سەرەتای سەدەی بیستی زایینی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکەڵەیەکی هەمەچەشن لە کولتوور و ئایین و ئایینزای جیاواز بوو کە شێوازێکی جیاوازی پێکەوەژیانیان پێکهێنابوو کە ڕێگەیان پێدەدا لە کەشێکی تاڕادەیەک هاوئاهەنگدا لە ژیان بەردەوام بن. زلهێزە سەرکەوتووەکانی ئورووپا لە شەڕی جیهانی یەکەمدا بە تایبەتی برتیانیا و فەڕانسە، بڕیاریاندا شێوەی وێستفالی لە ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێبەجێ بکەن. بەو شێوەیەش بوو کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای نەتەوە و ئایین دابەش بوو بەسەر دەوڵەت نەتەوەدا. ئەگەرچی ڕێکەتننامەی وێستفالی لە سەدەی ١٦ و ١٧ی زایینی توانی لە ئورووپا کۆتایی بە شەڕی ئایینی و نەتەوەیی بهێنێت، بەڵام بەداخەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شێوەی وێستفالی لە ژێر ناوی سایکس پیکۆ بوو بە سەرچاوەی ملمانێی زیاتر لە ناو ئایین و نەتەوە و گەلانی ناوچەکە. لە ڕاستیدا ئەو سنوورە تاڕادەیەک جیاواز و ڕوونانەی لەسەر بنەمای هێڵە ئایینی و نەتەوەیی و کولتوورییەکان کە لە ئەوروپادا هەبوون و بنەمای ئاشتییان دابین دەکرد، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونیان نەبوو. هەر بۆیەش ڕەچاو نەکردنی ئەو جیاوازیانە و چەندین فاکتەری سەرەکی دیکە، وایان کرد کە کێشە و ملمانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ ئەوەی باشتر نەبێت بەڵکوو بەرەو خراپتربوون هەنگاوی بنێت.
بە پێی گرنگی جوغرافیای سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێزە ناوچەیی و دەرەکیەکان لە کێبڕکێیەکی بەردەوامدان بۆ گرتنەدەست و داڕشتنەوەی سەر لەنوێی نەخشەی ئەو ناوچەیە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیەکانی خۆیان. ئەو ناوچەیە بەگشتی سەرچاوەیەکی سەرەکیە لە نەوت، گاز، کانزا بەنرخەکان و هەروەها لە دڵی ڕێڕەوی بازرگانی جیهانی نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات لە لایەک و باکوور و باشوور لە لایەکی دیکەوە، هەڵکەوتووە. هەر بۆیەش ئەمڕۆ دەبینین کە هێزەکانی ناوچەکە، عەڕەب، تورک، یەهوود و ئێرانی لە کێبڕکێیەکی ئاشکرادان بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسهەڵات لە ناوچەکەدا بۆ سەپاندنی هەژمونی خۆیان بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانیان و لە لایەکی دیکەشەوە هێزە دەرەکیەکانیش لەوانە ئەمریکا، ڕووسیە، چین و یەکێتی ئورووپا لە ناوچەکەدا ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن و بە پەرۆشەوە سەیری ڕووداوەکانی ناوچەکە دەکەن، چونکە ئەوەی لێرە ڕوودەدات بە هەر شێوەیەک بێت کاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەکانیان دەبێت.
لە بەرامبەر ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییەدا، هێزە چالاکەکان لە ناوچەکەدا سیاسەت و پڕۆژەی جۆراوجۆریان پەیڕەو کردووە تا بتوانن ئەو ئامانجانەی هەیانە بتوانن بە باشی بیپێکن، هەر ئەوەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانی بەردەوام و نائارامیەکانی ئەو ناوچەیە. بە دڵنیاییەوە هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبر، سەرەتای چەندین ڕووداوی گرنگ بوو کە سەرەکیترینیان ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل و ئێران بوو کە شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئەو دوو وڵاتەی لێکەوتەوە. وێڕای چەندین کاریگەری و لێکەوتەی سەرەکی لە ناوخۆی ئێران، ئەوەی دەتوانێت لەو شەڕەدا زیاتر سەرەنجڕاکێش بێت، بێدەنگی یان کاردانەوەی ساردی زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە بێت. قەتەر، عومان، تورکیە و عێراق کە لەو ساڵانەی دواتردا زیاتر لە ئێران نزیکبوون، هەڵوێستی وریایانە و هەندێکجاریش ناڕوونیان گرتەبەر. لە لایەکی دیکەوە سعودیە کە بە نێوەندگیری چین پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی لەگەڵ ئێران تا ڕادەیەک ئاسایی کردبۆوە، نیگەران بوو لەوەی ململانێکان بەرەو سنوورەکانی باشووری کەنداوی فارس تەشەنە بکات، لەبری پشتیوانی هەڵوێستی بێلایەنی گرتەبەر و تەنانەت دەنگۆی دواخستن و هەڵپەساردنی پڕۆژە ئابوورییە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئێران دەبیسترا.
