By using this site, you agree to the Privacy Policy and Terms of Use.
Accept
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
ئاگاداری
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
خوێندنەوە: دیالێکتیکی سزا و هێز لە تیۆرەکانی فۆکۆ :ئێران وەک نموونە
هاوبەشکردن
Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
Aa
  • دەستپێک
  • هەواڵ
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Search
  • دەستپێک
  • هەواڵ
    • کوردستان
    • ئێران
    • جیهان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • هاوپەیمانییەکان
    • ناوەندی هاوکاری ‌‌حیزبەکانی کوردستانی ئێران
    • هاوپەیوەندی بۆ ڕزگاری و یەکسانی لە ئێران
  • بەڵگەنامەکان
  • داوای ئه‌ندامیه‌ت
  • پەیوەندی
Have an existing account? Sign In
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Komala Party of Iranian Kurdistan > Blog > وتار > دیالێکتیکی سزا و هێز لە تیۆرەکانی فۆکۆ :ئێران وەک نموونە
وتار

دیالێکتیکی سزا و هێز لە تیۆرەکانی فۆکۆ :ئێران وەک نموونە

KomalaMedia
دوا ئاپدەیت: 2025/08/28 at 8:26 PM
KomalaMedia
هاوبەشکردن
11 خولەک بۆ خوێندنەوە
هاوبەشکردن

زیاتر لە سەد کەس لە گۆڕەپانێکی گەورەی تاراندا کۆبوونەوە و خۆیان بۆ بینینی شانۆیەکی ترسناکی سەرشەقام ئامادە دەکەن. دوای چەند خولەکێک گەنجێکی چاوبەستراوی گەمارۆدراو لەلایەن چەند چەکدارێکەوە، دەهێنرێتە گۆڕەپانەکە و بە ڕێکخستنی کەرنەڤاڵێکی دڕندانە بەردبارانکردنی گەنجەکە بەڕێوەدەچێت. ئەم چیرۆکە، هاوشێوەی هەمان چیرۆکی بەشی یەکەمی کتێبی “ چاودێری و سزای”ی میشل فۆکۆیە. چیرۆکێک کە بەسەرهاتی ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانی دڕندانەی “رۆبێرت فرانسوا”.دەگێڕێتەوە. ڕۆبێرت بەهۆی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی پادشای فەڕەنسا لە ڕێوڕەسمێکی گشتی و پڕ لە ئازاردا ئەشکەنجە و دواتر لە سێدارە درا. بەپێی لێکدانەوەی فۆکۆ ئەوەی ڕوویدا نەک میکانیزمێکی دادوەری بەڵکوو شانۆیەک بۆ ترساندنی خەڵک و دووبارەبەرهەمهێنانەوەی نمایشکردنی هێمەنە و ئۆتۆریتەی دەسەڵات بوو.

