بۆچی ململانێ لەناو سیستەمە پاوانخواز و تۆتالیتارەکاندا سەرهەڵدەدات؟ بنەماکانی ئەم ناکۆکی و کێشمەکێشانەی ناو ئەم سیستەمانە کامانەن؟ چۆن ئەم ململانێیانە پەرەدەسێنن و ئەنجامەکانی ئەم دۆخە دەسەڵات بەرەو چ ئاراستەیەک دەبەن؟
لە زانست و فەلسەفەی سیاسیدا یەکێک لەو تەوەرانەی کە زۆرترین قسە و لێکدانەوەی لەسەر کراوە، پرسی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و پاوانخوازەکانە. بەسەدان نامیلکە و کتێب لەسەر ئەم باسە بڵاوکراوەتەوە و لایەنە جیاجیاکانی شرۆڤە کراوە. لایەنێکی گرنگ لەچوارچێوەی ئەم دەسەڵاتانەدا دروستبوونی کێشمەکێش و ململانێی ناوخۆییە و چەندین تیۆری بەناوبانگ دەربارەی ئەم پرسە لەبەردەستدایە. بە گەڕانەوە بۆ ئەم تیۆر و گریمانانە دەکرێ لێکدانەوە بۆ ناکۆکییەکانی ناو ڕیزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دەسەڵاتێکی پاوانخواز و دیکتاتۆر بکەین و خاڵە گرنگەکانی باس بکەین. تووندتربوونەوەی ناکۆکی و ململانێی باڵەکانی کۆماری ئیسلامی دیاردەیەکی ڕوونی ئەم ڕۆژانەی ئێرانە و ئەم پرسە پێداویستی و زەروورەتی لێکدانەوەیەکی زانستیی لەمشێوە بەرجەستە دەکاتەوە.
گرنگترینی ئەو گریمانانەی کە لێکدانەوە بۆ بابەتی ناکۆکی نێوان باڵە جیاجیاکانی دەسەڵاتە پاوانخوازەکاندا دەکەن بریتیین لە : تیۆری دەسەڵاتداریی هاوپەیمانان، دیکتاتۆری تاکەکەسی و بەبنەماڵەیی کردنی دەسەڵات، پاوانکردنی بەناو کێبڕکێکان، سوووڕی ژیانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان و قەیرانی جێگرەوە و جێنشینی. لە گۆشەنیگای هەر یەک لەم پرسانەوە شیکردنەوەی بابەتەکە و بیرمەندانی پەیوەندیدار بەو باسانە دەکەین و هەوڵ دەدرێ لەو چوارچێوەدا لێکدانەوە بۆ کۆماری ئیسلامی و سرووشت و بنەماکانی ناکۆکی و کێشمەکێشەکانی نێوان لایەن و باڵە جیاجیاکانی ناو ئەو ڕژیمە بکرێت.
دەسەڵاتداریی هاوپەیمانان :
ئەم تیۆرە باس لەوە دەکات کە هەموو دەسەڵاتێکی پاوانخواز و دیکتاتۆر لەسەر ڕێککەوتن و هاوپەیمانییەک لە نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییە بەرژەوەندخوازەکان پێکدێت . هێزە ئەمنییەکان، هێز و گرووپە ئایینییەکان و بەشێک لە چین و توێژە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لەو گرووپانەن کە بناخە و بینای دەسەڵاتە تۆتالیتەر و پاوانخوازەکان پێکدێنن و هەتا ئەو کاتەی بەرژەوەندییەکانی ئەم گرووپانە پارێزراوبێت، کێشە و ململانێ لە ناو ڕیزەکانی دەسەڵاتدا درووست نابێ . بەڵام کاتێک دابەشکردنی سەرچاوەکان واتە دەسەڵات، پووڵ، ڕانت و ئیمتیازات لەسەر جێگەی خۆی نامێنێتەوە یان لە ئەگەری لاوازبوون، مردن یان نەخۆشکەوتنی سەرکردەی وڵات ئەم هاوپەیمانییە تووشی درزی ناوخۆیی دەبێت. لەم حاڵەتەدا هەر باڵ ، لایەن و فراکسیۆنێک هەوڵی چەسپاندنی پێگەی خۆی بۆ سەردەمی داهاتوو دەدات.
