نەتەوە یەکە و یەکبوونێکی فرەچەشنە. زمانی هاوبەش و ناسنامە و کەلتور و داب و نەریت و مێژوو و تەنانەت کۆمەڵێک هەست و هێژمۆنی و گوتارو بەرژەوەندیی هاوبەش و… هەرکامەیان چەشنی ڕووبارێک دەڕژێنە ناو قووڵایی کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتی و لە پانتایی جەمسەرێکی هاوبەشدا، دەبنە ئەو دەریایەی کە ئێمە وەک “نەتەوە ” پێناسەی دەکەین. واتە نەتەوە کۆمەڵێک تایبەتمەندیی و چەمکی هاوبەشی نێوان کۆمەڵە مرۆڤێک لەخۆی دەگرێت کە بەگشتیی یان لە جوگرافیا و خاکێکی هاوبەش و دیاریکراودا دەژین و یان جاریواشە بەهۆکارگەلی جۆربەجۆر تاڕادەیەک لێکدابڕاو و پەرتەوازەترن.
نەتەوە لە ئاست دیرۆکی دوورودرێژی مرۆڤایەتیدا، چەمک و دیاردەیەکی ساوایە. هەربەو جۆرەی کە چەمکی “دەوڵەت ” (وەک پێکهاتە و سیستەمێکی ئیداریی و سیاسیی و یاسایی)، زۆر لە مێژووی نەتەوەش ساواترە. تەنانەت ژمارەی دەوڵەتانی جیهان تا سەدەکانی ١٧ و ١٨ی زایینی، واتە ئەوکاتەی کە ژمارەیەکی زیاتر لە نەتەوەکان بەمەبەستی پاراستنی خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان، بیریان لە سنووردارکردنی خەڵکی غەیری خۆیان و دەستهەلاتی دەرەکی و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان کردەوە، زۆر لە ژمارەی دەولەتەکانی ئێستا، کەمتر بوون.
نەتەوەکان بەمەبەستی پاراستنی خۆیان، جگە لە ئامرازگەلی وەک دەوڵەتی بەهێز و دادپەروەرو، یاسا و ڕێسا فەرمییەکان و، داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و، سەرجەم ئەو بەربەست و لەمپەر و سنوورانەی بەدەوری خۆیاندا دروستی دەکەن، پێویستییان بە هەست و شعور و تێگەیشتنێکی هاوبەشی تاکەکانیان هەیە کە بە گشتیی، دەستەواژەگەلی وەک “هەستی نەتەوایەتی و نیشتمان خۆشەویستی”مان بۆ ساغ دەکاتەوە.
زۆر جارهەستی نەتەوایەتی لە ئەدەبییاتی سەردەمدا بە هۆکار و شێوازی جۆراوجۆر تووشی چەواشە و بەلارێداچوون هاتووە و هاوتەریب و هاومانای نەتەوەگەرایی زێدەخواز و ناسیۆنالیسمی تووندئاژۆ و فاشیسم و راسیسم و شوڤەنیسم و … هتد، کراوە کە لە ڕاستیدا بۆچوونێکی بەتەواویی هەڵەیە. هەستی نەتەوایەتی وەک یەکێک لە ئامراز و مەرجە سەرەکییەکانی پاراستنی نەتەوە، خۆی لە خۆیدا باری ئەرێنی هەیە. لەڕاستیدا بەتاڵبوونی تاکی کۆمەڵگا لە هەستی نەتەوایەتی دۆخێکی نائاساییە. چۆناوچۆن دەکرێت مرۆڤ هەست و خۆشەویستی بۆ نیشتمانی دایک و ئەو مرۆڤانەی کە لەو ژینگە هاوبەشەدا دەژین و مانای پێدەبەخشن، نەبێت. هەستی نەتەوایەتی ڕاستەقینە ناچێتە خانەی دوژمنایەتی و شیر و تیر کێشان لە خەڵکانی دیکە، بەڵکە واتە هەرکەسە و لەئاست خۆی، خەڵک و ئاو و خاک و سروشت و دار و بەرد و ژینگەکەی خۆت خۆش بوێت، ڕێزی لیبگریت و بەکردەوە، بیپارێزیت.
