پاش ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبری 2023ی زایینی، و هێرشی گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی ئیسڕائیل و بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی لەناوچەکە، و هەروەها دژکردەوەی ئیسڕائیل بە لێدانی حەماس و گرووپە تیرۆریستیەکانیتری ناسراو بە “میحوەری مقاومەت”، جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسڕائیل و ئێران، سەرەتای پڕۆژەیەکی نوێ بوو بۆ گۆڕینی ژێئۆپۆلێتیکی ناوچەکە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
کۆماری ئیسلامی کە لە ساڵانی ڕابردوودا، بە گشتیی، مەشروعیەتی ناوخۆیی لە دەستدابوو و بە ڕووخانی ڕژیمی ئەسەد و تێکشکانی هێزە بەوەکالەتەکانیتری، تا دەهات پێگەی لەناوچەکە لاواز و لاوازتر دەبوو؛ تەنیا بە مانۆڕی هێزی موشەکی و سەربازی هەوڵی دەدا سەرنجی وڵاتانی ناوچەکە و بەشێک لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆلای خۆی ڕابکێشێ و ئەو پێگە لاوازەی خۆی بپارێزێ، کە جەنگی ١٢ ڕۆژە دەریخست ئەم ئیدیعایانەش جگە لە مانۆڕ هیچیتر نیە و هەیمەنەی هڵۆڵی کۆماری ئیسلامی لەرزۆکتر لەوەیە کە لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبیندرا؛ بەشێوەیەک کەتوانایی پارێزگاری لەوڵاتەکەی خۆشی نییە.
بە گشتیی، کۆمەڵێک فاکتەری دەرەکی لە جەنگی ١٢ ڕۆژە و شکستە گەورەکەی کۆماری ئیسلامی دا ڕۆڵیان گێڕا کە لێرەدا گرینگترینیان لە چەند خاڵدا باس دەکەین.
- لاوازبوونی بەرەی ناسراو بە “میحوەری مقاومەت“
بەرەی ناسراو بە “میحوەری مقاومەت” کە سەردەمانێک وەک باسکی بەهێزی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا دەناسرا و چالاکی دەکرد، لە دوای ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی و کاردانەوەکانی ئیسڕائیل، زەبرێکی قورس و کاریگەری بەرکەوت؛ ئیسڕائیل لەدوای بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی حەماس، ڕووبەڕووی هێزە بەوەکالەتەکانی دیکەی ناسراو بە “میحوەری مقاومەت” بووەوە و تێکیشکاندن؛ تەنانەت هێزێکی گەورە و پڕچەکی وەک حیزبوڵڵا کە چاوەڕوان دەکرا ڕووبەڕووی ئیسڕائیل بێتەوە و جێگای ئومێد و هیوای کۆماری ئیسلامی و گرووپە تیرۆریستیەکانی دیکەش بوو، لەماوەی چەند ڕۆژێکدا زۆرێک لە ڕێبەر و بەرپرسە سەربازییە باڵاکانی کوژران و زەبرێکی گەورە و کاریگەری بەرکەوت؛ هاوکات ڕووخانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەدیش لە سووریە کە هاوپەیمانێکی دیکەی ئێران و لە کارەکتەرە چالاکەکانی ناسراو بە “میحوەری مقاومەت” بوو، دەستی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە کورتتر کردەوە؛ دەسپێکی جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئیسڕائیل و ئێران، و بێ دەنگی میلیشیاکانی سەر بە “میحوەری مقاومەت”، جارێکی دیکە لاوازی و زەلیلی زیاتری ئەو هێزانەی نیشان دایەوە. هێزە بەوەکالەتەکانی ئێران وەک حیزبوڵڵا، حوسیەکان، حەشدی شەعبی و گروپە شیعەکانیتر لە عێراق کە بەشێک بوون لە ستراتێژی “میحوەری مقاومەت”ی ئێران، نەیانتوانی هاوتەریب لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی ئیسڕائیل بنەوە؛ لەناوبردن و پوچەڵکردنەوەی سەرچاوە داراییەکانیان و هێرشی پێشوەختەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوەندەکانی فەرماندەیی ئەم گروپانە و تەقاندنەوەی بنکە و کۆگای چەکەکانیان، بە شێوەیەکی کاریگەر میحوەرەکەیانی لەپێ خست. ئەم دۆخە، کۆماری ئیسلامی بە تەنیا لە بەرەی جەنگی ئیسڕائیلدا هێشتەوە.
