By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: لە یادەوەریی ئازارەوە تا سەمای ئازادی
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > لە یادەوەریی ئازارەوە تا سەمای ئازادی
وتار

لە یادەوەریی ئازارەوە تا سەمای ئازادی

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/09/19 at 6:26 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
14 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

لە شەوەزەنگی سەرکوت و ستەمدا، لە دڵی کوردستانەوە، پزیسکی ئاگرێک درەوشایەوە، ناوێک بووە رەمزی ئازادی، بووە دەنگی بێدەنگەکان: ژینا. ژینا ئەمینی، کچێکی کورد کە ژیانی بووە هێمایەک بۆ خەبات، بۆ راپەڕین، بۆ هیوایەکی دووبارە. لە سەقز، لە کوردستان، لەو شوێنەی خەونەکان لە دڵی خەڵکەکەیدا ژیاون، شۆرشێک دەستی پێ کرد، شۆرشێک کە دەنگی گەلانی ئێران بوو، دەنگی ژن، دەنگی ژیان، دەنگی ئازادی. لەو ڕۆژەوە کە خاکی ساردی گۆڕستانی ئایچی تەرمی ژینای لە ئامێزی ساردی خۆی گرت، مێژووی ئێران لاپەڕەیەکی نوێی هەڵدایەوە. ئەو ڕۆژە هەزاران کەس لە نێو گریانی دایکان و هاواری کچان و کوڕاندا، دروشمێکیان وتەوە کە لە ساتەوەختی لە دایکبوونیدا بوو بە هەتایی: “ژینا گیان تۆ نامری، ناوت ئەبێتە ڕەمز.” لێرەوە، دیمەنێکی مێژوویی خوڵقا. کچان و ژنان، سەرپۆشەکانیان بەسەر سەریانەوە دەسوڕاند. هەر سوڕانەوەیەک هاوارێک بوو لە قووڵایی ئازار و تووڕەییەکی پەنگ خواردووەوە، ڕاگەیاندنی ئامادەبوون و بەرخۆدان بوو. لەچکەکان لە بادا سەمایان دەکرد، وەک ئاڵای ئازادی کە یەکەمجار بوو لەو ساڵانەدا بەسەر خەڵکەوە دەشەکایەوە. دەنگی هاوارەکان تێکەڵ بە دروشمێکی ئەبەدی دەبوو: “ژن، ژیان، ئازادی”  

لە نێو فرمێسک و تووڕەیی ئاپوورای خەڵکی ناڕازییدا، ژینا لە کچێکی ساکارەوە گۆڕا بۆ هێمایەکی بەکۆمەڵ. جەستەی لە خاکدا پشووی دەدا، بەڵام ناوی بەرز بۆەوە و بوو بە ئاڵا. لەوێشەوە لە دڵی سەقزەوە هاوارێک دەستی پێکرد کە بە کوچەو کۆڵانەکانی سنە و بۆکان و جوانڕۆوە تێدەپەڕی و لەسەر دیوارەکان دەنووسرایەوە و بەناو قوتابخانە و بازاڕ و شوستە و سەرشەقامی برینداردا بەخێرایی سنوورەکانی کوردستانی بەزاند. ئەم هاوارە گەیشتە تاران و لە گۆڕەپانەکانی کەرەج و زاهیداندا دەنگی دایەوە و دەڕژایە هەناوی شەقامەکانی مەشهەد و ئیسفەهانەوە. شەوانە لاوان بێباکانە لەسەر دیوارەکان دەیاننووسی.

