مانگی سپتەمبر شایەتی بەرز بوونەوەی ڕێژەی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە بوارەکانی دەستبەسەر کردنی خۆسەرانە، جێبەجێ کرانی سزای لەسێدارەدان، توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان دژی کۆڵبەران و هتد بووە.
سەبارەت بە دەستبەسەر کردنە خۆسەرانەکان لەم مانگەدا چل و یەک هاووڵاتی کورد بە شێوەی خۆسەرانە، بەبێ بڕیاری دادوەر یان بانگ کردنی پێشوەختە لە شارەکان و ئاواییەکانی کوردستان لە لایەن دامودەزگا ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستبەسەر کراون زۆربەی حاڵەتەکانی دەستبەسەر کردن بە هەڵکوتانە سەر ماڵ و شوێنی کار ئەنجام دراون کە ئەمە خۆیی پێشێلکاری ئاشکرای مافە بنەڕەتیەکانی مرۆڤە ، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بنەماڵە و کەسوکاری دەستبەسەر کراوان تا چەندین ڕۆژ هیچ زانیاریەکیان لە سەر شوێنی ڕاگیران و چارەنوسی کەسەکان نەبووە و دەستبەسەر کراوان لە سەرەتاییترین مافەکانیان وەک دەستڕاگەیشتن بە تەلەفۆن ، وەرگرتنی پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکانیان بێبەش کراون. دامودەزگا ئەمنیەکان لە دوای شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران سەربەخۆیەکی تەواویان بە دەستهێناوە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ و بەبێ هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەک لە لایەن دامەزراوە حکومیەکانەوە بە کۆمەڵێک تۆمەتی ساختە و ناڕاست ڕۆژانە شارۆمەندانی کورد دەستبەسەر دەکەن و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزۆسیۆن ، تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و پڕوپاگەندە لە دژی حکومەتیان دەخەنە پاڵ . ئەمە لە کاتێکدایە کە بە پێی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامی (مادەی ٣٢ی دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێران) هیچکەسێک ناتوانرێت دەستبەسەر بکرێت مەگەر بە پێی حوکم و تەرتیبێک کە یاسا دیاری دەکات و لە ئەگەری دەستبەسەر کردن دەستبەجێ بابەتی تۆمەت پێویستە بە شێوەی نوسراوە پێشکەش بە تۆمەتبار بکرێت و لە ماوەی بیست و چوار کاژێردا دۆسیەی سەرەتایی ڕەوانەی دادگا بکرێت و ڕێوشوێنەکانی دادگایی کردن بە خێرایی بگیرێتەبەر ، بەڵام دامودەزگا ئەمنییەکان تەنانەت ڕچاوی یاساکانی خودی کۆماری ئیسلامیش ناکەن و تۆمەتباران و دۆسیەکانیان ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری ناکەن. ئیدارەی ئیتڵاعات و ئیتڵاعاتی سوپا گرتنگە کاتیەکان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بەکار دەهێنن و کاتێک ڕێگا بە تۆمەتبار دەدرێت پارێزەر وەربگرێت کە دانپێدانانی زەرەملێی لێوەرگیراوە و دۆسیەکەی نێردراوە بۆ دادگا ، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە دامودەزگا ئەمنیەکان سەربەخۆ بوون و هیچ ئۆرگان و دامەزراوەیەکی حکومی دەسەڵاتی لێپێچینەوە لەوانی نیە.
لەم مانگەدا، دە کەس لە دەستبەسەر کراوان لە کۆی گشتی سزای ٢٩٠ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپێندراوە و بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزاکانی سەریان بۆ بەندیخانەکانی ئێران و کوردستان ڕاگوێزراون و شارۆمەندێکی کوردیش سزای سێدارەی بە سەردا سەپێندراوە.
سەبارەت بە مافی ژیان و سزای سێدارە، بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لەم مانگەدا سی و دوو شارۆمەندی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون کە یازدە کەسیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەست بە مادە هۆشبەرەکان و یازدە کەسیان بە تۆمەتی کۆشتنی بە ئانقەت(قەتڵ) لە سێدارە دراون.
هەروەها لە ئاستی ئێران نزیکە سەد و نەود کەس لە مانگی سپتەمبر لە سێدارە دراون.
کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد، لەم مانگەدا سێ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و چوار کەسیش بە تەقەی ئەم هێزانە بریندار بوون زیانەکانی کۆڵبەران لەچاو مانگی پێشوو واتە ئاگۆست چل لە سەد زیادی کردووە.
سەبارەت بە خۆکوژی و کۆتایی هێنان بە ژیان لە مانگی سپتەمبر لانیکەم ١٧ کەس پێکهاتوو لە نۆ ژن وشەش پیاو و دوو منداڵی ژێر تەمەن هەژدە ساڵ کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە ، رێکخراوی هانا باس لەوە دەکات کە ئاماری خۆکوژی لەچاو مانگی پێشوو ١٢٨٪ زیادی کردووە!
هەژاری ، بێکاری ، کەمتر خەمی بەرپرسانی حکومی و هەڵاوسان بە تایبەتی دوای شەڕی ئیسرائیل و ئێران کاریگەری نەرێنی لە سەر باری دەروونی خەڵکی کوردستان داناوە و دۆخەکەی بەرەو ئاستێک بردووە کە مرۆڤەکان پەنایان بردووەتە خۆکوژی، خۆکوژی کردارێکە کە دەرئەنجامەکەی مردنە و بە مەبەست و لە لایەن خودەوە دەکرێت ئەمە لە کاتێکدایە کە کەسەکە دڵنیایە دەرئەنجامەکەی کوشندەیە و ئەنجامی دەدات.
نەبوونی کەرستەی پارێزوار ، کەمتەرخەمی بەرپرسان و خاوەن کارەکان لە کوردستان و ئێران و لە بەرچاو نەگرتنی ستانداردە نێودەوڵەتیەکانی ئەمنیەتی شوێنی کار، بەردەوام قوربانی لێدەکەوێتەوە و زیان بە کرێکاران دەگەینێت لەم مانگەدا دە کرێکار بە هۆی ڕووداوی کار گیانیان لە دەستداوە کە بەم پێیە ڕێژەی گیانلەدەستدانی کرێکاران لەچاو مانگی پێشوو ٢٣٣٪ زیادی کردووە!
پێویستە ئەم ڕاستیە لە بەرچاو بگیرێت کە بە دڵنیاییەوە بە هۆی سیاسەتی سانسۆڕ ، نەبوونی ئازادی ڕاگەیاندن و ڕێگا نەدانی کۆماری ئیسلامی بە چالاکی رێکخراوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ ئەم ئامارە سەرجەمی پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەخۆناگرێت.