فیۆدۆر داستایۆڤسکی بە گشتی بە یەکێک لە گەورەترین ڕۆماننووسەکانی هەموو سەردەمێک دادەنرێت. بەرهەمە ئەدەبییەکانی هێندە تێڕوانینێکی قووڵ بۆ دەروونی مرۆڤ و بەتایبەت پەیوەندییەکەی بە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و سیاسیی جیهانی مۆدێرن دەبەخشن، کە جگە لەوەی ڕۆماننووسە، بە دەروونناس و فەیلەسوفێکی دیاریش دەیناسن. بەرهەمەکانی لە هەوڵی وەڵامدانەوەی پرسیارگەلێکن سەبارەت بە مرۆڤ چەندە خۆی دەناسێ و بە دوای چیەوەیە و چۆن بۆ گەیشتن بە ئارەزووەکانی هەوڵ دەدات.
فیۆدۆر داستایۆڤسکی بە یەکێک لە نووسەرە دیارەکانی ڕووسیا و تەنانەت جیهانیش دادەنرێت کە زۆرێک لە چیرۆکەکانی ڕەنگدانەوەی ئەزموونە کەسییەکانی خۆیەتی. کاریگەری بەرهەمەکانی داستایۆڤسکی لەسەر نووسەران و بیرمەندانی دوای ئەو هێندە سەرسوڕهێنەرە کە هەندێکیان دان بەوەدا دەنێن کە لە ڕێگای چیرۆکەکانیەوە زۆر فێری دەروونناسیش بوون.
تێڕوانین و هۆشدارییەکانی سەبارەت بە مرۆڤایەتی، چ بە تاک و چ بە کۆمەڵ، نەک هەر تایبەت بە سەردەمێکی دیاریکراو نیە، دەتوانم بلێم کە زۆرێکیان هەرچەند تا ئێستا گرنگییەکی ئەوتۆیان پێنەدراوە، بەڵام پەیوەندییەکی زۆریان بە جیهانی ئەمڕۆوەیە.
زۆرجار ڕەخنەگران زۆربەی بەرهەمەکانی داستایۆڤسکی بە بابەتی فەلسەفی لێکدەدەنەوە. هەر بۆیە ئەگەر بەرهەمە سەرەتاییەکانی بخوێنیتەوە (وەکوو کتێبی هەژارەکان )، بە ڕوونی بۆت دەردەکەوێت کە دژایەتی کۆمەڵگاکەی و جیاوازی چینایەتی و بە تایبەتی جیاوازی نێوان دەوڵەمەند و فەقیری بە باشی بۆ خۆێنەرانی باس دەکات و بە پێی بیرۆکەکانی ڕیالیزم و دونیای سروشتی مرۆڤەکان ڕەخنەی لێ گرتووە. کاریگەری ئەزموونەکانی منداڵی و هەرزەکاری و تەنانەت بیر و چیرۆکی نووسەرانی دیکەش لە بەرهەمەکانی فیۆدۆر داستایۆڤسکی دەبینرێت. خستنەڕووی تەوەرە ئایینییەکان و ئەو پرسیارانەی کە مرۆڤ لە خۆی و بیروباوەڕەکانی دەکات، ساتەوەختە ڕۆحییەکان (نەک بە مانای ئایینیەکەی) و ڕەنگدانەوەی تیۆلۆژی لە نووسینەکانی داستایۆڤسکیدا دیارە. بەتایبەت ئەو بەرهەمانەی دوای قۆناغی دەربەدەری و زیندانیکردن نووسیویەتی، ڕەنگدانەوەی ئاینی زۆرتر تێدا دەبینرێت.
هەندێک جار لە هەندێک لە بەرهەمەکانیدا، شوێنەواری ڕۆمانسیزم و نوکتە و تەنانەت شێوازێک لە سەبکی گۆتیکیش بە تایبەت ئەو کاتانەی باس لە نەهامەتیەکانی مرۆڤ دەکات، کە بێ گومان ڕەگ و ڕیشەی لە چیرۆکەکانی منداڵیدا هەیە، دەبینیتەوە. داستایۆڤسکی هەندێک جار لە نووسینی ڕۆمانەکانیدا وردەکارییەکانی ژیانی خۆی بەکارهێناوە و نەهامەتیەکانی منداڵی لە قوتابخانەی شەوانەرۆژی کە زۆر بۆ ئەو گران بوو و ببەرکەوتنەکانی لەگەڵ هاوتەمەنە دەوڵەمەندەکانی لەو قوتابخانەیە، لە هەندێک بەشی چیرۆکەکاندا دەبینرێت ( لە کتێبی بێ عەقل ).