لە لایەکی تریشەوە وڵاتانی وەک ئیمارات و بەحرەین و ئۆردۆن کە بە ڕێککەوتنی ئیبراهیمەوە پەیوەست بوون، بە ڕوونی لایەنگری ئیسرائیلیان دەکرد. ئەم دۆخە دەرخەری ئەو بابەتەیە کە ئێران سەرمایەی دیپلۆماسی خۆی لە جیهانی عەڕەبیدا لەدەست داوە، بەتایبەتی لەنێو وڵاتانی عەڕەبی سوننەدا کە بەدوای سەقامگیری ئابووری و سیاسیدا دەگەڕێن.
ئەم خۆ بواردنەی وڵاتانی ناوچەکە لە تێوەگلان لە شەڕی ئیسرائیل و ئێران و زیاتر پاراوێز خستنی ئێران لە ناوچەکە و جیهاندا، دەگەڕیتەوە بۆ ئەو قۆناغانەی وڵاتانی کاریگەر لە ناوچەکە بە درێژایی مێژووی خۆیان بەتایبەت سەدەی نوێدا بڕیویانە و توانیویانە درسی لێوەربگرن. وڵاتانی عەڕەبی لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتە پێشکەوتووەکان، سێ قۆناغیان بڕیوە. لە یەکەم هەنگاودا لە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی ڕۆژئاوا بوون و داوای دروستکردنی یەک شوناسی نەتەوەیی عەڕەبییان کرد کە هەموو وڵاتانی عەرەبی لە دەریای عەرەبی و دەریای عومان لە باکووری زەریای هێندەوە تا کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی زەریای ئەتڵەسی لە باکووری ئافریقا بگرێتەوە، کە ٢٢ وڵاتی عەرەبی لە خۆدەگرێت. ئەمە هەمان پان عەڕەبیزم بوو کە لە سەردەمی جەمال عەبدولناسر لە میسر گەیشتە لوتکەی خۆی. ئەم شوناسە بە سروشتی خۆی لەگەڵ چەمکی دەوڵەتی ئیسرائیل، تورکیە و ئێران ناکۆکی هەبوو. ئەم قۆناغە دوای مردنی عەبدولناسر کۆتایی پێهات. لە قۆناغی دووهەمدا پرۆژەی ئیسلامگەرایی بە دوو شێوازی وەهابیەت لە سعودیە و ئیخوان موسلیمین لە میسر سەری هەڵدا کە بوونە سەرچاوەی ئەلقاعیدە و داعش و گرووپە ئیسلامییەکانی دیکە، کە دیسانەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەروەها لەگەڵ ڕژێمە سیاسییەکانی وڵاتانێک کە عەرەبی نەبوون ناکۆکییان هەبوو، چونکە بە ڕژێمی سکۆلار و بێ ئایین دادەنران کە پێویست بوو لەناو بچن. لە قۆناغی سێهەمدا، هەوڵدەدرێت ناوچەکە لەژێر قەوارەیەکی بازرگانی گەورەدا یەکبخرێت. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن دەوڵەتانی کەنداو بەتایبەت محەممەد بن سەلمان لە سعودیە سەرپەرشتی دەکرێت، کە هەوڵدەدات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت بۆ هاوبەشی و هاوکارییەکی گەورەی ئابووری، قەوارەیەکی ئابووری یەکگرتوو لەگەڵ سیستەمی سیاسی جیاوازدا. محەممەد بن سەلمان لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینیدا باسی لەوەکرد کە: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پڕۆسەیەکی چەند ساڵەدا دەبێتە ئورووپای نوێ.
