ژولیا کریستوا فەیلەسوف، دەروونشیکار، فێمنیست، ڕەخنەگری ئەدەبی و ڕۆماننووسێکی بولغاری-فەڕەنسییە کە لە ساڵی ١٩٤١ لە بولغارستان لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٦٦ بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕووی لە فەڕانسە کردووە و هەرلەوێش بۆتە مامۆستای زانکۆی پاریس. کریستوا خاوەنی چەندین تیوەر و کتێبی بەناوبانگە و بە یەکێک لە پێشەنگەکانی پۆست-ستراکتورالیزم دادەنرێت. پۆست-ستراکتورالیزم واتایەکی فەلسەفی، سیاسی و کلتوورییە کە لە هەناوی پرۆسەیەکی ڕەخنەگرانە لە مۆدێڕنیزم هاتۆتەدەرەوە و بەپێچەوانەی مۆدێڕنیزم پێداگری لەسەر هەمەڕەنگی، شکانی پێکهاتە پتەوەکان و قبوڵکردنی فرەیی دەکات. لە پۆست-ستراکتورالیزم گرنگی بە ڕەخنەگرتن لە پێکهاتەکانی دەسەڵات، پاراستنی فرەچەشنی، قبوڵکردنی جیاوازییەکان و گرنگیدان بە شوناسەکان دەدرێت.
کریستوا واتای “سیمبۆلیک” و “سیمیۆتیک”ی وەک داهێنانێک لە هەناوی زمانەوانیدا دەرکێشا و بۆ بوارەکانی تری گواستەوە. لە تیوەری کریستوا ئەم دوو چەمکە تەنیا تایبەت بە زمان و زمانەوانی نین و هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگا دەتەنێتەوە و چوارچێوەیەکی شیکارانەی زۆر بەرفراوان لەخۆ دەگرێ. “سیمبۆلیک” ئەوەیە کە ڕێکوپێکی و پێکهاتە بە هەموو لایەنەکانی ژیانمان دەبەخشێت و “سیمیۆتیک” هێزێکی داهێنەر و بەرهەڵستکارە کە بەرەوڕووی ئەم نەزمە دەبێتەوە. ئەم ناکۆکی و ململانێ بەردەوامە لە هەموو لایەنەکانی بوونماندا کایە دەکات، لە زمان و هونەرەوە هەتا سیاسەت و تا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. کریستوا پرسی “سیمبۆلیک” و “سیمیۆتیک” ی لە کتێبی “ شۆڕش لە زمانی شێعردا” Revolution in Poetic Language فڕموولە کرد و ئەم بابەتەی کردە کاکڵەی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکانی. کتێبەکەی کریستوا لەژێر کاریگەریی بەرهەمەکانی “فڕۆید” و “لاکان”دایە و لە ساڵی ١٩٧٤دا بڵاوبۆتەوە.
“سیمیۆتیک” و “سیمبۆلیک”ی ژولیا کریستیوا لەو چەمکە سەرەکیانەیە کە دەتوانرێت بە شێوەیەکی زۆر بەربڵاو بۆ شیکردنەوەی کۆمەڵگای ئێران کەڵکی لێ وەربگیردرێت. ئەم دوو چەمکە ئاماژەن بۆ دوو لایەنی جیاواز و لە هەمان کاتدا بەیەکەوەگرێدراوی زمان، پێکهاتەی دەروونیی مرۆڤەکان و بوارەکانی تری وەک دەسەڵاتداری لە کۆمەڵگای ئێران.
“سیمبۆلیک” لەبنەڕەتدا ئاوەڵناو بۆ شتێکە کە هەڵگری ڕەمز و مانا بێ و لە تێفکرینی کریستیوا هاوکات بریتیشە لە دیسیپلین ، یاسا و پێکهاتە. لەم پێناسەدا “سیمبۆلیک” پەیوەستە بە باوک ، یاسا و پێکهاتە هەرەمییەکانی دەسەڵات و ڕێگەمان پێدەدات بە شێوەیەکی لۆژیکی و مانادار، جیهانی دەورووبەرمان بناسین و ڕاڤە بکەین. ئەمە دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی لە بوونێکی غەریزەییەوە بۆ بوونێکی کۆمەڵایەتی بگۆڕدرێین.
