ئێران و ئیسرائیل لە دۆخێکی “ئاگربەستی نەنووسراو”دان. هیچ ڕێکەوتنێکی فەرمی لە نێوانیاندا نیە و میکانیزمێک بۆ بەڕێوەبردنی ئەگەرەکانی هەر جۆرە ئاڵۆزی و ناکۆکییەکی نیۆان ئەم دوووڵاتدا لەبەردەستدا نیە. کۆماری ئیسلامی لەهەوڵی ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنەوەی پڕۆکسییەکانی لە لوبنان، سوریا، عێراق و یەمەنە و لە ناوخۆشدا خەریکی نۆژەنکردنەوەی سیستەمە تێکشکاوەکانی مووشەکی و پەدافەندییە. لە لایەنی بەرامبەریشدا، ئیسرائیل پاش ئەزموونی جەنگ لە چەندین بەرەدا، هەوڵی داوە لە ڕێگەی زیادکردنی هێرشە سنووردار و ئەلیکترۆنییەکانەوە باڵادەستیی خۆی لە ناوچەکەدا بپارێزێت.
ئەم بارودۆخە هاوسەنگییەکی ناجێگیری دروستکردووە. واتە هەردوولا دەزانن کە ئەگەری هێرشێکی بەرفراوانی نوێ دەتوانێت دۆخەکە بە جەنگێکی گەورە بگۆڕێت، میدیاکانی جیهانیش باس لەوە دەکەن کە هەردوو لا بیر لە “هێرشکردنی پێشوەختە”ش دەکەنەوە. لەبەر ڕۆشنایی ئەم بارودۆخەدا ئەگەری هاتنەئارای قۆناغی دووهەمی جەنگی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل ئەگەرێکی بەهێزە .
چەند پاڵنەر و هۆکارێک ئەگەری جەنگێکی نوێ بەرجەستە دەکەن و هەر یەک لەم هۆکارانە ئەتوانێ کاریگەری لەسەر بابەتەکە دابنێت. ئەم هۆکارانە تایبەت بە ئێستان و هەر ڕووداوێکی بچووکی بۆ نموونە سیاسی و دیپلۆماتیک دەتوانێ کاریگەری لەسەر دۆخەکە دابنێت و گۆڕانکاری بەرهەم بێنێت.
یەکەمین هۆکار کە دەتوانێ وەک ژینگەیەکی لەبار بۆ دروستبوونەوەی سەر لەنوێی جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەور بگێڕێت، نەبوونی میکانیزم یان نێوەندگرییەکی فەرمی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدایە. ئەگەرچی کۆمەڵێک وڵاتی وەک عەمان بەردەوام ڕۆڵی نێوەندگرییان گێڕاوە و هەوڵی ڕەخساندنی فەزای گفتوگۆ و دانووستانیان داوە، بەڵام هیچ کاناڵێکی ڕاستەوخۆی پەیوەندی بوونی نیە و ئەمەش دەتوانێ کاریگەری لەسەر بابەتەکە دابنێت.
پرسی نۆژەنکردنەوەی پڕۆکسییەکانی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ناوچەکەش دەتوانێ وەک پاڵنەرێک بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دەور بگێڕێت. لە هەفتەکانی ڕابردوودا سی ئێن ئێن و چەندین دامەزراوەی میدیایی جیهانی بابەتی گواستنەوەی چەک و چۆڵی کۆماری ئیسلامی بۆ لوبنان و یەمەنیان بڵاوکردۆتەوە و هاوکات باس لە دامەزراندنی گرووپێکی نوێی ئیسلامگەرا لە سوریاش دەکرێت کە سەر بە کۆماری ئیسلامییە. بەلەبەرچاوگرتنی ئەم بارودۆخە و بەردەوامبوونی حوسییەکانی یەمەن لە پەلاماری مووشەکی و دڕۆنی بۆ سەر ئیسرائیل دەتوانێ وەک پاڵنەرێک بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووهەمی جەنگ دەور بگێڕێت.
ئیسرائیل لە مانگەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی زۆر چالاک و بەرفراوان سەرکووتکردنی پڕۆکسییەکانی گرتە بەر و ئەم پلامارانە لاوازبوونی ئەم گرووپانەی لێکەوتەوە. هاوکات ئیدارەی ترامپیش هاوتەریب فشارەکانی بۆ سەر لوبنان و عێراق بە مەبەستی چەککردنی ئەم گرووپانە زیاد کردووە و تەنانەت چەندین لایەن و کۆمپانیای پەیوەندیدار بەم گرووپانەی بەرەوڕووی سزای ئابووری کردۆتەوە.