فۆکۆ لە کتێبی “چاودێری و سزا: لەدایکبوونی زیندان”دا پرۆسەی مێژوویی سزا پۆلێنبەندی دەکات و ئەم مێژووە بەسەر سێ قۆناغدا دابەش دەکات. فۆکۆ ئەم پرۆسە مێژووییە و گۆڕانکارییەکان بە ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە گەورەکان لە دینامیزمەکانی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و میکانیزمەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکات. قۆناغی یەکەم قۆناغی ڕێکخستنی ڕێوڕەسم و نمایشکردنی سزادانی تاوانبار لە شوێنە گشتییەکان بوو. لەم قۆناغەدا لەبەر چاوی خەڵکدا ئەشکەنجەکردن، پارچەپارچەکردن و لەسێدارەدان ئەنجام دەدرا تا دەسەڵاتی خاوەن شکۆ بە نمایشتکردنی جەستەی سزادراو هێزی خۆی بە جەماوەر نیشان بدات. ئەم ڕەفتارانە نمایشکردنی شانۆی هەیمەنەی دەسەڵات لە فەزای گشتیدا بوو. قۆماغی دووهەم بووە قۆناغی دیسپلین تەوەری. لە سەدەی ١٨ بەدواوە سزادانی تاوانبار لە شوێنە گشتییەکاندا هەڵگیرا و بۆ ناو گرتووخانە و دامەزراوە بەدیسیپلینەکانی وەک پادگان، قووتابخانە و ناوەندەکانی پیشەسازی گواسترایەوە. لەم قۆناغەدا چاکسازی و کۆنترۆڵکردنی دەروون بەبنەما دەگیردرێت و لە فۆرمی تووندوتیژییە جەستەییەکانەوە بۆ ئازاردانی ڕۆح و دەروونی تۆمەتباران دەگۆڕدرێت. دوایین قۆناغ قۆناغی چاودێریی کۆمەڵایەتییە و دەسەڵات بە کۆمەڵێک ئامرازی وەک “پانۆپتیکۆن” هێز و هەیمەنەی دەکاتە بابەتێکی بەردەوام و هەمیشە ئامادە. فۆکۆ لە پرسی بەکارهێنانی دەستەواژەی “پانۆپتیکۆن”دا ئاماژە بەوە دەکات کە لە دوایین قۆناغدا دەسەڵات چیتر پێویستیی بە چاودێریکردنی فیزیکی و ڕاستەوخۆ نامێنێ. تاکەکان نازانن کە چاودێری دەکرێن یان نا و گریمانەی ئەوە دەکەن کە هەمیشە لەژێر چاودێریدان و هەر بۆیە خۆیان، لەلایەن خۆیانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن. فۆکۆ باس لەوە دەکات کە کۆمەڵگا مۆدێڕنەکان بوونە کۆمەڵگاکانی “پانۆپتیکۆن”. ئەم هێزی دیسیپلینە لە هەموو شوێنێکدا هەیە و لە ڕێگەی تەکنیکەکانی وەک پشکنین و چاودێرییەوە بەشێوەیەکی شاراوە و کاریگەر باندۆڕ لەسەر ڕەفتاری تاکەکان دادەنێت. لە ئەنجامدا تاکەکان بە شێوەیەکی نائاگایانە خۆیان لەگەڵ نۆرمەکانی کۆمەڵگادا دەگونجێنن. بەمشێوە و بەبێ ئەنجامدانی تووندوتیژیی جەستەیی و نمایشکردنی گشتی، هێزی دەسەڵات پراکتیزە دەکرێت.

ئێرانی ئەمڕۆ لە دەرەوەی پۆلێنبەندییە مێژووییەکەی میشل فۆکۆیە و ئەوەی لە ئێراندا ڕوودەدات تێکەڵاوێکە لە قۆناغی پێش سەدەی هەژدەهەمی ئەورووپا و دوایین قۆناغی جێگەی ئاماژەی فۆکۆ. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەم ئێعدام لە گۆڕەپانی گشتیدا ئەنجام دەدات و هەم لەڕێگەی درووستکردنی “پانیپتیکۆن” و چاودێریی بەردەوامەوە بەرەڕووی ئەم دۆسییە دەبێتەوە. لەسێدارەدان لە گۆڕەپانەکان، بەردبارانکردن و ئەشکەنجەدان هەمان ئەو ڕێۆڕەسمانەن کە فۆکۆ وەک تایبەتمەندییەکانی پێش سەدەی هەژدەهەمی ئەورووپا پێناسەی دەکات. کۆماری ئیسلامی جیا لە نمایشتکردنی ئەشکەنجەدان و ئێعدام، سیستەمێکی بەرفراوانی زیندان، دەستبەسەرکردن، لێپرسینەوەی درێژخایەن، چاودێریی دیجیتاڵی و کۆنتڕۆڵی ڕۆژانە بەڕێوەدەبات. ئەمە هەمان پێناسەی فۆکۆ بۆ قۆناغی مودێڕنی ئەورووپایە کە بریتییە لە کۆنترۆڵکردنی جەستە و دەروون لە ڕێگەی سیستەمێکی چاودێریی بەرفراوانەوە.

لە ئێراندا فۆرمەکانی دەسەڵاتداریی پێش مۆدێڕن و مۆدێڕن نەک بە شێوەیەکی هێڵکاری بەڵکوو لە یەک کاتدا و شانبەشانی یەکتر ڕێگە دەبڕن. بەپێی گێڕانەوەی فۆکۆ نمایشکردنی سزادان لە ئەورووپا تایبەت بە پێش لە سەدەی هەژدە بووە و بەڵام لە ئێراندا تا ئێستاش ئەم شێوازە لە سزادان بەڕێوەدەچێت.