نوێنەرانی فیکریی ئەم تیۆرە بیرمەندانێکی وەک “گۆردۆن تولۆک” ، “مانکور ئۆلسۆن” ، “باربارا گێدێس” و چەندین بیرمەند و تئۆریسیەنی ترن و بەرهەمێکی زۆریان لەسەر ئەم چەمکە بڵاوکردۆتەوە.
بەپێی ئەم تیۆرە هەموو دەسەڵاتێکی تاکڕەو نەک لەسەر بەرژەوەندیی یەک تاکەکەس، بەڵکوو لەسەر بەرژەوەندیی کۆمەڵێک گرووپ و کۆمەڵێک دامەزراوە بونیات نراوە . هاوپەیمانیی ئەم گرووپانە لەسەر بەرژەوەندی هاوبەشە و تا ئەو کاتەی کە سەرچاوەکانی بەرژەوەندی لە جێگەی خۆیاندان، ناکۆکییەک لەئارادا نییە.
کاتێک هاوسەنگی نێوان گرووپەکانی ئەم هاوپەیمانییە تێکدەچێت و کۆتایی بە بەرژەوەندی و ئیمتیازات دێت، ناکۆکی و ململانێ ڕوو لە پێکهاتەی دەسەڵات دەکات.
لە چوارچێوەی ئەم گریمانەدا دەکرێ باس لەوە بکرێ کە کۆماری ئیسلامی بەرهەمی یەکگرتن و هاوپەیمانیی نێوان چەندین گرووپی وەک ڕێبەر و دامەزراوەکانی سەر بە ڕێبەری واتە دەسەڵاتی ئایینی و ئیدئۆلۆژیک، سوپای پاسداران و دامەزراوە ئەمنییەتیەکان واتە دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنییەتی، دەزگای برۆکراتیکی حکوومەتی و دەستبژێرەکانی حکوومەت واتە دەسەڵاتی ئیداری و جێبەجێکار و دوایین گرووپیش بەشێک لە بازاڕ واتە دەسەڵاتی ئابووریین.
خامنەیی لە دەیەکانی ڕابردوودا بە شێنەیی دەستی خستۆتە ناو ئەم هاوسەنگییە سوننەتییە و ئەم هاوسەنگییەی بە قازانجی بەرژەوەندییەکانی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکان تا ڕادەیەک تێکداوە و بەشێکی زۆر لە کۆمەڵناسانی ئێرانیش زیادبوونی ناکۆکییەکانی ناو کۆماری ئیسلامی بۆ ئەم بابەتە دەگەڕێننەوە .ئەوان لەو بڕوایەدان کە خامنەیی سوپای پاسدارانی بە ئەکتەرێکی باڵادەستی ئابووری و سیاسی گۆڕیوە و هەر بۆیە بەشێک لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکانی ناو سیستەم هەست بە دوورخستنەوە دەکەن. لە ئەنجامدا هاوپەیمانی دەسەڵاتدار لە “هاوپەیمانی بەرژەوەندی هاوبەش”ەوە بۆ “کێبڕکێ بۆ مانەوە” گۆڕدراوە و تەنانەت دەکرێ بەشێک لە فەلسەفەی شکڵگرتنی ئیسڵاح تەڵەبانی حکوومەتیش بەم فاکتەرەوە گرێ بدەینەوە.
دیکتاتۆریەتی تاکەکەسی و بەبنەماڵەییکردنی دەسەڵات :
لەو سیستەمانەی کە دەسەڵات لە دەوری سەرکردەیەکدا دەسوڕێتەوە و سەرکردە دەبێتە سەنتەر ، هەموو دامەزراوەکانی وڵات وردەوردە لە کەسایەتی و پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان دادەماڵڕێن. کاتێک سەرکردە لە لێواری جێهێشتن یان مردندایە، باڵ و فراکسیۆنە ڕاگەیاندراو و ڕانەگەندراوەکانی سەر بە دەسەڵات دەکەونە جوڵە ، ئەم تیۆرە ناکۆکی و ململانێی نێوان گرووپ و تاکەکانی دەسەڵات بە داڕمان و ماندووبوونی ڕژێم پێناسە دەکات .
