دیاسپۆڕا وەک وشە بە مانای پرژوبڵاوبوونەوەیە و لە زانستە مرۆییەکاندا بە کۆچکردن و ئاوارەبوونی کۆمەڵە خەڵکێک دەوترێت کە نیشتمانی خۆیان جێدێڵن و لە ناوچەیەکی دوور لە نیشتمان دەگرسێنەوە. دەقە ئاینییەکانی جولەکە یەکەم دەرکەوتنەکانی ئەم دەستەواژەیە و ئەم گێڕانەوە ئاماژەیە بۆ چیرۆکی دەرچوونی جولەکەکان لە بابل. دواتر مانای وشەکە فراوانتر کرایەوە و بووە یەکێک لەو چەمکانەی کە توانی باس و خواست لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرهەم بێنێت. پێناسەی جیاجیا بۆ دیاسپۆڕا کراوە و بەڵام هەموویان لە یەک شتدا هاوبەشن و ئەویش ئەوەی کە دیاسپۆڕا ئاماژەیە بۆ بڵاوبوونەوەی کۆمەڵە خەڵکێک کە بنەچەیەکی هاوبەشیان هەیە و لە ماڵەکانیان بە زۆر یان بەدڵخواز دوورکەوتوونەوە .
یەکەم کاری تیۆریک و جدی سەبارەت بە پرسی دیاسپۆڕا بۆ ساڵی ١٩٧٦ دەگەڕێتەوە. لەم ڕێکەوتەدا “گابریەل شێفەر” لە وتارێکدا کە لە گۆڤاری زانستی سیاسی ئەمریکادا بڵاوکرایەوە ، ناساندنی بۆ واتای دیاسپۆڕا کرد و دواتر بیرمەندانێکی وەک “ویلیام سەفران” پەرەیان بەم واتایە دا. پێناسە سەرەتاییەکان لە واتای دیاسپۆڕا بە پرسی تاراوگە و جولەکەکانەوە گرێدراوە و زۆربەی پێناسە و تایبەتمەندییەکان لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە چارەنووسی ئەوانەوە وەرگیراوە. لەم قۆناغەدا گرنگی بە سێ تایبەتمەندی دراون و ئەوانیش بریتیبوون لە نیشتمانی سەرەتا و بیرەوەرییەکانی، پرژوبڵاوبوونەوە و هیوا بە گەڕانەوە بۆ نیشتمان .
لە نەوەدەکانەوە چەمکی دیاسپۆڕا ڕەهەندێکی بەرفراوانتری بەخۆیەوە گرت و چیتر تەنیا بەردەنگی ئەم چەمکە جوولەکە ، ئەرمەنی یان یۆنانییەکان نەبوون. ئەم قۆناغە کە بە قۆناغی مودێڕن ناوبانگی دەرکردووە، گۆڕانی گەورەی لە پێناسەی دیاسپۆڕادا درووست کرد و چیتر دیاسپۆڕا تەنیا هیوا بە گەڕانەوە بۆ نیشتمانیش نەبوو. بەرجەستەترین و ناسراوترین تیۆریسییەنی ئەم قۆناغە “ڕۆبین کۆهین”ە. ناوبراو لە کتێبی دیاسپۆڕای گڵۆباڵدا دیاسپۆڕا بەسەر چەندین مۆدێل و شێوەدا دابەش دەکات کە ئەوانیش بریتیین لە دیاسپۆڕای قوربانی، کرێکاری، بازرگانی، کولتووری و ترانسناسیۆنالیزم یان گڵۆباڵ ( جیهانی). ناسراوترین بیرمەندانی ئەم قۆناغە “ڕۆبێن کۆهێن”، “پاوێڵ گیلڕۆی” و “ جەیمز کلیفۆرد” ن کە چەندین بەرهەمی ناوازەیان لەسەر پرسی دیاسپۆڕا بڵاو کردۆتەوە. لەم قۆناغەدا دیاسپۆڕا وەک دیاردەیەکی مێژوویی، ئابووری و کلتووری دەبیندرێت و نۆستالۆژیای نیشتمان تەنیا یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی دیاسپۆڕایە.
