شارەوانیی تاران ڕایگەیاندووە کە پارچەی ٤١ی گۆڕستانی بەناوبانگی بەهەشتی زەهرا دەکاتە پارکینگی گشتی، هەمان گۆڕستان کە شوێنی ئارامگرتنی هەزاران ئێعدامکراوی سیاسییە. “سەعیدی سوڵتانپوور” و “تەقی شەهرام” بەناوبانگترینی ئەو کەسانەن کە تەرمەکانیان لەم شوێنەدا نێژراوە و بە گۆڕستانی لەسێدارەدراوان ناوبانگی دەرکردووە. ئەم گۆڕستانە یەکێک لە بەڵگەکانی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەیەی شەستە و لە ساڵانی ڕابردووشدا زۆر جار هەوڵ دراوە کە ئاسەوارەکانی ئەم تاوانە بە تێکدان و شێواندنی گۆڕستانەکان، لەناوببردرێت. بەپێی بەدواداچوونەکانی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا سەد و بیست گۆڕستانی کوشتارە بەکۆمەڵەکانی بەندکراوانی سیاسی دۆزراونەتەوە و مەزندە دەکرێت کە دەیان گۆڕی بێ ناونیشانی تریش لە ناوچە جیاجیاکانی ئێراندا بە شاراوەیی ماونەوە. تەنیشتی گۆڕستانی بەهاییەکانی قوروە، گۆڕەپانیی شارەوانیی سنە،خاوەرانی تاران، ناوچەی ڕەحمەتی تەبرێز، تازاوای ڕەشت و دەیان گۆڕستانی تر بەشێک لەو گۆڕستانانەن کە تەرمی هەزاران زیندانیی سیاسیی تیا شاردراوەتەوە.
پرسی پاکتاوکردن و سڕینەوەی شوێنەکانی ناشتنی قوربانیانی کۆمەڵکوژی و هەروەها نکۆڵیکردن و شاردنەوەی یادەورییەکان لە زۆرێک لە وڵاتان و ڕژێمە سەرکوتکەرەکاندا دووبارە دەبنەوە و لە ڕەهەندە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفییەکانەوە لێکۆڵینەوەی زۆریان لەسەر کراوە. هەوڵدان بۆ بەپارکینگکردنی گۆڕستانی بەندکراوانی سیاسی لە تاران لە چوارچێوەی هەمان سوننەت و نەریتە جیهانییانەن کە لە ئاراستەی سڕینەوەی بەڵگەکانی تاوان ئەنجام دەدرێن. بکەرانی سڕینەوەی ئاسەوارەکانی تاوان لە مێژوودا دەیانهەوێ بەڵگەکانی تاوان و کوشتاری بەکۆمەڵ لە یادەوەرییە مێژووییەکاندا بسڕنەوە و ئەم پرسە خۆی لە فۆرمی کۆمەڵێک ڕەفتاری وەک نکۆڵیکردن، بەلاڕێدابردن و هەتادواتر دەبینێتەوە.
نکۆڵیکردن و سڕینەوەی یادەوەرییەکان
ئینکار و نکۆڵیکردن یەکەمین هەڵوێست و کاردانەوەی کاربەدەستانی ڕژیمە دیکتاتۆرەکانە لە ڕوبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەیسی تاوان. ئەوان هەموو سەرچاوە و ئیمکاناتەکانی سیستەم بە مەبەستی نکۆڵیکردن بەکاردێنن و تەنانەت بەرامبەرەکانیشیان بە درۆکردن و دوژمنایەتیکردن تۆمەتبار دەکەن. بەدەیان جار بینراوە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەبەرامبەر کۆمەڵکوژکردنی بەندکراوانی سیاسی بێ ئاگابوون و نکۆڵیکردنیان گرتۆتەبەر و کاتێکیش بەرەوڕووی بەڵگەی بەهێز بوونەوە، هەوڵیانداوە پرسەکە بجووک بکەنەوە. سیستمە دیکتاتۆر و سەرکوتگەرەکان هاوشان و هاوتەریب لەگەڵ نکۆڵیکردن، سڕینەوەی یادەوەرییەکانیش دەگرنەبەر و هەوڵدەدەن بە لەناوبردن و شێواندنی سیمبولەکانی تاوان، یادەوەرییەکان وردوخاش بکەن. یادەوەرییەکاانی تاک هەمیشە لە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتیدا لەدایک دەبێت و کاتێک ڕژێمێک شوێنی ناشتن یان یادگارییەکان لەناو دەبات، لە ڕاستیدا یادەوەری بەکۆمەڵەکان پارچە پارچە دەکات. ئەو هاووڵاتیانەی کە ڕۆژانە بە گۆڕەپانی شارەوانیی شاری سنەدا تێدەپەڕن، ڕەنگە ئاگادارنەبن کە ئەو شوێنە گشتی و قەرەباڵغە شوێنی شاردنەوەی تەرمی دەیان بەندکراوی سیاسییە کە لە دەیەی ڕەشی شەست بە شێوەی تاک و بەکۆمەڵ گوللەباران یان لەسێدارەدراون. گۆڕینی ئەم گۆڕستانانە بە شوێنی گشتی، بەمەبستی سڕینەوەی یادەوەری و دواجار سڕینەوەی تاوان ئەنجام دەدرێن.