نوێنەرانی فیکری ئەم تیۆرە کەسانێکی وەک “جێنیفر گاندی” ، “میلان ئۆسوالیک”، “جێسیکا ویکز” و چەند بیرمەندێکی ترن. بەپێی ئەم تیۆرە لە زۆرێک لە ڕژێمە تاکڕەو و دیکتاتۆرەکاندا، دەسەڵاتی سیاسی بە تێپەڕبوونی کات لە دامەزراوەکانەوە دەگۆڕدرێت بۆ سەرکردە. لەم حاڵەتەدا سەرکردە لەبری ئەوەی دامەزراوەکانی وڵات بنیات بنێت، لە ڕێگەی کۆکردنەوەی خەڵکانی وەفادار ، کەس و کاری بنەماڵە و کۆنترۆڵکردنی ئەمنیەتییەوە حوکمڕانی دەکات .
کاتێک ئەم سەرکردانە لاواز یان نەخۆش دەکەون، لەبەر نەبوونی پێکهاتەی بەدیل، سیستەم دەچێتە ناو قەیرانەوە. کێبڕکێ لە نێوان وەفادارن و کەس و کاری سەرکردە دەست پێدەکات و دەبێتە هۆی ناکۆکیی بەرفراوان .
لە نموونەی ئێراندا و لەم سۆنگەوە دەکرێ باس لەوە بکرێ کە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا، خامنەیی بە نەهێشتنی پیاوانی ئایینی ڕەخنەگر و دامەزراوە سەربەخۆکان، سیستەمی کۆماری ئیسلامیی شەخسی سازی کردووە و هەر بۆیە بەپێی ئەم ڕوانگە مردنی خامنەیی دەتوانێ قەیرانی پێکهاتەیی لە ڕژیمدا درووست بکات.
پاوانکردنی کێبڕکێ :
لەم گریمانەدا باس لەوە دەکرێ کە بەشێک لە سیستەمە سیاسییەکان، بە ڕێکخستنی کۆمەڵێک کاڕنەواڵی وەک هەڵبژاردن وا نیشان دەدەن کە پابەند بە دیموکراسی هەن و بەڵام لەڕاستیدا نە شتێک بەناوی هەڵبژاردنی ڕاستەقینە هەیە و نە دەسەڵات لە دەست خەڵکدایە.
لەم شێوازەدا جیاوازییەکانی بەرژەوەندیی ناو ڕیزەکانی دەسەڵات لە فۆرمی ململانێی باڵەکان لە بەناو هەڵبژاردنەکاندا خۆی دەردەخات و لە بارودۆخەکانی وەک قەیرانی مەشرووعییەت یان جێنشینی ، ڕکابەرییەکان لە کۆنتڕۆڵ دەردەچن و دابەشبوونی نێوان ڕیزەکانی دەسەڵاتی لێدەکەوێتەوە.
ناسراوترین بیرمەند و نوێنەرانی فیکری ئەم بابەتە کەسانێکی وەک “ستیڤن لیڤیتسکی” و “لۆکان ئا وەی” ن.
ئەم تیۆرە باس لەوەدەکا کە لە هەندێک دەسەڵاتی پاوانخوازدا کۆمەڵێک دامەزراوەی وەک هەڵبژاردن و پەرلەمان و میدیا بوونیان هەیە ، بەڵام بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو و نادادپەروەرانە. لەڕواڵەتدا کێبڕکێ هەیە، بەڵام ئەم کێبڕکێیانە لە چوارچێوەی باڵەکانی ناو سیستەم و لە گۆڕەپانێکدان کە کەسی یەکەمی دەسەڵات دیاریی دەکات.
لەگەڵ لاوازبوونی کۆنترۆڵکردن یان زیادبوونی فشارە کۆمەڵایەتییەکان، ئەم سیستێمانە ڕەنگە بگوازرێنەوە بۆ ستەمکارییەکی ڕەها و هەندێک جاری دەگمەنیش کرانەوەی لێدەکەوێتەوە .