قۆناغی دواتر قۆناغی پێکهاتنی تیۆرەکانی پۆست کۆڵۆنیالە و ناسراوترین بیرمەندانی ئەم قووتابخانە هۆمی بابا، ستوارت هاڵ و چەندین کەسی ترن. ئەم ڕوانگە دیاسپۆڕا لەچوارچێوەی شوناسە جیاجیاکاندا دەبینێت و کۆمەڵێک واتای وەک ستەمکاری، ڕەگەزپەرەستی و بەرەنگاری بە هۆکارەکانی دروستبوونی دیاسپۆڕا ناودێردەکات.
دوایین قۆناغ و دوایین قووتابخانەش، تیۆرە هاوچەرخەکانی کۆمەڵناسی دەربارەی دیاسپۆڕایە. لە کۆمەڵناسی هاوچەرخی ڕۆژاوادا دیاسپۆڕا وەک تڕانس ناسیۆنالیزم پێناسە دەکرێت و ئەم تیۆرە پێیوایە دیاسپۆڕا وەک پردێک لە نێوان چەند کۆمەڵگادا ڕۆڵ دەگێڕێت. تیۆریستەکانی وەک “نینا گلیک شیلەر” و “ستیڤن ڤێرتۆڤێک” باس لەوەدەکەن کە دیاسپۆڕا و کۆچبەرانی ئەمڕۆ، بە پێچەوانەی ڕابردوو، لە یەک کاتدا لە چەند شوێنێکدا ڕەگیان داکوتاوە و چەندین شوناسی جیاجیایان هەڵگرتووە.
لە ڕووی سیاسییەوە دیاسپۆڕا وەک ئەکتەرێکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دەناسرێ و گرنگییەکی تایبەتی هەیە. سەرەڕای پێناسەی جیاجیا و گۆڕانکارییەکان لە واتای دیاسپۆڕا، یەکگرتوویی، کاری هاوبەش و چالاکی لە ئاراستەی نیشتماندا دەرکەوتەی سەرەکیی هەموو کۆمەڵەکانی دیاسپۆڕایە و ئەرمەنییەکان بەردەوام وەک نموونەیەکی بەهێزی دیاسپۆڕا دەستنیشان دەکرێن. بەم پێشەکییە لە ناساندنی دیاسپۆڕادا ڕەنگە یەکەم پرسیاری لای ئێمەومانان قسەکردن لەسەر دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات و پێگە و جێگەی لە پەیوەندییە نیۆدەوڵەتییەکاندا بێ.
دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات لە ژێر ڕۆشنایی تیۆرییەکانی دیاسپۆڕادا
پرژوبڵاوبوونەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا دیاردەیەکی مێژوویی و فرەلایەنە، بەڵام هێشتا ڕەوەندیی کوردی ڕۆژهەڵات بە بەراورد لەگەڵ پێکهاتە کۆچبەرەکانی دیکەی وەک ئەرمەنی یان ئێرانی نەگەیشتووەتە ئاستێکی بەرز و کاریگەر. بۆ ئەوەی لە هۆکارەکانی ئەم بارودۆخە تێبگەین، دەتوانین تیۆرە ناسراوەکانی دیاسپۆڕا بۆ لێکدانەوەی ئەم پرسە بەکاربهێنین.