بە لۆژیکی تیۆرەکانی میشێل فۆکۆ نمایشتکردنی ئاشکرای سزادان لە ئێران بەشێکە لە پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئیدئۆلۆژی، نەک هەر لە ئاراستەی ترساندن و تۆقاندن، بەڵکوو لەئاراستەی پێداگریکردنیش لە بەڕێوەچوونی شەریعەت و پارێزگاریکردن لە سیستەمی بەناو ئیلاهی!

هۆکارێکی تری بەردەوامبوونی ئەم ڕەفتارە، بێتوانایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کۆنتڕۆڵکردنی ورد و نهێنیی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگایە. ئەو کۆمەڵگایانەی کە خاوەنداری لە سیستەمێکی مۆدێڕنی بەدیسیپلین ناکەن، حکوومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کۆمەڵایەتی و بۆ قەرەبووکردنەوەی بزربوونی سیستەمی دیسیپلینی مۆدێڕن، پەنا بۆ تاکتیک و ئامرازە کۆنەکانی وەک نمایشکردنی سزادان دەبات..

بەشێکی گەورە لە بیرمەندانی فەلسەفە و سیاسەت وتار و نووسراوێکی زۆریان سەبارەت بەم تەوەرە و بەتایبەت سزادان و زیندان هەیە. بۆ نموونە هانا ئارێنت لە کتێبی سەرچاوەکانی تۆتالیتاریزمدا ڕوونی دەکاتەوە کە حکوومەتە تاکڕەوەکان نمایشتکردنی تووندوتیژی بە مەبەستی سوکایەتیکردن و سڕینەوەی بیرجیاواز بەکاردێنن. یان بیرۆکە سەرەکییەکانی وەک “دۆخی ئیستسنا” و “ ژیانی ڕووت”ی ئاگامبێن پەیوەندییەکی قوڵیان لەگەڵ پرسی سزا هەیە. ئاگامبێن دەڵێت کە لە “دۆخی ئیستسنا”دا حکوومەتەکان دەتوانن زۆر بە سانایی مافە بنەڕەتی و یاساییەکانی تاکەکان ژێر پێ بخەن و ئەوان بخەنە ناو دۆخی ژیانێکی ڕووتەوە. کوشتاری بەکۆمەڵی بەندکراوانی سیاسیی ئێران لە ساڵی شەست و هەشت باشترین نموونە لە ڕاگەیاندنی “دۆخی ئیستیسنا”یی و وەلانانی سەرجەم ئەو یاسانەش بوو کە خۆیان بڕوایان پێی هەبوو.

لەدایکبوونی زیندان

کتێبی “دیسیپلین و سزا: لەدایک بوونی زیندان”ی میشێل فۆکۆ گرنگترین بەرهەمی فۆکۆ دەربارەی سزا و چاودێرییە. ئەم کتێبە بەسەر چوار بەشی سەرەکیدا دابەشکراوە. فۆکۆ لەم بەرهەمەدا لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە شێوازەکانی سزادان لە سەدەی هەژدەهەمەوە تا سەردەمی مۆدێرن دەکات.

بەشی یەکەم بە گێڕانەوەی وردی لەسێدارەدان و ئەشکەنجەدانی دڕندانەی “ڕۆبەرت فرانسوا دامیان” لە ساڵی ١٧٥٧ دەست پێدەکات، دامیان بەهۆی هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی پاشای فەرەنسا لە ڕێوڕەسمێکی گشتی و پڕ لە ئازاردا لە سێدارە درا. فۆکۆ ئەم ڕووداوە بە نموونەیەک لە هێزی ڕەهای دەسەڵات پێناسە دەکات. لەم نموونە و لەم قۆناغەدا سزا نەک تەنیا بۆ سزادانی تاوانبار و بەرپابوونی دادپەروەری، بەڵکوو بۆ نیشاندانی دەسەڵاتی پاشا و ترساندنی خەڵک بەکاردەهێنرا. جەستەی تاوانبار دەبووە گۆڕەپانێک بۆ نمایشکردنی دەسەڵات و ئەشکەنجەدانیش جۆرێک لە ڕێوڕەسمی گشتی بوو بۆ دووبارە بەرهەمهاتنەوەی هێز و هەیمەنەی دەسەڵات.