لە چیرۆکەکانیدا بابەتی دەروونی و کۆمەڵناسی پشتگوێ نەخستووە و لە ڕاستیدا زۆر مامەڵەی لەگەڵدا کردووە. تەوەری وەک هەژاری، خۆکوشتن، ململانێی ئەخلاقی، پەشیمانی، نهێنی، فێڵبازی، کوشتن و پەیوەندی باوک و کوڕ بە ڕوونی لە بەرهەمەکانیدا دیارە ( براکانی کارامازۆف ).
ئێستا سەرەڕای ئەو لێکۆڵینەوە زۆرانەی کە زیاتر لە سەدەیەک لەسەر داستایۆڤسکی و بەرهەمەکانی و پاڵەوانی ڕۆمانەکانی ئەنجام دراون، هەموو بەشەکانی کەسایەتی ئاڵۆز و سەرنجڕاکێشی بۆ ئێمە ڕوون نەکراونەتەوە. زۆربەی توێژەران بە دوای بنچینەی داهێنانی ئەدەبی ئەم نووسەرەدا دەگەڕێن و ئەو پرسیارەیان وروژاندووە کە بەراستی دەکرێ جۆری ژینگەی خێزانی، کەسایەتی دایک و باوکی، و ڕووداوەکانی منداڵی و هەرزەکاری، لەوانەش نەخۆشی دایکی و زوو لەدەستدانی باوکی، سەرچاوەی نووسینەکانی بووبێت؟ پێدەچێت بتوانرێت ئیدیعا بکرێت کە هەریەکێک لەم هۆکارانە بە نۆرەی خۆی بووەتە هۆی داهێنەریی و خۆلقاندنی هەر کام لە نووسینەکانی.
هەڵبژاردنی ناوی ڕۆمانەکانی داستایۆڤسکی وەک کارەساتێک وایە لە بەرگی گێڕانەوەیەکدا. بیرۆکەیەکی تایبەتی لە ژیان هەیە و وەک درامایەک دەیبینێت کە هەم لە چارەنووسی تاک و هەم لە مێژووی جیهاندا یاری پێدەکرێت. لە بیرۆکەیەکی لەو جۆرەوە، سروشتی “گێڕانەوە کارەساتبارەکەی” سەرهەڵدەدات ( لە کتێبی تاوان و سزا ).
تۆڵستۆی پێی وابوو کارەکتەرەکانی چیرۆکەکانی داستایۆڤسکی هەموویان بە یەک زمان قسە دەکەن و هەمیشە کارێک دەکەن کە چاوەڕوانی لێیان ناکرێت ( لە کتێبی رفێقی بنەماڵە ).
هەندێک پێیان وایە شێوازی کەسایەتی چیرۆکەکانی داستایۆڤسکی گیان بە نووسینەکانی دەدات. لە سەردەمێکدا کە هێشتا کامێرا و سینەما وەک ئێستا باو نەبوو، ئەو بە تەنیا کامێرا و ماکیاژ و دیزاینی سێت و مۆنتاژەکەی خستە ناو نووسینەکانی و بە کورتە چیرۆکەکانی کاریگەرترین ڕۆمانی ڕووسیا و سەردەمی خۆی دروست کرد.
داستایۆڤسکی دەتوانم بلێم بیرمەندێکە کاتێک بەرهەمەکانی دەخۆێنیەوە دەتوانی لە چاویلکەی چاکە و خراپەدا لایەنە جۆراوجۆرەکانی مرۆڤایەتیی لێبەدی بکەی و دەبینی بە باشی ئەم لایەنەی مرۆڤی شیکاری کردووە. پاڵەوان و کارەکتەرەکانی بەرهەمەکانی هەمیشە لە ڕوانگەیەکی زاڵ و زەمینییەوە جێگەی سەرنجی نووسراوەکانیین، بە شێوەیەک خوێنەر لە ڕۆمانەکانیدا ڕووبەڕووی کارەکتەر و نموونەیەک دەبێتەوە کە پڕن لە هێزی مرۆیی دژبەیەک. لە ڕاستیدا ئەم نووسەرە ڕووسییە بە گومان و تێڕامان و بیرکردنەوە لەوەی واقیعی مرۆڤ چییە، کارەکتەری بەرهەمەکانی خۆی دروست کردووە.