“ڕۆبێن کۆهێن” لە کتێبی دیاسپۆڕای جیهانیدا ئەم چەمکە بەسەر چەند جۆرێکدا دابەش دەکات و گرنگترینی ئەو جۆرانە ڕەوەند یان دیاسپۆڕای قوربانیکراوە. دیاسپۆڕایەک کە لە ئەنجامی دەربەدەری، تووندوتیژی و ستەمکارییدا دروست دەبێت و پەل و پۆ دەهاوێت. دیاسپۆڕای کوردەکانی ڕۆژهەڵات دەکرێ لەم چوارچێوەدا پۆلێن بکرێت. کۆچکردنی بەشێکی زۆری کوردانی ڕۆژهەڵات دەرئەنجامی سەرکووتی سیاسی، هەڵاواردنی نەتەوەیی و کۆت و بەندکردنی دەسەڵات لە ئێراندایە. بەڵام ئەم ڕێژە بەرچاوەی کوردی ڕۆژهەڵات هیچ کات وەک دیاسپۆڕایەکی کاریگەر دەرنەکەوتووە و وەک کۆهین باسی دەکات، “دیاسپۆڕا کاتێک هێز بەدەست دەهێنێ کە ئازاری هاوبەش بکاتە هەوێنی دامەزراوەیەکی بەکۆمەڵ”. شتێک کە لە دۆخی ئەرمەنییەکان و جولەکەکاندا ڕووی دا و ئەوان توانیان کوشتاری بەکۆمەڵ یان هۆلۆکاست بکەنە هەوێنی بونیادنانی دیاسپۆڕایەکی بەهێز . لە ئاکامدا دەتوانین دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات بە ڕەوەندێکی قوربانی و چەوساوە ناوببەین کە تا ئێستاش توانای بەدەستهێنانی گێڕانەوە و ڕەوایەتێکی هاوبەش و هەروەها ڕیزێکی پتەو و یەکگرتووی، بەدەستنەهێناوە.
بابەتێکی تری پەیوەندیدار بە دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات، فرەڕەنگی شوناسەکان و دابەشبوونی ئەوان بەسەر ئەم شوناسانەدایە. “ستوارت هۆڵ “ لە وتاری بەناوبانگی “ناسنامەی کولتووری و دیاسپۆڕا”دا جەخت لەوە دەکاتەوە کە شوناسی دیاسپۆڕا شوناسێکی هەمیشەیی و جێگیر نییە و بەردەوام لە گۆڕاندایە. لە دۆخی کوردانی ڕۆژهەڵاتدا ئەم بابەتە خاڵێکی گرینگە. دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات لە یەک کاتدا لەگەڵ سێ ناسنامە و شوناسی جیاوازدا بەرەوڕووبۆتەوە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر یەکگرتوویی ئەوان داناوە. شوناسی کورد، شوناسی ئێرانی و شوناس و ناسنامەی کۆچبەر یان پەنابەر لە ڕۆژئاوا. ئەم سێ شوناسە لە پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا کاریگەری لەسەر یەکگرتوویی دیاسپۆڕا دادەنێن، لە کاتێکدا ڕەوەندی ئەرمەنی یان ئێرانی گێڕانەوە و ڕەوایەتێکی کولتووری تاڕادەیەک یەکگرتووتریان هەیە و گرفتێکی لەوشێوەیان نیە.
هۆمی بابا لە کتێبی (لۆکەیشنی کولتوور) دا باس لە چەمکێک دەکات کە پێی دەوترێت “فەزای سێهەم”، فەزایەک کە تیایدا کۆچبەر نە بە تەواوی لە نیشتمانە و نە بە تەواوی لە لە وڵاتی نوێدا. کوردەکانی ڕۆژهەڵاتیش لە ئەورووپا و ئەمریکا لەم فەزادا دەژین، ئەوان لە زێدی خۆیان بەهۆی ستەم و هەڵاواردن ئاوارەبوون و لە وڵاتی نوێشدا زۆرجار بە کۆچبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی یان موسڵمان ناودێردەکرێن و بەرەوڕووی هەڵاواردن دەبنەوە. لە ئەنجامدا ڕەوەندی کوردی نە بە تەواوی لە ناوخۆدایە و نە لە وڵاتی میوانداردا جێگیربووە، دۆخێک کە بەپێی تیۆرەکەی هۆمی بابا هەم دەتوانێ هەڕەشە بێت و هەم دەرفەت، هەڕەشە بەهۆی بێ ماڵ و حاڵییەوە و دەرفەت لە ڕووی دروستبوون و خاوەنداریەتیکردن لە کولتوورێکی فرەڕەهەند و خۆڕاگرانەوە.