خۆشەویستیی نیشتمان و نەتەوە هەستێکی بەردەوام و ڕێژەیەکی نەگۆڕە. تەنانەت لە بارودۆخی جیاوازدا و لە هەلومەرجی شەڕ و ئاشتیدا، تەنیا شێواز و چۆنایەتییەکە گۆڕانی بەسەردا دیت. لە هەلومەرجی ئاشتی و ئارامیی و ئاساییدا، هەستی دلسۆزیی و خۆشەویستی بۆ پاراستنی سروشت و ژینگە و پەلەوەر و دار و بەرد و شار و گوند و شەقام و کۆڵان و فەرهەنگ و داب و نەریت و سەرجەم جوانییەکانی نیشتمان، گوڵ دەکات و لە دۆخی مەترسیی و شەڕ و ئاژاوە و پەلاماری دەرەکیشدا، یەکڕیزیی و مەتەرێزی یەکبوون و هاوچارەنووسی و هەرەوەزی سەرتاسەریی بەرگریی و کۆڵنەدان دەخوڵقێنێت.
بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە بزاڤی ڕزگایخوازانەی نەتەوەیی گەلی کورد ئەوەندەی خاڵی هەوبەشی لەگەڵ سۆسیال دێموکراسییەکی پێشکەوتووی دابینکەری ژیان و بوونێکی شایستەی مرۆڤی سەردەم هەیە یەک لەسەدی ئەوەش لە ناسیۆنالیسمی ڕادیکاڵ و بنەماخواز و ئیدئۆلۆژییە دەمارگرژ و بەرچاوتەنگەکان ناچێت. هەستی نەتەوایەتی ڕاستە کە تا ڕادەیەک و بە شێوەیەک لە نەتەوەکانی دیکە جیات دەکاتەوە، بەڵام بە نەتەوەکەی خۆتەوە دەتبەستێتەوە. لێرەدایە کە مرۆڤی ژیر، وەک چۆن هەستی نەتەوایەتیی بە هەستێکی پاک و پاراو و وەک مافێکی ڕەوا بۆ خۆی و هاوچەشنەکانی دەبینێت، هەر بەم چاوەش دەڕوانێتە نەتەوەکانی دیکە و وەک مافێکی ڕەوای هەموو مرۆڤێک، ڕێزی لێدەگرێت. مرۆڤ کە لە هەست و خۆشەویستیی نیشتمان و نەتەوە بە دروستی تێگەیشت، ئەوکات بۆ خەڵک و نەتەوەکانی دیکەشی بەفەرمیی دەناسێت و ڕێزی لێدەگرێت و ئامادەی پێشێلکردنی مافی کەس نییە.
خەباتی نەتەوایەتی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی نەتەنیا دوو چوارچێوە و ناوەرۆکی پێچەوانە و دژ بە یەکتری نین، بەڵکە لە زۆر سۆنگەوە، یارمەتیدەر و تەواوکەری یەکترین. هەستی نەتەوایەتی نەک لەگەل دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ناتەبا نییە، بەڵکە یارمەتیدەر و تەنانەت یەکێکە لە مەرجەکانی وەدیهاتنی. ئەم تێکهەڵکێش و ئاوێتە بوونە لە مێژووی خەباتی زۆر نەتەوە و وڵاتدا کە لە فەرهەنگی سیاسیی ئەمڕۆدا بە ولاتانی پێشکەوتووی ئوروپایی دەناسرێنەوە ڕاستییەکی مێژوویی و بەڵگەمەند و سەلمێندراوە. لەو وڵاتانەشدا مرۆڤەکان سەرەڕای پۆزیسیۆن و جێگە و پێگەی چینایەتی و تێڕوانینی هزرییان، تێکۆشانی خۆیان بۆ گەیشتن بەئامانجەکانیان، بە دوو بنچینەی ” نیشتمان خۆشەویستی” و ” وەدیهێنانی داپەروەریی کۆمەڵایەتی” بەستووەتەوە. مادام مرۆڤ نەتەوەکەی خۆی خۆش بویت، هەوڵ نادات فێڵی لێبکات، یان تاکەکانی بچەوسێنێتەوە و بە پێچەوانەوە، هۆکار و ڕێگاخۆشکەری ئاسوودەیی و ئاسایش و گەشەی تاک و لە کۆتاییشدا ڕەزامەندیی و بەختەوەریی گشتیی دەبێت و یاسا و مافەکانی دەپارێزێت. هەستی نەتەوایەتی، خولیا و هەستی دادپەروەریی و هاوتەرازیی نەک هەر لە ناو سنووری نەتەوەکەی خۆتدا، بەڵکە لە ئاست نەتەوەکانی دیکەشدا دەبووژێنێتەوە. لە وەها دۆخێکدا خواست و ئاواتی بەرەوپێشچوونی نەتەوەکەی خۆت بەگشتیی و گەیشتن بە ئاستی نەتەوە بەختەوەر و پێشکەوتووەکانی جیهان، دەبێتە ستراتێژی و ئامانجی سەرەکی.
