هاتنی بەلێشاوی خوێندکارانی سەر بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بۆ زانکۆکانی ئێران (بە شێوەی وەرگرتنی تایبەت یان بورسیە) بۆتە بابەتێکی گەرمی کۆمەڵگای ئێران. دروستبوونی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە زانکۆی هەمەدان بە ڕەفتارەکانی ئەم کەسانە بەرامبەر بە خوێندکارانی کچ، باسەکەی کردە باسێکی جێگەی مشتومڕ و ئەم پرسیارەی لای کۆمەڵگا درووست کرد کە ئەم پڕۆژە لە چ ئاراستەیەک و بە چ مەبەستێک بەڕێوەدەچێت؟ پاڵنەرەکانی پشت ئەم ئیستراتژییە چین و لایەنە شاراوەکانی پشت ئەم ڕووداوە کامانەن؟
وەرگرتنی خوێندکارانی سەر بە حەشدی شەعبی دەتوانرێت وەک ئامرازێکی فرەڕەهەند ببیندرێت کە ئامانجە ئیدئۆلۆژیک، ناوچەیی و ناوخۆییەکان لەخۆدەگرێت. ئەم پڕۆژە لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە یارمەتیدەرە بۆ بەرهەمهێنانەوەی گێڕانەوە و ڕەوایەتی کۆماری ئیسلامی، لە ڕوانگەی ناوچەییەوە دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی لایەنگرانی کۆماری ئئسلامی لە عێراق و ناوچەکە و لە ڕوانگەی ناوخۆیی ئێرانیشەوە یارمەتیدەر دەبێ بۆ بەهێزکردنی بنەما فکرییەکانی حکوومەت و تەنانەت بەشداریدانی ڕاستەوخۆی ئەوان لە کۆنترۆڵکردنی فەزای زانکۆکان و بەرپەرچدانەوەی ناڕەزایەتییەکان.
لە سیستمە پاوانخوازەکاندا ئایدۆلۆژیا نەک هەر ئامرازێک بۆ شەرعیەتدان بە دەسەڵات، بەڵکوو میکانیزمێکی سەرەکیشە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتی و بەرهەمهێنانەوەی خەڵکی وەفادار. ئەم پرسە لە ڕێگەی سێ دامەزراوەی سەرەکییەوە بەرهەم دەهێنرێنەوە کە بریتین لە پەروەردە و زانکۆ، ڕاگەیاندن و هێزە ئەمنی و سەربازییەکان. لەم چوارچێوەدا زانکۆ دەبێتە بەشێک لە ماشێنی ئیدئۆلۆژی و بە قەولی ئاڵتۆسێر، دەسەڵاتە ئیدئۆلۆژیکەکان لە ڕێگەی دامەزراوەکانی پەروەردە خۆیان لە زەین و کرداری تاکەکاندا بەرهەم دێننەوە.
لەم جۆرە سیستمانەدا زانکۆ نەک ناوەندێک بۆ پەروەردەی زانستی، بەڵکوو ناوەندێک بۆ ئەندازیاریکردنی شوناس و وەفاداربوونی سیاسییە. لەم حاڵەتەدا ناوەڕۆکی کۆرس و هەڵبژاردنی مامۆستا و تەنانەت دەستنیشانکردنی خوێندکاران ( بۆ نموونە ئەندامانی حەشدی شەعبی) لەسەر بنەمای پێوەرە سیاسی و ئایینییەکان ڕێکدەخرێن.
لە کۆماری ئیسلامیدا ئەم شێوازە لە چەندین مۆدێلی وەک جیهادی تەبیین، سەربازی ویلایەتی فەقێ و ئەفەسەرانی جەنگی نەرمدا دەردەکەوێت.
ناردنی ئەندامان و چەکدارانی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ زانکۆکانی ئێران نەک ئاڵوگۆڕێکی ئاسایی زانستی یان کولتووری، بەڵکوو بەشێک لە سیاسەتێکی ئیدئۆلۆژیکی فرەڕەهەندە کە چەندین ئەرک و کارکردی سەرەکی لەخۆ دەگرێت.