لە بەشی دووهەمی کتێبەکەدا فۆکۆ باس لە گۆڕانی شێوازەکانی سزادان دەکات لە ئەشکەنجەدانی جەستەییەوە بۆ سزادانی “ڕۆح”. لەگەڵ سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم و پەرەسەندنی بزووتنەوە ڕێفۆرمیستییەکان، شێوازە بێڕەحمانەکانی ڕابردوو کەوتنە بەر ڕەخنە و دواجار وەلانران. ئامانجی سەرەکی ئیتر ئازاردان و تەماشاکردنی گشتی نەبوو، بەڵکوو کۆنتڕۆڵکردنی تاوانبار لەڕێگەی “چاکسازی” و “پەروەردەکردن”ەوە بوو. سزا بوو بە زانستێک و هەوڵ درا تاکی تاوانبار وەک ئەندامێکی بەسوود لەگەڵ کۆمەڵگادا تێکەڵ بکرێتەوە. لەم قۆناغەدا عەقڵ و ڕەفتاری تاک کرا بە بەردەنگی سزا و کۆتایی بە سزادانی جەستەیی هێنرا.

بەشی سێهەمی کتێبەکە کاکڵە و کۆکراوەی تیۆری فۆکۆیە. فۆکۆ لە سەرەتادا چەمکی “دیسیپلین” پێناسە دەکات و نیشانی دەدات کە چۆن ئەم سیستەمی کۆنترۆڵکردنە لە دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی وەک قوتابخانە، نەخۆشخانە، کارگە و سەربازخانەکاندا جێبەجێ دەکرێت. فۆکۆ باس لە کاریگەرییەکانی دیسیپلین دەکات و دەڵێت کە دیسیپلین جەستەکان “گوێڕایەڵ” دەکات و ئەمەش لەڕێگەی تەکنیکەکانی وەک چاودێریی هیرارشیکەوە ئەنجام دەدرێت ، فۆکۆ باس لە بیرۆکەی وەرگیراو لە “پانۆپتیکۆن” دەکات کە دیزاینێکی زیندانە و لەلایەن جێرمی بێنتامەوە وەک مەتافۆرێکی سەرەکی داڕێژرابوو. لەم دیزاینەدا پاسەوانێک دەتوانێت هەموو دەستگیرکراوانی زیندانی ببینێت، بەڵام کەس ناتوانێ لەوە ئاگادار بێت کە ئایا چاودێری دەکرێت یان نا. ئەم مۆدێلە بەرچاوڕوونی و هێمای دەسەڵاتی نەبینراو و بەربڵاوی کۆمەڵگا مۆدێرنەکان لەلایەن حاکمەوەیە. لەم قۆناغەدا بەردەنگ هەموو کۆمەڵگایە و جاودێریکردنی نهێنی لەلایەن دەسەڵاتەوە دەبێتە بەشێک لە ڕۆتینی ژیانی تاکەکان.

بەشی چوارەمی کتێبەکە بۆ پرسی زیندان دەستنیشان کراوە. لەم بەشەدا فۆکۆ بە وردی لە چییەتی و پێکهاتەی گرتووخانە دەکۆڵێتەوە. فۆکۆ دەڵێت کە زیندان تەنیا شوێنی سزادان نییە، بەڵکو دامەزراوەیەکە کە لە ڕێگەی دیسیپلینەوە گوزارشت لە بوونی خۆی دەکات. بەپێی لێکدانەوەکانی فۆکۆ، ئەنجامەکان پێچەوانەی بانگەشەکانن و زیندانەکان شکست دەهێنن لە چاککردنەوەی تاوانباران و تەنانەت تاوانباری مەترسیدارتریش بەرهەم دەهێنن. ئەو باس لەوە دەکات کە ئەم شکستە بەڕێکەوت نییە، بەڵکوو بەشێکە لە ئەرکی سەرەکیی زیندان. بەپێی تیۆری فۆکۆ زیندان ئامرازێکە بۆ بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی پرسی تاوانکاری لە کۆمەڵگادا و ئەمەش لە پێناوی پاراستنی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی هەرچی زیاتری چینە کۆمەڵایەتییە هەژار و کەم داهاتەکانە.