ئەم تیۆرە زۆر بەباشی ئەتوانێ بارودۆخی کۆماری ئیسلامی و ناکۆکییەکانی ناو دەسەڵاتی ئێران ڕاڤە بکات. لە ئێراندا بەڕواڵەت هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و پەرلەمانی ڕێک دەخرێن و بەڵام کێبڕکێکان لە چوارچێوەی کەسانی ناو سیستەمدایە و هەندێک جاریش تەنانت لەم چوارچێوە بەرتەسکەشدا دەستکاری لە ئەنجامەکاندا دەکرێ و ئەنجامەکان دیاری دەکرێن.
بەپێی ئەم ڕوانگە لە کاتی قەیرانەکاندا ڕەنگە باڵەکان لە چوارچێوە فەرمییەکان بترازێن و ئەم میکانیزمە بۆ ململانێیەکی ڕاستەقینە بگۆڕن. لەم حاڵەتەدا یان دەسەڵات بەرەو کرانەوە و لانیکەمەکانی دیموکراسی هەنگاو دەنێت، یان ئەوەی کە بەرەو دیکتاتۆرییەکی ڕەها دەچێت.
بۆ نموونە لە ئێراندا بە گەڕانەوە بۆ ئەم تیۆرە ئەکرێ بووترێ کە بۆ چەندین دەیە تا هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٩٦ کۆماری ئیسلامی هەڵبژاردنی کۆنتڕۆڵکراوی بۆ خاڵیکردنەوەی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنا و بەڵام دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ و داڕمانی مەشرووعییەتی گشتی، ڕژیم نەیتوانی ئەم هاوسەنگییە بپارێزێت. لەو کاتەوە میکانیزمەکانی کێبڕکێی ناوخۆیی بێکاریگەر بوون و هەربۆیە کێبڕکێکانی بەناو هەڵبژاردن بە کۆمەڵێک ناکۆکی و ململانێی وەک بڵاوکردنەوەی فایل و بەڵگەنامە گۆڕدراوە و زۆر کەس بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆژانەی وێنەکانی ڕێوڕەسمی زەماوەندی کچەکەی شەمخانی لەم چوارچێوەدا دەبینێت.
بەپێی ئەم تیۆرە ڕێژیمی ئێران لە قۆناغی “پاوانکردنی کێبڕکێ” تێپەڕیوە و هەربۆیە ناکۆکییەکانی ئێستای باڵەکان دەتوانن کۆماری ئیسلامی بە تەواوی لاواز بکەن.
تیۆری سووڕی ژیانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان
بە گوێرەی ئەم تیۆرە و لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانی “ساموێل فاینەر” و “خوان لینز” ، دەسەڵاتە پاوانخوازەکان چوار قۆناغ تێدەپەڕێنن و ئەم چوار قۆناغە بریتین لە بونیادنان و شکڵگرتن، بەدامەزراوەییکردن و باڵغ بوون، هەڵوەرین و داتەپان و لە دوایین قۆناغیشدا یان چاکسازی دێتەئاراوە یان ڕوخان ڕوودەدات.
بەپێی ئەم تیۆرە کاتێک ڕژیم دەگاتە قۆناغی سێهەم، ئیتر باڵە ناکۆکەکان لەسەر ئایدۆلۆژیا شەڕ ناکەن و ململانێ و شەڕەکان لەسەر مانەوە و پشکی ئەوان لە جێنشینیدا دەبێت.
بە تێگەیشتن لەم تیۆرە و قۆناغە جیاوازەکان دەکرێ بووترێ کە کۆماری ئیسلامی لەم قۆناغەدایە ، بەوپێیەی کە دامودەزگاکانی حکوومەت کۆن بوون، مەشرووعییەت و پێگەی کۆمەڵایەتیی حکوومەت لاواز بووە و گرووپ و باڵە جیاجیاکانی زیاتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان دەکەونە ململانی نەک بۆ ئایدۆلۆژیای فەرمیی حکوومەت. ئەگەر ئەم لێکدانەوە لەسەر جێی خۆیدا بێ کۆماری ئیسلامی یان دەبێت دەست بۆ جاکسازیی ڕیشەیی ببات و ڕیفۆرم ئەنجام بدات یان دەبێ وردە وردە بچێتە قۆناغێکی گواستنەوەی ئیجباری و ڕووخانەوە.