“سیمیۆتیک”یش میتۆد و خوێندنەوەی نیشانە، هێما و ماناکانە. هێما ئەتوانێ وشە، وێنە، ڕەنگ، ڕیتم، تۆن، مێلۆدی و نائاگایی بێت. ئەم پرسە پەیوەستە بە دایک، بە هەست، بە سۆز و بە غەریزەکانەوە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش زمان و پێش دروستبوونی سووبژەکتیڤیتە، واتە سەردەمی پەیوەندی کۆرپە لەگەڵ دایکدا. “سیمیۆتیک” لە زماندا وەک ڕیتمی شیعر، مێلۆدی، ڕستە، هەست و سۆزی نەگووتراو خۆی دەردەخات. کریستیوا “سیمیۆتیک” وەک هێزێکی داهێنەر و لە هەمان کاتدا تێکدەر دەبینێت کە بەردەوام بەرەوڕووی ڕێکخستن و پێکهاتەی “سیمبۆلیک” لە فەزاکانی دەروونی مرۆڤ و لە کۆمەڵگادا دەبێتەوە.
لە کۆمەڵگای ئێراندا “سیمبۆلیک” لە شێوەی پێکهاتە فەرمی و دامەزراوەییەکاندا دەبینرێت و ئەمەش بریتییە لە:
ئەلف- یاسا و ڕێسا فەرمییەکانی وەک یاساکانی دەسەڵات، ڕێسا کۆمەڵایەتیەکان و سیستەمە یاساییەکان.
ب- گوتارە فەرمییەکانی وەک گێڕانەوە مێژووییە ڕەسمییەکان، ئایدۆلۆژیا سیاسییە باڵادەستەکان و ئەدەبیاتی پشتگیریکراو لەلایەن دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەت.
پ- نۆرمە کۆمەڵایەتییە باڵادەستەکانی وەک داب و نەریت کە لە کۆمەڵگادا ئامادەبوونیان هەیە و بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کۆمەڵگادا قبوڵکراون.
ت-زمانی فەرمی وەک زمان و ئاخاوتنێک کە لەلایەن میدیای فەرمی و دامەزراوە پەروەردەییەکانەوە بەرەوپێش دەچێت و ئەرکەکانی بریتییە لە سڕینەوە یان گۆڕینی ئەو وشانەی کە دژایەتی ئەم گوتارە فەرمییە دەکەن.
بە واتایەکی تر “سیمبۆلیک” لە کۆمەڵگای ئێراندا، چوارچێوەیەکە کە هەوڵ دەدات هەموو شتێک لە فۆرمی ڕیزبەندی و پلەبەندییەکی دیاریکراودا دابنێت. هەر شتێک بکەوێتە دەرەوەی ئەم چوارچێوە، وەک هەڕەشە یان دیاردەیەکی “نایاسایی” دەبیندرێت و هەوڵ بۆ سڕینەوەی دەدرێت.
“سیمیۆتیک” له کۆمەڵگای ئێراندا له شێوەی بەرخۆدانی نهێنی و دەربڕینی داهێنەرانەدا خۆی دەردەخات و ئەویش بریتییە لە:
ئەلف- هونەر و وێژە ژێرزەمینییەکانی وەک شێعر، مۆسیقا و سینەما کە لە دەرەوەی چوارچێوە فەرمییەکان بەرهەم دێن و هەست و ئەزموونە قەدەغەکراوەکان دەردەبڕن. بۆ نموونە مۆسیقای ڕەپی ژێرزەمینی ئەو شیعرانە بەکاردێنێ کە ڕێزمان و قافیەی باو پەیڕەو ناکا، یان تابلۆکانی سەر شەقامەکان (گرافیتی) دەتوانن نموونەیەکی تری لەوشێوازە بن. ئەم هونەرانە بە ڕیتم و هەست بەرەوڕووی ڕێکخستن و لۆژیکی فەرمیی “سیمبۆلیک”ی حکوومەت دەبنەوە.