فۆکۆ بەو ئەنجامە دەگا کە “لەدایکبوونی زیندان” بە مانای ڕاستەقینەی وشە لەدایکبوونی سیستەمێکی نوێی دەسەڵاتە. ئەم سیستەمی دەسەڵاتە چیتر لە ڕێگەی نمایشکردنی توندوتیژی گشتییەوە کارناکات، بەڵکوو لە ڕێگەی کۆنترۆڵی نەبینراو و بەربڵاوەوە کاردەکات و لە ڕێگەی دامەزراوە بەدیسیپلینەکانی وەک زیندان، قوتابخانە و کارگەکانەوە بەڕێوەدەچێت. سزادان لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکان نەک هەر کردەوەیەکی دادوەرانە، بەڵکو تەکنەلۆژیایەکی سیاسیشە بۆ بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی مەعریفە و هێز. بەپێی ئەم ڕوانگە زیندان دەبێتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵکردنی دانیشتووانی کۆمەڵگا. فۆکۆ لەم کتێبەدا نیشان دەدات کە گۆڕینی شێوازی سزادان لە ئەشکەنجەدانەوە بۆ زیندان نیشانەی مرۆڤدۆستبوون نییە، بەڵکو نیشانەی بەرهەمهاتن و لەدایکبوونی ئامرازێکی فرەڕەهەند و کاریگەرترە بۆ دەسەڵاتداری و کۆنترۆڵکردن.

فۆکۆ لە کۆتایی کتێبەکەیدا دەگاتە ئەنجامێکی شۆڕشگێڕانە و باس لەوەدەکات کە گۆڕینی شێوازی سزادان لە ئەشکەنجەدانەوە بۆ زیندانیکردن، ڕەفتار و تێڕوانینێکی ئەخلاقی نەبوو، بەڵکوو “تەکنۆلۆژیایەکی سیاسی” بۆ مومارەسەکردنی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی جەستە و دەروونەکان بوو. ئەو پێی وایە گۆڕان لە ئەشکەنجە دڕندانەکانی سەدەی هەژدەهەمەوە بۆ زیندانە “شارستانییەکان” لە ئاراستەی خزمەتکردن بە دەسەڵات و هێز بووە. لە ڕابردوودا دەسەڵات لە ڕێگەی نمایشکردنی توندوتیژی و تۆقاندنەوە کاری دەکرد، بەڵام لە سەردەمی نوێدا دەسەڵات بە شێوەیەکی شاراوەتر ، بەربڵاوتر و کاریگەرتر و لە ڕێگەی دیسیپلین و چاودێری بەردەوامەوە کاردەکات. فۆکۆ بەو ئەنجامە دەگا کە زیندان و سیستەمی دیسپلین نەک بۆ نەهێشتنی تاوان، بەڵکوو بۆ بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردنی زیاتری تاوان و دروستبوونی چینێکی کۆمەڵایەتی تاوانبار دروست کراوە. سیستەمی دادوەری و دیسیپلین بە درووستکردنی چینێکی تاوانبار ڕەوایی بە دەستەواژەی خەڵکی “ئاسایی” و “نائاسایی” دەدا و بەم بیانووە و لەم ڕێگەوە ئاسانکاری بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا دەکات. هەربۆیە لای فۆکۆ زیندان ئامرازێکی سەرەکییە بۆ پاراستنی نەزمی کۆمەڵایەتی و کۆنترۆڵکردنی گشتی لە کۆمەڵگا مۆدێرنەکاندا.

TAGGED: دیالێکتیکی سزا و هێز لە تیۆرەکانی فۆکۆ :ئێران وەک نموونە, کۆمەڵە
KomalaMedia 2025/08/28
بڵاوکردنەوە ئەم بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
Facebook Twitter Copy Link Print
بابەتی پێشتر بەشداری شاندێکی کۆمەڵە لە “کۆنگرەی هاوپەیمانی سۆشیال دیمۆکرات بۆ ولاتانی عەڕەبی” لە سلێمانی
بابەتی دواتر هێرش بەرەو ڕووناکی

لە تویتێرەوە

Komala Party of Iranian  KurdistanKomala Party of Iranian  Kurdistan
کۆمەڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
© 2022 ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?