مرۆڤی کورد هەرچەند لە پرۆسەی پێناسەکردنی خۆی وەک نەتەوەیەکی خاوەن کیانی سەربەخۆتا ئێستا نەیتوانیوە خۆی بسەلمێنێت، بەڵام خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژی خەبات و تێکۆشانە و لانیکەم سەرانسەری سەدەی بیستەم و بەم چارەکە سەدەی ئێستاشەوە، دەنگی مافخوازانەی دلێرتر و بەرزتر و ڕاشکاوتر لە پێشووی بووە. هەرچەند گەشەی شعور و هەستی نەتەوایەتیی مرۆڤی کورد، لاواز و خاوتر لە ڕێژە و ئاستی پێویست بووە و ئەمەش هۆکاری خۆی بووە، بەلام دیسانیش خاوەنی گرینگترین ڕەسەنایەتی و تایبەتمەندیی خۆیەتی. واتە نەتەوەگەرایی کوردیی لێوانلێو لە مرۆڤدۆستی و بەرابەرییخوازیی و بەریی و دوور لە بەرچاوتەنگی و دەمارگرژیی بووە. خەباتی نەتەوایەتی گەلی کورد، هیچکات پەلاماردەر و داگیرکەر و زێدەخواز نەبووە و بەپێچەوانەوە، بزوتنەوەیەکی دژە داگیرکەر و پەرلاماردەر و زێدەخوازیی دراوسێ و نەیارەکانی بووە. گەلی کورد کە یەکێک لە کۆنترین گەلانی نیشتەجێی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست و مێزوپۆتامیایە، بەردەوام خوازیاری تەبایی و بەیەکەوە ژیانێکی ئاشتییانە لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە بووە. نەتەنیا ویست و نیازی دەستدرێژیی بۆ سەر ئاو و خاک و گیان و ژیانی خەڵکی دیکەی نەبووە، بەپێچەوانەوە هەموو کات بەوپەڕی نیازپاکییەوە دەستی دۆستی و برایەتیی بۆ هەمووان درێژ کردووە.
ئەم تایبەتمەندییە ناوازەیەی نەتەوەگەرایی کوردیی کە لە خەباتە بێوچانەکەشیدا بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئازادیی بە تەواوەتیی ڕەنگی داوەتەوە و ڕواڵەت و ناوەرۆکێکی تەژی مرۆڤدۆستیی پێبەخشیوە، لە هەوییەت و روحی بەرابەرییخوازیخوازانە و دادپەروەرانە و پێشکەوتنخوازانەی خەڵکەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت. پێشکەوتنخوازیی و ڕێز لە مافی مرۆڤ و ناتەبابوون لەگەڵ هەرچەشنە هەڵاواردنێک و لەم دواییانەشدا، گەشەی خەباتی مەدەنی و ژینگەدۆستی و سروشتپاریزیی لەو تایبەتمەندییانەن کە گەلی کورد و خەباتەکەی لە بەشێکی زۆری نەتەوەکانی دەوروبەری خۆی ( کە جیهانبینی بەشێکی زۆریان لەسەر ئیدئۆلۆژییە چەقبەستووەکان بنیاد نراوە)، جیا دەکاتەوە.