- پەراوێزکەوتنی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە
لەچەند ساڵی ڕابردوودا و لەدرێژەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسڕائیل، ودواتر واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی سوڵحی “ئیبراهیم”، وڵاتانی ناوچەکە، زیاتر خۆیان لەبەرەی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی دا بینیەوە، هەر بۆیە لە جەنگی ١٢ ڕۆژەشدا زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی، لە ڕێگەی هەواڵگری، سەربازی و سەرجەم بە کردەوە، پشتیوان و یارمەتیدەری ئیسڕائیل بوون. ئەمە خۆی دەرەنجامی ساڵانێک سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی بوو بەرانبەر وڵاتانی ناوچەکە و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتانە و پشتیوانی لە گروپە میلیشیا چەکدارەکان؛ گۆشەگیریی ئێران لە ناوچەکەدا، لەم جەنگەدا ڕوون بووەوە و ئەمەش ڕۆڵێکی گرینگی لە شکستە گەورەکەی ئێراندا هەبوو. هەروەها هاوکاری هەواڵگری و لۆجێستیکی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسڕائیل، ئاسانکاری بۆ هێرشەکان کرد و هێزی مانۆڕلێدانی ئێرانی لەناوچەکە بەتەواوی کەمکردەوە.
- کۆدەنگی جیهانی دژی کۆماری ئیسلامی
هەڵسووکەوتی خراپکارانەی کۆماری ئیسلامی لەسەر خاکی ئورووپا و بەتایبەتی ئەو تیرۆر و سیخوڕی و پیلانە تیرۆریستیانەی کە لە ساڵانی پێشوودا ئاشکرا بوون بە تایبەت دەوری کۆماری ئیسلامی لە پڕچەک کردنی ڕوسییە لە هێڕشی بۆ سەر ئۆکراین، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پێکهێنانی کۆدەنگی جیهانی دژ بە کۆماری ئیسلامی دانا. وڵاتانی ئورووپایی کە ساڵانێک بوو نێوەندگیریان لە نێوان ئێران و ڕۆژئاوادا دەکرد، ئەمجارەیان بە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیان وەک هەڕەشە بۆ سەر خاکی ئورووپاش دەبینی، هەڵوێستێکی توندتریان گرتەبەر؛ ئەم ڕابردووە ئەمنیەتییە تاریکە، هەر هەوڵێکی کۆماری ئیسلامی، بۆ وێناکردنی خۆی وەک ستەملێکراو یان بەدەستهێنانی پشتیوانی جیهانی، بێکاریگەر کرد. تەنانەت هەندێک وڵاتی لەشێوەی ئاڵمان پشتیوانی ڕاستەوخۆیان لە ئیسڕائیل دەربڕی و زۆرێک لەوڵاتانی دیکەش تەنانەت ئامادە نەبوون هێرشەکەی ئیسڕائیل مەحکووم بکەن. ئەم کۆدەنگییە جیهانییە لە پشتیوانیی ناڕاستەوخۆ بۆ ئیسرائیل، بووە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە تەواوی پەراوێز بخرێت و نەتوانێت تەنانەت سۆزی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بۆلای خۆی ڕابکێشێت.
