نەتەوە یەکە و پێکهاتەیەکی فرەچەشنە. دەیان و سەدان جۆری زاراوەی زمانی هاوبەش و داب و نەریت و جلوبەرگ و بیروئەندێشە و جیهانبینی، چەشنی ڕووبار دەڕژێنە ناو نیشتمانێکەوە و دەریای نەتەوە پێک دێنن. لە کۆمەڵگەیەکی زیندوو و پێشکەوتنخوازدا، هیچ تاقانەیەکی زاڵی بێڕکابەر بوونی نییە. زمانی دەوڵەمەندی کوردیی، بارستایی هەموو کوێستان و کێو و دۆڵ و پێدەشتەکانی زاگرۆس، زاراوەی جۆربەجۆری تێدایە. هەڵکەوتەی جوغرافی جیاواز، بە هەزاران کەلتوور و داب و نەریتی جیاوازی بەرهەم هێناوە و جلوبەرگی ڕەسەنی کوردیی، وەک ڕەنگاڵەی سروشتە ناوازەکەی کوردستانی گەورە، خاوەنی بێئەژمار ڕەنگ و مۆدێلی جیاوازە. هزر و ئەندێشە و جیهانبینی و سەرجەم ڕەهەندە جیاوازەکانی بیرکردنەوەی کۆمەڵگای کوردیی، بەقەد ژمارەی تاکەکانییەتی. هاوکات، کۆمەڵگای کوردیی یەکەیەکی نیشتەجێبوونی یەک چین و یەک توێژ، بە یەک جۆری بیرکردنەوە و یەک ڕوانگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و یەک ئیدئۆلۆژی دیارییکراو نییە. کورد وەک سەرجەم نەتەوەکانی دیکەی دنیا، سەرەڕای فرەڕەنگیی و فرەچەشنییەکانی، نەتەوەیەکە کە لە وڵاتی فرەنەتەوەی ئێراندا دەژیت. کاتێکیش تەنیا نەتەوەیەک خاوەنی پێکهاتەیەکی هێندە فرەچەشن و جیاجیایە، جوغرافیا و وڵاتێکی پان و بەرین و فرەنەتەوەی وەک ئێرانیش دەبێ هەڵگری قەوارەیەکی زۆر جیاوازتر و فرەچەشنتر و ڕەنگاوڕەنگتر بێت.
فرەچەشن بوون لە زاراوە و جلوبەرگ و داب و نەریت و بیروبۆچوونی تاکەکانی نەتەوەیەک، بە مانای پەرتەوازیی و لێکدابڕان و تێکهەڵچوون و ململانێی ناوخۆیی نییە. لەبەرئەوەی هۆکارگەلی گەورەتر و بنچینەییتر هەن کە سەرەڕای ئەم جیاوازییە ڕووکەشییانە، تاکەکانی نەتەوەیەک بەیەکەوە دەبەستنەوە. نیشتمانی دایک، زمانی دایک و جل و بەرگی ڕەسەن و بەرژەوەندیی هاوبەش و هاوچارەنووسیی و سەرجەم ئەو جیهانبینی و هەڵوێست و تێکۆشان وهەست و سۆزە هاوبەشانەی کە لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆی نەتەوەکە دان و لەپێناو پاراستن و ژیان و بەردەوامبوونیدا لەگەڕ دان، بناغەکانی یەکڕیزیی و یەکگرتوویی نەتەوە پێک دێنن. واتە کۆمەڵێک هێمای گشتیی و نیشتمانی و نەتەوەیی هەن کە لە هێما ناوچەیی و پیشەیی و حیزبی و گروپییەکان گەورەترو بەهێزترن و سەرەڕای سەرجەم جیاوازییەکان، دیسانیش ڕێکخەر و کۆکەرەوەن.