ژینا نەمردبوو. ژینا زیندوو بوو، لە زاری هەموو ژنێکدا کە دژی ستەم دەوەستێتەوە، لە دەستی هەر گەنجێکدا کە بەردێک بە ستەمدا تێدەگرێت، لە چاوی هەر دایکێکدا کە وێنەی کۆڕ یان کچە شەهیدەکەی بۆ ئاسمان بەرز دەکاتەوە. ئەم ڕاپەڕینە تەنها ناڕەزایەتییەکی کاتی نەبوو، بەڵکوو دەنگدانەوەی هاواری ئەو خەڵکە بوو کە چوار دەیە لە ژێر بارگرانیی ستەمی ئایینیدا بوون و ئێستا بە ناوی ئازادی و دادپەروەرییەوە لە یاخیبوونێکی نوێدا هەستابوونەوە. سەرەتا شەقامەکان گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بێوچان لەگەڵ ستەم بوون، بەڵام زۆر زوو، دەنگە بێدەنگەکانی کۆمەڵگا، ژنان، کرێکاران، نەتەوە پەراوێزخراوەکان وێکڕا پەیوەستی یەکتر بوون. نەک هەر بۆ ڕزگاری تاکەکەسی، بەڵکو بۆ شکاندنی هەموو زنجیرەکانی هەڵاواردن و چەوساندنەوە هاتنە مەیدان. ئەمە ئەو حەقیقەتەیە کە ڕەنگێکی تایبەت بەم ڕاپەڕینە دەبەخشێ و شایستەی ناوەکەی دەکات: شۆڕشێک دژی هەڵاواردن.

دوای دەستپێکردنی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکان، برینە شاراوەکانی کۆمەڵگا ئاشکرا بوون و سەرلەنوێ سەریان هەڵدایەوە. دروشمەکانیی شۆڕش، لە سەرلێوی کچانی گەنجەوە دەنگی دەدایەوە و وێڕای ئەوان، دەنگی کرێکاران و گەلانی ستەملێکراو وەک ڕووبارێکی تووڕەیی یەکتریان دەگرتەوە. کوردستان جارێکی تر بڵێسەی یەکەمی هەڵگیرساندبوو. بەڵام سەرکوتکردنیش دڕندانەتر لە پێشوو بوو. دایکان بەسەر تەرمی ڕۆڵەکانیانەوە دەگریان. شەقامەکان و گۆڕستانەکان بە وێنەی شەهیدە نوێیەکان داپۆشرابوون. لەگەڵ قووڵبوونەوەی بزووتنەوەکە، یەک ڕاستی ئاشکراتر بوو: تەنیا یەکگرتوویی دەتوانێت ئەم ئامانجە بگەیەنێتە جێ.

لە چاوتروکانێکدا شەقامەکان لە دیمەنی بەرخۆدانەوە گۆڕا بۆ سەنگەرێکی نایەکسان. لە لایەک گەلی بێ بەرگری، کەسانێک کە تاکە چەکیان تەنها دەنگی خۆیان بوو، باوەڕیان بە ئازادی و ئازایەتی و ڕاوەستان بوو. لە لایەکی ترەوە هێزی سەرکوت کە تەواو پڕچەک بوون و تەیاری شەڕ: یەکەکانی تایبەت بە باتون و قەڵغانەوە، تارماییە ڕەشپۆشەکان بە ماتۆڕسیکلێتی ترسناک و ماشێنی ئاوپرژێن و گازی فرمێسک ڕێژ و تەنانەت چەک و تەقەمەنی شەڕەوە. شەقامی شارەکان بوونە دیمەنی ڕاوەدوونان. ئەو گەنجانەی بۆ بەرگریکردن لە کەرامەتی خۆیان هاتبوونە دەرەوە، ڕووبەڕووی توندوتیژییەک بوونەوە کە هیچ یاسایەک لە جیهاندا بە ڕەوای نازانێت. هەر لە یەکەم ڕۆژەکاندا کۆمەڵەناوێکی زۆر خرانە لیستی گیان بەخت کردووانەوە؛ ئەو کچ و کوڕانەی کە تاکە تاوانیان هەڵبڕینی هاوار بوو. تەرمی بێ گیانیان لە بێدەنگی شەودا ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکرا و تەنانەت ئەو ساتە خەمناکەش تەوژمی گوشار و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانی لەگەڵدا بوو. ترس، وەک ژەهرێکی بێدەنگ و پڕمەترسی، لە نێو جەرگەی شارەکەدا دەسووڕایەوە، وەک سێبەرێکی ڕەش کە لەسەر هەر ماڵ و کۆڵانێک کەوتبێ. هەر هەناسەیەکی ئازادیخوازانە بە کۆتی ترس دەخنکا، هەر پلاکاردێکی بچووک، کە بە دەستی منداڵێک یان ژنێک هەڵکرابوو، دەبووە سەرەتایەک بۆ زیندانی بوون یان سزایەکی دڵتەزێن وەک لەسێدارەدان. لەم دۆخەی پڕ لە تەم و ترس و بیمەدا دا، زۆر کەس ناچار بوون لە سایەی  بێدەنگییەکی قورسدا خۆ بشارنەوە.