- شکستی دیپلۆماسی ناوکی
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی شکستی ئێران، پەراوێزکەوتنی زیاتری کۆماری ئیسلامی لە کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی بوو کە لە ئەنجامی هاوکاری نەکردنی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی و شکستی دیپلۆماسی ناوکی هاتە ئاراوە. ئێران لە دەیان ساڵی ڕابروودا، بە سنووردارکردن و بەرگرتن بە چالاکییەکانی پشکێنەرانی ئاژانس لە ئێران و بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆم، دەرگای دیپلۆماسی بەڕووی خۆی دا داخست و بووە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە وڵاتان، بە تایبەت لە ئورووپا و ڕۆژئاوا لەسەر دەستپێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکی، هەست بە مەترسی بکەن. ئەم ڕەفتارەی ڕژیم، نە تەنیا بێ متمانەیی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە نیسبەت پرسی ناوکی ئێران درووست کرد، بەڵکوو ڕێگای بۆ پێکهێنانی کۆدەنگی جیهانی دژ بە ئێران کردەوە؛ شکستی دیپلۆماسی ناوکی بەو مانایە بوو کە ئێران هیچ کەناڵێکی کاریگەری نەبوو بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان یان کۆکردنەوەی پشتیوانی جیهانی، لە دۆخێکی قەیراناوی ئاوادا؛ و کۆماری ئیسلامی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سەقامگیری جیهانی دەرکەوت؛ دەرکەوتنی ئەم ڕووە گرژە ناکۆکەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، و بەردەوامی ئێران لە پیتاندنی ئۆرانیۆم و بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی، دەستی ئیسڕائیلی بۆ چالاکییە سەربازییە بەرفراوانەکانی لە ئێران کردەوە و کەشێکی ئامادەی نێودەوڵەتی بۆ بەرگریکردن لە ئیسڕائیل دروستکرد.
- خۆدورخستنەوەی چین و ڕووسیە لە پشتیوانی کردنی ئاشکرای کۆماری ئیسلامی
هەڵوێستی خۆدورخستنەوە و دوورەپەرێزی چین و ڕووسیە لە کاتی جەنگەکەدا یەکێکیتر لە خاڵە گرینگەکانی درێژەکێشانی زیاتری جەنگەکە و شکستی کۆماری ئیسلامی بوو؛ ئەم دوو وڵاتە کە هەمیشە لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتیەکاندا بەرگرییان لە کۆماری ئیسلامی دەکرد، و لە بەرانبەر بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوادا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە بەرەیەک دابوون، پشتیوانی ڕاستەوخۆیان لە کۆماری ئیسلامی نەکرد و بەپارێزەوە هەڵسووکەوتیان لەگەڵ جەنگەکە کرد؛ ڕووسیە بەهۆی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئۆکراین و چینیش بەبۆنەی ئاڵۆزیەکانی لەگەڵ تایوان، لەلایەک و بەرژەوەندیە ئابوورییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا و وڵاتانی عەرەبی لە کەنداو لەلایەکی دیکەوە، نەیاندەتوانی ئێران بکەنە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆی خۆیان لەگەڵ ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی؛ هەر بۆیە هەردوکلا، خۆیان لە هەڵوێستی ئاشکرای بەرگریکردن لە کۆماری ئیسلامی بەدوور گرت. ئەم بێلایەنییە دەرفەتی بە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی دا کە بەبێ نیگەرانی لە دەستێوەردانی جیددی یان ناڕەزایەتی زلهێزەکانی جیهان، درێژە بە چالاکییەکانیان بدەن.
- توانایی هەواڵگری و بەرگری ئیسڕائیل
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دیکەی شکستی کۆماری ئیسلامی، باڵادەستی هەواڵگری و ئەمنی ئیسڕائیل بوو لە کاتی جەنگەکەدا؛ ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئیسڕائیل لەدەیان ساڵی ڕابردووەوە توانیبوویان زانیاریی ورد لەبارەی پلانی جموجۆڵەکانی ئێران و بەرپرسانی و ناوەندە گرینگە سەربازی و ناوکیەکانی کۆبکەنەوە. هێرشی پێشوەختە بۆ سەر ناوەندەکانی فەرماندەیی، کۆگاکانی چەک و سیستمی بەرگری موشەکی، ڕێگری لە ئەنجامدانی زۆرێک لە دژکردەوەکانی کۆماری ئیسلامی کرد. هاوکات، ڕەخنەکردنی بەربڵاوی هەواڵگری ئیسڕائیل بۆ ناو بەرزترین ئاستەکانی سپای پاسداران و سەرجەم دامودەزگا هەواڵگری، حکوومەتی و ستراتێژیکەکانی کۆماری ئیسلامی و بەکارهێنانی کۆماندۆی ئیسڕائیلی بۆ چالاکی سەربازی لەناو جەرگەی خاکی ئێران، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئیسرائیل لەباڵاترین ئاستی حکوومەتیدا ئاگاداری هەموو جموجۆڵەکانی کۆماری ئیسلامی بوو و هەر ئەوەش وایکرد کە لەیەکەم ڕۆژەکانی جەنگەکەدا ئاسمانی ئێران بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکات؛ لەلایەکیتریشەوە، سیستمی بەرگری موشەکی ئیسڕائیلیش لەسەدا ٩٠ی هێرشەکانی ئێرانی پوچەڵ کردەوە و موشەکەکانی ئێران ئامانجی تەواوی خۆیان نەپێکا.