هەروەها پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ تورکیە کە هەمیشە تێکەڵەیەک لە کێبڕکێ و هاوکاری بووە، نەک هەر پاڵپشتی ئێرانی نەکردووە، بەڵکوو هەندێک سەرچاوە باسیان لە ڕاگرتنی کاتی هەندێک پڕۆژەی هاوبەشی وزە و بازرگانی دەکرد. تورکیە بە هەردوو شێوەی سکۆلاریزم و ئیسلامییەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بەشێک لە میراتی مێژوویی تورکیە دەڕوانێت و بە مافێکی مێژوویی دەزانێت کە کاریگەرییەکی بەرفراوانی لە سەرتاسەری ئەو ناوچەیە و هەروەها باکووری ئافریقادا هەبێت. ئەم ڕەوتە بە پان عوسمانیزم ناسراوە و ڕوانگەیەکی بەرفراوانتری هەیە لە پان تورکیزم. ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریە لەسەر دەستی هێزە سوننەکان کە لەلایەن تورکیەوە پاڵپشتی دەکران، ڕێڕەوی هاوکێشەکانی لە ناوچەکەدا لە بەرژەوەندی تورکیە گۆڕی. هەروەها سەرکەوتنی ئازەربایجان لە داگیرکردنی ناوچەی ستراتژیکی قەرەباخ، بە پاڵپشتی تورکیە، لە ناوچەی قەفقازی باشووردا توانی هاوسەنگیەکان لە بەرژەوەندی تورکیە بگۆڕێت.
لە عێراق کە لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی ئێران بووە، حکومەت هەوڵی داوە لە ململانێکان دوور بکەوێتەوە. کاردانەوەی ساردی بەغدا بەرامبەر هەڵوێستی ئێران لەم شەڕەدا دەریخست کە تەنانەت ئەو حکومەتانەی کە پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ تاران هەیە، ئامادە نین باجی هەڵەکانی ئێران بدەن.
دەتوانین بڵێین لە ئێستادا ئیسرائیل زیاتر لە هەموو دەوڵەتە نەتەوەییەکانی دیکەی ناوچەکە خەمی پاراستن و درێژەدان بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی و پێدانی ناسنامەی یەهوودی بە ئیسرائیل بووە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە بەشێکی زۆری یەهوودیەکانی ئیسرائیل لە وڵاتانی ناوچەکەوە دەرکراون، لەوانە وڵاتانی عەرەبی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریقا و زۆربەی ئەو وڵاتانە ڕەگەزنامەی ئەو یەهوودیانەیان هەڵوەشاندووەتەوە و بە کردەوە هیچ ڕێگەیەکی گەڕانەوە بۆ ئەوان نییە. جگە لەوەش کارەساتی هۆلۆکاست لە یادەوەری مێژوویی یەهوودیەکاندا ئەوەندە ترسناکە کە پاراستنی بوونی دەوڵەتی یەهوودی بە حەتمی و پێویست دەزانێت. لەم چوارچێوەیەدا ئیسرائیل هەوڵی فراوانکردنی بازنەی کاریگەری خۆی هەیە بۆ پشتیوانی لە قەوارە سیاسییەکەی و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی. ئەم پڕۆژەیە بە دوو ئاراستەی هاوتەریبدا دەڕوات. یەکەم: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامێکی یەکسان و پەسەندکراوی ناوچەکە و هاوکار بێت لە دەستەبەرکردنی پاراستن و مانەوەی سیستمە سیاسیەکەی و پێشکەوتنەکانی لەڕێگەی فراوانکردنی هاوکاری بازرگانی و ئابووری و ئاڵوگۆڕی کولتووری. دووهەم لە ڕیگای بەرفراوانکردنی خاکی ئیسرائیلە بۆ ئەوەی سنوورە کۆتاییەکانی بە شێوەیەک داڕێژێتەوە کە بەرژەوەندییە ستراتیژییە درێژخایەنەکانی مسۆگەر بکات و ڕێگری لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی لە لایەن دوژمنە ناوچەییەکانیەوە بکات.