نوێترین ئاخێزی خەڵکی کوردستان ( شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی)، کە یەکەم چەخماخەی لە کوردستانەوە لێدرا و دواتر بۆ ناو نەتەوە و ناوچەکانی دیکەی ئێران، تەشەنەی سەند، گونجاترین ئاماژەیە کە لەلایەکەوە دەرخەری ڕوحی دادپەروەرانە و پێشکەوتنخوازانە و تەبایی لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێرانمان پێشان دەدات و لە لایەکی دیکەشەوە، لە هێنانەوەی فاکتی دوورودرێژو کۆنتری مێژوویی بێنیازمان دەکات.
ئەم ئاماژانەی سەرەوە لەگەڵ ئەوەی کە بۆ نەتەوەی کورد، جێگای شانازیی و سەرفیرازین، بەڵام بەهۆکارگەلی وەک ناکۆکیی و ناتەبابوونی لەگەڵ فەرهەنگ و رۆحی پاوانخوازانە و کۆنەپرستانەی بەشێک لە دەوڵەت و دانیشتوانی ناوچەکە، زۆرجاریش تووشی گرفتی گەورەی کردون. کەم نین ئەو خەڵک و دەستهەڵاتانەی کە سەربەخۆیی و بەدەوڵەت بوونی وەها نەتەوەیەک بەو تایبەتمەندییانەوە، بە مەترسیی بۆ سەر خۆیان و بەرژەوەندیی و داهاتوویان دەبینن. هەربۆیە لە پەرڕاوێزخستن و خستنە ژێر گوشاری و تەنانەت پەلاماردانیشیدا، کەمترەخمییان نەکردووە. ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بە مێژووی کۆن و نوێی ناوچەکە ئەو ڕاستییانە دەسەلمێنن. نیشتمانی کوردەکان بە درێژایی مێژوویان لەلایەن نەتەوە بەهێز و سەردەستەکانەوە لە ژێر هێرش و پەلاماردا بووە، داگیر کراوە، خەڵکەکەی چەوساونەتەوە و لەوپەڕی بێمافیدا ڕاگیراون. هاوکات ئەوەش دەبینین کە نەتەوەی کورد لەگەڵ ئەوەی زۆرجاریش دەرفەت و دەستهەڵاتی بووە، بەلام دیسانیش نەتەنیا پەلاماری نیشتمانی هیچ نەتەوەیەکی نەداوە، بەڵکە هەوڵی تەبایی و بەیەکەوەژیانێکی ئاشتییانەی لەگەڵ داون.
وەک دەڵێن، کورد گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی جیهانە. کەواتە بۆ کۆتایی هێنان بە ناوەرۆکی ئەم ڕستە باوە کە هەڵگری ڕاستییەکی تاڵ و پڕ ئێش و ئازارە، گەلی کورد پێویستیی بە خەباتێکی بێوچان و شێلگیرتر هەیە. لەوانەیە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیی بەتەنیا چارەسەری سەرجەم کێشەکانی نەتەوەی کورد نەبێت، بەڵام لانیکەم دەتوانێت کۆمەڵێک دەرفەتی ناوازە بخوڵقێنێت و سەرەتایەک بێت بۆ ڕزگاربوون لە ژێردەستەیی نەتەوە باڵادەستەکان کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکێیەکانی بێمافی و کۆسپێکی گەورەی سەرڕێگایەتی بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دادپەروەر و بەختەوەر. واتە تاکی کورد پێویستە لە هەستی نەتەوایەتی و رۆئیای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی وەک دوو ئامرازی بنچینەیی تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەجۆرێک کەڵک وەربگریت، کە هیچ بۆشاییەک بۆ دووپاتکردنەوەی هەڵەکانی پێشووی و لەدەستدانی دەرفەتە گونجاوەکان، نەهێلیتەوە.
وەک چۆن تاک و ئەندامانی نەتەوە بەختەوەر و پێشکەوتووەکانی جیهان شانازیی بە ناسنامە و نیشتمان و نەتەوەی خۆیان دەکەن، بۆ تاکی کوردیش ڕەوایە کە بە مێنتاڵیتەی شانازیی بە ناسنامە و نیشتمان و نەتەوەی خۆی، بەرەو بنیادنانی دنیایەکی باشتر و ژیانێکی شیاوی مرۆڤ بۆ خۆی و نەوەکانی داهاتووی، هەنگاو بنیت.