دوای تێپەربوونی مانگێک بە سەر شەڕی ڕاستەوخۆی ئێران و ئیسرائیل کە بە جەنگی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی ناوزەد کراوە و بە ڕاگەیاندنی ئاگربڕ لە لایەن ئامریکا بە شێوەیەکی نافەرمی وەستاوە، سێبەری هەڕەشەئامێزی دووبارە بوونەوەی باڵی بە سەر کۆمەڵگای ئێران کێشاوە و بۆتە هۆی دڵەڕاوکێ و هەست بە ناسەقامگیری و نائاساییبوونی بارودۆخەکە و سەرەڕای ئەوەش دەتوانین بڵێین کە هەم دەسەڵات و هەم کۆمەڵگا لە شۆکی سەرەتایی شەڕەکە و بۆمبارانە چڕەکان ڕزگار بوون و ئێمە دەتوانین بڵێین لە قۆناغی پۆست شەڕەکەداین.
کاربەدەستانی باڵای دەسەڵات لە حەشارگەکانیان هاتونەدەر و بۆ داپۆشاندنی شکستە ئابڕووبەرەکەیان لەم ماوەکورتە دەستیان کردووە بە فروفیشاڵ و خۆهەڵکێشان و بە سەر خۆدا هەڵگوتن، خامنەیی سەرئەنجام بە شێوەیەکی زۆر چاوەڕواننەکراو بە بێ ئاگاداری لە گردبوونەوەیەکی ماتەمینی محەررەم بەشداری کرد و بە مەداحەکەی کوت لە مەدحەکەیدا لە جیاتی تێم هەمیشەیی زکری موسیبەتی بەیتی حوسەین سروودی ئەی ئێران بڵێ و ئەویش ئەی ئێرانێکی بە تاموبۆنی ئایینی کە لەگەڵ کەشوهەواکە بێتەوە خستە ناومەدحەکە، دوای ئەوە وردە وردە ژنەراڵ و سەردارەکان لە حەشارگەکانیان هاتنە دەر و بەو شێوەیە بە نیوە ڕەسمی و نیوە خشکە هاتنە ناو قۆناغی دوای جەنگ.
هەر ئەو جۆرەی بە پێی لۆجیکی پێوەندی شەڕ و ئەکتی سیاسی لە ناو جەماوەر لە ژێر دەسەڵاتێکی ڕەها و سەرەڕۆ پێشبینی دەکرا، لەم قۆناغەدا هەم ڕژیم و هەم چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا، کەوتوونە جموجۆڵ و سەرەتاکانی ڕیزبەندی چین و توێژەکان و هاتنەکایەی هاوکێشەی نوێ لە ئەو هاوسەنگییەیانەی هاتۆتە ئاراوە لە ناخی کۆمەڵگا چاوەڕوان دەکرێ. هەرچەند لە ڕاستیدا زۆربەی هەرە زۆری کایەکەرەکان هەمان لایەنە ناسراوکانن کە لە هەل و مەرجی تازە و هاوتەریب لەگەڵ پێشهاتە تازەکان بە دروشمی بابەتی هەل و مەرجی ئێستا هاتونەتە گۆڕەپانی سیاسەت و خەریکی کۆکردنەوەی هێزن.
هەوەڵین کاردانەوە بەرامبەر بە هەل و مەرجی تازە جموجۆڵی ڕێفۆرمخوازەکان بوو. کەمتر لە ٤٥٠ واژۆ کۆکرایەوە کە تێیدا بانگەشەی بەربەرەکانی لەگەڵ هێرشی دەرەکی کرابوو کە وەک ئەرکی هەر شارۆمەندێکی ئێران دەژمێردرێ.
ئەم ڕەوتە هەر بەو شێوەیە زۆر جار ئاماژەی پێکراوە پێگەی جەماوەری نەماوە و بە تایبەت لە جەریانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە تەواوی لە هاوکێشەکانی ناو کۆمەڵگا خرایە پەراوێزەوە.