ئیسرائیل ساڵانێکە بەدوای دوکتورینێکدا دەگەڕێت کە بە (Campaign Between the Wars) “کەمپینی نێوان شەڕەکان” ناسراوە. ئامانجی ئەم دوکتورینە، وردە وردە لەناوبردنی دەسهەڵاتی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەبێ بەشداریکردنی شەڕی تەواو بوو. هێرش بۆ سەر کاروانە چەکدارەکانی ئێران لە سووریە، تیرۆرکردنی کەسایەتییە سەرەکییەکانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێران و تێکدانی ئیمکاناتەکانی وەک نەتەنز، کەرەج یان ئیسفاهان ئەو کردەوانەن کە ئیسرائیل بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کردوویەتی. بەڵام دوای هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر خاکی ئیسرائیل (خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی) ئەم باوەڕە چووەتە قۆناغێکی دیکەوە.
ئیسرائیل ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئێرانێکی ئەتۆمی بکات، ئەمە تەنیا نیگەرانییەکی ئەمنی نییە؛ ئەمە ستراتژی ئیسرائیلە کە نابێت هیچ وڵاتێکی ناوچەکە لە توانای سەربازیدا هاوتا یان لە ئیسرائیل لەسەرتر بێت. ئەوەش ڕوونە کە سەبارەت بەو بابەتە تەل ئاویو هەر ئەگەرێک بۆ ڕێگریکردن لە ئێران ئەتۆمی قەبووڵ دەکات تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی شەڕی ناوچەییش.
هاوکات لەگەڵ هێزە چالاکە ناوخۆییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێزە جیهانییەکانیش گرنگی بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی خۆیان لەم ناوچەیەدا دەدەن و ئامانجە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیان پەیڕەو دەکەن. چالاکترین هێز دەرەکی ئەمریکایە، لەگەڵ ئەوەش بوونی سنوورداری هەندێک وڵاتی ئەوروپایی و چین و ڕووسیە، ملمانێکان زیاتر دەکات.
ئەمریکا لە کۆتایی شەڕی جیهانی دووهەمەوە سێ شێوەی کاریگەری لە ناوچەکەدا پەێڕەو کردووە. مۆدێلی یەکەم لە سەردەمی شەڕی سارد و کێبڕکێ لەگەڵ بلۆکی ڕۆژهەڵات بوو، کاتێک ئەمریکاییەکان هەوڵیان دەدا سەروەت و سامانی نەوت و ڕێگا بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانی ناوچەکە کۆنترۆڵ بکەن. لە قۆناغی دوای شەڕی سارددا، ئەمریکاییەکان خۆیان بە بێ ڕکابەر لە ناوچەکەدا دەبینی و دەیانهەویست بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانیان بە فراوانکردنی شیوەی ڕۆژئاوایی لە ڕێگەی داگیرکاریی وەک عێراق و ئەفغانستان یان شۆڕشە جەماوەرییەکانەوە لە سەردەمی بەهاری عەرەبیدا، بگەنە ئامانجەکانیان. سەردەمی دۆناڵد ترامپ سەرەتای سەردەمی سێیهەمی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکایە، کە تێیدا خواستی ناردن و پاراستنی هێزی سەربازی و هاوپەیمانییە سیاسییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە و ئەم کردەوەیە سنووردارە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیەکان تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا.
دۆناڵد ترامپ لە سەردەمی سەرۆکایەتی پێشوویدا، لە وتارێکی مێژووییدا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ سعودیە، بە توندی ڕەخنەی لە بزووتنەوەی نیوکۆنسێرواتیو (کە تیشک دەخاتە سەر گۆڕانکاری دێموکراسی و هەناردەکردنی بەها سیاسییەکانی ڕۆژئاوا) گرت و ڕەخنەی لە ڕۆڵی ئەو بزووتنەوەیە گرت لە دروستکردنی ناسەقامگیری لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ترامپ بەرنامەی نیوکۆنسێرواتیوەکانی بە ئەزموونێکی هەڵە زانی کە بۆتە هۆی دووبەرەکی و ئاژاوە و ململانێی درێژخایەن.