دەتوانین بە ڕاشکاویی بڵێین کە لەیەک تێگەیشتن و ڕێزی دوولایەنە، بەردی بناغەی ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی تەبایی و بەیەکەوەژیانی تاک و چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگایەکن. واتە تاکەکان بە گشتیی و دەستە و گروپ و لایەنەکان بەتایبەتی، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیرو هاوتەبایی، لەلایەکەوە پێویستییان بە پێناسەکردنی خۆی ڕاستەقینە و لەلایەکی دیکەشەوە قەبووڵکردنی غەیری خۆ بەوجۆرەی کە هەن نەک بەو شێوازەی کە دڵخوازی خۆیانە، هەیە. لەوەها دۆخێکدایە کە دەرفەتی ژیانێکی ئازاد و بەرابەر و هەلی پێشکەوتن بۆ سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگا دابین دەبێت.
گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیری کۆمەڵایەتی بۆ خوڵقانی دۆخی تەبایی و یەکڕیزیی و یەکگرتوویی نەتەوەیی قۆناغێکی ساکار و دەستکەوتێکی ئاسان نییە و پێویستیی بە بەرنامە وهەوڵی بنچینەیی و درێژخایەن و جیددییە کە لە پەروەردەی بنەڕەتی و گشتیی و سیستەمێکی گونجاو و کاراوە دەستپێدەکات و لەڕێگای پرۆژەیەکی زانستیی و ستراتیژیکەوە بەناو هەموو جومگەکانی کۆمەڵگادا ڕۆدەچیت. ئەرکی سەرەکیی وەها سیستەم و پرۆژەیەکیش خوڵقاندن و پەرەدان بە کەلتوور و فەرهەنگی لەیەک تێگەیشتن و یەکتری قەبووڵکردن و ناسینی مافی خۆ و ڕێزگرتن لەمافی ئەوانی دیکە و پێناسەکردنی هێما و بەرژەوەندییە گشتیی و نەتەوەییەکان و بەرز و پیرۆزکردنی خۆشەویستیی ژینگە و سروشت و نیشتمانی دایک و دەستنیشانکردن و شرۆڤەی ئامانجە سەرەکییەکان و لە ئاکامیشدا بەهێزکردن و دنەدان بە خواستی دادپەروەریی و هەستی نەتەوایەتییە کە هەموو ئەمانە بەیەکەوە دەتوانن تەبایی و یەکگرتوویی نەتەوەیی بەرهەم بێنن. واتە تاکەکان پێویستە هەر لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانیانەوە هێما و بەرژەوەندییە ڕەسەن و ڕاستەقینە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان بە باشی بناسن و پێویستە پێوەندییەکی قووڵ و هەمەلایەنەی لەگەڵ دامەزرێنن و بەو هزر و مێنتالیتە و ڕوحەوە پەروەردە بکرێن و لەگەڵی گەورە بن تا لە قۆناغەکانی دواتری تەمەن و داهاتوویاندا بتوانن لەگەڵی بژین و لە مێشک و دڵیانەوە بڕوای پێبکەن و لە تەنگانە و مەترسییەکانیشدا، بە هەموو تواناوە خەباتی بۆ بکەن و بیپارێزن و ئەگەر پێویست بکات، سەر و ماڵ و تەنانەت گیانی شیرینیشیان لە پێناویدا فیدا بکەن.