ب- زمانی خەڵکی ئاسایی و بەرهەمهێنانی نوکتە( جۆک)ی سیاسی: زمانی ئاخاوتنی خەڵکی سەرشەقام و دەربڕینی ڕۆژانە و ئەو نوکتانەی کە تەنزی سیاسی درووست دەکەن و لە یاسا فەرمییەکانی زمان تێدەپەڕن. ئەم زمانە بە دەربڕینی نیشانە و “سیمیۆتیک” ناڕاستەوخۆ ڕەخنەی خۆی لە “سیمبۆلیک”ی باڵادەست دەردەبڕێ.
پ- ئەزموونەکانی ژیان و جەستە بەرهەڵستکارەکان: ناڕەزایەتییەکانی شەقام بە ڕیتم ، دروشم و جووڵەی بەکۆمەڵ نموونەیەکی بەهێزن لە “سیمیۆتیک “. جەستە بەرهەڵستکارەکان بە بوونی خۆیان لەسەر شەقام، ڕێکوپێکی لە “سیمبۆلیک”ە کۆنتڕۆڵکراوەکان تێکدەدەن.
ت- گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و جل و بەرگی گەنجان: ئەو شێوازە جلوبەرگانەی کە سەرپێچی لە یاسا فەرمییەکان دەکەن، دەتوانرێت وەک بەرخۆدانێکی “سیمیۆتیک” بەرامبەر بە “ سیمبۆلیک” و هێما فەرمییەکانی حکوومەت ببیندرێت.
لە ڕوانگەی ژولیا کریستێوا کۆمەڵگەیەکی تەندروست ئەو کۆمەڵگەیە کە بەستێنی ململانێی بەردەوامی ئەم دوو هێزەیە. ئەو پێیوایە زاڵبوونی یەکجارەکیی “سیمبۆلیک” کۆمەڵگا بەرەو داخراوبوون و دیکتاتۆری پاڵ تیۆەدەنێ و بەدیوە پێچەوانەکەشدا کۆمەڵگایەک کە بەتەواوی نوقمی “سیمیۆتیک” بێ، ڕەنگە بکەوێتە ناو گێژاوی ئاژاوە و داڕمانەوە. لە کۆمەڵگای ئێراندا ئەم پێکدادانە دەبیندرێ. لە کاتێکدا “سیمبۆلیک” بە هەموو توانای خۆیەوە هەوڵی سەپاندنی نەزم، نۆرم و یاساکانی دەدات، “سیمیۆتیک” بەردەوام لە ڕێگەی هونەر، کولتوور، زمان و ناڕەزایەتییەکانەوە ململانێ دەکات و هەوڵدەدات فەزای نوێ بۆ دەربڕین بخولقێنێ. بەگەڕانەوە بۆ تئۆرییەکەی کریستیوا ئەم ململانێ بەردەوامە دەتوانێ یەکێک لە گرنگترین دینامیکەکانی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەی ئێراندا بێ.