پۆڵ ڕیکۆر لەو کەسانەیە کە کاری لەسەر ئەم بابەتە کردووە و لە کتێبی یادەوەری، مێژوو و لەبیرچوونەوەدا، باس لەوە دەکات کە حکومەتە دیکتاتۆرەکان هەندێک جار بەدوای “سیاسەتی لەبیرکردن”دا دەگەڕێن، واتە بە نەهێشتنی شوێنەکانی یادەوەری، کۆمەڵگا ناچار دەکەن واز لە ڕابردوو بهێنن. کۆمەڵگاکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەبیرچوونەوە و فەرامۆشکردن، کۆمەڵێک شوێنی وەک گۆڕستانی خاوەران دەکەنە هێما و وێرانکردنی ئەم شوێنانە شەڕی ئاشکرا لە دژی یادەوەرییە بەکۆمەڵەکانە
هێما و یادەوەرییەکان بەشێک لە ڕاستی و حەقیقەتە مێژووییەکانی کۆمەڵگان و لەناوبردنی ئەم هێمایانە لەناوبردنی حەقیقەتیشە. هانا ئارێنت لەوەبارەوە و لە ڕاپۆرتی ئایشمەندا دەڵێت:”ڕژیمە تۆتالیتێرەکان بەردەوام هەوڵدەدەن نەک تەنیا نەیارەکانیان بەڵکوو یادەوەرییەکانیشیان لەناوبەرن. لەناوبردنی یادەوەرییەکان بەشێکە لە پڕۆژەی سڕینەوەی حەقیقەت و ڕاستی”.
سڕینەوەی بەڵگەنامە و ئاسەوارەکان
لەکاتی ڕوودانی تاوانەکانی هاوشێوەی کۆمەڵکوژییەکانی دەیەی شەستی ئێران، حکوومەتەکان بەمەبەستی ڕزگاربوون لە بەدواداچوونە یاساییەکانی داهاتوو و بەمەبەستی خۆدزینەوە لە دادوەری دەست دەبەن بۆ سڕینەوەی بەڵگەنامەکان. لەناوبردنی بەڵگەنامەکان و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی تاوان، بەڕێوەچوونی دادوەری و دادگاییکردن لە داهاتوودا بەرەوڕووی گرفت دەکاتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئازاری زیاتری بنەماڵەی گیانبەختکردووان و قوربانیان. ئەم بابەتە تەنیا تایبەت بە ئێران نییە و لە نموونە هاوشێوەکانی وەک شیلی، ئارژانتین، بۆسنی و ڕواندا تاقیکراونەتەوە. لە هەموو ئەم وڵاتانەشدا، حکوومەتەکان هەوڵیان داوە بەمەبەستی نەهێشتنی بەڵکەکانی ژینۆساید وکۆمەڵکوژی، گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەناوببەن.
سڕینەوەی بەڵگەنامە و ئاسەوارەکان ئاماژەیە بۆ کردەی وشیارانەی ڕژێمەکان بەمەبەستی لەناوبردنی بەڵگە ماددیەکانی وەک گۆڕستان، ئەرشیف، یاداشت و بەڵگەنامەکان. تاوانباران دەیانهەوێ هیچ شوێنەوار و ئاسەوارێکی فیزیکی بۆ لێکۆڵینەوەکان نەمێنێ و هاوکات هەوڵیش دەدەن بە نووسینەوەی سەرلەنوێی ڕووداوەکان، مێژوو بشێوێنن و خۆیان لە بەرپرسیاریەتی دەرباز بکەن. “جۆزێف ئەشیل مبێمبێ” بیرمەندی کامێرۆنی خاوەنی تیۆرێک بەناوی “نەکرۆپۆلیتیک”ە و لە تیۆری “نەکرۆپۆلیتیک”دا ڕوونی دەکاتەوە کە دەوڵەتە سەرکوتکەرەکان نەک تەنها مافی ژیانکردن، بەڵکوو مافی یادکردنەوە و ماتەمینیش لە مرۆڤەکان دەستێننەوە.