یەکەمین ئەرک و کارکردی ئەم سیاسەتە ڕهەندێکی ناوچەیی هەیە و خۆی لە گووتارێکدا پێناسە دەکات کە کۆماری ئیسلامی بە “بەرەی بەرەنگاری یان مقاومەت” پێناسەی دەکات. کۆماری ئیسلامی وەک زۆرێک لە ڕژێمە ئایدۆلۆژییەکان ( بۆ نموونە سۆڤییەتی ڕابردوو) هەوڵی هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیای خۆی داوە و دەدات. وەرگرتنی خوێندکارانی هێزەکانی حەشدی شەعبی هاوشێوە و هاوتای بەرنامەکانی کۆمینتەرن لە سۆڤییەتی ڕابردووە کە ئامانجەکەی ڕاهێنانی نوخبەی وەفادار لە وڵاتانی هاوپەیمانە بۆ بەردەوامبوونی کاریگەرییە سیاسی و ئیدئۆلۆژیکەکان. بەم پێیە، زانکۆ نەک ئامرازێک بۆ پەروەردەی ناوخۆ، بەڵکوو بوارێک بۆ پێکهێنان و بەرهەمهێنانی شوناس و ناسنامەیەکی سیاسیی ناوچەییە.
ئەرک و کارکردێکی تری ئەم سیاسەتە، هەوڵدان بۆ قەرەبووکردنەوەی مەشروعییەتی لاوازی ناوخۆ و تەنانەت بەکارهێنانی ئەم کەسانە بۆ سەرکووتی ناوخۆییە. بوونی ئەو خوێندکارانە لە زانکۆکانی ئێراندا جۆرێکە لە ئەندازیاریکردنی دیمۆگرافیای سیاسیی زانکۆکان و ئەم هێزە دەتوانن لە فەزای خوێندکاریدا لە دژی ناڕەزایەتی یان بزووتنەوە خوێندکارییەکان و تەنانەت لە دەرەوەی زانکۆکانیشدا ڕۆڵ بگێڕن. بە دەیان ڕاپۆرت لەسەر بەکارهێنانی ئەم کەسانە بۆ سەرکووتی ڕاپەڕینی ژینا لەبەردەستدایە و چەندین جاریش بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لێدوانیان لەسەر ئەم بابەتە داوە.
ئەرک و کارکردی سێهەمی ئەم سیاسەتە گۆڕینی زانست بە ئامرازێک بۆ ئەمنییەتی نەرمە . سیستەمە پاوانخواز و تۆتالیتێرەکان میکانیزمی پەروەردە و زانست بۆ ڕاهێنانی هێزە چەکدارە وەفادارەکانیان بەکاردێنن و هەوڵ دەدەن ئەم هێزانە تەیار بە زانست و تیکنۆلۆژی لە ئاراستەی سیاسەتەکانیان بکەن. لە ئەنجامدا سنووری نێوان زانکۆ و دامەزراوە ئەمنییەکان کاڵ دەبێتەوە و دەرچووانی ئەم سیستەمە نەک هاوڵاتییەکی نوخبە و پێگەیشتوو، بەڵکوو بریکار و جێبەجێکارێکی گوێڕایەڵی ئایدۆلۆژیای حاکم دەبن.
بە کورتی، دەبێ دیاردەی خوێندکارانی حەشدی شەعبی لە زانکۆکانی ئێران لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانتردا ببیندرێت، چوارچێوەیەک کە خۆی لە ئیستراتیژییەکی گەورەتر بۆ پاراستنی شەرعیەت ، نفوز، کاریگەریی ناوچەیی، کۆنترۆڵی ناوخۆیی ، هەناردەکردنی ئیدئۆلۆژی ، ئەندازیاریکردنی سیاسی و گۆڕینی زانکۆ و زانست بۆ گۆڕەپانی شەڕی نەرمدا دەبینێتەوە. لەم نموونەدا زانست و پەروەردە ڕواڵەت و پەردەی پرۆژەیەکی سیاسییە، پڕۆژەیەک کە دوائامانجی بریتیە لە پەروەردەکردنی نەوەیەکی دەستەمۆ و وەفادار بە وەهمە ئیدئۆلۆژیکەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە.