سەدان کەس دەس نەپارێزانە بوونە تامکەی کوشتن، وەکوو گوڵێک کە لەبەر تەوژمی قورسی ڕەشەبادا. هەزاران کەسیش بریندار بوون، کە هەر برینێکیان چیرۆکێکی ئازاری خۆی هەڵگرتبوو. هەر گەڕەکێک، لە نێو خۆیدا، گۆچانێکی ئازاری هەڵگرتبوو: چاوێک کە لە ژێر لێدانی بێڕەحمانەدا تاریکییەکی هەتاهەتایی لەبەرکرد، دەستێک کە لە قورسی سەرکوتدا دەشکا، باوکێک کە لە سووتانی دڵی خۆیەوە بۆ رۆڵە لەدەستچووەکەی دادەگیرسا، دایکێک کە لە ژێر باری چاوەڕوانی و ئازاردا، وەک درەختێکی زەردبوو شینایی لێ دەڕژا. ئەم سەرکوتە بێباکانە، لێدانێکی سەخت و کاریگەری لە هێزی بزووتنەوەی شەقامەکان دا. چونکە شەقام دڵی لێدانی ناڕەزایەتییەکان بوو؛ شوێنێک کە یەکگرتوویی تێدا پەیدا ببوو، شوێنێک کە دروشمەکان بە ژیانی ڕۆژانەوە گرێدرابوون، و شوێنێک کە جیهان وێنەی بەرگریکردنی گەلی تێدا دەبینی. بەڵام حکومەت بە توندوتیژییەکی ڕووتەوە هەوڵی دا ئەم دڵە لە لێدا بوەستێنێت. بەڵام شکستی بزووتنەوەکە لە شەقامدا بە مانای کۆتایی هاتنی بزووتنەوەکە نەبوو. سەرکوت دەیتوانی بۆ ماوەیەک دەنگەکان بێدەنگ بکات، بەڵام پولووی شۆڕش نەدەکوژایەوە. هەر دایکێک کە منداڵەکەی لەدەست دابوو، بووە یادگارێکی زیندوو بۆ ئەم ڕاپەڕینە. هەر گەنجێک کە برینێکی لە سەرشەقام و کۆڵانی شارەکاندا هەڵگرتبوو، بووە بەڵگەیەکی زەق و زیندوو بۆ نادادپەروەرییەکی ڕوون و ئاشکرا.