ڕواڵەتە ناسراوەکانیان پەرتەوازە بوون، بەشێکیان بە پێداگری لە دژایەتی ڕژیم خرانە بەندیخانەکان، کەسانێکیان لەگەڵ ڕەوتەکانی دیکە کەوتن وەک پاشایخوازەکان و چەند کەسێکیان لانیکەمی پێوەندییەکانیان لە گەڵ دەسەڵات ڕاگرتبوو و بە تایبەت لە کاتی هەلبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری پرۆپاگەندەیەکی زۆریان بۆ پزشکیان کرد، بەڵام ئاشکرابوو کە لە هاندانی جەماوەرێکی بەرچاو بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان و بازارگەرمی بۆ هەڵبژاردنەکان ناسەرکەوتوو بوون. ئێستا و سەرلەنوێ بە کۆکردنەوەی ئیمزا و پشتیوانی لە دەسەڵات و بە یارمەتی کەشوهەوای سیاسی بە دوای هێڕشی ئیسرائیل، هیوایان ئەوە بوو کە مانگی هەنگوێنێکی دیکە لە گەڵ بەردەنگەکانیان دروست کەن و بیکەن بە سەرمایەیەک بۆ نیزیک بوونەوە لە دەسەڵات و … هتد. ئەوەی تا ئێستا دەیبینین لەو هەوڵەشدا سەرکەوتنێکی ئەوتۆیان بەدەست نەهێناوە.
ئەو ڕەوتەی کە هەرچەند ناکەونە خانەی ڕێفۆرمخوازانەوە، زۆریان خوازیاری گۆڕین و یان لانیکەم ئاڵ و گۆڕی بنەرەتی لە سیسیتەمی سیاسیدان، بەڵام بە هۆی چەند خاڵی هاوبەش لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە چەندین قۆناغی هەستیار هەڵوێستەکانیان بە کردەوە چۆتە گیرفانی کۆماری ئیسلامی. ئەمانە درێژەی فیکری و هزری هەمان جیلی سەردەمی سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامین کە تا ئێستا چەندین جار هەر بەو هۆکارە (خاڵی هاوبەشی ئیدئۆلۆژیک و سیاسی) خۆیان بەرامبەر بە ڕژیم بێچەک دیوەتەوە. یەکەمین جار ئێمە لەگەڵ ئەو دیاردەیە لە داگیر کردنی باڵوێزخانەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بوو. پێناسەکردنی کۆماری ئیسلامی بە هێزێکی دژی ئیمپریالیزم، سەرەڕای هەر ڕەخنەیک بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، لە گەڵ دژایەتی لە گەڵ ئامریکا وەک سەرەکیترین پێوەر بۆ شۆڕشگێڕبوون، دەورێی گرینگی بوو لە سەقامگیرکردنی کۆماری ئیسلامی، ئێمە هەمان کێشە لە پرسی تەمامییەتی ئەرزی و هاودەنگبوون لەگەڵ پرۆپاگەندەچییەکانی کۆماری ئیسلامی دەبینین. ئاخرین پەردەی ئەم شانۆگەریە و ئەم چەک لە خۆ داماڵینە لە جەریانی جەنگە ١٢ ڕۆژەکەی ئێران و ئیسرائیل کە تا ئێستاش لێرە و لەوێ لە زمانی وتەبێژانی ئەم ڕەوتە دەبیستین. ئەوە ڕاستە کە کۆماری ئیسلامی دەستپێکەری شەری ١٢ ڕۆژە نەبووە. بەڵام ئەوەش ڕاستە کە کۆماری ئیسلامی نیزیک بە نیو سەدەیە یەکێک لە کۆڵەکەکانی سیاسەتی سرینەوەی ئیسرائیلە لە سەر خەریتەی گوی زەوی.
بەڵام ڕاستییەکان بەوەش کۆتایی نایە، بۆ کۆماری ئیسلامی سڕینەوەی ئیسرائیل تەنیا ئارەزویەک نەبووە، ئەم ڕژیمە لانیکەم زۆرتر لە دوو دەیە خەریکی گەمارۆدانی ئیسرائیلە بە هێزە پرۆکسییەکانی. بۆیەش ڕاستی لە سەروی هەموو ڕاستییەکان ئەوە ڕژیمی ئێران هەڵخرێنەری ئەم جەنگە بوو کە ڕوویدا. ئەم جەنگە و زۆربەی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ڕاستەوخۆ بەرهەمی ئەو سیاسەتانەیە لە بەر ئەوە بەشی ووشیار و بە ئاگای کۆمەڵگای ئێران هاوار دەکەن ئەمە جەنگی ئێمە نیە.