لە کۆمەڵگا دیموکراتیکەکانیشدا دەربڕینی “سیمبۆلیک” و “سیمیۆتیک” لە هەموو فەزاکاندا ئامادەن و تیوەری کریستیوا نیشانی دەدات کە ئەم دووانە لە ململانەی بەردەوام دان، تەنیا جیاوازی لە کۆمەڵگا دیموکراتیک و کۆمەڵگا داخراوەکاندا لە چۆنیەتی بەڕێوەبردن و دەربڕینی ئەم ناکۆکی و ململانێیانەیە. لە کۆمەڵگا دیموکراتەکان “سیمبۆلیک” پێکهاتە و ڕێساکان دابین دەکات و بەشێوەیەکی کراوەتر لەگەڵ پرسی “سیمیۆتیک” مامەڵە دەکات.لە کۆمەڵگا دیموکراتەکان هەروەها یاسا و دامەزراوە فەرمییەکان بابەتێکی هەمیشەیی و ڕەها نین و وەک بابەتێکی “سیمبۆلیک” لەسەر پانتایی ڕەخنەگرانە و ریفۆرمیستیدا دادەڕێژرێن. لەم کۆمەڵگانەدا ئازادی ڕادەربڕین و سیستەمی دادپەروەرانەی سەربەخۆ ڕێگە بە خەڵک دەدات کە بەرەوڕووی یاساکان بنەوە و بیانگۆڕن. لەم کۆمەڵگانەدا پرسە “سیمبۆلیک”ەکان بە جێگەی ڕەتکردنەوەی نیشانە و “سیمیۆتیک”ەکان هەوڵ دەدەن فەزای نوێ بخولقێنن. بۆ نموونە لە ڕۆژاوا مۆسیقای ئێعترازی و هونەرە پێشڕەو و ئاوانگاردەکان بەرەوڕووی سەرکوت و بەربەست نابنەوە و وەک بەشێک لە گوتاری گشتی بەهەند وەردەگیرێن و تەنانەت ئەتوانن کاریگەری لەسەر سیاسەت و کلتووری گشتی دابنێن. لە کۆمەڵگا کراوەکان پرسە “سیمیۆتیک”ەکانی وەک مانگرتن و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەک مافی هاووڵاتی پێناسە دەکرێن و بەرەوڕووی ئاستەنگی نابنەوە. لێرەدا پرسە “سیمیۆتیک”ەکان داینەمۆی جوڵە و گۆڕانە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانن و کۆمەڵێک بزووتنەوەی وەک بزووتنەوەی فمنیستی ، ژینگەپارێزی و هەتادواتر لە دڵی پرسە “سیمیۆتیک”ەکانەوە سەریان هەڵێناوە و دواجار توانیویانە پرسە “سیمبۆلیک”ەکانی وەک یاسا و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕن.
جیاوازی سەرەکی ئەوەیە کە لە کۆمەڵگایەکی وەک ئێران (و زۆرێک لە کۆمەڵگا نادیموکراتییەکان) پرسە “سیمبۆلیک”ەکان فەرمانڕەوای ڕەهان و هەوڵ دەدەن سەرجەم پرسە “سیمیۆتیک”ەکان بسڕنەوە. ئەم سڕینەوە دەبێتە هۆی هەڵچوونی کتوپڕ و توندوتیژی، لەم حاڵەتەدا پرسە “سیمیۆتیک”ەکان ڕێگەیەک بۆ دەربڕینی خۆیان نادۆزنەوە و دواجار دەتەقنەوە. لە کۆمەڵگا دیموکراتەکاندا بەپێچەوانە ئەم دوو چەمکە له پەیوەندییەکی دیالکتیکی و دینامیکدان .”سیمبۆلیک” فەزا بۆ دەربڕینی “سیمیۆتیک” دەڕەخسێنێت و “سیمیۆتیک”یش لە بەرامبەردا بە ڕەخنە یارمەتیدەری پرۆسەکە دەبێت. ئەم پەیوەندییە هۆکاری سەرەکی داهێنانی کولتووری و دینامیزمی کۆمەڵایەتی و توانای ئەم کۆمەڵگایانەیە بۆ باشترکردنی خۆیان. بە واتایەکی تر لە دیموکراسییەکاندا ئەم گرژی و پێکدادانە وەک هێزێکی بنیاتنەر بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنرێت، نەک وەک هێزێک بۆ داڕمان و هەڵوەشانەوە.
تیۆری کریستیوا بە جۆرێک ڕەخنەیەکی دەروونشیکاری و زمانەوانی لە مارکسیزمیشە. لە ڕاستیدا کریستیوا و زۆرێک لە تیۆریستە پۆست-ستراکتۆرالیستەکان هەوڵیان داوە لە شیکارییە ئابووری و چینایەتییەکانی مارکس تێپەڕن.