هەموو شەوێک شەقامەکان شاهیدی شەڕێکی نایەکسان بوون. خۆپیشاندەران ڕایاندەکرد و پەنایان دەگرت و دەگەڕانەوە، بەڵام لەم ڕاکردنانەدا زۆرێکیان دەستگیرکران یان برینداربوون. هەر دەستگیرکردنێک، هەر مردنێک، برینێک بوو بۆ ڕۆحی گشتی و وێکڕایی گەل. کەم نەبوون ئەو خێزانانەی منداڵەکانیان لەدەستدا یان لە چاوەڕوانییەکی پڕ لە ئازاردا، خۆیان لە دادگا و لەپشت دیواری زیندانەوە بینییەوە. لە کاتێکدا کە بزووتنەوە لە جەرگەی شەقامەکاندا بە سۆز و تووڕەییەکی بێوێنە دەتەقییەوە، لە لایەکی دیکەوە، مرۆڤەکان بەرەنگاریی بارگرانی ژیان ، وەک نیگەرانی کار، پەروەردە، خێزان، و تەنانەت دابین کردنی پێویستیی بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان دەبوونەوە. سەرکوتی درێژخایەن و بێباکانەی دەسەڵات، کە بەردەوام بە توندوتیژییەکی بێسنوورەوە خەڵکەکەی دەستنیشان کردبوو، هێز و توانای جەستەیی و دەروونی خەڵکی سەرشەقامەکانی تا ڕادەیەک لاواز کردبوو. هەر خۆپیشاندانێک، کە لەگەڵ ئەگەری دەستگیرکردن یان کوشتنەوە دەهات، لە بڕێک شوێندا، خەڵکەکەی ناچار دەکرد کە بکشێنەوە، نەک لەبەر کەمبوونەوەی باوەڕیان بە ئامانجەکانی بزووتنەوەکە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ماندووبوونی جەستەیی و دەروونی، وەک سێبەرێکی قورس، لەسەر پەیکەری ژیانیان کەوتبوو. لە زۆرێک لە شارەکاندا، دوای چەند هەفتەیەک لە ناڕەزایەتی بەردەوام، شەقامەکان وردە وردە بێدەنگتر بوون. ئەمە نە ئاماژەیەک بوو بۆ کۆتایی ئاواتی ئازادی، بەڵکوو نیشانەی کەمبوونەوەی توانای خەڵک بوو بۆ درێژەدان بەو شێوازە تایبەتەی خەبات کە پێویستی بە هەڵسووڕانی بەردەوام لە کۆڵانەکاندا بوو و درێژەدان بە شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ لێدان و تفەنگ یان زیندان و کوشت و بڕ. ئەم ماندووبوونە، کە لە ئەنجامی بەرەنگاربوونەوەی بێوچانی دەسەڵاتێکەوە سەرچاوەی گرتبوو کە هیچ سنوورێکی بۆ توندوتیژی نەدەناسی، نیشانەیەکی سیاسیی گرنگە. ئەوە نیشان دەدات کە دەسەڵات، بە بەکارهێنانی ستراتیژی سەرکوتکردنی بەربڵاو و بێباکانە، هەوڵی دا کە نەک تەنها جەستەی خەڵکەکە، بەڵکو ئیرادەی گشتییان بکاتە ئامانج. بەڵام، سەرەڕای ئەم کەمبوونەوەیە لە شەقامەکان، ئەو بڵێسەی ئازادی کە لە دڵەکاندا سەری هەڵدابوو، هێشتا زیندوو بوو، وەک ژیلەمۆی بن خۆڵەمێش. لە نێو برینەکاندا برینێک بوو بە ڕەمزیترین، ئەویش ئەو چاوانەی کە بۆ هەمیشە نابینا بوون.

هێزەکانی سەرکوت بە وردبینییەکی ترسناکەوە تەقەیان لە ڕووخسارەکان دەکرد، وەک ئەوەی بیانەوێت ڕووناکی لە ژیانی گەنجان وەربگرن. چرای سەدان چاو لە شەقامەکاندا کوژایەوە، بەڵام هەر چاوێک بوو بە ڕووناکییەکی نوێ. هاوکات لەگەڵ ئەم خوێن ڕشتنە بەربڵاوە، شەپۆلێکی گرتن و ڕفاندن وڵاتی تەنییەوە. زیاتر لە بیست هەزار کەس دەستگیرکران. زۆرێکیان شەوانە لە ماڵەکانیانەوە ڕفێندرابوون، بەبێ ئەوەی خێزانەکان بزانن بۆ کوێیان دەبەن. زیندانەکان پڕ بوون لە ژن و پیاو، لاو و پیر، خوێندکار و کرێکار. هەندێکیان هەرگیز نەگەڕانەوە، هەندێکیان بۆ چەند مانگ و ساڵێک لە گەتووخانە نووتەک و تاریکەکاندا مانەوە و زۆرێکیان بە جەستە و ڕۆحی شکاوەوە ئازاد کران یان دوا بە دوای ئازادبوون، کۆتاییتان بە ژیانی خۆیان هێنا. ئەشکەنجەدان لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردندا وەک برینێکی نھێنی بوو کە سەرەڕای کەم دیاربوونی، قووڵترین زیانەکانی لە سەر جەستە و مێنتاڵیتەی کۆمەڵگا بەجێھێشت.