قەیرانی جێنشینی
لەو دەسەڵاتانەی کە سەرکردە دەبێتە سەنتەر ، نەبوونی میکانیزمێکی ڕوون بۆ جێگرەوە و جێنشینی، دەبێتە گرنگترین هۆکار بۆ ململانێی ناوخۆیی.
یەکێتی سۆڤیەتی پاش ئیستالین و چینی دوای مائۆ باشترین نموونەی مێژوویی لەم چوارچێوەدان.
لە هەردوو نموونەکەدا قەیرانی جێنشینی بووە هۆکار بۆ ناکۆکی بەربڵاو و ئەنجامەکەشی بە تەسفیەی گەورە لەو دوو وڵاتەدا کۆتایی هات.
“تیمۆسی فرای” یەک لەو بیرمەندانەیە کە کارێکی زۆر و لێکۆڵینەوەی بەرچاوی لەم بوارەدا ئەنجام داوە. بە پێی ئەم تیۆرە لە سیستەمە پاوانخوازەکاندا، سەردەمی ناکۆکی بۆ جێنشینی چرکەساتێکی مێژوویی و مەترسیدارە. لەم قۆناغەدا باڵە ڕکابەرەکان دەکەونە هەوڵ بۆ ئەوەی یان کۆنتڕۆڵی جێنشینی بکەن یان ئەوەی کە ڕکابەرەکانیان لە گۆڕەپانی کایەکە وەدەرنێن. زۆرجار لەم پێکدادان و بەریەککەوتنانەدا ڕووخانی ڕژێم یان چاکسازی ڕوودەدات.
پرسی “دوای خامنەیی” ڕێک لە چەق و ناوەڕۆکی ئەم تیۆرەیەدایە. نەبوونی کاریزمایەک و نەبوونی کۆدەنگی لەسەر جێنشینێک، کێبڕکێ و ململانێی نێوان سوپای پاسداران و باڵە ناکۆکەکانی زیاد کردووە و ئاسەوار و نیشانەکانی ئەم ململانێ و ناکۆکییانە بەباشی دەبیندرێت. لە کۆماری ئیسلامیدا هەموو نیشانەکانی قەیرانی جێنشینی بەدی دەکرێت و تەنانەت هەندێک جار ئەم پرسە دەگاتە زمانی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕژیم و بۆ نموونە ڕێکلام کردن بۆ موجتەبا خامنەیی لێدەکەوێتەوە.
بە پشتبەستن بەم پێنج تیۆرە دەکرێ بڵێین کۆماری ئیسلامی لە قۆناغێکدایە کە لە ناو ڕیزەکانیدا بەرەوڕووی تێکچوونی هاوسەنگی لە هاوپەیمانەکانی ڕابردوویدا بۆتەوە ، کێشەی دەستنیشانکردنی جێگرەوە و جێنشینی هەیە و لە ئاستی کۆمەڵایەتیشدا مەشرووعییەت و پێگەی کۆمەڵایەتیی لەدەست داوە. لە کۆمەڵناسیی سیاسیدا بە دۆخێکی لەوشێوە دەڵێن “قۆناغی ئیکسپایەربوون و بەسەرچوونی وادەی حوکمڕانی تاکڕەوانە.” لەم قۆناغەدا، یان دەبێت کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی چینی پاش مائۆ چاکسازیی کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەنجام بدات ، یان هاوشێوەی سۆڤییەت بەرەوڕووی ڕوخان و لەناوچوون بێتەوە ، سۆڤییەتێک کە لەکاتی خۆیدا ڕیفۆرمی ئەنجام نەدا و هیچ دەرفەتێکی ڕاستەقینە بۆ “گلاسنۆست” و “پرسترۆیکا” نەما.