بە هەموو ئەوانەشەوە هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ڕەسەن کە لە سەر ئەو باوەرەن سەرچاوەی سەرەکی ئاڵوگۆڕێکی پێشکەوتنخوازانە لە ئێران کە دەرئەنجامی ڕووخانی ڕژیم بێ، کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانن. ئەو هێزە ڕەسەنە هیچکات بانگەشەی هێرشی دەرەکی بۆ سەر ئێران نەکردووە و هیچ فاکتەرێک نەبووە لە پێشهاتنی ئەم شەڕە. لە بەر ئەوە دژایەتی لەگەڵ شەڕ تەنیا هەڵوێستەیەک دەمێنێتەوە کە زۆرتر+ قورسایەتییەکی ئەخلاقی هەیە.
ئۆپۆزیسیۆن وەک هێزێکی جیددی، هوشیار و بە ئاگا بە ئەرکی سەرەکی خۆی کە بریتیە لە ڕووخان و هەڵپێچانی دامودەزگای قێزەون و دژەمرۆڤی کۆماری ئیسلامی لە کاتی شەری دەرەکیش بەرچاوی لێڵ نابێ، بە بێ ڕاڕایی ئامانجی سەرەکی خۆی واتە هەڵپێچانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیە ون ناکا و لە هەمان کاتدا دەبێ بزانی جەنگێک کە دوژمنە سەرەکییەکەی تێیدا سووک و چرووک بووە، چ دەرفەتگەلێکی بۆ خوڵقاندووە و یان خود ئاستەنگ و کۆسپێکی هێناوەتە سەر ڕێگای. بۆ وێنە ئەگەر پرۆپاگەندەی ڕژێم لە سەر خەڵک کاریگەری بووە و بە بۆنەی ئەو شەرە بە هەڵە خۆیان لەگەڵ ئەو لە ڕیزێکدا دەبیننەوە، هەولی خۆی بۆ هوشیارکردنەوەی خەڵک چەند بەرامبەر بکات کە ئەوە شەڕی ئەوان نیە و شەڕی ڕژیمی سەرکوتگەریانە، واتە دەرفەتەکان بقۆزێتەوە و کۆسپ و ئاستەنگەکان لە سەر ڕێگا لابەرێ.
ئاشکرایە کە دژبەرانی ڕژیم لەو ١٢ ڕۆژە و بە ئێستاشەوە ئەو هێزە یەکگرتوویە نەبوون کە بەو ئەرکە مێژوویە هەستن بەڵام لەگەڵ ئەوەش نکۆڵی لەوە ناکرێ کە هیج کات کۆمەڵگای ئێران تا ئەم ڕادەیە خاترجەم نەبووە کە گڵۆڵەی ڕژیم کەوتۆتە لێژایی و لە کۆتایی تەمەنی خۆیدایە. هەموو مەیلە سیاسییەکان کەوتوونە کێبڕکێیەک بۆ پێشکەشکردنی سناریۆی خۆیان بۆ ئاڵوگۆڕی بنەرەتی لە نیزامی سیاسی. ئەوە پێمان دەڵێ تەکان و شەکانەکانی دوای بومەلەرزەی جەنگی ١٢ ڕۆژە دەستی پێکردووە و قۆرتەکانی هەست پێدەکرێ. جموجۆڵی واژۆکەران و دەرکردنی بەیاننامەکان و ڕاگەیاندنەکان تەنیا لوتکەی کێوی سەهۆڵێکە کە بەشی زۆری جەستەی لە ناو دەریای جەماوەری وەگیان هاتوو شاردراوەتەوە. کۆماری ئیسلامی دامودەزگایەکی سەرکووتگەر و پێشێلکاری مافی مرۆڤ، گەندەڵ و ناکارامەیە کە هەم تووشی شەرێکی ناپێویستی کردووین و خوار و خەفیف لێی هاتۆتە دەر و هەم ئێرانی خستۆتە زەبەلاحترین قەیرانی ژینگەیی و بێئاوی. ڕێگایەکی سێهەم بوونی نیە یان کۆماری ئیسلامی هەڵدەپێچرێ و دەروخێندرێ یان دەرگای دۆزەخیک بە ڕوی خەڵک دەکرێتەوە لە هەژاری زۆرتر، قوڵتربوونی قەیرانی ژینگە و سەرکوت و پێشێلکردنی زۆرتر مافە سەرەتاییەکان.