ناکۆکی و پێکدادان داینەمۆی گۆڕان لە هەر دوو تیوەری کریستیوا و مارکسە و هەردووکیان مێژوو و کۆمەڵگا بە بەرهەمی ناکۆکی و پێکدادان دادەنێن. مارکس ناکۆکیی نێوان چیینە کۆمەڵایەتییەکانی بورژوازی و پڕۆلتاریا بە داینەمۆی گۆڕان و شۆڕشی کۆمەڵایەتی دادەنێ و کریستوا ناکۆکی و پێکدادانی نێوان “سیمبۆلیک” ( دیسیپلین، یاسا و گوتاری دەسەڵاتدار) و “سیمیۆتیک” ( وزەی ناخودئاگا، ڕیتم، هەست و جەستە) بە گۆڕان لە زمان و هونەر و پێکهاتە کلتووری و کۆمەڵایەتییەکان پێناسە دەکات. مارکس لەسەر بونیادی ئابووری و چیینە کۆمەڵایەتییەکان شیکاری و لێکدانەوە دەکات و خەباتی چینایەتی بە داینەمۆی مێژوو ناودەبات و کریستوا لێکدانەوە و شیکاری بە بونیادی دەروونشیکاری و زمان دەبەستێتەوە. کریستوا ناکۆکی لە شوناس، دەروون و زمان بە هەمان ڕادەی ئابووری بە گرنگ دەزانێ و پێیوایە مارکس تەنیا گرنگیی بە ڕەهەندی ئابووری داوە و لایەنەکانی دیکەی فەرامۆش کردووە . سەبارەت بە چەمکی شۆڕشی کۆمەڵایەتیش جیاوازی لە بیرکردنەوەی مارکس و کریستوادا هەیە. مارکس شۆڕش بە گۆڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕادیکاڵ پێناسە ئەکا کە کۆتایی بە کۆمەڵگای چینایەتی دێنێ و سیستەمی سۆسیالیستی بونیاد دەنێت. کەچی کریستوا شۆڕش بە “شۆڕش لە زمان” و گۆڕانی دەروونناسانە ناودەبات و پێیوایە گۆڕانی ڕاستەقینە لە ڕێگەی زمان، هونەر و شێوازی تێفکرینی ئێمەوە درووست دەبێت.
تەوەری “سیمیۆتیک” و “سیمیۆلیک” لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” یەکێک لە بابەتە هەرە سەرنجڕاکێشەکان بۆ شیکردنەوەی ئەم بزووتنەوەیە. ئەم بزووتنەوە بە کەڵک وەرگرتن لە نیشانە و هێماکان توانی لە ناڕەزایەتییەکی دیاریکراو لە دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی تێپەڕێت و ببێتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی بەرفراوان.
لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دروشمی یەکسانیخوازی بەرەوڕووی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان و یاساکانی کۆماری ئیسلامی بوویەوە و ئەم ڕوبەروبوونەوەش هەمان ڕوبەڕوبوونەوەی نێوان “سیمیۆتیک” و “سیمبۆلیک”ی جێگەی ئاماژەی کریستوایە. زۆرێک لە یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و کوردستان لەسەر نایەکسانی جێندەری بنیات نراون و ئەم نەریتانە ڕۆڵی ژن لە بنەماڵە و کۆمەڵگادا سنووردار دەکەن و حیجاب بە بەشێک لە شوناسی ئایینی و کولتووری ژنان پێناسە دەکەن. “ژن، ژیان، ئازادی” لەباری “سیمیۆتیک”ەوە ڕەنگدانەوەی داواکارییە بنەماییەکانی کۆمەڵگا بوو، یاساکانی کۆماری ئیسلامی و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانیش وەک نەزمی “سیمبۆلیک” بەردەنگی ئەم تەقابول و ڕوبەروبوونەوە بوون. لەم نموونەدا یاسای حیجابی زۆرەملی و رۆڵی نەریتیی ژن ڕەنگدانەوەی ئەم نزمە “سیمبۆلیک”ن کە دەسەڵات و پێکهاتەی کۆمەڵگا ڕادەگرن و درووشم و ڕەفتاری بەکۆمەڵی بزووتنەوەی ژیناش فۆڕمێکی باڵای “سیمیۆتیک”ە کە لە چوارچێوەی غەریزە، هەست، درووشم، جەستە، هونەر و زمانی شۆڕشگێڕانەدا خۆی دەردەخا و بە کۆمەڵێک ڕەفتاری وەک بڕینی قژ و سوتاندنی حیجابەکان ڕاستەوخۆ نەزمی “سیمبۆلیک” دەکاتە سیبل و بەردەنگ.