کەم نین ئەو وڵات و کۆمەڵگایانەی کە خاوەنی وەها سیستەمێکی شیاو و زانستیی پەروەردە و بارهێنان نین و هەربۆیە ژینگەیەکی لەبارترن بۆ چەکەرە و گەشەکردنی بیرۆکەی چەواشە و نانیشتمانی و ئەمەش یەکێکە لە نیشانەکانی کۆمەڵگا و سیستەمی ناتەندروست. لە دۆخی هاوچەشندا، دیاردەی تاکڕەویی و زێدەخوازیی و خۆسەپاندن و قۆرغکردنی مێکانیزم و ئامرازەکانی بەڕێوەچوونی کۆمەڵگا لەلایەن تاک و دەستە و تاقم و هێندێک لایەنی سیاسیی کە هەوڵ دەدەن بەپێچەوانەی نۆڕم و یاسا و ڕێڕەوە شەرعی و پەسندکراوە گشتیی و نیشتمانییەکان، هێما و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان بەجۆرێک قوت کەنەوە و هەلومەرجێک بخوڵقێنن کە هێما و بەرژەوەندییە نەتەوەییە ڕاستەقینەکان لەبیر خەڵکی ببەنەوە، تەشەنە دەستێنێ. لێرەدایە کە مەرجە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنە کۆمەڵایەتییە گەورەکە کە هەمان سنوورەکانی هەوڵ و تێکۆشان بۆ تەبایی و یەکڕیزیی و یەکگرتوویی نەتەوەییە، پێشێل دەکرێن و ئاڵۆزیی و پەرتەوازەیی و ناسەقامگیریی بەدوادا دێت. نەتەوەی پەرەم پەرەم و نایەکگرتوو، جگە لەوەی کە لە ڕەوتی بەرەوپێشچوون و ڕەهەندەکانی گەیشتن بە ئامانج و بەختەوەریی خۆی لادەدات، پێشمەرجەکانی دابەستەیی و داگیرکرانیش لە لایەن نەیار و دوژمنانییەوە دێنێتە ئاراوە. دەرەنجامەکە هەر بەمەش کۆتایی نایەت و مەترسیی ئاسەمیلە و لادان و گۆڕانی هەنگاوبەهەنگاو و توانەوە و لەناوچوونیشی لەسەر زیاد دەبێت. نەتەوەی ئاڵۆز و نایەکگرتوو نێچیرێکی سادە و ساکارە بۆ نەیار و ڕاوچییەکانی دوور و نێزیک و دەوروبەری.
جیاکردنەوەی هێما و بەرژەوەندییە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان لە هێما و بەرژەوەندییە ناوچەیی وخێڵ و عەشیرەیی و تاقم و گروپ و حیزبییەکان، تەنیا بە دروشم و لافیتە و وتاری هەستبزوێنی مێدیایی ناکرێت و پێویستیی بە هەوڵێکی ئاکادیمیکی پەروردەیی درێژخایەن هەیە. کاتێک تاکەکانی کۆمەڵگا بەم پرۆسەیەدا تێپەڕین، ئەوکات ڕێکخراوە سیاسیی و کۆمەڵەلایەتییەکانیش کە ئەندامەکانیان هەر لەو تاکە پێگەیشتووانە پێکهاتوون، هەرلەسەر ئەم بنەمایە و بەو فەرهەنگ و جیهانبینییەوە دادەمەزرێن. ئەمەش ڕێڕەو و ڕەوتێکە کە ئەشێ لە قۆناغە سەرەتاییەکانەوە دەستپێبکات و بە درێژایی تەمەن بەردەوام بێت.
هەڵکەوتەی جوغرافی کوردستان بە گشتیی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ( کە لێرەدا مەبەستی باسەکەمانە) بەتایبەتی، ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستە کە پێکهاتەی دانیشتووانی فرەچەشن و فرەنەتەوەیە. لێرەدا جگە لە پرسی بەیەکەوە ژیان و تەبایی نێوخۆیی نەتەوەکان، پرسێکی گرنگی دەرەکیش، واتە حەوانەوە و هەڵکردن لەگەل نەتەوەکانی دیکەش لەئارا دایە. لەو ناوچەیەدا ئەوەندە نەتەوە و وڵات و قەوارەی سیاسیی و کەلتوور و داب و نەریت و ئیدئۆلۆژیی نامۆ و جیاواز لەپاڵ یەک و بەسەریەکدا کەڵەکە بووە کە ناکۆکیی و بەریەک کەوتن و شەڕ و ئاژاوە وەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر و بەردەوام و بێکۆتایی لێهاتووە. ئەم بارودۆخەش، هەستیاریی و گرنگییەکی زۆر زیاتر بە چەمک و دەستەواژەی یەکگرتوویی نەتەوەیی دەبەخشێت کە لەم ڕۆژانەی پڕ ڕووداو و گۆڕانکارییدا، کورد لە هەمووکات زیاتر پێویستیی پێیەتی.