هۆکار و پاڵنەرێکی تر بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ، بارودۆخی ناوخۆیی ئێران و ئیسرائیلە و هەر دوو دەسەڵات لە ناوخۆدا بەرەوڕووی کۆمەڵێک کێشەی تایبەت بە خۆیانن. لە پەیوەند بە کۆماری ئیسلامی دەکرێ بووترێ کە بارودۆخی ئێران بەرەوڕووی کۆمەڵێک قەیرانی هەمەلایەن بۆتەوە و ناوخۆی ئێران نووقمی قەیرانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت تەندرووستیشە. هەڵاوسان بە خێرایەکی بەرچاو ڕوو لە هەڵکشانی هەمیشەیی و بەردەوامدایە و گرانی و بێکاری تەنگی بە کۆمەڵگا هەڵچنیوە. هاوکات پرسی وزە و ئاوی شیرین لە دیاردەوە بۆ قەیران گۆڕدراوە و زۆربەی شارەکانی ئێران بەرەوڕووی کەمبوونەوەی ئاو و جیرەبەندی بوونەوە . لە لایەنی بەرامبەریش ، واتە ئیسرائیل ، ململانێی سیاسی لە نیوان کابینە و پارلمانی ئەو وڵاتەدا بەردەوامە و ئەمەش کاریگەری لەسەر یەکگرتوویی حکوومەتی ئیسرائیل داناوە. کۆماری ئیسلامی بۆ سەرپۆش دانان لەسەر قەیران و گرفتەکان و لەباربردنی ئەگەرەکانی هەر ڕاپەڕین وسەرهەڵدانێکی جەماوەری و ئیسرائیلیش بۆ بەرهەمهێنانی یەکگرتوویی ناوخۆیی ، پێویستیان بە ئامرازی کاریگەرە. تا ئەو جێگایەی بۆ ئێران دەگەرێتەوە ڕەنگە هیچ ئامرازێک هاوشێوەی واتاکانی “دوژمنی دەرەکی” و “جەنگ” نەتوانێ خزمەت بەم ئیستراتژییە بکا. هەرچەند خودی جەنگیش جیا لە دەرفەت دەتوانێ هەڕەشەی گەورە درووست کات بە نموونە بۆ مانەوە و بەقای کۆماری ئیسلامی ، بەڵام جەنگیی کۆنتڕۆڵکراو، یان ڕاگرتنی دۆخ و کەش و هەوایەکی جەنگی دەتوانێ وڵام بەو بارودۆخە بداتەوە.
هۆکار و پاڵنەرێکی دیکە، بەردەوامبوونی وردە شەڕەکانی نێوان ئەو دوو لایەنەیە و ئەم بابەتە لە فۆرمی شەڕی ئەلیکترۆنی و سیخوریدا خۆی دەردەخات . هاوکات گواستنەوەی هێز و ئیمکانات بۆ سنوورەکان و ئامادەکارییەکان بەردەوامە و هەر ترازانێکی بچووک و لێکدانەوەیەکی هەڵەی هەردووکیان دەتوانێ بارودۆخەکە بۆ جەنگێکی بەرفراوان بگوازێتەوە.
لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ، بێگوومان ڕووبەری ئەم جەنگە دەتوانێ زۆر بەهێزتر و بەربڵاوتر لە قۆناغی یەکەم بێت و وەک هەندێک چاودێری سیاسی دەڵێن، ڕەنگە قۆناغی دووهەم، قۆناغێکی یەکلاکەرەوە بێت. لەم حاڵەتەدا بێگوومان زیانەکان زۆر زیاتر دەبێت و ئەگەری تێوەگلانی وڵاتانی دیکەش، ئەگەرێکی بەهێز دەبێت.
لە پاڵ ئەو هۆکار و پاڵنەرانەدا بەشێک لە چاودێران بیروڕایەکی تەواو پێچەوانەیان هەیە و ئەگەری سەرکووت و بۆمبارانی زیاتری پڕۆکسییەکان بە ئەگەرێکی بەهێزتر لە جەنگی ڕاستەوخۆ دەزانن . ئەوان لەوبڕوایەدان کە نیگەرانییەکان لەهەمبەر بشێوی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناویین و کاریگەرییەکانی جەنگی ڕاستەوخۆ لەسەر ئابووری جیهانی و بازاڕی وزە ، دەتوانێ ئەگەرەکانی قۆناغی دووهەمی جەنگی ڕاستەوخۆ لاواز بکات . ئەم تێڕوانینە پێیوایە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕی ڕاستەوخۆ کاریگەری گەورە لەسەر بارودۆخی ناوخۆی ئێران دادەنێت و هەربۆیە کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات لەڕێگەی عومان و قەتەرەوە گفتوگۆیەکی نهێنی پێش بخات و بەر بە دروستبوونی سەرلەنوێی جەنگی ڕاستەوخۆ بگرێت.
جێگری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە دوایین لێدواندا ڕایگەیاندووە کە دەستپێکردنەوەی جەنگی ڕاستەوخۆ زۆر بەهێزە و ئەوان لە ئامادەبوونی تەواودان. ئەوەی لەو ناوەدا حسابی بۆ ناکرێ بیروڕای خەڵکی ئێران و تێڕوانینی ئەوان بۆ ئەم بابەتانەیە. دامەزراوەی “گومان” لە نوێترین ڕاپرسیدا ئاشکرای کردووە کە زۆرینەی خەڵکی ئێران دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەبەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلدان و پێیانوایە کە ژیانێکی ئاسایی بەدوور لە جەنگ و دوژمنایەتی مافی ئەوانە و بەڵام کۆماری ئیسلامی لەڕاستیدا خەڵکی ئێرانی بە بارمتە گرتووە و هیچ گرنگییەک بە ڕاونۆچوونی ئەوان نادات. دوژمنایەتیکردنی ڕۆژاوا و ئیسرائیل یەکێک لە بنەماکانی ئایدۆلۆژیای حکوومەتی ئێرانە و ئەم تێڕوانین و سیاسەتە لە ئاجندای هەمیشەیی ئەم دەسەڵاتدا بووە. بوونی ئەم ئاجندایە دەتوانێ بەو مانا بێ کە هۆکاری سەرەکی لە دروستبوونی هەر جەنگێک ، کۆماری ئیسلامی ئێرانە و بەرپرسیاریەتی سەرەکی بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە.


