ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی، لە سەر بانگێشتی فەرمی، شاندێکی کۆمەڵە بەشداری کۆنگرەی هاوپەیمانی سۆشیال دیمۆکرات بۆ ولاتانی عەڕەبی لە سلێمانییان کرد. ئەم کۆنگرەیە لە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەرمانان لە سەر چەندین پرسی گرنگی وەک، پرسی کەمینەکان و دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. ئامانج لە بەستنی کۆنفڕانسەکە پتەوکردنی پەیوەندییە هاوپەیمانییەکانی نێوان بزووتنەوە پێشکەوتووخوازەکانی عەڕەب و کورد، پەرەپێدانی هاوئاهەنگی نێوان پێکهاتەکانی حیزب، ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکانی پەیوەست بە وەڵامدانەوەی پرۆگرامی و حوکمڕانی دیموکراتیک و دامەزراندنی بناغەیەک بۆ ڕوانگەیەکی سیاسی نوێکراو و پلانی ستراتیژی بۆ سۆسیال دیموکراسی لە جیهانی عەڕەبیدا.
لەو کۆنفڕانسەدا نوێنەرانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بانگێشت کراون کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات وەفدێکی کۆمەڵە لەسەر بانگێشتی فەرمی بەشداری ئەم کۆنفڕانسە بوون. جێگای ئاماژەیە هاوڕێ سەلاح بایزیدی یەکێک لە ئەدامانی شاندی کۆمەڵە لە پانێلێکدا سەبارەت بە فرەچەشنی و مافی مڕۆڤ و کەمینەکان، قسە و باسێکی پێشکەشی بەشداربووان کرد.
شایانی باسە ئەم کۆنفڕانسە سێ ڕۆژ دەخایەنێت و تا ٨ی خەرمانان بەردەوام دەبێت.