دەستگیرکراوەکان، کە بە زەبری توندوتیژی جەستەیی وەک لێدان، هەڵواسین بە سەقفەوە و تەزووی کارەبا، یان ئەشکەنجەی دەروونی وەک زیندانیکردنی تاکەکەسی درێژخایەن، هەڕەشەی دەستدرێژی، و زۆرەملێکردنی دانپێدانان لەبەردەم کامێراکاندا شکێنرابوون، برینەکانیان وەک زەخمێکی هەمیشەیی لەگەڵیان مایەوە. ئەم قەبارە گەورەیە لە دەستگیرکردن، بریندارکردن و کوشتن کە زیاتر لە پێنج سەد کەس گیانیان لەدەستدا، هەزاران کەس بریندار بوون، و دەیان هەزار کەس زیندانی کران، لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا کەم وێنە بوو. بزووتنەوەی ژینا، بێ گومان، لە خۆڕسک ترین و بەربڵاوترین بزووتنەوە جەماوەرییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران بوو. ئەم بزووتنەوەیە لە ئازارێکی هاوبەشەوە سەرچاوەی گرتبوو: چەوساندنەوەی ژنان، هەڵاواردن، کپ کردن، و کەڵەکەبوونی تووڕەیییەکی مێژوویی. بەڵام خۆڕسک بوون، کە لە سەرەتادا هێزی سەرەکیی بزووتنەوەکە بوو، دواتر بوو بە یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی. نەبوونی سەرکردایەتی یەکگرتوو و ڕێکخستنی پتەو بووە هۆی ئەوەی کە ئەو وزە مەزن و گەورەیەی گەل، سەرەڕای بەهێزیی، نەتوانێت بە شێوەیەکی ستراتیژی بەرەو ئامانجێکی سیاسی کۆنکرێت هەنگاو بنێ. ئەم ئامادەبوونە خۆبەخۆیە نیشانەی تووڕەیییەکی قووڵی کۆمەڵایەتی بوو، بەڵام کاتێک دەسەڵات بە توندوتیژییەکی دڕندانە بەرەوڕووی خەڵکەکە بووەوە، نەبوونی سەرکردایەتی و هاوئاهەنگی دەرکەوت. خەڵک نەیاندەزانی رۆژی دواتر چ تاکتیکێک بەکاربهێنن، شۆڕشەکەیان بەرەو کوێ دەڕوات، یان چۆن فشارەکان بۆ دەرئەنجامێکی سیاسی کۆنکرێت وەربگێڕن.

لە رووی مێژووییەوە، بزووتنەوە جەماوەرییەکان بە سەرکردایەتی یەکگرتوو و ڕێکخستنی ستراتیژی سەرکەوتوو دەبن. سەرکردایەتی ئاراستەیەکی ڕوون بە بزووتنەوەکە دەبەخشێت و لە پەرشوبڵاوی دەیپارێزێت، لە کاتێکدا ڕێکخستن رێگە بە بەکارهێنانی وزەی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی حیسابکراو دەدات. بزووتنەوەکە لەم دوو توخمە بێبەش بوو. نەک تەنها سەرکردەیەکی دانپێدانراوی نەبوو، بەڵکوو هەرکەسێک هەوڵی دەنگی گشتی بوون دابوو، یان لە ناوەوە گۆشەگیر کرا یان لە دەرەوەی وڵات تووشی ناکۆکی بوو. ئەم لامەرکەزییە، کە لە سەرەتادا وەک نیشانەی دیموکراسی بزووتنەوەکە سەیر دەکرا، دواتر بوو بە درزێکی ستراتیژی کە دەسەڵات کەڵکی لێی وەرگرت. هەڵبەت نەبوونی ئەم دوو تایبەتمەنییە چارەنووس سازە کەمتر کوردستانی دەگرتەوە. هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی بزووتنەوەکەوە، ناوەندی هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان شێلگیرانە و بەرپرسانە سازماندان و هاوئاهەنگی بزووتنەوە جەماوەرییەکەی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان وە ئەستۆ گرت.

مانگرتنە گشتییەکان و شرۆڤە و کاردانەوەکانی ئەم ناوەندە سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕۆژان و شەوانی شۆڕشی ژینا ڕوون و ئاشکرا بوو.ناوەندی هاوکاری لە دوو هێزی سەرەکی واتا کۆمەڵە و حیزبی دیموکرات پێکهاتبوو، کە ئەزموونێکی باشییان لە خەبات و ڕێکخستنی جەماوەی بوو کە ئەمەش لەو ساتەوەختەدا زۆر یارمەتیدەری بزووتنەوەکە بوو. لە ڕۆژانی دواتردا، سۆشیال میدیا، سەرەڕای رۆڵی گرنگی لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان و رێکخستنی خێرای گردبوونەوەکان، نەیتوانی جێگرەوەی سەرکردایەتی و رێکخستنی پتەو و ستراتیژی بێت. فەزای ئەلیکترۆنی پڕ بوو لە بانگەواز و پەیام، بەڵام زۆرێک لەم پەیامانە بەبێ پشتیوانی پراکتیکی و رێکخستنی فیزیکی مانەوە. کات و شوێنی گردبوونەوەکان رادەگەیەندران، بەڵام ترسی سەرکوت خەڵکەکەی ناچار دەکرد بە دوودڵی هەنگاو بنێن، کە ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینی بە دەسەڵات دا کە بە بڵاوەپێکردنی هێزە ئەمنییەکانی خۆی، پێشوەختە خۆپیشاندانەکان بخنکێنێت. ئەم لاوازییە نیشانەیەکی سیاسیی گرنگ بوو کە نەبوونی هاوئاهەنگی چەندە دەتوانێت بزووتنەوەیەکی جەماوەری ڕەسەن، لاواز بکات. نەبوونی هاوئاهەنگی بە مانای غیابی دیدێکی هاوبەش بوو.

سەرەڕای ئەوەش، خەڵکەکە بە روونی دەیانزانی چییان ناوێ: کۆماری ئیسلامی، سەرکوت، هەڵاواردن، و نادادپەروەری. ئەم پەرتەوازییە، کە لە سەرەتادا لە ژێر سۆزی حەماسەی شەقامەکاندا داپۆشرابوو، دواتر بوو بە پرسیارێکی سەرەکی: ئەم ڕاپەڕینە بەرەو کوێ دەچێت؟ ئەم بێ ئاراستەیەییە نەک تەنها وزەی بزووتنەوەکەی کەم کردەوە، بەڵکو دەرفەتێکی ستراتیژی بە دەسەڵات دا کە بە سەرکوتکردنی جیاواز و بەجیا، هەر کۆبوونەوەیەک و هەر شارێک بە تەنیا کپ بکات.

TAGGED: ئاسۆی ڕۆژهەڵات, کاردۆ میری, کۆمەڵە, لە یادەوەریی ئازارەوە تا سەمای ئازادی
KomalaMedia 2025/09/19
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر وتووێژ لەگەڵ “کەیوان فەرامەرزی” کوردیناتۆڕی دەفتەری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆمەڵە
بابەتی دواتر ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٥

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?