یەکگرتویی نەتەوەیی دروست نابێت مەگەر ئەوەی کە پێشمەرج و ئامرازەکانی بەردەست بن. هەموو تاکێکی کورد، بەهەر زاراوە و داب و نەریت و جل و بەرگێکی ناوچەیی و عەشیرەیی و حیزبی و شاریی و گوندییەوە، پێویستە بەرگێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی دەبەردابیت. ئێمە سەرەتا مرۆڤین و کوردین و پاشان بەنێو ناوچە و خێڵ و عەشیرە و دەستە و گروپەکاندا دابەش دەبین. هەربۆیە دەبێ سەرەتا و بەر لە بینینی جیاوازییەکانمان، چاومان نەتەوە و نیشتمانی دایک ببینێت کە کانگای سەرهەڵدان و ژیان و کۆتایی هەموومانە. لەبیرمان نەچێت کە هیچ دەوڵەت و سیستەم و سەرۆک و حیزب و لایەنێک هەتاهەتایی نییە. هەموویان دێن و دەڕۆن. ئەوەی هەر دەمێنێ و تاهەتایی، نیشتمانی دایک و نەتەوەیە. مرۆڤ دەتوانێت ڕەخنەگر و نەیار و دژبەری فڵان سیستەمی سیاسی و ئیداریی و حیزب و لایەن و فیسارە سەرۆک بێت، بەڵام هیچکات ناتوانێت دوژمنی نیشتمان و نەتەوەکەی خۆی بێت.
مرۆڤی کورد لەپاڵ خۆشەویستیی نیشتمان و نەتەوەکەی و پارێزگاریی لە ئاو و خاک و ژینگە و ڕووەک و ڕەوەک و هەموو جوانییەکانی سروشتەکەی، پێویستیان بە کۆمەڵێک هێمای نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە کە لەلایەکەوە ڕواڵەت و ناوەرۆک بە تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆییان ببەخشێت و خاڵێکی بەیەکگەیشتن و کۆکەرەوەیان بیت و لەلایەکی دیکەشەوە، چەشنی پێناسەیەک ڕوو بە دەرەوەی خۆی و وەک پەرژینێکی لەشکان نەهاتووی سەر ڕێی نەیار و دوژمنەکانی بێت. ئێمە سەرەڕای جیاوازییەکانمان، پێویستە پێناسەیەکی هاوبەش و یەکگرتوو بەجۆرێک گەڵاڵە بکەین کە هەموومان لە دەوری یەک ئاڵای نەتەوەیی کۆبکاتەوە، سرودێکی نەتەوەیی وێردی زمانی هەموو تاکێکی کورد بێت و بۆ پارێزگاریی لە خۆشمان، بە هەموومان هێزێکی پێشمەرگە و بەرگریی نیشتمانیی دروست بکەین.
دەمێکە سەردەمی ” تاقانەکان” و ئیدئۆلۆژییە چەقبەستووەکان کۆتایی هاتووە. کوردستانی ڕۆژهەڵات نە پێویستیی بە حیزبی تاقانەیە و نە بە وەها حیزبێکیش ڕزگار دەکرێت. زۆرینەی ئاخێزە جەماوەرییەکان و لەوانەش شۆڕشی ژن ژیان ئازادیی، ئەو پەیامەیان بە ڕاشکاوی تێدابوو. خەڵکی کوردستان و خەباتەکەیان لە ئاستێک لە پێگەیشتوویی دان کە ئیتر جگە لە بەرگی نەتەوەیی و نیشتمانی، بەتەنیا بەرگی هیچ لایەن و حیزبێک ناپۆشن بەڵام ئامادەن تەنانەت لە پێناو دارستان و لێڕەوارێکی نیشتماندا، گیان فیدا کەن. شەهیدانی ژینگەپارێزی ئەمدواییانەی سنە و ئاوییەر، نوێترین نموونەن.
یاد و ناوی ئازیزیان لەیادان.