لە ڕوانگەی تیۆری تڕانسناسیۆنالیزم، وەک ئەوەی بیرمەندانی وەک “نینا گلیکشیلەر” و “ستیڤن ڤێرتۆڤیک” پێشیان خستووە، هێزی دیاسپۆڕا لە دروستکردنی میکانیزمەکانی پەیوەندی لە نێوان نیشتمان و دیاسپۆڕادایە. لەم چوارچێوەیەشدا دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات لاوازە، لەبەرئەوەی کە دەوڵەت یان دامەزراوەیەکی ناوەندی بۆ هەماهەنگیی نییە (بە پێچەوانەی ئەرمەنستان بۆ نموونە)، لە ڕووی سیاسی و ئایدۆلۆژیشەوە لە نێوان حزبە کوردییەکاندا یەکگرتوویی نیە و ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر دیاسپۆڕای کورد داناوە. پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ناوخۆی کوردستانیش بە هۆی کۆنتڕۆڵی ئەمنیەوە، لەئاستی پێویستدا نیە و ئەمەش خۆی لە خۆیدا وەک خاڵێکی نەرێنی کاریگەری لەسەر دیاسپۆڕا دادەنێت. دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات لە نێوان مەیلە سیاسی و ئایدیۆلۆژییە جۆراوجۆرەکان و ڕکابەرییەکاندا یەکڕیزی و یەکدەنگییان نییە و ئەم ئەزموونە خراپە دەقاودەق بۆ ناو دیاسپۆڕاشدا گواستراوەتەوە. ئەم نەبوونی یەکگرتووییە کاریگەری ئەوان لەسەر سیاسەتی وڵاتانی جیهان و هەروەها ناوخۆیاندا کەمدەکاتەوە. بە وتەی “وێرتۆڤیک” دیاسپۆڕای بەهێز ئەو دیاسپۆڕایە کە دەتوانێت بەرهەمهێنان ، هەڵسووڕان و بەکارهێنانی هێما و سەرچاوەکان لە چەندین وڵاتدا و لە یەک کاتدا بەڕێوەببات.” ڕەوەندی کوردی لە قۆناغی دیاسپۆڕایەکی تۆکمە و کاریگەردا نییە و چالاکییەکانی زیاتر لە ئاستی کردەی ڕۆشنبیری و میدیاییدایە نەک لە ئاستی ڕێکخستن و دامەزراوەییدا.
دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات لە پرۆسەی سەرهەڵداندایە و بەڵام لاوازە. ئەم دیاسپۆڕایە خۆراک لە ئازارە مێژووییەکان وەردەگرێت و بەڵام هێشتا ئەم ئازارانەی نەیگۆڕیوە بۆ یادەوەرییەکی هاوبەش و دامەزراوەیەکی پتەو.
لە ڕوانینێکی گشتی و وەک کارنامەیەک، بەهێزیی دیاسپۆڕای کوردی ڕۆژهەڵات لە دەرکەوتنە کلتوورییەکاندایە و لاوازییەکەشی لە ونبوون و بزربوونی ڕێکخستن و پێکهاتەدایە.
دیاسپۆرای کوردی ڕۆژهەڵات پێویستی بە یەکێتی و یەگرتوویی سیاسی ، پەروەردە، ڕێکخستن، دروستکردنی لۆبی بەهێز لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان و بەکارهێنانی ئامرازە مۆدێرنەکان بۆ پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە.