.
- پشتیوانی هەمەلایەنەی ئەمریکا لە ئیسڕائیل
ڕۆڵی کاریگەر و ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە سەرکەوتنی خێرا و یەکلاکەرەوەی ئیسرائیل لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا حاشاهەڵنەگرە؛ ئەمریکا هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی جەنگەوە پشتیوانی تەواوی (سیاسی، هەواڵگری و سەربازی)، خۆی لە ئیسڕائیل کرد. یارمەتییە دەستبەجێیەکانی چەک و بە تایبەت لە سیستمی بەرگری موشەکی، زۆربەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانی بێکاریگەر کرد. هەروەها، هاوکاری سەربازی و هەواڵگریی نێوان ئەمریکا و ئیسڕائیل لە دەستنیشانکردن و لەناوبردنی ئامانجە ستراتێژیکەکانی ئێران، وەک: دەرکەوتنی فڕۆکە بێ ٢ یەکانی ئەمریکا بەسەر ئاسمانی ئێران و هێرش بۆسەر بنکە ناوکیەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان، ڕێڕەوی سەرکەوتنی جەنگەکەی لە بەرژەوەندی ئیسڕائیلدا خێراتر کرد. هەروەها پشتیوانی دیپلۆماسی ئەمریکا لە ئیسڕائیل، لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێگری لە هەر جۆرە ئیدانەکردنی جیددی ئیسرائیل کرد. جگە لەوەش، هوشداریەکانی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانە ئوروپاییەکانی، بۆ ئەوەی پشتیوانی لە ئێران نەکەن، کەشوهەوای سیاسی نێودەوڵەتی بە زیانی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی گۆڕی. ئەم پشتیوانییە سەرتاسەرییە، جارێکیتر هێزی مانۆڕی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی جیهانیدا سنووردارتر کرد.
وەک دوا وتە، ئەنجامی جەنگی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، شکستێکی هەمەلایەنەی گەورە بۆ کۆماری ئیسلامی و پوچەلکردنەوەی ئەفسانەی باڵادەستی درۆیینەی ئێران بوو؛ تێکەڵەیەک لە هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، لەوانەش: گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، وەستانی هاوکاری ئێران لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، کەمبوونەوەی نفوزی ناوچەیی، بێمتمانەیی جیهانی بەهۆی کردەوە تێکدەرەکانی ڕابردووی ئێران و … لەلایەک و کۆمەڵێک فاکتۆری ناوخۆیی دیکەی وەک: پەککەوتنی ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی، لاوازی سیستمی سەربازی و موشەکی بەپێچەوانەی چاوەڕوانی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، لەدەستدانی بەشێکی بەرچاو لە بەرپرسە کاریگەرە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی و کوژرانی پسپۆڕانی ناوکی، دەستیان دا دەست یەک، بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی دۆڕاوی جەنگەکە بێت؛ ئەگەرچی هەموو ئاماژەکان دەڵێن: ئەمە کۆتایی جەنگ و گرژی نێوان ئیسڕائیل و ئێران نابێت؛ بوونی هەڕەشەیەکی وەک کۆماری ئیسلامی، ئەگەر چی لاوازیش، دەتوانی ئاسایش و سەقامگیری هەموو جیهان و هەروەها بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی بە تایبەت ئیسڕائیل لە ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە، بۆیە تەنانەت گۆڕینی ڕەفتاری ڕژیم لەگەڵ ڕۆژئاوا و دەست هەڵگرتن لە درێژەی بەرنامەی ناوکیش، کە بەواتای تەسلیمبوونی تەواوی ئێرانە، ناتوانێ کۆماری ئیسلامی بگەڕێنێتەوە پێش جەنگی ١٢ ڕۆژە (١٣ی ژۆئن)؛ بە پێی ئاراستەی ڕووداوەکان و لێکدانەوەی زۆرێک لە شارەزایان و بەرپرسانی سیاسی، کۆدەنگێکی بێوێنەی دروست کردووە