بە بڕوای زۆربەی ڕەخنەگران، بە دەگمەن نووسەرێکی وەک داستایۆڤسکی لە مێژووی ئەدەبیاتی جیهانیدا هەیە کە بەرهەمەکانی مشتومڕ و ململانێی لە دەروونناسی، کۆمەڵناسی، فەلسەفە و لقە زانستیەکانی دیکەی مرۆڤ دروست کردبێت ( لە کتێبی تاوان و سزا ).
هەروەها داستایۆڤسکی لە بەرهەمەکانیدا باسی شتگەلێکی وەک ئایین، هیوا، خۆشەویستی، ڕق و هتد دەکات. هەندێک جار ڕوانگەیەکی وەک چیرۆکی هەیە بۆ فەلسەفەی ئەو بابەتانە. هەندێک جار کارەکتەرەکان دەخاتە بازنەی هەڵسەنگاندن و بیرکردنەوە لەم بابەتانە لە بەرامبەر ڕووداوە جۆراوجۆرەکاندا. ئەم تەحەددایانە و گەشتە بەردەوامەکانی قارەمانەکانی، خوێنەر ڕادەکێشن بۆ ناو دونیای ئەم واقیعانە و لەگەڵیدا دەمێننەوە ( لە کتێبی ڕووداوێکی گاڵتەجاڕانە ).
یەکێک لەو تەوەرە دیارانەی کە بەردەوام لە بەرهەمەکانی داستایۆڤسکی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێت، تێڕوانین و تێڕامانەکانیەتی لەسەر ئازارەکانی مرۆڤ و ئەو ڕێگایانەی مرۆڤایەتی دەتوانێت خۆی لە ئازار و دەرئەنجامەکانی ڕزگار بکات، بەتایبەتی لە قۆناغێکدا کە باوەری ئایینی و ڕۆحییەکان کەم بایەخ بوون و ئێمەی بەرەو ئایدیالی بەختەوەری تەواو بردووە.
داستایۆڤسکی دەیەوێت مرۆڤەکانیتر ڕاستییەکان ببینن، ئەوانیش هەست بەو ناڕازیبوون و بێماناییە بکەن و هەر بەو جۆرەی خۆی هەستی پێکردووە و تێگەیشتووە. بۆ داستایۆڤسکی ئازار یەکێکە لە پایەکانی ژیان کە بە خوێن بەستراوەتەوە. هەر بۆیە ژیانێک یان هیچ هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتی یان ماددی بۆ دروستکردنی ژیان نییە کە بتوانێت بەبێ ئازار بوونی هەبێت. هەر بۆیەش لای داستایۆڤسکی، هەموو هەوڵ و دەستکەوتەکانی پێشکەوتن، جا تاکەکەسی بێت یان دەستەجەمعی، تەنیا دەتوانێت هەندێک توخم بگۆڕێت کە سەرچاوەی ئازارەکانمانن، بەڵام ناتوانین ئازار لە بناغەکەیەوە بنبڕ بکەین.
بە تێڕوانینی داستایۆڤسکی ، بە سەرنجدان بەوەی کە هەرگیز ئەگەری پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی یان ماددی نییە کە بتوانێت مرۆڤایەتی لە نەهامەتی یان ئازار ڕزگار بکات، هەر ئامانجێک بۆ باشترکردنی جیهان و گۆڕینی بۆ هاوتای یۆتۆپیایی خۆی مەحکومە بە شکست.
ئێمە لەگەڵ داستایۆڤسکی هاوڕا بین یان نا، تێڕوانینە قووڵەکەی و ئەو بەرهەمە ئەدەبییە جوانانەی کە لەدوای خۆی بەجێی هێشتووە، یارمەتیمان دەدەن، بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی باشتر لە جوانی و قووڵایی ژیان بەدەست بهێنین و لە قووڵایی دەروونمانەوە هەستی پێبکەین.


