیچ لە ناوەرۆکی باسەکە ناگۆڕێت.
ڕووی ڕەخنە و دژایەتییەکانی نەیارانی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامی بەگشتی و بەتایبەت گەلی کورد لە دەسەڵاتی ئایینی لە پلەی یەکەمدا دەبێ لە دژی پێشێلکارییەکانی مافەکانی تاک وەک مافی هاووڵاتی و هاوکات دژ بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی سەرەکی دەسەڵات واتە هەڵاواردن بێت.
ئەگەر کۆماری ئیسلامی جگە لە کۆماری سێدارە هەر نازناوێکی تری هەبێت، ئەوا کۆماری هەڵاواردنە و ئەویش بریتییە لە هەڵاواردن، هەڵاواردن لە دژی ژنان، لە دژی پێکهاتەکان و نەتەوە ستەملێکراوەکان، لە دژی ئایینەکان، و زۆر شێوازی تری هەڵاواردن . دامەزراندنی حکوومەتێکی دێموکراتیک، ڕێزگرتن لە مافەکانی تاک و هاووڵاتی، کۆتایی هێنان بە سەرکووت و بنەبڕکردنی پێشێلکردنی مافی گەلانی ستەملێکراوی ئێران و زۆر بابەتی تر بەشێک لەو داواکارییانە و لەو ئاراستەدان.
واتاکانی “ئومەت”و “میللەت” توانای پێناسەکردنی ئێرانی ڕاستەقینەیان نییە و کۆمەڵگای ئێران بوونەوەرێکی پارچە پارچە و دژبەیەکە، و بەهاکان، نۆرمە کولتوورییەکان و زمانە جیاجیاکان نەک تەنیا جیاواز، بەڵکوو زۆر جار دژبەیەکیشن. کێشە لە فرەیی کولتوور، زمان و جل و بەرگەکان نییە کە هەڵبەت دەتوانێ کۆمەڵگا جوانتر و ڕەنگاڵەییتر بکا، کێشە لەوەدایە کە بنچینە و ڕیشەی دەسەڵاتەکان (نەک تەنیا کۆماری ئیسلامی) لە هەڵاواردندا ڕەگی داکوتاوە و دامەزراوە. دیاریی ئۆمەتی ئێرانی ئیسلامی و میللەتی دەسەڵاتی پاشایەتی هەردووکیان بۆ کورد جگە لە هەڵاواردن و سەکووت و بێمافی هیچی تری پێنەبووە.
تەنیا شانس بۆ بوون بە ئێرانێکی یەکانگیر و بوون بە ماڵێک بۆ هەموو پێکهاتەکان ، سەرلەنوێ ناساندنەوە و پێناسەیەکی نوێ و جیاواز بۆ چەمکی ئێران و ئێرانییە. یەکەم خاڵی ئەم پێناسە نوێیە بریتییە لەوەی کە هەموو تاکەکان سەر بە هەر ئایین ، ڕەگەز و سەرچاوەیەکی کولتوورییەوە بن، دەبێ لە بەرامبەر یاسادا یەکسان بن. هیچ بیانووێک نابێ ڕەوایی بە دیاریکردنی پێگەیەکی جیاواز بە هیچ نەتەوە و زمان و پێکهاتەیەکی تر بدات و پێگەیەکی تایبەتیتری پێبەخشێت. پێویستە ڕێز لە هەمووان بگیردرێت و ئێران نەک لە ناو درووشمەکاندا بەڵکوو لە ڕاستیدا ماڵی هەمووان بێ. ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی پێویستە خۆی لە بازنەی بەستراوی هەڵاواردن و خودی و ناخودیدا بە تەواوی دەرباز بکات. ئەوە کارێکی ئاسان نییە و لە ناکاویش جێبەجێ نابێت، بەڵکوو پرۆسەیەکە کە دەکرێ هەر لە ئێستاوە و بەر لە ڕوخانی کۆماری ئیسلامی دەست پێبکات.بۆ کۆمەڵە و نەتەوەی کورد، بەتایبەتی کە لە ساڵڕۆژی بزووتنەوەی ژن، ژیان ، ئازادی نزیک دەبێتەوە، پێوەرێکی سەرەکییە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو بلۆکانەی کە لەژێر ناوی جیاوازدا پێکدێن.