لە سەردەمی شەڕی سارددا شوورەوەی کۆن ڕۆڵی کاریگەری خۆی هەبوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە هەندێک وڵاتی عەڕەبی لەخۆگرتبوو کە ڕژێمێکی ڕادیکالیان هەبوو، وەک عێراق، سووریە، لیبی و باشووری یەمەن. لەگەڵ ڕووخانی شووڕەوی و ململانێ بەردەوامەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیە چ لە چوارچێوەی سنوورەکانی و چ لە دەوروبەری سنوورەکانی، نەتوانراوە پەیوەندییەکانی پێشوو بگەڕێنرێتەوە جگە لە هەلومەرجی تایبەت، وەک بوونی سەربازیی ڕووسیە لە سووریە لە قۆناغی دوای نائارامییە ناوخۆییەکان. ئێستا ململانێی ڕووسیە لە ئۆکراین و ئەولەویەتی نەتەوەیی بۆ ڕووسیە، لەگەڵ سنوورداربوونی تواناکانی ئەو وڵاتە، ڕێگری لە پەرەسەندنی هەڵوێستی کاریگەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکات.
لەهەمان کاتدا بوونی چین کە هێزێکی نوێی چالاکە لە ناوچەکەدا و بوونی بە ڕوونی پەیوەستە بە پڕۆژەی ستراتیژی درێژخایەنی ئەو وڵاتە لە بواری بازرگانیدا، بۆتە یاریزانێکی دیکەی ئەو گۆڕەپانە. چین هەوڵدەدات ڕێڕەوی بازرگانی ئازاد لە نێوان ئەم وڵاتە و جیهانی ڕۆژئاوادا مسۆگەر بکات و پەرەی پێبدات. پەیوەندی و لێکتێگەیشتنە ئابوورییەکانی چین لەگەڵ سعودیە، ئیمارات، پاکستان و ئێران هەموویان لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا دەتوانرێت خۆی ببێنێتەوە.
لاوازترین بەشی هێزی دەرەکی لە ناوچەکە دەتوانێت یەکێتی ئورووپا بێت. هەرچەندە وڵاتانی وەک بریتانیا و فەڕانسە لە مێژوودا ڕۆڵێکی کاریگەریان لە ناوچەکەدا هەبووە، بۆ نموونە عێراق و میسر و ئۆردۆن سەر بە بریتانیا و سووریە و لوبنان سەر بە فەڕانسە بوون، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی ئورووپا بە کردەیی بوونی ئەم هێزە و ئەم دوو وڵاتەی بۆ بەشێکی سنووردار لە پەیوەندییە ئابوورییەکان کەمکردووەتەوە.
بە گشتی بۆمان دەردەکەوێت کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە و هێزە ناوچەیی و دەرەکیەکان هەوڵی خۆ گونجاندن لەو گۆڕانکاریانەدا دەدەن بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵی کاریگەری خۆیان مسۆگەر بکەن کە ڕێکخراوی وڵاتانی عەرەبی و ڕێکەوتنی ئیبڕاهیم دەتوانێت دەرئەنجامی ئەو هەوڵانە بێت. بەڵام لە بەرامبەردا ئێران بە پێچەوانەوە، هەوڵی داوە بە پاڵپشتی و تەیارکردنی هێزە ناوچەیی و میلیشیاکان شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەدا زیاتر بکات و بە هەڕەشە کردن لە وڵاتانی دراوسێی پاڵپشتی ئەوان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت. بەڵام ئەوەی لە ئامانجی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا دەرکەوت، سەلماندی کە لێکدانەوەکانی ئێران و سەرجەم پێشبینیەکانی هەڵەیە و ئێران لە بواری دیپڵۆماسی و نیزامیش نەیتوانیوە هیچ دەستکەوتێکی هەبێت و لە ئێستاداش ناچارە یان شکستی خۆی ڕابگەیێنێت یان بچێتە دانوستانێکی نوێ کە بە دڵنیاییەوە جگە لە خۆ بەدەستەوەدان هیچ دەستکەوتێکی بۆی نیە و ناشبێت ئەوە لەبیر کرێت کە ئێران ناتوانێت بەرەو دواوە بگەڕێتەوە و بەهێز بێتەوە، بەڵكوو تەنیا دەتوانێت بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت و بەرەو لاواز بوونی زیاتر هەنگاو بنێت، کە کۆتایی ڕێگاکەش بە دڵنیاییەوە کۆتایی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەبێت.