لە هەلومەرجێکدا کە بارودۆخی ڕژیمی ئێران زیاتر لە هەموو کاتێ قەیرانەوییە. قەیرانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری ئێران، لە بشێوییەکەی ئێجگار گەورەدایە و وێڕای ئەوەی کە شەڕی ئیسرائیل لە سەر هەموو قەیرانەکانی دیکەی رژیم زیاد بووە. لە بەرامبەردا ئەگەرچی بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان بەردەوامن، بەڵام ڕێکنەخراو و پەرتەوازەن و هەر بۆیە دەستپێکی هاوپەیمانییەکی هاوبەش لەسەر بنەمای پرەنسیپ و ئیرادەی جەماوەری خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات، لە هەموو کاتێک گرنگتر و ئەرکێکی مێژوویی و پێویستیەکی بەپەلەیە.
کۆبوونەوەی دووڵایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لەدرێژەی ئەو کۆبوونەوە و دانیشتنانەدایە کە لە ڕابردوو تا ئێستا بۆهاوئاهەنگی وهاوکاری دوولایەنە و فرەلایەنە لەمەڕ پرسی سیاسی و ئەمنیی و پرسە گشتییەکان لەنێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەردەوام بووە. کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە هەموو ئەم ساڵانەدا بۆ پێکهێنانی یەک ڕیزی و هاودەنگی لایەنە سیاسیەکان تێکۆشاوە.
هاوکات ئەم کۆبوونەوە لە درێژەی سیاسەت و بەرنامەی کۆمەڵەی شۆرشگێر دایە کە بۆ زیاتر لە دوو دەیە ڕەچاوی کردووە و بەردەوام هەوڵی بۆ داوە. سیاسەتێک کە بەپێی پەسەندکراووی سەنەدێک لە کۆنفەرانسی ٨ی کۆمەڵە لە ساڵی ٢٠٠٢ بۆ پێکهێنانی بەرەی کوردستانی و یەکڕیزی و یەکگرتوویی هێزەکان پەسەند کراووە. دەرئەنجامی ئەو سەندە، رێککەوتننامەی ستراتیژی دوولایەنە لەگەڵ حیزبی دێموکرات لە ساڵی ٢٠١٢، هەوڵ بۆ یەکگرتنەوەی کۆمەڵە لە چەند قۆناغدا و دواتر یەکگرتنەوە لەساڵی ٢٠٢٣ و سەرئەنجام پێکهێنانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ساڵی ٢٠١٧ لێکەوتۆتەوە.
لەم هەموو ساڵانەدا عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتی کۆمەڵە لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک، بۆ نموونە «دیداری میری» ساڵی ٢٠١٦ یان لە وتووێژ لە گەڵ کاناڵی رێگا ساڵی ٢٠١٥ جەختی لەسەر هاوکاری لە گەڵ حیزبی کۆمۆنیستی ئیران کردووە.
دەرەئەنجامی دیداری ڕێبەری ئەم دوو لایەنە ئاماژە لە کەش و هەوایەکی زۆر دۆستانە دەدا و لێکەوتووەکانی کە لە توێ راگەیاندنێک ڕوو بە خەڵکی کوردستان بڵاو کرایەوە نیشانەی ویستی حاشاهەڵنەگری دوو هێزی نەتەوەیی و عەداڵەتخوازی کوردستان بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە بزافی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و بۆ بە دەستهێنانی مافە ڕەواکانیانە.
خاڵی گرینگی دەرەئەنجامی ڕاگەیاندراوی ئەم دیدارە جگە لە خواست و ئیرادەی ئەم دوو حیزبە بۆ بەردەوامی دیالۆگ و کاری هاوبەش لە نێوانیان، لەسەر پرسەکانی چۆنییەتی پێوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، پێوەندی نێونەتەوەیی بۆ بزوتنەوەی کوردستان و بە تایبەت پرسی شێوازی ئیدارەی هاوبەش و دێمۆکراتیکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ماوەی گواستنەوەدا باس کراوە و هاوکات نیشانەی هەوڵێکی جیدی بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی لەنێوان حیزب و لایەنەکانی تری کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە.
کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە کۆبوونەوەکەدا بە لەبەر چاو گرتنی ئاڵووگۆڕەکانی ناوچەکە، داهاتووی کوردستانی رۆژهەڵات و هەروەها ئێران، بە پێویستیان زانیوە کە بۆ یەک دەنگ خستن و یەک هێزکردنی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە چوارچێوەی خواست و ویستی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات ڕابگەیەنن کە ئەو دوو هێزە بە هەموو جیاوازیی فیکری و سیاسیەکانیانەوە بە هۆی کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش کە هاوتەریب لە گەڵ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دایە، دەتوانن پێکەوە کاری هاوبەش بکەن.
بەها و بنەما هاوبەشەکانی بناغەی بەرەیەکی جەماوەری لە نێوان دوو لایەنی کۆمەڵە دەتوانن بریتی بن لە:
_پێویستی هاوپەیمانی لەم سەردەمە؛
شەری ئێران و ئیسرائیل و دەرەئەنجامەکەی بەو ئاقارەدا دەڕوات کە لەوانەیە کۆتایی بە ٤٦ ساڵ دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامی بهێنێ. بۆیە هاوپەیمانی یان هاودەنگی لە نێوان حیزبەکانی رۆژهەڵات لەم کات و ساتەدا زیاتر لە جاران پێویستە.
• داکۆکیکردن لە سەر مافی یەکسانی ژن و پیاو؛ جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی کارا و یەکسانی ژنان لە سیاسەت، کۆمەڵگا و سەرکردایەتی حیزبی دا، کە کۆمەڵە ڕچەشکێنی ئەم خەباتە بووە و ئەوە وەک لاپەڕەیەکی زێڕین لە مێژووی خەباتی ڕزگاری خوازی کورد دەبینرێت، و هەروەها گرینگی دان بە مافی ژن بەشێکە لە نەریتی چەپی کوردە و ڕیشەدارە و ئێستا دوای شۆڕشی ژینا بە پێداگرییەکی زیاترەوە پەیڕەو دەکرێت.
• مافی چارەی خۆنووسین؛ جەختکردن لەسەر ئەو بنەما کە نەتەوەی کورد مافی خۆی هەبێت بڕیاری سیاسی ئازادانە و بە پێی ویستی خۆی بدات- نەک وەک ئیمتیازێکی سەپێنراو، بەڵکو وەک مافێکی یاسایی.
• پابەندبوون بە سێکولاریزم؛ واتا جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت بۆ زامنکردنی ئازادی تاک و گروپ و پاراستنی مافی کەمینە ئایینی و جێندەریەکان.
• ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی؛ جەختکردنەوە لەسەر ڕووخانی کۆماری ئیسلامی نەک چاکسازی ئەو رژیمە وەک مەرجێکی پێویست بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ئێران دا کە تێیدا کورد دەتوانی زیاتر بە ماف و خواستەکانی خۆی بگات.
• دادپەروەری کۆمەڵایەتی؛ واتا بەرەنگاربوونەوەی دژی هەژاری، نایەکسانی چینایەتی، هەڵاواردنی ناوچەیی، و چڕکردنەوەی دەسەڵات، هاوتەریب لەگەڵ بەهاکانی دادپەروەری.
• داکۆکیکردن لە مافی کرێکاران و سەندیکاکانی کرێکاران: مێژووی درووست بوونی کۆمەڵە و خەباتی پتر لە ٥٠ ساڵی ڕابردوو خاوەنی ئەو شانازییەن کە کۆمەڵە هەموو کات پاڵپشتی لە بزووتنەوەی کرێکاری و چینە بێبەشەکانی دیکەی کۆمەڵگای کردووە.
• گرینگی دان بە کۆمەڵگای مەدەنی؛ واتا بەهێزکردنی دامەزراوە جەماوەرییەکان و بەشدارکردنیان لە پرۆسەی سیاسی و ئیداری کوردستان.
• دیموکراسی؛ بنەمایەک بۆ دەسەڵاتدارییەکی سەردمەیانە کە تێیدا مافی هەموو تاکی کورد بە هەموو جیاوازی بیر و باوەڕ پارێزراو بێت و بەرەنگاری هەر جۆرە ناوەندگەرایی و پاوانخوازیی بێت.
بە بروای من ئەو خاڵەنەی سەرەوە و چەندین خاڵی گرنگی تر بەشێکن لە خەتی فیکری و سیاسی ئەو دوو لایەنە، کە زیاتر لە ٥٠ ساڵە خەباتی بۆ دەکەن و لەو ڕێگەیە هەزاران شەهیدیان داوە. هاوکات ئەو خاڵانە دەتوانن هۆکاری بەشداری لایەنەکانی تر لە ئەگەری پيکهێنانی بەرەیەکی گشتگیرتر بێت، چوونکە جیاواز لە ئەوەی لایەنەکانی تر سەربەخۆیی خواز، فیدرالیست و ڕەنگە کۆماریخواز بن، زۆربەی هەرە زۆری ئەو خاڵانە لە بەرژەوەندی گشتیی خەڵکی کوردستانە دایە و سیاسەتی گشتیی لایەنەکانی تر ڕەچاو دەکات.
بزووتنەوەی چەپ وعەداڵەتخوازی کورد خاوەنی ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە خەباتی چەکداری، چالاکی مەدەنی و بەرخۆدان لە بەرامبەر دیکتاتۆرییەتی کۆماری ئیسلامی. پێویستی مێژوویی یەکگرتنەوەی هەموولایەنەکانی کورد لەم ساتەوەختەدا کە دیکتاتۆر تووشی قەیرانێکی قووڵی شەرعیەت بووە سەرەڕای ئەوەی کە ئێستاکە هەبوونی زیاتری بزووتنەوە یەکسانیخوازەکان لە ئێران، بۆ پێکهێنانی بەدیلێکی پێشکەوتنخوازانە، سەربەخۆ و جەماوەری، زیاتر لە جاران هەست پێدەکرێت.
دیالۆگ و دیداری نێوان ئەم دوو لایەنە، هەوڵێکی جیدی و کاریگەرە، وەک هەموو هەوڵەکانی رابردوو بۆ وتووێژ و هاوکاریی. بەپێچەوانەی هەندێک تێڕوانین، ئەم کۆبوونەوەیە بە مانای یەکگرتنی ڕێکخراوەیی ئەم دوو لایەنە نییە و هاوکات جەخت لە سەربەخۆیی ڕێکخراوەیی هەردوو لا دەکات، لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر ڕەخنە لە یەکتر و شەفافیەت لە ناکۆکی و دروستکردنی دامەزراوەی هاوبەش بۆ هاوکاریکردن دەکەنەوە.
ئەگەر ئەم وتووێژ و هاوپەیمانییانە ببنە هۆی پلاندانانی هاوبەش و زمانێکی سیاسی نوێ و بەردەوامی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەوا دەکرێت سەرەتای بنیاتنانەوەی ئومێد و پێناسەکردنەوەی پێگەی لایەنە عەداڵەتخوازەکان و بەهێزکردنی ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکراسی خواز لە کوردستان و ئێراندا بێت. ئەم هاوپەیمانییە نیشانەی پێگەیشتنی سیاسی و ئەزموونی مێژوویی بزووتنەوەیەکە، کە هێشتا دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی لە داهاتووی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان بگێڕێت.
لە کۆتای دا هیوادارم کۆبوونەوەی ئەم دوو لایەنە بەردەوام بێت و هەوەها حیزبەکانی تر بەم مەرجانە؛ ئێرانێکی ئازاد، دێموکراتیک، سیکۆلار و پلۆراڵ کەتێدا مافەکانی کورد پارێزراو بێت، و کوردستانێک کە مافی چارەی خۆنووسینی دەستەبەر کردبێت، بەشداری بکەن.